Draw Media

ئایا ئەمریکا لە سوریا دەکشێتەوە؟

ئایا ئەمریکا لە سوریا دەکشێتەوە؟

2024-12-26 21:13:12


د. سەردار عەزیز
یەکێک لەو دیدە سەنتەرییانەی کە سیاسەتی دەرەوەی تورکیای لە سەر بونیادنراوە، بریتیە لە ئەو دیدەی کە وەها دەبینێت ئەمریکا لاواز دەبێت و دەیەوێت لە ناوچەکە بکشێتەوە. بۆیە لە سەر ئەم بنەمایە تورکیا دەتوانێت ببێت بە هێزێکی ئیقلیمی و ئەو بۆشاییانە پڕکاتەوە کە لە پاش کشانەوەی ئەمریکا دروست دەبێت.
ئەوەی فاکتەرانەی لە پشت ئەم دیدەوەن زۆرهەندێکیان تایبەتن بە ناوەوەی ئەمریکا و هەندێکی تری بە دەرەوە. لە ڕوانگەیەوە تورکیا فشار دەکات لە سەر ئەو بنەمایە کە گوایە ئەمریکا خۆی دەیەوێت لە سوریا بکشێتەوە، بە تایبەتی لە کاتی هاتنی ترەمپ، بۆیە ئەگەر ئەمان فشار بکەن ئەوا خێرا تری دەکەن و دەیکەن بە واقیع.
بەڵام ئایا وایە؟
یەکەم، گریمان ترەمپ دەیەوێت لە سوریا بکشێتەوە. بەڵام هەرکاتێک ئەم هەنگاو بنێت ئەوا دوای ئیسرائیل، ڕوبەڕوی زۆرترین فشار دەبێتەوە. کە ڕەنگە ببێت بە هۆی ئەنجام نەدانی. ترەمپ لەم فشارانە ئاگادارە. بۆیە لۆجیکییە، بپرسین، ئایا ترەمپ یەکەم هەنگاوی لە سیاسەتی دەرەوەدا کارێک دەبێت کە فشاری لە سەر دروست دەکات و ئەگەر سەرنەکەوتنی هەیە؟ بە تایبەتی کاتێک ترەمپ کەسێکە ناتوانێت شکست قبوڵ بکات. دیارە نەخێر.
دووەم، پرسی سوریا ئەولەویەت نیە چونکە نە تێچوی زۆرە، نە بارە، نە کوشتاری هەیە، بۆیە هەنگاوێکی وەها دەبێت ڕێگر بۆ کارە گرنگەکانی تری وەک ئۆکرانیا، کە بە دیدی من یەکەم کاری دەبێت نەک سوریا. پرسی ئۆکرانیا نەک لە ٢٤ کاتژمێردا، بەڵکو ڕەنگە هەموو چوار ساڵەکە بخایەنێت، بە تایبەی کاتێک ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە قەیراندایە.
سێیەم، ترەمپ باش ئاگادارە کشانەوەی بایدن لە ئەفغانستان بوە هۆکاری ئەوەی کە جەماوەری کەم بکات و هەرگیز هەڵنەسێتەوە. ئەگەر کارێکی وەها لە سەرەتادا بکات ئەوا لە دوو ساڵی داهاتودا کە هەڵبژاردنی نێوەندی دەکرێت، ئەگەری هەیە یەکێک یان هەردوو ماڵەکەی کۆنگرس لە دەست بدات، کە چیدی ناتوانێت کارەکانی بە ئاسانی بکات.
چوارهەم، ترەمپ خۆشی و ئیسرائیلیش ئەولەویەتیان ئێرانە. لەم ڕوەوە بونی ئیسرائیل لە سوریا ئێجگار گرنگە بۆ هێرش بۆ سەر ئێران لە ڕوی لۆجستیەوە. بۆ یەکەمجارە لە مێژوی ئیسرائیلدا، بە نەمانی هێزی بەرگریی ئاسمانی سوری، ئیسرائیل دەتوانێت ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئێران، بە سودبینین لە ئاسمانی سوریا.
ئەولەویەتی ئیسرائیل لێدانی ئێرانە، هەروەها ناچارکردنی ئەمریکایە بۆ هاوکاریی، لە دۆخێکی وەهادا لە سوریا و عێراق ناکشێتەوە.
پێنجەم، سەردەمی ئەردۆغان لای ئەمریکییەکان تەواوبوە. چیدی ئەو کەسە نیە کە داهاتوی لە سەر بونیادبنێن، بۆیە نەک سازشی بۆ ناکەن بەڵکو دەبێت سنورێک بۆ بەهێزبونی دابنێن.
لەبەر ئەم هۆکارانە ئەستەمە ئەمریکا لە سوریا بکشێتەوە، هەروەها ژمارەی سەربازەکانی دوو قاتکردوە و ئەگەر ناوچەی بێچەک بێتە ئاراوە، ئەوا ئەمریکییەکان دەبێت لە سەر ئەرز بەرجەستەی بکەن کە یانی مانەوەیان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand