ئایا رژێمی ئێران بە دوای هەڵایسانی شەڕێکی ترەوەیە؟

Draw Media

2018-08-13 15:58:36



■  عەبدولڕەحمان مەهابادی....

چاوخشانێك بەسەر هەڕەشەكردنەكانی ئەمدواییەی رژێمی ئێران لە ناوچەكە
لەمدواییانەدا لێرە و لەوێ باس لەوە دەكرێ كە رژێمی ئێران دەیهەوێت شەڕێكیتر هەڵگیرسێنێت تا بتوانێ قەیرانە ناوخۆییەكانی خوی پەردەپۆش بكات. خاوەنانی ئەم تیۆرییە بۆ سەلماندی راوبۆچوونی خۆیان پشت بە نموونەكانی پێشووتر و بە تایبەت شەڕی نێوان ئێران و عێراق دەبەستن كە رژێمی ئێران توانیویەتی بە هەڵایسانی شەڕی دەرەكی، ئازادی و ئازادیخوازان لەناوخۆی ئێران سەركوت بكات لەو سەردەمەدا و لەمڕووەوە سوودێكی گەورە بكات. ئەوان هەروەها ئاماژە بە پێناسەی رژێمی ئێران دەكەن كە بێ هەڵایسانی شەڕ لە سەر پێ نامێنێتەوە و بەردەوام جۆرێك لە شەڕئەنگێزی بە سیاسەت و ستراتیژییەكانییەوە دیار بووە.
كە دەوترێ شەڕخوازی بەشێكی جیانەكراوەیە لە مانەوەی ئەو رژێمە شتێكی تەواو راست و درووست و بنەڕەتییە و ئەزموونی چوار دەیەی رابردوو لە پێناسەكردن و كارنامەی كردەیی ئەم رژێمە بە باشی ئەو راستییەی دەرخستووە و حاشاهەڵنەگرە.
ئەو تیۆرییەی سەرەوە باس كرا لەهەمبەر شەڕئەنگێزیی نوێی رژێمی ئێران دوای ئەوە دێت كه لەم دواییانەدا كاربەدەستانی ئەو رژێمە و بە تایبەت سەرۆكی ئاخوندان، حەسەن روحانی، پاڵەوانە پەمۆكەی، واتا قاسم سلێمانی، فەرماندەی هێزی تیرۆریستیی قودسی سەر بە سوپای پاسداران هەڕەشەی داخستنی (گەرووی هۆرمۆز)یان كرد. لێرەدا ئەو پرسیارە دەكرێت كە ئایا رژێم توانای داخستنی گەرووی هۆرمۆزی هەیە؟
بە بڕێك شارەزایی لە سەر بارودۆخی ئێران و ناوچەكە و جیهان دەكرێت بە راشكاوی بڵێین كە رژێم لە كۆتایی دەیەی چوارەمی خۆیدا، ناتوانێ بەدوای هەڵگیرسانی شەڕێكی نوێوە بێت. چون بەر لە هەمووان، كاربەدەستانی رژێم خۆیان باش دەزانن كە نە توانای ئەمكارەیان هەیە و نە دۆخەكەیش شتی لەمجۆرە قبووڵ ناكات.
ئێستا لە ئێران راپەرین بەردەوامە و بەتینیشە و كۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی ئێران هەموو رۆژێك بە شێوازی جیاجیا بۆ رووخاندنی ئەم رژێمە لە سەر شەقامن. چون شتێكیان بۆ نەماوەتەوە نیگەرانی بن بۆ لەدەستدانی. ئەوان لە نەبوونی ژیانێكی ئاسان و ئاسوودە، لە نەبوونی لانیكەمی ئازادییەكان و ئاسایشی گیانی و ماڵی و شوغڵی و ... تووڕەن. ئەم بارودۆخە هەر دێت و بەرەو تەقینەوە نزیك دەبێتەوە. لەم رۆژانەی دواییدا و بە نزیكبوونەوەی قۆناغێكی نوێ و قورستری سزا كوشندەكانی كۆمەڵگای جیهانی بۆ سەر رژێم، نرخی دۆڵار لە 12هەزار تمەن تێپەڕی و چینی مامناوەندی و هەژار چاریان نییە لە تەقاندنەوەی رق و تۆوڕەیی خۆیان دژ بە دەسەڵات.
كەوایە كاردانەوەی ئەم دۆخە، ژیانی كاربەدەستانی ئەم رژێمەیان تاڵ و شوێنی پێ لەق كردوون و لەو سۆنگەوە ورەی هێزە سەركوتكەرەكانی رژێم بە تەواوی دابەزیوە. بە جۆرێك كە كاربەدەستانی سەربازی و حكومی بە راشكاوی باس لەوە دەكەن و نایشارنەوە كە «مەترسییەكانی ناوەوەی ئێران زۆرترن لە مەترسییەكانی ئەو دیوی سنوورەكان» بۆ سەر رژێمەکەیان (ئاژانسی هەواڵی تەسنیم 5ی گەلاوێژی 1397).
هەربۆیە نە رژێمی ئێران و نە خەڵكی ئێران لە ئاستی پێشووی خۆیاندا نەماون، واتا سەرەتاكانی هاتنە سەر كاری رژێمی مەلاكان لە سەرەتای هەشتاکانی زایینی. باشترین بەڵگەیش درووشمەكانی جەماوەری خەڵكی ئێرانه بەرانبەر بە رژێمی دەسەڵاتدار. درووشمی وەك: مەرگ بۆ دیكتاتۆر. مەرگ بۆ خامنەئی، ئیسڵاح تەڵەب ئوسولگەرا، ئیتر كۆتایی هات ماجەرا، دوژمنی مە لێرەیە، درۆ دەكەن دەڵێن ئەمریكایە. وای بە حاڵتان كە دەستمان بە چەك بگات و ... هەربۆیە خەڵكی ئێران چیتر ئەم رژێمەیان پێ قبووڵ ناكرێت و نابنە سوتەمەنی بۆ شەڕێكیتری رژێمی ئێران لە ناوچەکە. خەڵكی ئێران ئێستا چارەی هەموو ئێش و ئازار و كێشەكانی خۆێ لە رووخاندنی ئەم رژێمەدا بەدی دەکات و ئامادە نیە پاشەكشە لە داخوازییە رەواکەی بکات.
ئەوەی دەستەبەری راپەڕینە، حزووری چالاكی هێزەكانی موقاومەتی ئێرانە وەك ”شانەكانی شۆڕش” لە ناو ئێران كە گەشەسەندنی رۆژانەیان بووەتە جێی تووڕەیی کاربەدەستانی رژێمی ئێران. هەنگاوی هیسترییانەی رژێم و هاوپەیمانان و كرێگرتەكانی، بۆ رێگریكردن لە بەڕێوەچوونی گردبوونەوەی پاریس و پلانی تیرۆریستیی رژیم بۆ بۆمبانانەوە لەو گردبوونەوەیە باشترین بەڵگەن بۆ سەلمانی پەیوەندیی لە پسان نەهاتووی نێۆان راپەڕینی گەلی وەزاڵەهاتووی ئێران و موقاومەتی رێكخراو. پیلانێك كە كەشفكردن و دەستگیركردنی دیپلۆمات _ تیرۆریستی رژێم (ئەسەدۆڵڵا ئەسەدی) و ئەندامانیتری تیمی تیرۆرەكە لە لایەن دەزاگاكانی ئاسایشی ئەوروپا م ریسواییەكی زۆری بۆ رژێمی ئێران بە دواداهات و موقاومەتی ئێرانی وەك تاكە ئاڵترناتیڤی دیموكراتی بەرانبەر بە رژێمی ئێران لە جیهانی سەلماند،
هۆكارێكی حاشاهەڵنەگریتر لەم پێوەندییەدا، ئەو گۆرانكارییە گەورەیەیە کە لە ئاستی جیهانیدا دژ بە رژێمی ئاخوندان دەركەوتووە و خۆی لە ستراتیژیی نۆێی حكومەتی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا بەرجەستە دەكات دژ بە رژێمی ئێران كە خۆی هەڵقوڵاوی راپەڕینی خەڵك و دەوری بێ بەدیلی موقاومەتی ئێرانە كە وای لە دەوڵەتانی جیهان كردووە بێنە تەنیشت خەڵك و موقاومەتی ئێران.
كەوایە هەر له بنەڕەتدا هەڕەشەكردنەكانی ئەم رژێمە لەرزۆک و شڵەژاوە، نەک نیشانەی بەهێزبوونی رژێم، بەڵكو دەرخەری لاوازی و ناسكبوونی ئەم رژێمەیە و گومان هەڵناگرێت ئەم رژێمە زۆر بە زوویی لەسەر دەستی خەڵك و موقاومەتی ئێران دەڕووخێت و پەنابردنە بەر هەڕەشەكردن، رووخانی ئەم رژێمە نزیك دەكاتەوە.

.............................

هەموو وتار و بۆچونەكان تەعبیر لە رای نوسەرەكانیان دەكات و درەو میدیا لێی بەرپرس نیە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand