(مەرجەع) پەرلەمانە ..؟ یاخود بارزانی؟..

Draw Media

2018-12-06 13:38:37



■ بەرهەم مستەفا

پێویسته فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بێنە دەنگ....
پارتی لەچەندین لێدوانی جیاجیاو فەرمی و نافەرمی ئەڵێت بارزانی لێرە بەدواوە وەک مەرجەعێک دەبێت بۆ کورد..
ئەم قسانەش بەتایبەت لەدوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی وەک کاندیدی پارتی بۆ سەرۆکی هەرێم دیارکراوە، زیاتر دەکەوێتە بەرگوێمان... 
پەرلەمانتاران ئەبێت بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکەن، بەدوور نازانرێت کە لەڕێگەی زۆرینەی پەرلەمانیيەوە بابەتێکی لەوشێوە بهێنرێتە پێشەوە، یاخود لەدەستوردا وەلی عەهدێک دروستبکرێ ...
ترسەکە کاتێک زیاتر ئەبێت کە لەبەرامبەر موراعاتی پارتی بۆ یەکێتی، دواجار فراکسیۆنی یەکێتیش بێدەنگ بێت.
ئەرکی پەرلەمانتارانە لەسەر ئاستی لۆکاڵی و جیهانی کار بۆ لەچاڵنانی خەونی مەرجەعی خەڵکی کوردستان بکەن وەک کەس، تەنها مەرجەع ئەبێت پەرلەمان بێت.. ئەم بیرۆکەیەش کاتێک ڕووئەدات بەوەی سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێرێت، خودی پارتیش نایەوێ لەنێو خەڵکەوە هەڵببژێرێت نەک لەبەرئەوەی بڕوایان بە سیستمی پەرلەمانی هەیە، بەڵکو نایەنەوێ لەڕووی پێگەو دەسەڵاتەوە بارزانی برازا دەسەڵاتەکانی لە بارزانی مام زیاتر بێ..، بێگومان دەسەڵاتەکانی وەک پێشوو نابێت، یاخود ئەگەر دەسەڵاتیشی هەبێ، ئەوا پەرلەمان ئەتوانێ لێپرسینەوەی لەگەڵ بکات بەو حوکمەی لە پەرلەمانەوە سیقەی وەرگرتووە..، هەربۆیە لێرەو لەوێ بارزانی وەک مەرجەع ئەدرێت بەگوێی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسیيەکاندا تابکرێتە ئەمری واقیع .. چونکە مێژوو پێمان ئەڵێت لە نێو بنەماڵەی بارزانیدا دەستبەرداربوون لەپۆست کارێکی ئاسان نەبووە،.. دەکرێ کۆدەنگی نیشتیمانی لەنێو پەرلەمان بۆ دروستبکرێ بۆ ڕێگری کردن لەخەونی مەرجەع وەک کەسایەتی، تاڕادەی جوڵانی شەقام و ڕونکردنەوەی ئەم مەترسییە بۆ خەڵکی کوردستان ... چونکە بەدروستکردنی مەرجەع ،سەرۆکایەتیيەکی هەرێمی بێ ئەرزش و پەرلەمانێکی لاواز و حکومەتێکی پوچەڵ لەدایک ئەبێت، هەر بڕیاڕێک کە ڕەهەندی نیشتمانی هەبێ ئەوا بێ دوودڵی مەرجەع ئەیدات... دەکرێ بارزانی مەرجەع بێت بۆ پارتی، بەڵام ناساندنی وەک مەرجەعی کورد و بێدەنگ بوونی لایەنەکان، هیچ ناگەیەنێت جگە لەتەسلیم بوون.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand