تا كۆتایی ئەم مانگە عێراق بۆری كەركوك- جەیهان دەخاتەوە كار

Draw Media

2024-04-08 11:59:47



(دره‌و): 
وەزارەتی نەوتی عێراق بەنیازە هێڵی بۆری كەركوك- جیهان بكات به‌ جێگرەوەی هێڵی بۆری نەوتی كوردستان- جەیهان، بەگوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"، بەغداد داواكارییەكی كوردی رەتكردوەتەوە بۆ پێدانی (6) دۆلار بە كۆمپانیای (روسنەفت)ی روسی لەبەرامبەر تێپەڕبونی هەر بەرمیلێك نەوت بە بۆری نەوتی كوردستاندا، بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تیمی دانوستانی كوردیان وتووه‌: رێككەوتنی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای (روسنەفت) بە نایاسای و پێشێلكردنی یاسا بەركارەكانی عێراق دەزانین. 
وەزارەتی نەوتی عێراق، بەنیازە هێڵی بۆری كەركوك بۆ بەندەری جەیهانی توركی بخاتەوەگەڕ، بەوەش دەبێت به‌ ركابەری هێڵی بۆری كوردستان جەیهان، كە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە راگیراوە، ئەم هەنگاوە بەرپرسانی كوردو كۆمپانیاكانی نەوتی توڕەكردووە.
باسم محەمەد بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز""ی رایگەیاندوە: بەغداد كار لەسەر چاككردنەوەی هێڵی بۆری نەوتی كەركوك دەكات، كە لەو ڕێیەوە دەتوانێت لە كۆتایی ئەم مانگەدا رۆژانە (350) هەزار بەرمیل نەوت بۆ توركیا رەوانە بكات.
خستنەوەگەڕی هێڵی بۆری نەوتی كەركوك- جەیهان، كە ماوەی (10) ساڵە داخراوە، ئاڕاستەیەكی ركاربەر بۆ هێڵی بۆری نەوتی كوردستان دروستدەكات، بەتایبەت لەگەڵ شكستهێنانی گفتوگۆكانی نێوان بەغدادو هەرێم بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، بریكاری وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوه‌ ده‌كات: پێدەچێت هێڵی بۆرییەكان بۆ هەناردەكردنی نەوت، تا كۆتایی ئەم مانگه‌ ئامادەبێت، كاركردن بۆ چاككردنەوەی بەردەوامەو وێستگەی سەرەكی هەناردەكردنی نەوت، لەگەڵ كۆگاكانی عەمباركردن تەواوبوون. 
جەختی لە چاككردنەوەی ئەو بەشانەش كردووەتەوە كە لە ناوخۆی عێراق زیانیان پێگەیشتووەو باسی له‌وه‌كردووه‌" تەواوكردنی یەك وێستگەی سەرەكی دەبێتە قۆناغی یەكەم لە پرۆسەی سەرلەنوێ‌ گێڕانەوەی هێڵی بۆرییەكان بۆ توانای تەواوەتی خۆی".
هاوكات، سێ‌ سەرچاوە لە كۆمپانیای نەوتی باكور رایانگەیاندووە: سەرەتای هەفتەی رابردوو، ناردنی نەوت بەشێوەیەكی ئەزمونی ئەنجامدراوە، بۆ لێكۆڵینەوە لە بەشەكانی هێڵی بۆرییەكە لە ناوخۆی عێراقدا.
تیمە تەكنیكییە عێراقییەكان، لەماوەی رابردودا كارەكانیان خێراكردووە، لە پرۆسەی چاكسازیكردن لە بەشە زیانلێكەوتوەكانی بۆرییه‌كه‌ لە كەركوكەوە بەرەو هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و نەینەواو ناوچەی سنوری لەگەڵ توركیا.
پێشبینی دەكرێت، حكومەتی فیدراڵی داوا لە كۆمپانیا نەوتییە جیهانییەكان بكات كە لەهەرێمی كوردستان كاردەكەن، دانوستانی لەگەڵ بكەن بۆ فرۆشتنی نەوتەكەیان لەڕێی ئەو هێڵەی كە لەگەڵ توركیا خستویەتیەوەگەڕ، ئەوەش مەسەلەیەكە رەنگە كورد توڕەبكات، كە بەتەواوی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن. 
دوو بەرپرسی نەوتیی حكومەتی عێراق و راوێژكارێكی حكومەت لە بواری وزە، بە "رۆیتەرز"یان راگەیاندووە: بەغداد داواكارییەكی كوردی رەتكردووەتەوە بە پێدانی (6) دۆلار لەبەرامبەر تێپەڕبونی هەر بەرمیلێك نەوت بە كۆمپانیای روسنەفتی روسی، كە خاوەنی بەشێك لە بۆری نەوتەكەیە.
بەهجەت ئەحمەد راوێژكاری وزە لە هەرێمی كوردستان ده‌ڵێ: بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تیمی دانوستانی كوردیان راگەیاندووە، ئەوان رێككەوتنی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای روسنەفت بە نایاسای و پێشێلكردنی یاسا بەركارەكانی عێراق دەزانن. 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand