ئەمریکا داوای دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەکات

Draw Media

2024-04-15 20:01:15




(درەو):
"ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە" ئەمە داواکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووە، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش دوو میکانیزمی دیاریکردووە.
دیلان غەفور ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی لە پەرلەمانی عێراق، یەکێک لەو کەسانەیە کە ھاوڕێیەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا.
دیلان غەفور لە واشنتۆن بەشداری لە کۆبوونەوەی  سودانی و  ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووە.
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سودانی و ئەنتۆنی بلینکن، ئەو پەرلەمانتارە (کوردسات)ی راگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی:"پێویستە کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن".
بەپێی قسەی دیلان غەفور، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبونەوەکەدا داوای لە سودانی کردووە ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوەو بەربەستەکانی بەردەم ئەو پرۆسەیە چارەسەر بکات.
لەبەرامبەردا سەرۆک وەزیرانی عێراق ھاوڕابوو لەسەر چارەسەری کێشەی راوەستانی ھەناردەی نەوتی ھەرێم، بەڵام ھیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لە کۆبونەوەکەدا دیاری نەکراوە، سودانی باسی لە دوو میکانیزم کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم، مکانیزمی یەکەم ھەمواری یاسای بودجە یاخود ھەمواری بڕگەکانی کە پەیوەندیدارن بە گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێمەوە، گفتوگۆکە زیاتر بە ئاڕاستەی گۆڕینی یاسای بودجەدا بووە.
وەکو ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ، لەکۆبونەوەکەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی مەترسییەکانی حکومەتی ھەرێم کردووە سەبارەت بە قەوارەی ھەرێم، سودانی وەڵامی داوەتەوەو وتویەتی قەوارەی ھەرێم قەوارەیەکی دەستورییەو ھیچ مەترسییەکی لەسەر نییە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand