شەڕی شێخ مەقسودی حەڵەب چۆن روویدا؟
2026-01-14 12:17:03
درەو:
لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی حەلەب نزیكەی (450) لە هێزەكانی ئاسایشی ناوۆی شێخ مەقسود، بەرامبەر هێزێكی گەورەو زەبەلاحی (42) هەزار كەسی لە گروپە چەكدارییە توندڕەوەكان و سوپای سوریا و پاڵپشتی توركیا و سەرجەرجەم دەزگا هەواڵگرییەكانی سوریا و توركیا و فڕۆكەو دەبابەو تۆپ و كاتیوشا، شەڕێكی سەخت و دژوار و نابەرامبەر.
رۆژی یەكشەممە 4ی كانونی دووەمی 2026 بەسەرپەرشتی ئەمریكیەكان كۆبوونەوەی نێوان وەفدی باڵای هەسەدەو دیمەشق بەڕێوەچوو بۆ رێككەوتن لەسەر تێكەڵكردنی هێزەكانی هەسەدەو سوپای سوریا، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریا دیموكرات، مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری سوریا، فەرماندەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی جەنەڕاڵ کیڤن لامبێرت، ئامادەی بوون، كۆبوونەوەكە هەنگاوی باشی بڕی و بۆ درووستكردنی چەند فیرقەو لیوایەك بۆ كورد لە چوارچێوەی سوپای سوریادا، لەپڕ كەشوهەوای كۆبوونەوەكە تێكچوو.
ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتۆر"ی ئەمریکی لە راپۆرتێكی بنكۆڵكاریدا بڵاویكردەوە: كۆبوونەوەكە نزیك بوون لە رێككەوتن لە پڕ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا خۆی دەكات بە ژووری كۆبوونەوەكەداو داوای لە ژەنەراڵە ئەمریکییەکە و تیمەکەی کردووە كۆبوونەوەكە جێبهێڵن و بچنە دەرەوە، بەرپرسانی هەسەدە هەستیان بە دۆخێكی نائاساییكردووە، شەیبانی لەناکاو کۆتایی كۆبوونەوەكەی راگەیاندوو وتی كۆبوونەوەكە بۆ كاتێكی تر دوادەخەین، وا دیاربوو شەیبانی پێش كۆبوونەوەكە لەلایەن هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا و ئیبراهیم كاڵن سەرۆكی دەزگای میت تەلەفۆنی بۆ كرابوو، بۆیە لەناكاو كۆتایی بە كۆبوونەوەكە هێنا، ئیتر هەموو شت تێكچوو...
دوای دوو رۆژو رۆژی سێشەممە 6ی كانونی دووەمی 2026 لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، ئیسرائیل و سووریا بە چاودێریی ئەمریکا ڕێککەوتن، رێككەوتنەكەیان تایبەت بوو بە گۆڕینەوەی زانیاری هەواڵگیری و پەیوەندی سەربازی و دیپلۆماسی و بازرگانی نێوانیان، ئەم رێككەوتنە بۆ گروپ و لایەنە ئیسلامییە ناوخۆییەكانی سوریا و وڵاتانی عەرەبی و ناوچەكەش شۆكهێنەربوو ئەحمەد شەرع لە كارەكتەرێكی ئیسلامی توندڕەوە بۆ رێككەوتنی هەواڵگری لەگەڵ ئیسرائیل.
بۆ دوورخستنەوەی چاوی ناوخۆیی و گروپە ئیسلامییە رادیكاڵەكان لەسەر رێككەوتنەكەیان لەگەڵ ئیسرائیل و سەرقاڵكردنیان و رازیكردنی دڵی توركیا هەر ئەو رۆژەی رێككەوتنەكەیان لەگةڵ ئیسرائیل واژۆكرد شەوەكەی هێرشی بۆسەر شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەستپێكرد ئەگەرچی پێشترو چەندینجار پلانی گرتنی شێخ مەقسود دانرابوو...
هێرشەكەی سەر شێخ مەقسود و ئەشرەفیە وەك لە بەیاننامەی ئیدارەی خۆسەریداهاتبوو، لە چوارچێوەی پلانێکی تورکیاو بە پاڵپشتی و بێدەنگی زلهێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بەڕێوەچوو..
هێرشەكە بە هاوكاری توركیا و گڵۆپی سەوزی ئەمریكاو چاوپۆشی ئیسرائیل و دڵخۆشی وڵاتانی عەرەبی و گروپە ئیسلامییە رادیكاڵەكان جێبەجێكرا.
رۆژی 6ی كانونی دووەمی 2026 هێرشكردنە سەر شێخ مەقسود و ئەشرەفیە دەستیپێكرد، حكومەتی سوریا سەرڕای هێزی سەربازی، سودی لە گروپە توندڕەوەكان بینی ئەوانەی ماوەی دەیان ساڵە چەندین هەوڵیاندا بە پاڵپشتی توركیا نەیانتوانی بچنە شێخ مەقسودەوە..
حكومەتی سوریا بە راجیمە، دەبابە، فڕۆكە، فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، دۆشكەو تۆپ و دەیان جۆری چەكی قورس هێرشی بۆسەر ئەو دوو گەڕەكە دەستپێكرد، كە هیچ رێگەو دەروازەیەك نایان بەستێتەوە بە هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە بۆ هاوكاری، نزيكترينيان دێر حافرە كەزیاتر لە 40 كیلۆمەتر دوورە لە حەلەبەوە ، بۆیە گەڕەكی شێخ مەقسود 7 دەروازەی هەیە لە هەر حەوت دەروازەكەوە گەمارۆ درا.
- گەڕەكی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە نزیكەی (500) هەزار كەسی تێدا دەژی بە نێشتەجێ و ئاوارەوە
- نزیكەی 55 هەزار خێزان لەوێ دەژیان
- نزیكەی 450 چەكداری هێزی ئاسایشی شێخ مەقسود لەوێ بوون.
هێزە بەشداربووەكان بۆ هێرشی سەر شێخ مەقسودو ئەشرەفیە:
- وەزارەتی بەرگری حكومەتی سوریا
- وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی سوریا
- هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی حكومەتی سوریا
- فیرقەی 62ی عەمشات بە فەرماندەیی ئەبوعەمشە كە لەلایەن توركیا پشتیوانی دەكرێت.
- فیرقەی 76 حەمزات بە فەرماندەیی سەیف پۆڵاد كە لەلایەن توركیاوە پشتیوانی دەكرێت.
- فیرقەی 72 بە فەرماندەیی خەتاب ئەلبانی لەلایەن توركیاوە پاڵپشتی دەكرێت.
- فيرقەی 60 بە فەرماندەیی ئەبو قوتەیبەی مونبجی كە گروپێكی توندڕەوە
- فیرقەی 80 بە فەرماندەیی عەقید خالید عومەر كە پێشتر لە سوپای سوریا جیابووەوە
لە هێرشەكەدا:
- 42 هەزار هێزی سەربازی و گروپە توندڕەوەكان بەشداریان تێدا كردووە
- 110 دەبابە بەشداربوون
- 57 مودەڕەعە بەشداربوون
- 4 فڕۆكەی بەیرەقداری توركی بەردەوام چاودێرییان كردووە
- 67 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی خۆكوژی شەڕیان كردووە
- دەزگای هەواڵگری توركیا و سوریا بەشداربوون.
- هەردوو توانای سەربازی و تەكنەلۆجی سەربازی توركیا و سوریا بەشداربوون
- تەواوی ئیعلامی عەرەبی و ئیسلامی و توركی پاڵپشت بوون
هەموو ئەم هێزانە لەبەرامبەر تەنیا (450) كەس لە هێزەكانی ئاسایشی شێخ مەقسود كە ئەوانیش تەنیا چەكی سوكیان پێبوو...
لە ئەنجامی هێرشەكەدا (39) سەرباز و چەكداری سوریا كوژران، نێو ئەو کوژراوانەدا 18 سەرباز لە پارێزگای حەلەب (46٪)، 9 سەرباز لە ئیدلب (23٪)، 4 سەرباز لە حومس (10٪)، 4 سەرباز لە حەما (10٪) و دوو سەرباز (5٪) لە گوندەواری دیمەشق بوون.
شەڕڤانان بەرگریییان كرد و تەسلیم نەبوون:
- زیاتر لە 20 شەڕڤان شەهیدبوون
- زیاتر لە 100 كەس برینداربوون
- زیاتر لە 100 هەزار كەس ئاوارەبوون.
ئەمە چیرۆكی شەڕی دووگەڕەكی كوردنشینی حەلەبە، لەبەرامبەر هێزو چەك و هەواڵگری دوو دەوڵەتی گەورەدا...
