خوێن و سیاسەت و راگەیاندن

Draw Media

2018-10-21 20:38:07




جەمال حسێن

کوشتنی خاشقچی نەروداوێکی ریزپەڕو شازە، نەشتێکیشە مایەی شۆک بێت. چونکە زۆر بەسادەیی زۆرینەی رژێمەکانی ئەم ناوچەیە لەسەر بنەمای کوشتن و چەپاندنی رای جیاواز دروست بون، ھەتا ئەگەر وەکو خاشقچیش ئۆپۆزسیۆنی سیاسیش نەبن. بەبڕوای من ئەوەی کوشتنی ئەم جارە جیادەکاتەوە شێوازی کوشتنەکەیە، کەبەرۆژی ئاشکراو بەشێوەیەک کەلەلێکۆڵینەوەی تاوان پێی دەوترێت شێوازێکی گەمژانە.

بکوژانی خاشقچی ھێند بێ پلان و ھەڵەداوان ئەم کارەیان کردوە، وەکو ئەوەی ئەمانە سەربەگروپێکی چەقوکێشی شەلاتی بوبن، نەک دەوڵەت و دەزگای گەورەی موخابەراتی یەکێک لەدەوڵەتە ھەرە گەورەکانی جیھانی ئیسلامی. تائەوەی ئێستا دورنیە تاوانبارانی پشتی ئەم کارە کاتێک سەیری ئاوێنەدەکەن، خۆیان وەکو گوێدرێژێک ببینن. بۆیە لەیەکەم چرکەساتی دەنگدانەوە ناوچەیی و جیھانیەکان، ئەوپاساوانەی گوایە وەکو پلانی ( ب) ئامادەکرابوون بۆ پەردەپۆشکردنی خودی تاوانەکە، بەرادەیەک سادەو مناڵانەبوون کەمایەی بەزەیی و پێکەنین بون بەو ئەقڵەی لەپشتی تاوانەکەوەبوە. لێرەدا ئەوەی بۆمن مایەی لەسەر وەستانە، نەتەکنیکی کوشتن و ھەوڵێ شاردنەوەکانە، نە خودی کەسایەتی خاشقچی و دواجار ھۆی کوشتنەکەشیەتی.

ئەوەی بۆمن مایەی قسەلەسەرکردنە فۆڕمی مامەڵەکردنی راگەیاندنی لایەنگری سعودیا و نەیارەکانیەتی لەیەکەم چرکەساتی ئاشکرابونی ون بونی ئەم رۆژنامەنوسەوە تا درێژبونەوەی لێکۆڵینەوەکان. بەتایبەتی ھەردووک کەناڵی العربیەی سعودی و الجزیرەی قەتەڕی. ئەم دوو کەناڵە کەراستەوخۆ نوێنەرایەتی دوو ئەجندەی جیاوازی سیاسی دەکەن، لەچەندین ویستگەو روداوی گەورەو بچوکدا دژی یەک وەستاونەتەوە. بەپێی ئەو لۆژیکە سادەیەی کەراگەیاندن درێژکراوەی سیاسەتە، بگرە جاری وایە دڵی سیاسەتێکی دیاریکراوە. دۆسێی خاشقچیش بۆ ھەریەکێک لەم دووکەناڵە بابەتێکی گەرمی بەریەککەوتن و دواجار زاڵبونە بەسەر رای گشتیدا. جەزیرە لەرێی خوێنی رژاوی خاشقچیەوە بەئاشکرا دەیەوێ بیسەلمێنی کەھەموو ھەڵوێست و سیاسەتی سعودی لەسەر ستەم و پەلاماردان و بەزاندنی سەروەری دەوڵەت و مرۆڤ وەستاوە. بەپێچەوانەوە بەرەی ئەنتی سعودی بەرەی راست و دادپەروەریە.

ئەم وێنەیە کەلەسەر حسابی خوێنی کەسێکی بەناھەق کوژراو دارژاوە، تەنھا نیوەی راستیەکەیە. نیوەکەی تری کەبریتیە لەنیشاندانی دەوڵەتی قەتەر وەکو بێ تاوانێک لەسیاسەتی دەرەوەیدا و لەناوچەکە بەگشتی، بەئەندازەی ھەوڵی سعودیەکان لەسەرەتادا بۆ شاردنەوەی تاوانی کوشتنەکە کۆمیدیە. بەتایبەت کاتێک لەم روداوەدا تورکیا دەیەوێ وەکو وڵاتێکی چاکەکارو دژ بەکوشتنی نەیاران خۆی بەدنیا نیشان بدات. چونکە بێ تاوانی لەم کوشتنە ھیچ لەوڕاستیە مێژووی وواقعیە ناگۆڕێ کە تورکیا و سعودیا و قەتەر سێ وڵاتن لەسەر یاری کردن بەخوێنی خەڵک و گەلانی خۆیان و ناوچەکە دامەزراون. تورکیایەک کەلانی کەم دوای چیرۆکی کودەتا گوماناویەکە بەیەکجاری بوە بەزیندانی رای جیاوازو نەیارانی دەسەڵاتی سوڵتانی ئەردۆگان، چۆن دەتوانێ بڕوا بەدنیابکات کەئەو بەراستی بۆ کوشتنی خاشقچی غەمبارە. تەنھا ئەوەنەبێ کەغەمباری ئەو و ھەوڵی جدی بۆ ئاشکراکردنی چارەنوسی خاشقچی راستەوخۆ پەیوەندی بەزیان گەیاندن ھەیە بەیەکێک لەوڵاتە گەورە نەیارەکانی کەسعودیایە. بەھەمان شێوە قەتەڕێک کەجگە لەوەی دەستی سورە بەیاریکردن بەگروپە تیرۆریستەکان لەھەموو ناوچەکە، وەلەڕابردودا ملی شاعیریان پەڕاندوە تەنھا لەبەرئەوەی لەشعرێکدا ھەجوی ئەمیری کردوە، چۆن دەشێ بڵێن ئەوشینەی بۆ خاشقچی دەکات بۆ خوێنەکەیەتی و بۆ ھەریسەکەی نیە. وەکو چۆن سعودیا دەوڵەتی نەوت و ئیرھابە، ئەمانیش دەوڵەتی ئاگرو پارەن. بۆیە چیرۆکی کوشتنی خاشقچی پێش ئەوەی بەڵاو کێشەبێ بۆ سعودیەکان، نیعمەت و دەرفەتە بۆ نەیارەکانی.

ئەوەی رورەشی و بێ ئابڕویی تەواوی بۆ دەمێنێتەوە لەم یاریە ناشیرنەشدا بەخوێنی مرۆڤێکی کوژراو، راگەیاندنکارەکانی جەزیرەو عەرەبیەیە. چونکە چەند رۆژنامەنوسەکانی عەرەبیە شەوڕۆژ ھەوڵدەدەن درزێک بدۆزنەوە ھەرچەند بچوک و تەنگەبەریش بێت تا بەبینەرەکانیان بڵێن سعودیا بێ تاوانە لەم کوشتنە، لەوەش زیاتر نەیارانیان لەجەزیرە لەھەوڵی گەورەکردنی تاوانەکەو نیشاندانیدان وەکو دوایین گەورەترین تاوان لەم ناوچەیە. خۆ ئەگەر زومی قسەکردنمان دورتربکەینەوە، ئەوا ھەمان چیرۆک لەکوشتارەکانی سوریاشدا دەبینینەوە. کەپێنج ساڵە ھەمان ئەو وڵاتانە بەپارەو چەک ھاوکاری ئۆپۆزسیۆن و گروپەتیرۆریستیەکانیش دەکەن بۆ درێژەدان بەشەڕی ناوخۆی سوری. بەڵام دوای وێران بونی شارەکان و کوژرانی سەدان ھەزار کەس و ئاوارەبونی ملیۆنان مرۆڤ، ئەمانە دەستەوەستان دانیشتون لەڕێی راگەیاندنەوە باسی تاوانەکانی بەشار دەکەن. لەکاتێکدا خۆیان بەفعلی بەشێک بوون لەم تاوان و قەسابخانەی سوریەکان روبەڕوی بونەوە. شەڕی ئەوان ھیچ کات بۆ سوریەکان نەبوەو نیە، شەڕی ئەوان بەردەوام بۆ زاڵبون بوە بەسەریانداو ھیچی تر. بەھەمان شێوە شەڕی ئەوان ئێستا کەبەناوی خوێنی خاشقچیەوەیە، شەڕە لەسەر دەست بەسراگرتنی غازو نەوتی زیاتر.، شەرێکە نەک یەک خاشقچی ملیۆنان خاشقچی بۆ دەکەنە قوربانی. بۆیە لەکوشتن ناشیرنترو لەو تاوانە قێزەونتر، ئەو یاریەیە کەلەم ناوچەیە ئەودەسەڵاتانە بەخوێنی مرۆڤەوەدەیکەن. لەکاتێکدا خۆیان وەکو مارەکانی سەرشانی زوحاک وان، خوێنیان لێ ببڕێ کۆتاییان دێت. تورکیایەک کەھەربەڕاستی بوە بەزیندانێکی گەورەو دەزگا جاسوسیەکانی لەھەموو شوێنێکی دنیا کەبۆیان بگونجێ نەیارانی سوڵتان خەڵتانی خوێن دەکەن، دەیەوێ لەڕێی خوێنی خاشقچیەوە زۆرترین وەبەرھێنانی سیاسی بکات. بۆ ئەو ئەم کەیسە باشترین دەرفەت و چانسە تاجارێکی تر خۆی وەکو پارێزەری خوێنی موسڵمانان نیشانبدات. جەزیرەو قەتەریش خوێنی خاشقچی کردوە بەخوێنی عوسمان و نەبەئاسانی دەست بەرداری دەبێ، نەرێگاش دەدا ئەم دەرفەتە مێژوییەی لەدەست بچێ بۆ گەڕاندنەوەی ئەوکاریگەریەی لەدوای روداوەکانی بەھاری عەرەبی لەدەستی دا. ھەرچی سعودیەکانە بەھۆی پێگەی ئاینی وعەرەبی نەوتەوە دەتوانن بەبەخشینی برێک باج ئەو تەنگژەیە تێ پەڕێنن، بێ ئەوەی ھیچ شتێک لەوانە بتوانێ لەسیاسەتی دڕندانەی بگۆڕێ و ناچاری بکات لای بەھای خوێن زیاتربێت لەبەھای نەوت. ئەوەی لەم روداوانە دوای نیشتنەوەی تۆزی ناکۆکی سیاسی وەک خۆی دەمێنێتەوە، بێ نرخی ئینسان و کەرامەت و خوێنیەتی. سەیرێکی خێرای سوریاو یەمەن و دیاربکرو عەفرین و سەدان شوێنی تر لەم ناوچەیە پێت دەڵێ، لەم رژێمانە ھەموو شتێک زۆرە، بەنی ئادەم کەم.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand