ئایا سلێمانی بۆ بزنس باشترە لە هەولێر؟

Draw Media

2018-11-20 20:35:59



■ د. نیاز نەجمەدین 

ئایا سلێمانی بۆ بزنس باشترە لە هەولێر؟ وەڵامیك بۆ د.عزەت سابر
هاوپۆل و هاوکاری پێشوم لە زانکۆی سلێمانی و پەرلەمانتاری خانەنشین د.عزەت سابر لە بەرنامەیەکیدا لەگەڵ رەنج لەم شەوانەدا وتی: خەڵکی سلێمانی لە هەر 100 دۆلارێک تەنیا پێنج دۆلار پاشەکەوتئەکەن و مەسرەفکەرن، بەڵام خەڵکی هەولێر پاشەکەوتیان زۆر بەرزترە. دەرئەنجامێک ئەو پێی گەیشتبوو ئەوە بوو کە کۆمپانیاکان رووبکەنە سلێمانی زیاتر قازانجئەکەن یان سەرکەتووتر ئەبن وەک لە هەولێر، تەنیا لەبەرئەوەی خەڵکی سلێمانی مەسڕفکەرترن. 
با ئەوە بڵێم من بینیومە هێرشی توندئەکرێتە سەر ئەو. ئەم گفتوگۆیەی من سەر بەو کەلتورە نییە و نامەوێت بۆ نازڕاندن بەکاربهێنرێت، بەڵکو گفتوگۆی ناوەرۆکی ئەو زانستەیە ئەو و من خوێندومانە، مەبەستەکەش لە یەکتر فێربونە بەشێوەیەک ناچارببین وا سەیری فەزای گشتیی نەکەین کە هەرچی تێبکەین جێی ببێتەوە.
سەرەتا من نازانم رێگای شیکاریی توێژینەوەکەیان راستە یان نا. بۆ توێژینەوەیەکی لەو چەشنە، لای کەم پێویستە سامپڵێکی گەورە وەربگیرێت، ئەو خێزانانەی لە هەردوو شارەکە بەشدارن هەمان ئاستی داهاتیان هەبێت (واتە راپرسیی عشوائیی نەبێت)، پاشان توێژەر بەهای زەمیلەی بەکاربەرێکی نمونەیی بدۆزێتەوە، بزانێت بەکاربەرێکی نمونەیی (typical) لە هەولێردا مانگانە چیی ئەکڕێت و بایی چەندە. هەمان شتیش لە سلێمانی بکات. ئەمەش بۆ یەک مانگ نا، بەڵکو لای کەم بۆ چوار مانگ و هەر مانگەی لە وەرزێکدا. بەڵام بەپێی قسەکانی د.عزەت، پرسیار لە ژمارەیەک خەڵک لە سلێمانی و لە هەولێر کراوە کە ئەمە بووە: (ئەگەر 100دۆلارت هەبێت چەندی سەڕفئەکەیت و چەندی خەرج ئەکەیت؟). ئەم پرسیارە ئەنجامی دروست نادات بەدەستەوە. 
گریمان رێگا زانستییەکەیشیان راستبووە، بەرای من، هێشتا بۆچونەکە هەڵەیە، لەبەرئەم هۆکارانەی خوارەوە:
یەکەم، لە زانستیی ئابورییدا، بەردی بناغەی وەبەرهێنان و گەشەی ئابوریی پاشەکەوتکردنە. ئەگەر خەڵکی هەولێر پتر پاشەکەوتئەکەن، ئەوا وەبەرهێنان لەو شارەدا پتر سەرکەوتوو ئەبێت، نەک لە شارێکدا کە دەستبەجێ پارەکەی خەرجئەکات. 
دووەم، وایدابنێ لاوازیی سیستمی بانکیی و متمانە بە سەرکەوتنی بزنس وادەکات خەڵکی هەولێر پارەکانیان لە بانک پاشەکەوت نەکەن، بەڵکو لە ماڵەوە هەلیبگرن، هێشتا ئەگەری زۆر ئەوەیە بزنس لەو شارەدا سەرکەوتووبێت وەک لە سلێمانی. بۆچی؟ لەبەر دوو هۆکار. لەلایەک، مادام هەولێریی پاشەکەوتئەکەن، ئەوا بەکاربردنیان سەقامگیرترە لە سلێمانی. بەکاربەری هەولێریی ماڵی سپیی هەیە بۆ رۆژی رەش. خەڵکی سلێمانی دەستبەجێ داهاتەکەی خەرجئەکات (بەپێی قسەکەی د.عزەت). کەواتە خەڵکی سلێمانی ئەمساڵ زۆر خەرجئەکات و سالی داهاتوو توشی ئەزمە ئەبێت و پەنا بۆ قەرز ئەبات، ساڵی دواتر ناچارە قەرزبداتەوە و کڕینەکانی کەمبکاتەوە. 
کامیان بۆ بزنسکار یان فرۆشیار باشترە: بەکاربردنێکی خاوی بەردەوام یان بەکاربردنێکی خێرای کاتیی؟ بەرای من، ئەوەی یەکەمیان، واتە هەولێرییەکە، بۆیە هەولێر بۆ بزنس باشترە (بەپێی ئەم فاکتەرە بێت). 
جگە لەمانەش، وادەردەکەوێت کە ئاستی داهات لە هەولێر بەرزترە وەک لە سلێمانی(زۆربەی رێکخراوەکان لە هەولێرن، سەفارەتەکان لە هەولێرن، هتد). ئەمە یانی چیی؟ یانی ئەوەی تۆ ناتوانیت بەوەی بزانیت هەولێرییەک لە 100 دۆلاردا چەند خەرجئەکات و سلێمانییەک چەند ئیتر ئاستی بەکاربردن لەو دوو شارەدا بدۆزیتەوە، چونکە تا سلێمانییەک 100 دۆلار پەیدائەکات، رەنگە هەولێرییەک 120 پەیدابکات. ئەوکاتە ئەگەر هەولێرییەک 40 دۆلاریش پاشەکەوت بکات و سلێمانییەکیش ئەگەر لە 100 دۆلار 5 دۆلار پاشەکەوتئەکەن وەک د.عزەت ئەڵێت، ئەوا هێشتا ئاستی بەکاربردنیان لەیەکتر نزیکە. واتە کۆی بەکاربردن لەیەکتر نزیکە. لەم روەشەوە، بزنس لە هەولێردا سەرکەوتووتر ئەبێت. 
لەسەروو ئەمانەوە، زۆر فاکتەری گرنگی تر هەن کار لە بڕیاری دامەزراندنی بزنس ئەکەن و لەم نمونەیەدا فەرامۆشکراون. کاتی ئەمەم نییە، تەنیا یەک شت ئەڵێم: هەرگیز ئەوەی شارێک مەسڕفەکەرترە لە شارێکیتر ناتوانێت ببێت بە هاندەری راکێشانی وەبەرهێن و بە سادەیی بڵێیت "وەرن لە سلێمانی وەبەرهێنان بکەن سەرکەوتوو ئەبن". 
لە زانستدا، دەقیقبون توخمێکی گرنگە و پێویستە کەم تا زۆر رەچاوبکرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand