هەڕەشەی دادگا لە بایكۆتچییەكان دەكات

2025-08-28 13:24:35
(درەو):
ماوەی پێنج مانگە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك نیسابی لەدەستداوەو ناتوانێ كۆببێتەوە، یەكێتیی كە دەیەوێت كۆتایی ئەمساڵ پۆستی پارێزگار لە بەرژەوەندی خۆی نوێ بكاتەوە، لەكۆی (16) كورسی ئەنجومەن تەنیا (7 كورسی) بەدەستەوە ماوە، لەبەرامبەردا بەرەی بایكۆت كە پارتیشی تێدایە، ژمارەی كورسییەكانی بۆ (9) كورسی بەرزبووەتەوە، سەرۆكی ئەنجومەن كە سەربە پێكهاتەی عەرەبە ئەمڕۆ هەڕەشەی كردو دەڵێ هەر ئەندامێكی ئەنجومەن بەشداری كۆبوونەوەی رۆژی شەممەی ئایندە نەكات دەدرێتە دادگا، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن و ئاڵوگۆڕی پۆستەكان دۆخی سیاسی كەركوك ئاڵۆزتر دەبێت.
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ویستی ئەمڕۆ كۆببێتەوە، بەڵام نیساب تەواو نەبوو. بەهۆی بایكۆتی ژمارەیەك لە ئەندامەكانییەوە، ماوەی پێنج مانگە ئەم ئەنجومەنە نیسابی پێ تەواو ناكرێت و ناتوانێت كۆببێتەوە.
ئیبراهیم حافیز سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا كە دوو رۆژ لەمەوبەر بانگهێشتنامەی بۆ ئەندامان ناردووە، توڕەیە لەم دۆخەو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ساڵێك بەسەر پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوكدا تێپەڕیوە، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگا بەهۆی ئەو بایكۆتە سیاسییەی كە هەیە هیچ خزمەتێكی نەكردووە، ئەمەش لەكاتێكدا كە ئەندامانی ئەنجومەن رۆڵی چاودێریكردنیان لەسەرەو موچە وەردەگرن.
"یاسا شەرعیەتی بە بایكۆت نەداوە، شتێك نییە بەناوی بایكۆتەوە، چونكە ئەندامانی ئەنجومەن كارمەندن و ئەركیان لەسەرە، بۆیە ئەگەر لە دانیشتنی داهاتووی رۆژی شەممەدا بەشداری نەكەن، دەدرێن بە دادگا".
دوای یەكەم هەڵبژاردن كە ساڵی 2005 بەڕێوەچوو، رۆژی 18ی كانونی یەكەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگان بەڕێوەچوو. لەم هەڵبژاردنەدا 16 كورسی ئەنجومەنی پارێزگا بەشێوەیە دابەشبوون بەسەر لایەن و پێكهاتەكاندا:
• كورد: 7 كورسی (5 كورسی یەكێتیی + 2 كورسی پارتیڤ)
• توركمان: 2 كورسی (بەرەی توركمانی هەردوو كورسییەكەی بردەوە)
• پێكهاتەی عەرەب بە هەموو لایەنەكانییەوە: 6 كورسی
• 1 كورسی پێكهاتەی مەسیحی، بزوتنەوەی (بابلیۆن)ی رەیان كلدانی بردویەتی، كە هاوپەیمانی یەكێتییەو كورسییەكەی خۆی خستەپاڵ كورسییەكانی یەكێتیی
لەسەر بنەمای ئەم ئەنجامانە، 10 ئابی 2024 یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ كورسییەكەی رەیان كلدانی و نیوەی ئەندامانی پێكهاتەی عەرەب لە ئەنجومەن (واتا 3 ئەندامیان لە كۆی 6 ئەندام)، نیسابی سازدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی لە هۆتێل رەشیدی بەغدادو لەژێر چاودێری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی فیدراڵدا تەواو كرد، لەم كۆبوونەوەیەدا (رێبوار تەها) لە پێكهاتەی كورد (یەكێتیی) بە پارێزگارو (ئیبراهیم حافز) بە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا لە پێكهاتەی عەرەب هەڵبژێردران، بەو مەرجەی دوای دوو ساڵ بە دوو ساڵ كوردو عەرەب پۆستەكان ئاڵوگۆڕ بكەن.
لەبەر رۆشنایی ئەم رێككەوتنەدا پێكهاتەی عەرەبی چاوی لەوەیە كۆتایی ئەمساڵ پۆستی پارێزگاری كەركوك لە كورد وەرگرێتەوەو پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی رادەستبكات.
بەمدواییە ئەندامێكی یەكێتیی لە ئەنجومەنی پارێزگا وتی: هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنێت پۆستەكان ئاڵوگۆڕ دەكرێن، ئەمە پێكهاتەی عەرەبی توڕە كردو باسیان لە رێككەوتنە نوسراوەكە كرد.
بەهۆی دروستبوونی ئەم حكومەتە خۆجێییەوە، لە بنەڕەتەوە هەریەكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرەی توركمانی و نیوەی پێكهاتەی عەرەب لە كەركوك بایكۆتی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی پارێزگایان كردووە كە بە تێكڕا (7) كورسییان هەیە لە كۆی (16) كورسی (2 كورسی پارتی+ 2 كورسی بەرەی توركمانی+ 3 كورسی عەرەب)، بەڵام ئەمساڵ یەكێك لە ئەندامانی بەرەی توركمانی بایكۆتی شكاندو چووە ناو كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا، بەڵام ئەمە زۆری نەخایاند، ئەویش بایكۆتی كردەوە.
بەمدواییە دژی قسەی ئەندامێكی كورد (ئەحمەد كەركوكی) كە سەربە یەكێتییەو وتویەتی پۆستی پارێزگار رادەستی عەرەب ناكەین، قوڕەكە خەستتر بووەتەو دوو ئەندامی تری عەرەب چونە پاڵ بایكۆتچییەكانەوە، بەوهۆیەوە ئێستا بەرەی بایكۆت لە كۆی (16) كورسی ئەنجومەن (9) كورسییان هەیەو بەرەی دەسەڵات نیسابیان لەدەستداوەو تەنیا (7) كورسییان بەدەستەوە ماوە كە بریتییە لە (5 كورسی یەكێتیی+ 1 كورسی عەرەب+ 1 كورسی مەسیحی).
لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە 11/11ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، هەروەها نزیكبوونەوەی وادەی ئاڵوگۆڕی پۆستەكان لە كۆتایی ئەمساڵدا، تادێت ئاڵۆزی سیاسیی لە كەركوك زیاتر دەبێت، ئەمەش هێندەی تر دانیشتنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای پەكخستووە، سەرباری ئەمە تێكچوونی نیسابی ئەنجومەن لە بەرژەوەندی بەرەی بایكۆت، رەنگە گرفت بۆ یەكێتیی لە نوێكردنەوەی پۆستی پارێزگاردا دروستبكات، هەرچەند یەكێتییەكان بە متمانەوە باسلەوە دەكەن كە پلانی خۆیان هەیەو پۆستەكە جارێكی تر لە بەرژەوەندی خۆیان یەكلادەكەنەوە.
