میدیۆكراسی ( دەسەڵاتی هیچ و پوچەكان)

Draw Media

2018-11-20 19:44:37



■ جان عەزیز .. وەرگێڕانی: ئارام سەعید ..

‎یەکێک لە دەسکەوتەکانی ئەم رۆژانەی دوایی ئەمساڵ دەرچوونی کتێبێکی ئالان دونۆیە بەناوی میدیۆکراسی " La Mediocratie "، یان رژێمی هیچ و پوچەکان. ئەم کتێبە گەشتێکی بەناو قەڵەمەکانی خۆرئاواو و رەخنەگرانیدا کردووە، گەڕاوە بەدوای ئەو هۆکارانەی وا دەکەن هیچ و پوچەکان بگەنە ناوەندی دەسەڵات و بڕیاردان، لەرووی سیاسی و ئابوریيەوە، زیاتریش... قسەی زۆر کراوە لەسەر ئەو کتێبەو نوسەرەکەی، ئەهێنێت زیاتری لەسەر بوترێت، دەربارەی خۆرهەڵات چواردەورمان و ئێمەش. 
‎• ئەم نەوەیەی کیوبێک تەئکید دەکاتەوە کە هیچ و پوچەکان جەنگی خۆیان یەکلایی کردۆتەوە، بەبێ ئەوەی قەڵای باستیل بگرن ( ئاماژەیەکە بە شۆرشی فەرەنسی) بەبێ سوتانی رایشتاگ ( ئاماژەیە بە سەرکەوتنی هێتلەرە لە ئەڵمانیا) بەبێ یەک فیشەکی جەنگی "فەجر" (ئاماژەیە بە جەنگی ئەفسانەیی نێوان بۆنتا و براکمار) هیچ و پوچەکان جەنگیان بردەوەو دەستیان گرتووە بەسەر جیهانەکەمان و ئێستا حوکمی ئەکەن.
‎• مامۆستای فەلسەفەو زانستە سیاسیيەکان ئامۆژگاریيەکی کاڵوکرچ بۆ خەڵکی ئەم سەردەمە دەکات: " پێویست بەو کتێبە ئالۆزانە ناکات. شانازی مەکەو رۆحانی مەبە، ئەوە وەک لوتبەرزێک نیشانت دەدات. هیچ بیرۆکەیەکی باش پێشکەش مەکە. ئەوکات روبەروی رەخنە دەبیتەوە.هیچ تیرامانێکی قووڵت نەبێت، چاوەکانت زەق بکەرەوە، لێوەکانت شۆڕ بکەرەوە، بە ناشرینی بیر بکەرەوە، هەر ئاوابە. ئەبێت توانات هەبێت بخڕێیتە قوتوە (تعلیب). زەمەن گۆڕا. هیچ و پوچەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست " ! 
‎• ئەوکاتەی پرسیار لەسەر هۆکاری ئەو گۆڕانکاریە دەکرێت، بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، سۆسیۆلۆژیی و ئابوری، هەروەک چۆن لە سیاسەتدا کاروباری گشتی نێودەوڵەتی دۆنۆ هۆکاری یەکەم بەوە دادەنێت کە چەمکی کارکردن لە کۆمەڵگاکاندا بەرەوپێشچونی بەخۆیەوە بینیوە. لەمبارەیەوە دەڵێت پیشە بووە بە وەزیفە تەنها وەک ئامرازێک سەیر دەکریت بۆ مانەوەو هیچی تر. لەوانەیە رۆژانە ١٠ سەعات خەریکی دانانی پارچەیەکی ئۆتۆمبیل بیت، بەڵام ناتوانی خەلەلێکی سادەی ئۆتۆمبیلەکەی خۆت چاک بکەیت. لەوانەیە خواردنێک دروست بکەیت کە توانای کڕینیت نیە. یان کتێب و گۆڤار ئەفرۆشیت و خۆت یەک دێڕیش ناخوێنیتەوە. کارکردن گەیشتۆتە ئاستی "مام ناوەند". ئەوانەشی کاردەکەن "مام ناوەند" بوون، ئەوەش بە مانایەکی نیگەتیف بۆ وشەکە. کارکردن بۆتە تەنها شیوازەکان (دوبارەبونەوە). وەک شتێک لە بینین و گۆشەنیگای شاپلن لە "سەردەمی مۆدێرن" یان وەک فریتز لانگ لە شاکاری " میترۆپۆلیس" .
‎• هۆکاری دووهەم بە بۆچونی دۆنۆ بەستراوەتەوە بە جیهانی سیاسەت و بواری دەوڵەت و کاروباری گشتی. لێرەوە دەسەڵاتی هیچ و پوچەکان دەستی پێکرد و لەمبارەیەوە دەڵێت رەگەکانی حوکمڕانی هیچ و پوچیی لە سەردەمی مارگرێت تاتشەرەوە دەستی پێکرد و دەڵی لەو رۆژەوەی تەکنۆکراتەکان هاتنە سەر حوکم، سیاسەتیان گۆڕیەوە بە چەمکی حوکمرانیی، ئیرادەی میللیان گۆریەوە بە چەمکی ئەوەی لەرووی کۆمەلایەتیەوە قبوڵکراو بیت ، هاوڵاتی بە گووتەی " شەریک". لە کۆتاییدا کاروباری گشتی بوو بە تەکنیکێکی ئیداریی، نەک سیستمی بەها و نمونە باڵاکان. دەوڵەت بووە کۆمپانیایەکی تایبەت. بەرژەوەندی گشتی بووە چەمکێکی هەڵە لە کۆمەڵێک بەرژەوەندی تایبەتی تاکەکان.سیاسی بووە بە تەنها ئەو وێنە ناشرینەی چالاکەوانی لۆبیکردن بێت بۆ بەرژەوەندی دەست وپێوەندەکانی. بەگوێرەی هەردوو بۆچونەکە بە دوبارەبونەوەی شێوازی تایبەتی کار و بە کاڵاکردنی و بەشتکردنی ئەمە، بەتاڵکردنەوەی سیاسەت و کاروباری گشتی، هیچ و پوچیی بووە سیستمێکی کامڵ لەسەر ئاستی جیهان. بنەمای سەرکەوتنیش تیایدا بوە بەوەی " یاریەکە بکەیت". تەنانەت ئەو وشەیەی کە زۆر کاریگەرەو مانای هەیە. ئیتر ئەوە کارێکی مرۆڤدۆستانە نیە و مەسەلەی بەشەریەت نیە. ئەوە تەنها "یارییەکە"یە . تەنانەت بە شێوازێک لە هەموو زمانەکانی جیهاندا ئەو بێماناییە بلاوبۆتەوە " ئەبێت یارییەکە بکەیت" ئەمەش بنەمایەکە نە نوسراوەتەوە و نە تێکستی هەیە بەڵام هەموان دەیزانن: وابەستەبونێکی کوێرانەیە بۆ قەبارەیەک، بەشێوازی کاتبەسەربردنی شەوان و نانخواردنی نیوەروان و تۆڵەکردنەوە دەردەکەوێت. دواتر ئەو قەبارەیە دەبێتە جەستەیەکی بۆگەنکردوی بونیادی تەواو. تەنانەت هۆکاری بوونیی خۆی و پرەنسیپەکانی دامەزراندنی لەبیردەکات بۆچی هاتوەو بۆ چ ئامانجیک لەبیری دەچێت.... دەربارەی باشترین بەرجەستە بونی سیستمی هیچ و پوچیی دۆنۆ دەڵێت وێنەی " پسپۆر" ە (خبیر). ئەو نوێنەری "دەسەلاتە"وئامادەیە عەقڵی خۆی پێ بفرۆشێت لە بەرامبەر "رۆشنبیر" کە هەڵگری باوەری پابەندبونە بە بەها و نمونە باڵاکان. زانکۆکانی ئەمڕۆ کە کۆمپانیاکان پارەیان دەدەنێ بونەتە کارگەی بەرهەمهێنانی پسپۆڕەکان، نەک رۆشنبیرەکان! تەنانەت جارێک سەرۆکی زانکۆیەکی گەورە ووتی: " پێویستە ئەقڵەکان بگونجێن لەگەڵ پێداویستی کۆمپانیاکان". جێگای ئەقڵی رەخنەگرانەو هەستەکانیان نەماوە. یان هەروەک سەرۆکی یەکێک لە تۆڕە مەزنە میدیاییەکانی خۆرئاوا ووتی" ئەرکی ئەوان ئەوەیە بە ئاشکرا ئەقڵی ئەوبەشەی ماوە لە بینەرانی بەکاربەر بفرۆشیت،هەموو شتێک بۆتە رازیکردنی پیداویستیەکانی بازاڕ"
‎دۆنۆ دروستبوونیی سیستمی حوکمڕانیی هیچ و پوچەکان وا دەبینیت . سیستمێک لە سەدا هەشتای سیستمی ژینگەیی زەوی خستۆتە مەترسی بەکاربردنیان. لەسەدا پەنجای سەروەت و سامانی ئەم ئەستێرەیەمان لەدەستی لەسەدا یەکی دەوڵەمەندەکانی دایە. ئەمەش هەمووی بە پەیڕەوکردنی دابڕاندنی سیاسەت لە کاروباری گشتی وپابەندبونی مرۆڤ. 
‎ کەواتە چۆن روبەڕوی سیاسەتی ئەو هیچ و پوچانە بین؟ دۆنۆ لە وەڵامدا ئەڵێ: هیچ رەچەتەیەکی سیحری نیە. جەنگی دژی تیرۆر خزمەتێکی گەورەی سیستمی هیچ و پوچەکانی کرد. کارێکی کرد گەلانی دونیا تەسلیمی ئیرادەی چەند گروپێک بن، یان چەند کەسێک، وەک ئەوەی ئەوان بەخشندەییەکی گەورە بکەن. لەجیاتی ئەوەی ئەو جەنگە ببێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی گەلان بگەنەوە ئەوەی بڕیارەکانی خۆیان بدەن. ئەوە مەترسی "شۆرشی بێهۆشکردنی" نوێیە، مەبەست لێی تیشک خستنە سەر حوکمی هیچ و پوچیە. 
‎ ئەوەی لەسەرمانە بیکەین بەرخودانە دژی ئەو ئەزمون وتەفرەدانە و هەموو ئەوانەی نامانگەیەنێتە سەرەوە. رێگە نەدەین زمانی ئیرادەی بەتاڵ بەرێوەمان بەرێت، بەڵکو چەمکە مەزنەکان. بەوەی مانا بگێڕینەوە بۆ وشەکان بۆ چەمکی هاوڵاتی بوون، گەل، ناکۆکی، گفتوگۆ، مافی کۆمەڵەکان، خزمەتی گشتی، کەرتی گشتی و خێری گشتی... ئەو وابەستەییە بگیرینەوە لە نیوان ئەوەی بیربکەینەوەو کاربکەین. هیچ جیاکردنەوەیەک لە نێوانیان نیە. کاری بنچینەیی ئەوەیە بەرگری بکەین.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand