مەزاتخانەکەی پەڕلەمانی بەغدا

Draw Media

2018-09-22 07:03:32



■ یاسین تەنها 
لەم ڤیدیۆیەدا كە رەنگە گرنگترین بڕگەبێت لەمێژووی بەرنامەكەی بەشیر، مەزاتخانەی پەرلەمانی عێراق ئاشكرا دەبێت. پەرلەمانتارانی لیستە سوننەكان كە دەنگەكانیان فرۆشتوە بەبنەماڵەی كەربولی بۆ هەڵبژاردنی محەمەد حەلبوسی، یان وێنەی دەنگەكانیان دەگرن یان پیشانی دەلاڵەكانی دەدەن. باسی ئەوەش هەیە هەر دەنگەو بە 150 هەزار دۆلار فرۆشرابێت كە بەشیر بە كالۆری ناوی دەبات. لەناو دەنگ فرۆشەكاندا پەرلەمانتار هەیە پێشتر وەزیرو دوو خولیش پەرلەمانتار بووە (محەمەد تەمیم). بەم سەفقەیەش كەربولییەكان پاش كۆنترۆڵكردنی ئەنبار و پۆستی پارێزگارەكەی بەگەندەڵی و فرت و فیڵ، وا بەرەو بەغداش كشان و لەژێر ناوی پێشخستنی گەنجدا بوونە خاوەن سەرۆكایەتی پەرلەمان و دەوترێت نرخەكەی بەرانبەر 30 ملیۆن دۆلارە، بەڵام ئەوان رەتی دەكەنەوە شتی وا روویدابێت، بێگومان لەماوەیەكی كەمدا زیاتر لەو پارەیە زیاتریان دەست دەخات. لەپاش دەنگدانەكەش ماجیدە تەمیمی هاواری كردبوو "عێراق فرۆشرا"، دواتریش یەكەم كەس بوو سەواو مامەڵەكەی بۆ رادیۆیەك ئاشكراكردو عەبادیش هەر ئەوەنەی پێكرا لە كۆنگرەی رۆژنامەنووسی هەفتانەدا بانگەوازی بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە كرد، بەڵام ئەو دەسەڵاتی بەسەر پەرلەماندا نییە. 
ئەمەی رویداوە لە مێژووی عەرەبە سوننەكان شتێكی نوێ نییە، لەزۆربەی خولەكاندا ئەوان وەزارەت و پشكەكانیان بەكڕین و فرۆشتن لەنێوان خۆیاندا دابەش دەكەن، بەنمونە وەزارەتی پیشەسازیی تا 5 ملیۆن دۆلار رۆشت كە جارێكیان بەر ئەحمەدی برای جەمال كەربولی كەوت، وا ئیستا مەزاتەكە هەڵكشا بۆ لوتكەی سەرۆكایەتییەكانی عێراق، چونكە سوننە لەئیستادا ئەوان هیچ قەزیەیەكیان نییە جگە لەپڕكردنی گیرفانیان و جەماوەرەكەشیان یان لەخێمەو كامپەكاندا یان لەشارە وێرانەكەنی پاش داعشدا ژیان دەگوزەرێنن. 
لەئێستادا مەترسی هەیە ئەم ماجەرایە لەسەرۆكایەتی كۆماریش دووبارە ببێتەوە یان سەفقەیەكی نزیك لەوە یەكلایی بكاتەوە ئەگەرهات و رێككەوتنی پێشوەختی لەبارەیەوە نەكرێت. خۆ رەنگە پاش ئەم ڤیدیۆیەو ئاشكرابوونی نهێنییەكە رێگربێت لەشتی لەوجۆرە یان پارتی و یەكێتی وەك كەربولییەكان نەتوانن پینەوپەڕۆی بكەن چونكە 329 پەرلەمانتار كۆنترۆڵ ناكرێن و هەندێكیان ئێستا وەك پەیامنێر بۆ فەیسبوك و سناب و تویتەر كاردەكەن.
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand