هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەنێوان بەرژەوەندی حزبی وبنەما یاسایەكاندا!!!
2025-11-16 16:19:06
چۆمان محەمەد
یەك ساڵ زیاترە هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان كراوە،بەڵام تائێستا تەنها كۆبونەوەیەك كراوە لە۲٠۲٤/۱۲/۲ وانزیك دەبینەوە لەبەرواری ۲٠۲٥/۱۲/۲ هیچ ئاسۆیەك نیە بۆ كاراكردنەوەی ئەم دامەزراوە(بێ رۆڵ ولاواز)كراوە،بەدرێژایی هەڵبژاردنەكانی رابردوش لەگەل پێكهاتنی حكومەتدا هیچ كات بەقەد هێندەی هەڵبژاردنی خولی شەشەم ماوەكەی دوانەكەوتوە..
ململانێی نێوان یەکێتی و پارتی چارەنوسی پەرلەمانی کوردستانی خستووەتە بەردەم سێ پێشهاتەوە:
(۱_هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.
۲_كۆبونەوەی پەرلەمان وتەواوكردنی نیساب بێ یەكێتی وهەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی،
۳_رێكەوتنی نێوان پارتی ویەكێتی بۆ كۆیی پرسەكان وپۆستەكان بەهەرێم و بەغدادیشە وكاراكردنەوەی پەرلەمانیشی تێدایە)
هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان یەکێکە لە سیناریۆکان هەرچەندە ئاسان نیە كە بازار دۆزی بۆ دەكرێت وگەرم دەكرێت پرسەكە،هەندێك جاریش بۆ فشاركردنە سەر یەكێتیش باس دەكرێت،لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت و یەکلایی کردنەوەی چارەنوسی ئەو پۆستانەی ناکۆکن لەسەری،یاخود لەئەگەری ڕێكەوتنی هەردولا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمان...
رێگای هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمان
یەكەم/بەپێی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم ژمارە ۱ سالی ۲٠٠٥
لەم چوار حاڵەتەدا پەرلەمان بە هەڵوەشاوە دادەنرێت و سەرۆکی هەرێم بە فەرمانێکی(کاشف) پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە:
١-ئەگەر زیاتر لە نیوەی ئەندامەکانی دەستلەکاربکێشنەوە.
٢-ئەگەر لە ماوەی ٤٥ رۆژ لە بانگهێشتکردنی بۆ کۆبوونەوە لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە رێژەی یاسایی بۆ دانیشتن بەدەستنەهات.
٣-ئەگەر پەرلەمان متمانەی بە سێ کابینەی یەک لەدوای یەک نەدا.
٤-ئەگەر سیستەمی هەڵبژاردن گۆڕاو خولی پەرلەمان شەش مانگ کەمتری مابوو...
ئەم شێوازانە زیاتر مەرسومی سەرۆكی هەرێمی پیویستە،كە لای پارتی دیموكراتی كوردستانە،سەرباری ئەوەی گەر باسی رێگای
دەستلەکارکێشانەوەی ٥١ پەرلەمانتار بكەین دیسان دەبێت دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێرێت بۆ قبولكردن و دەنگدان لەسەری، ئەمەش ئەستەمە و کەس خواستی خۆی بۆ کارێکی لەم جۆرە دەرنەبڕیوە ئەم ژمارەیەش زیاتر ئۆكەی پارتی دەوێت..
دووەم-هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەم لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە.
گەر لایەنە سیاسیەكان نەگەنە هیچ رێكەوتنێك و كێشەكان بەردەوامی هەبێت،،باسی پەنا بردن بۆ دادگایی فیدرالی دەكرێت كە تارادەیەك ئاسان نیە بۆ ئەم دەستە تازەیەی دادگای فیدراڵی،چونكە ئەم دادگایە داوای فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری ونەوەی نوێی رەتكردۆتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمان گوایە لەتایبەتمەدیان نیە،وە پێشتریش بریاری هەیە بۆ پەرلەمانی عێراق،بەبیانووی ئەوە رەتکردەوە کە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە تایبەتمەندی ئەو نییە و دەستوور ئەو مافەی پێ نەداوە، بەڵام ئەوە رێگر نییە لەوەی داوا لەبەردەم دادگاکە تۆمار بکرێت بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم حاڵەتەی پەرلەمانی کوردستان،چونكە
لەرابردودا دادگای فیدراڵی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستانی بە واقیعی هەڵوەشاندەوە کاتێک یاسای درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانی بە نادەستوری ناساند، واتە لە بری ئەوەی لە دواکەدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکرێت دەکرێت تانە بدرێت لە دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان و بەهۆکاری تەواونەبوونی نیساب یاخود هێشتنەوەی دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار یاخود هەر هۆکارێکی یاسایی دیکە ئەگەر ئەو دانیشتنە بە نادەستووری پێناسەبکرێت،كۆتای بەم خولە بهێنرێت،بەوەی لەماوەی یاساییدا دانیشتنی پەرلەمان نەکراوە، چونکە جێبەجێکردنی ئەرکە دەستورییەکان بۆ ئەم پەرلەمانە ئێستا بووەتە ئەستەم(استحالە)،ئەم رێگەیە بەدەست هەموو لایەنە سیاسیەكانەوەیە هەر كات بیانەوێت پەنایی بۆببەن...
