294 كاتژمێر كاركردن لە چوار ساڵدا؛ 76 پەرلەمانتار نوتقیان نەكردووە
2025-10-23 19:30:30
(درەو):
خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق لە چوار ساڵدا تەنیا (294:42) كاتژمێر كاریكردووە، هەموو دانیشتنێك بەردەوام لە كۆی (329) پەرلەمانتار (156) پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەكان نەبوون؛ (76) پەرلەمانتار لە دانیشتنەكاندا تەنیا یەك قسەشیان نەكردووە.
لەكاتێكدا عێراق و هەرێمی كوردستان سەرقاڵی بانگەشەن بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، نوێترین داتاكان دەریدەخەن خولی پێنجەمی پەرلەمان بەراورد بە پێش خۆی لەبوارەكانی (ژمارەی دانیشتنەكان، دەرچواندنی یاساكان، میوانداریكردنی وەزیرو بەرپرسان، ئامادەگیی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەكان و كاتژمێرەكانی كاركردن) پاشەكشێی بەخۆوە بینیوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدایە.
هەڵسەنگاندنێكی نوێ
دامەزراوەی (مدارك) كە دامەزراوەیەكی عێراقی قازانج نەویستەو لە ساڵی 2004وە دامەزراوە، راپۆرتی كۆتایی خۆی لەبارەی چاودێریكردنی كارەكانی (خولی پێنجەم)ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوكردەوە.
ئەم راپۆرتە چەند رۆژێكە میدیاكانی عێراقی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە، بەتایبەتیش لەكاتێكدایە كە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ (خولی شەشەم)ی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەدەچێت و رۆژی 11/11ی ئەمساڵ هەڵبژاردنەكە بەڕێوەدەچێت.
ئەم راپۆرتە ژمارەیەك پێوەری دیاریكردووە بۆ ئاستی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم و لەسەر ئەم بنەمایانە هەڵسەنگاندنی بۆ كردوون و باشترین و خراپترینەكانی دەستنیشان كردووە.
پێوەرەكانی هەڵسەنگاندنی پەرلەمانتار لە خولی پێنجەم، ئەمانە بووە:
- گفتوگۆی یاساكان لە خوێندنەوەی یەكەم و دووەمدا
- بەشداریكردن لە گفتوگۆی بابەتە گشتییەكاندا كە لە دانیشتنەكانی پەرلەماندا خراونەتەڕوو
- راستكردنەوەی دانیشتنەكان لەرێگەی خاڵی پەیڕەوییەوە (نوقتەی نیزامی)
- پێشكەشكردنی پرۆژە یاساكان
- لێپرسینەوەو پرسیاری زارەكی
كورتەیەك لەبارەی سیستەمی هەڵبژاردنەوە
راپۆرتەكە بەر لە خستنەڕووی وردەكاری ئەدای كاركردنی خولی پێنجەم، تیشكی خستوەتە سەر سیستەمی هەڵبژاردنی ئەم خولەو باسی لەوەكردووە بەهۆی خۆپیشاندانەكانی نێوان ساڵانی 2019 تا 2021 كە ژمارەیەك داواكاری هەبوو لەوانە گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن، ئەو سیستەمی هەڵبژاردن كە 2018 پشتی پێبەسترا هەڵوەشێندرایەوە كە شێوازی (سانت لیگۆ) بوو لەپاڵ ئەمەدا هەر پارێزگایەكی كردبوو بە بازنەیەكی هەڵبژاردن، لەبری ئەمە یاسایەكی هەڵبژاردنی نوێ پەسەندكرا كە پشتی بە سیستەمی (فرە بازنەیی)و خۆكاندیدكردنی (سەربەخۆ)كان دەبەست.
لەسەر بنەمای یاسا نوێیەكە، عێراق دابەشكرا بەسەر (83) بازنەی هەڵبژاردندا، یەك لەسەر چواری كورسییەكان بۆ ژن و (9) كورسیش بۆ كەمینەكان دیاریكرا، رۆژی 10/10/2021 هەڵبژاردنی پێشوەختەی خولی پێنجەمی پەرلەمان بەرێوەچوو، (3225) كاندیدی ژن و پیاو كە دابەشبووبوون بەسەر (108) حزب و (21) هاوپەیمانی بەشدارییان تێدا كرد، (789) كەسی تر وەكو كاندیدی (سەربەخۆ) بەشداربوون.
رۆژی 30/11/2021 كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان رایگەیاند لە كۆی (22.116.368) كەس كە مافی دەنگدانیان هەبووە (9.629.601) كەس بەشداریی دەنگدانیان كردووە، واتا رێژەی 44%ی كۆی دەنگدەران.
ئەنجامی هەڵبژاردن بەشێوەیەك بوو لە كۆی (329) كورسی پەرلەمان، ئەو حزبانەی لەناو هاوپەیمانێتیدا بوون (137) كورسییان برد، ئەو حزبانەی بە سەربەخۆ بەشداربوون (148) كورسییان برد، (44) كورسیش بۆ كاندیدە سەربەخۆكان رۆیشت.
دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، ئەو هاوپەیمانێتیانەی زۆرترین دەنگیان هێنابوو ئەمانە بوون:

ئەوانەی وەكو حزب بەشداربوون و زۆرترین كورسییان برد ئەمانە بوون:

بەهۆی ئەو تانانەی هەڵبژاردن كە پێشكەش كرابوون، لەكۆی (59711) وێستگەی دەنگدان، كۆمسیۆن ئەنجامی دەنگدانی لە (33) وێستگە هەڵوەشاندەوە بەهۆی سەلماندنی بوونی سەرپێچی لەو وێستگانەدا، ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان بووە هۆی گۆڕینی (5) كاندید كە بە ژماردنی ئەلیكترۆنی دەرچووبوون بۆ پەرلەمان، لەبری ئەوان كاندیدی سەركەوتووی نوێ دانران كە بە ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان سەركەوتنیان مسۆگەر كردبوو، ئەوانە بە ژماردنەوەی دەستیی سەركەوتن لەگەڵ ئەوانەی لادران ئەمانە بوون:

دەرەنجامی هەڵبژاردنەكە دەریخست كە لەكۆی (329) كورسی پەرلەمان، (217) كورسییان لەلایەن پەرلەمانتاری نوێوە پڕكراونەتەوە بەرێژەی 66%، ئەوانەی كە بۆ دوو خولی پەرلەمان سەركەوتنەوە ژمارەیان (68) پەرلەمانتار بوو بەرێژەەی 19%، ئەوانەشی كە بۆ سێ خولی پەرلەمان سەركەوتوو بوون و مانەوە ژمارەیان (35) پەرلەمانتار بوو بەرێژەی 10%، بەڵام ئەوانەی كە بۆ پێنج خولی پەرلەمان سەركەوتوو بوون، تەنیا دوو كەس بوون، وەكو ئەوەی لەم خشتەی خوارەوەدا دەردەكەوێت:

پەرلەمانتارە چوار خول و پێنج خولەكان ئەمانە بوون كە لەم خشتەیەدا دەردەكەون:

پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم لەڕووی تەمەنەوە بەمشێوەیە دابەشبوو بوون، كە دەردەكەوێت بەراورد بە خولی چوارەم، ئەو پەرلەمانتارانەی كە تەمەنیان لە خوار 40 ساڵ بووە، هەندێك ژمارەیان زیادی كردووە:

ئەوانەی زۆرترین دەنگیان هێنا بوو بۆ سەركەوتن بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمان، 10 پەرلەمانتاری پیاو بوون كە (6) كەسیان كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بوون لە (هەولێرو دهۆك و كەركوك):

لەناو ژنانیشدا، ئەو كاندیدانەی كە لەسەر ئاستی عێراق زۆرترین دەنگیان هێنا بوو، یەكەمەكەیان (سروە عەبدولواحید) بوو لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی تری كورد وەكو ئەوەی لە خشتەی خوارەوەدا دەردەكەوێت:

ئەوانەشی كە بەكەمترین دەنگ لەسەر ئاستی عێراق سەركەوتن بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمان ئەمانە بوون:

دانیشتنەكانی پەرلەمان
یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی (9/1/2022)دا بەڕێوەچووە، (محەمەد حەلبوسی) بە (200) دەنگ بە سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێرا. حاكم زاملی لە رەوتی سەدر بە (182) دەنگ بە جێگری یەكەم و شاخەوان عەبدوڵا لە پشكی كورد (پارتی) بە (180) دەنگ بە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردران.
لە دانیشتنی یەكەمدا پەرلەمانتار حەسەن عەزاری لە رەوتی سەدر ئیمزای لیستێك ناوی پێشكەشی سەرۆكی پەرلەمان كرد وەكو كوتلەی زۆرینەی پەرلەمان، دانیشتنەكە چەند شتێكی بەخۆوە بینی كە گومان لەسەر یاسایبوونی دروستكرد، لەسەر دروستی ئەم دانیشتنە پەرلەمانتارێك (4) سكاڵای لە دادگای باڵای فیدراڵی تۆماركرد.
لەسەر بنەمای سكاڵاكان، دادگای فیدراڵی هەموو رێكارەكانی پەرلەمان راگرت و دانیشتنەكان بۆ ماوەی 12 رۆژ پەكیان كەوت.
12/6/2022 ئەندامانی رەوتی سەدر لە پەرلەمان لەگەڵ حاكم زاملی جێگری سەرۆكی پەرلەمان پێكەوە دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەش كرد.
23/6/2022 شوێنگرەوەی پەرلەمانتارانی سەدر بە پەرلەمانتاری لایەنەكانی تر دیاریكراو؛ رۆژی 28/6/2022 جارێكی تر متمانە بە محەمەد حەلبوسی درایەوە وەكو سەرۆكی پەرلەمان، (موحسین مەندەلاوی) بە جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ شوێنەكەی (حاكم زاملی) هەڵبژێردرا.
ئیتر لێرەوە وەكو وەكو لە راپۆرتەكەی دامەزراوەی (مدارك)دا ئاماژەی بۆ كردووە، بۆ ماوەی 25 رۆژ پەرلەمان هیچ دانیشتنێكی نەكرد، بەهۆی خۆپیشاندانەكان (سەدرییەكان)و پەلاماردانی بینای پەرلەمان و رووداوەكانی ناوچەی سەوزەوە، تاوەكو رۆژی 13/10/2022 كە سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراو (لەتیف رەشید)و ئەویش (محەمەد شیاع سودانی) راسپارد بە پێكهێنانی حكومەت.
رۆژی 27/10/2022 لە دانیشتنی حەوتەمی خولی دووەمی ساڵی یەكەمی یاساداناندا، ئەنجومەنی نوێنەران متمانەی بەخشی بە بەرنامەی حكومەت و وەزیرەكانی كابینەكە جگە لە هەردوو پۆستی وەزیری (ئاوەدانكردنەوە)و (ژینگە) كە ئەم دوو پۆستە بەر كورد كەوتبوون.
ئەدای كاركردنی پەرلەمان
بەگوێرەی راپۆرتەكەی دامەزراوەی (مدارك)، بەراورد بە خولەكانی پێشوو، خولی پێنجەم پەرلەمانی عێراق لە چەند بوارێكدا پاشەكشێی بەخۆوە بینیوە، لەوانە ژمارەی دانیشتنەكان، دەرچواندنی یاساكان، میوانداریكردنی وەزیرو بەرپرسان، ئامادەگیی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەكان و كاتژمێرەكانی كاركردن وەكو ئەوەی لە خشتەی خوارەوەدا دەردەكەوێت:

خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق لەماوەی چوار ساڵی تەمەنی خۆیدا، (20) جار دانیشتنەكانی دواخستووە، ئەمە دوای ئەوەی كە بەرنامەی كاری بڵاوكردوەتەوە:

خولی پێنجەم، بەهۆی دەستلەكاركێشانەوە یاخود وەرگرتنی پۆست لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن، ژمارەیەك جێگۆڕكێی پەرلەمانتاری بەخۆوە بینیوە، ئەمە لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی (73) پەرلەمانتارەكەی سەدرەوە روویداوە، وەكو ئەوەی لە خشتەی خوارەوەدا دەردەكەوێت:

چالاكی ئەندامانی پەرلەمان
بەگوێرەی ئەو پێوەرانەی كە لەسەرەتای ئەم راپۆرتەكە ئاماژەی بۆ كردووە، دامەزراوەی (مدارك) بەمشێوەیە ناوی پەرلەمانتارە چالاكەكانی دیاریكردووە:
- پەرلەمانتار (عادل حاشوش حاتەمی) زۆرترین جار لە دانیشتنەكاندا قسەی كردووە كە (80) جار بووە، لەدوای ئەویش پەرلەمانتار (فالح حەسەن خەزعەلی) كە (66) جار قسەی كردووە، لە پلەی سێیەمدا پەرلەمانتار (رائید حەمدان عاجب) هەیە كە (55) جار قسەی كردووە.
- ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی كە لە دانیشتنەكانی خولی پێنجەمدا نە قسەیان كردووەو نە خاڵی پەیڕەوییان پێشكەش كردووە بریتییە لە (76) پەرلەمانتار، كە پەرلەمانتاری كوردیشیان تێدایەو ئەمانەن:


- ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی كە لە چوار ساڵدا تەنیا یەك جار قسەیان كردووە (48) پەرلەمانتارە، (48) پەرلەمانتاری تریش تەنیا دوو جار قسەیان كردووە، (25) پەرلەمانتار تەنیا سێ جار قسەیان كردووە، (18) پەرلەمانتاری تر تەنیا چوار جار قسەیان كردووە.
خشتەی ئەو پەرلەمانتارانەی زۆرترین بەشدارییان هەبوو لە دانیشتنەكاندا، كە دوانیان كوردن و لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانن:

خشتەی ئاستی بەشداری پەرلەمانتاران و قسەكردنیان لە دانیشتنەكان بەگوێرەی حزبە سیاسییەكانیان، لێرەدا مەبەست لەوەیە حزبە سیاسییەكە چەند پەرلەمانتاری هەبوو و چەندیان لە دانیشتنەكاندا قسەیان كردووە:

رۆڵی چاودێریكردن
لە خولی پێنجەمدا هەموو رۆڵی چاودێریكردنی پەرلەمانی عێراق لەم خشتەیەدا كورتبووەتەوە، كە لە كۆنوسەكاندا تۆماركراوەو خۆی لە داوای لێپرسینەوەو پرسیاری زارەكی پەرلەمانتاران لە بەرپرسانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن دەبینێتەوە:

ئامادەیی پەرلەمانتار لە دانیشتنەكاندا
بەگوێرەی راپۆرتەكەی دامەزراوەی (مدارك)، تێكڕای ئامادەیی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم لە دانیشتنەكانی ئەم خولەدا بریتی بووە لە ئامادەیی (173) پەرلەمانتار لە كۆی (329) كورسی پەرلەمان، ئەمەش بەو واتایە دێت كە بەردەوام و بەتێكڕا لە هەر دانیشتنێكی پەرلەماندا (156) پەرلەمانتار ئامادە نەبوون.

لەم خولەدا، بە تێكڕا پەرلەمان (294:42) كاتژمێر كاریكردووە، واتا (2.2) كاتژمێر بۆ هەر دانیشتنێك ئەگەر بێتوو تێكڕای كاتی كاركردن دابەشبكرێت بەسەر (132) دانیشتن دا:

