هەڵبژاردنێكی رەش

Draw Media

2018-10-09 17:22:23



 

■ سەرتیپ جەوهەر 
ئەنجامی ئەمجارەی هەڵبژاردن هەموو لایەنەكانی توشی راچڵەكین كرد، زانیاریی و ئاماری پێش داخستنی سندوقەكان و ئاماری دەنگدان تەواو ناكۆك و دژ بوون، بەڵام ئەم ئەنجامە چاوەڕوانكراوبوو، چونكە پێشوەختە هەموولایەك لە ئەگەری ساختەكارییەكی رێكخراو ئاگاداربوون.
رەنگە لێرەدا دەرفەتی ئەوەنەبێت باسی وردەكاریی ئەو ساختەكارییە بكەین كە لەم هەڵبژاردنەدا كراوە، هەم شێوەی ساختەكردنەكەو هەم قەبارەی ساختەكردنەكە زۆر جیاواز بوو لەهەموو هەڵبژاردنەكانی رابردوو! لەلایەك تەسكەرەو رەگەزنامە بەشێوەیەكی رێكخراو و بەچاپ و مۆری فەرمانگەی رەگەزنامەی هەولێرو دهۆك دەرهێنرابوون و بەبەرچاوی هەموومان دابەشیاندەكرد بەسەر بارەگاكانی حزب و دواتر دەنگی پێدەدرا، پێشبینی دەكرێت نزیكەی 200 هەزار دانە چاپكرابێت! هەمیش ئەو رێژەی ساختەو تەزویری پێكرا پێشبینی دەكرێت نزیكەی لە 40%ی دەنگەكانی سنوری هەردوو پارێزگای هەولێرو دهۆك پێكبێنێت!
لەم هەڵبژاردنە سێ‌ رێوشوێنی گرنگ هەبوو پێشوەختە گفتوگۆو قسەی زۆری لەبارەكرا، یەكەمیان سیستمی هەڵبژاردنی كوردستان كە یەك بازنەیە، ئەمە هەم مەترسییەكی زۆر گەورەیە بۆ سەر رێژەی دەنگدان و داواكرا بگۆڕێت بۆ چوار بازنە، وەك بەشێك لەڕێكاری ساختەكاریی، هاوكات خەڵكی ناوچەكان بتوانن باشتر نوێنەرانیان بنێرنە پەرلەمان، بەڵام نەكرا! دووەم پرسی رێژە یان ژمارەی كۆتاو رێوشوێنی دەنگدان بەكاندیدانی كۆتا، چونكە لەهەموو هەڵبژاردنێك زۆربەی دەرچوانی كۆتا لایەنێكی دیاریكراوی سیاسی كوردستان دەیبات لەڕێی دەنگدانی تایبەت و زێرەڤانی و پۆلیس! بۆیە دەبینین كاندیدی توركمان هەبوو لەهەندێ بنكەی دەنگدان لەچۆمان یان لەسەڵاحەدین رێژەی دەنگەكانی لەكورد زیاتر بوو!! سێیەمیان پرس و ترسی ساختەكارییەكی زۆرو رێكخراو لەلایەن لایەنێكی دیاریكراو، ئەم ترسە لەسەر بنەمای زانیاریی پێشوەختە بوو، لەلایەك پێشوەختە دەزانرا لیستی تۆماری دەنگدەران، زیاتر لە 150 هەزار ناوی دوبارەو نەسڕاوەی مردووانی تێدابوو، هەموو هاوارمانكرد بەم تۆمارە نەچنە هەڵبژاردنەوە، كەچی لەبری رێگری كردن، نوێنەرەكەی گۆڕان لە كۆمسیۆن لەكۆبونەوەی نێوان پەرلەمان و حكومەت و كۆمسیۆن، داكۆكییەكی سەرسەختی لەو تۆمارەكرد، ئەمەش جێی گومانە بۆ هەموومان! هاوكات رۆژانی 26 و 27ی ئەیلول، فەرمانگەی رەگەزنامە لەهەولێر شێواوییەكی زۆری پێوەدیاربوو، ئیشوكاری فەرمانگە بۆماوەی دوو رۆژ راگیرا، دامودەزگاكانی راگەیاندن لەم بارودۆخە شێواوە ئاگاداركرانەوە، بەڵام خێرا چاوپۆشی لێكرا!
بەكورتی، ئەنجامی راگەیەنراوی كۆمسیۆن مەترسییەكی زۆر گەورە بۆئایندەی حكومڕانی كوردستان دروستدەكات، ئەگەر ئەم ئەنجامە وەكوخۆی لەلایەن هەموو لایەنەكانەوە پەسند بكرێت دوایین گورز دەبێت بەپرسی دیموكراسی و مافی دەنگدانی خەڵكی كوردستان دەكەوێت، بۆیە هەرچی كراوە پێویستە رێگری بكرێت، چونكە بەپێی ئەم ئەنجامە، لەلایەك ئەوانەی دەچنە پەرلەمانی كوردستان نوێنەری راستەقینەی دەنگدەرانی كوردستان نابن، لەلایەكی دیكە لەڕێی زۆرینەی پەرلەمانییەوە هەوڵدەدرێت ژمارەیەك گۆڕان لەقانون و باری حوكمڕانی كوردستان بكرێت، سەرەنجام گێڕانەوەی كۆی بارودۆخی كوردستانە بۆ چوارگۆشەی یەكەم، هەر لەگۆڕینی پرۆژەی دەستوری كوردستانەوە بگرە تا گۆڕینی هەیكەلی حكومەت و شێوازی بڕیاردانی پەرلەمان و دەستبەسەرداگرتنی زیاتری سامانی ئەم وڵاتە، ئەمەش نەك نامانگەیەنێتە كەناری ئارام، بەڵكو ئەوەندەی دیكە خەڵكی كوردستان بێئومید بێدەرەتان دەبن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand