رۆژنامەنووسێكی كوردی ئیسرائیلی بۆ (درەو) دەدوێت

Draw Media

2023-10-11 07:38:49




درەو:
"تا ئێستاش هاوڵاتیانی ئیسرائیلی بەدوای ئەو پرسیارەدا دەگەڕێن، ئەوە چی بوو روویدا؟ ئایا سوپا و هەواڵگری ئیسرائیل خەرق كرابوون یان شەڕەكە خۆی سیناریۆیە، بەرپرسانیش دەڵێن وەڵامەكەی هەڵگرن بۆ دوای شەڕەكە، ئەم جەنگە درێژخایەن دەبێت و تەنیا لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا ناوەستێت و دەچێتە وڵاتانی تر، ئەمە جەنگی ئیسرائیل و ئەمریكایە لەگەڵ ئێران،  بۆ ئەوەی بە پروشكی شەڕەكە نەسوتێت پێویستە كورد خۆی بێلایەن بگرێت و نەچێتە ناو ئەجێندای دراوسێكانی، جەنگەكە زۆر لەوە گەورەترەو كۆتاییەكەشی گۆڕانكارییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا ئێستاش موچەی وەزارەتی پەروەردەو تەندروستی غەزە لە ئیسرائیلەوە دەدرێت، ئاوو كارەبای غەزە تا سێ رۆژ پێش ئیستا لە ئیسرائیلەوە دابین دەكرا" ئەمانە بۆچوونی (ئیلان ئیسرائیل)ی رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی  كوردێكی نیشتەجێی ئیسرائیلە، لە تەلئەبیبەوە تایبەت بۆ (درەو) دوا:

دەقی چاوپێكەوتنەی (درەو) لەگەڵ (ئیلان ئیسرائیل) كە یەكێكە لە جووەكانی باشوری كوردستان و دانیشتووی ئیسرائیلە، وەك رۆژنامەنووس و چاودێری  بارودۆخەكە بۆ (درەو) دوا:

درەو: هەمیشە دەوترێت هێزی سەربازی و دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی (مۆساد) درك بەهەموو جوڵەو چالاكیەك دەكەن لە جیهاندا بۆچی دركیان بەو جوڵە و پلانە گەورەیەی حەماس نەكرد؟ ئایا دەزگای هەواڵگری و سەربازی ئیسرائیل خەرق كراون یاخود سیناریۆیە؟

وەڵام / ئەوە ڕاستیە كە سوپای ئیسڕائیل و هەواڵگری بەهێزە ئاگاداری بچووكترین جموجۆڵە لە سنورەكانی ئیسڕائیل ، بەڵام ئەوەی ئەمجارە روویدا لە 7/10 بووەتە پرسیار بۆ هەموو تاكێكی وڵاتەكە واتا ئیسڕائیل، تەنانەت لە ڕاگەیاندنەكان ئەو پرسیارە دەیان جار لە بەرپرسی سەربازی و سیاسی ئیسڕائیل  دەكرێت، بەڵام هیچ كامێكیان وەڵامیان پێ نیە، هەموویان دەڵێن، ئەو پرسیارە هەڵگرن بۆ‌دوای جەنگەكە، ئەگەر سەرنج بدەینە ڕاگەیاندنەكانی ئەمریكا 7/10  بە 11ی سێپتێمبەر ئیسڕائیل ناوی دەبەن.

درەو: ئەی تۆ خۆت بۆچونتچیە لەو بارەیەوە بە لێكدانەوەی ئێوە چیە مەسەلەكە؟
وەڵام/ من ناتوانم هیچ لێكدانەوەیەكم هەبێ بۆ ئەو ڕووداوە ، بەڵام لای منیش بووەتە جێگای پرسیار ، حەزم ئەكرد وەڵامەكە وەرگرم
درەو: ئەی نوسەران و شرۆڤەكارانی ئیسرائیلی چی دەڵێن لەو بارەیەوە؟
وەڵام/ وەكو ئاماژەم پێكرد ئەوە بووەتە پرسیار بۆ هەموو تاكێكی وڵاتەكە، بەڵام هیچ كەسێ لە هیچ بوارێك تاكو ئێستا بۆچوونی خۆی دەرنەبڕیوە، پرسیارێكی بێ وەڵامە تاكو كۆتای جەنگەكە...

درەو: ئێستا رەوشی خەڵكی و ژیانی خەڵكی چۆنە لە ئیسرائیل.. پێتان وایە جەنگەكە درێژە دەكێشێت یاخود زوو كۆتایی دێت ؟؟
وەڵام/ جەنگ هەمیشە كاریگەری زۆری هەیە بۆسەر ژیانی هاوڵاتیان، ژیان لێرە وەستاوە لەیەكەم ڕۆژی شەڕەكەوە  لەسەرتاسەری وڵات خوێندن و كار  هەمووی وەستاوە، هاوڵاتیان بەگشتی بوونەتە خۆبەخش بۆ خزمەت بە وڵاتەكە هەركەسەو بەپێی توانای خۆی ، بەبۆچوونی من جەنگەكە درێژخایەن دەبێت ، كاتی زۆر ئەوێت لەبەر ئەوەی ئەوجەنگە تەنها  بەرامبەر حەماس نیە ، بەڵكو ئەوە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی ئیسڕائیل، ئەمریكایە دژ بە ئێران، ئەگەر سەیربكەن لەهیچ كامێك لە جەنگەكانی ئیسڕائیل ئەمریكا سوپای نەناردوە بۆ پشتیوانی ئیسڕائیل ، بەڵام ئەمجارە هەر لەسەرەتاوە ئەمریكا 3 كەشتی سەربازی ئەمریكای بەڕێكرد بۆ دەریای سپی ناوەڕاست، بۆ پشتگیری  و هاوكاریكردنی سوپای ئیسڕائیل، كەئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ كەشتیەكان گەیشتنە كەنار دەریاكانی ئیسڕائیل ، كە هەڵگری ژمارەیەكی زۆر لە فڕۆكە و سوپای ئەمریكایە، واتا جەنگەكە تەنها حەماس نیە ....

درەو: ئەم جەنگە كەی و لە كوێدا كۆتایی دێت و لەبەرژەوەندی كام لایەن تەواو دەبێت؟
وەڵام/ جەنگ لە سودی هیچ لایەك نیەو سەركەوتن نیە لە جەنگدا، راستە رەنگە لایەنێك بەهێزتر بێت یان لاوازتر بێت لەوەی تر، بەڵام پێم وایە ئەم جەنگە لە بەرژەوەندی ئەمریكا و ئیسرائیل تەواو دەبێت، وەك سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیش وتی ئەمە قۆناغێكە بۆ درووست بوونی گۆڕانكاری لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، واتا درووست بوونی خۆرهەڵاتێكی ناوەڕاستی نوێ،
درەو: رای كوردەكانی ئیسرائیل چۆنەو بەزۆری لە كوێ دەژین ئایا هیچ كوردێك بەركەوتووە لەو هێرشانەدا؟
وەڵام/ كوردەكانی ئیسرائیل هاوڵاتی ئیسرائیلن و لە خزمەتی وڵاتەكەدان و لە هەموو ئیسرائیلدا دەژین، هەریەكەو لە بوارێكدا كار دەكات، لە رۆژی شەڕەكەوە من بەدواداچوون دەكەم نەم بیستووە كوردێكی ئیسرائیلی لە شەڕەكەدا كوژرابێت، بێ جیاوازی هەموو لە خزمەتی ئیسرائیلدایە.

درەو: پێتان وایە ئەم جەنگە تەنیا لە چوارچێوەی ئیسرائیل - حەماسدا دەمێنێتەوە یاخود سەردەكێشێت بۆ وڵاتانی دیكەش؟
وەڵام/ بە دڵنیاییەوە ئەم جەنگە تەنیا جەنگی ئیسرائیل و حەماس نیەو زۆر لەوە گەورەترە ئێمە بیرمان لێكردووەتەوە لەوە گەورەترە كە جەنگی ئیسرائیل و حەماس بێت، بە بۆچوونی من شەڕەكە دەچێتە وڵاتانی تریش.

درەو: بەبۆچوونی ئێوە كورد و هەرێمی كوردستان دەكەونە بەر پریشكی ئەو جەنگەوە كە ئەگەر درێژە بكێشێت و وڵاتانی تریش بگرێتەوە؟ كورد چۆن مامەڵە بكات؟
وەڵام/ لەم جەنگە درێژخایەنەدا كورد خۆی بێلایەن بگرێت،  نەچێتە ناو ئەجێندای هیچ لایەنێكەوەو خۆی نەخاتە ناو ئاگری دراوسێكان، ئەم جەنگە جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیلە لەگەڵ ئێران، هیچ شتێكی تر نیەو مەسەلە نە حەماسەو نە حزبوڵا، بۆیە جەنگەكە زۆر لەوە گەورەترەو كۆتاییەكەشی گۆڕانكارییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەوەندەی من زانیاریم هەیە لەسەر هەرێمی كوردستان بەشێك لە كەسایەتییە سیاسیەكان پشتیان داوەتە ئێران ساڵانێكی زۆرە سەربە ئێرانن، هەموومان باش دەزانین، ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت پریشكی ئاگرەكەیان بەردەكەوێت و لەو جەنگەدا زەرەر مەند دەبن، باشترین شت بۆ كورد ئەوەیە بێلایەن بێت، نە پشتی ئەم و ئەو بگرێت و نەببێتە سوتەمەنی لە بەینی شەڕی وڵاتاندا لە جەنگێك كە هیچ پەیوەندی بەوەوە نیە، پێویست ناكات ماڵەكەی خۆت وێران بكەیت بۆ دراوسێكان، كورد بێلایەن بێت زۆر باشترە.

درەو: تا چەند پێتان وایە ئەم جەنگە پەیوەندی بە دوو بەرەی دژ بەیەكی جیهانی (ئەمریكا - روسیا) و شەڕی ئۆكرانیاوە هەیە، بۆ دوورخستنەوەی چاوی دونیایە لەسەر شەڕی ئۆكرانیا؟
وەڵام/ ئەو شەڕەی ئێستا هیچ پەیوەندی بە شەڕی ئۆكرانیاوە نیەو پەیوەندی نیە بە ئەو دوو هێزە گەورەیەی لە دنیادا هەیە (روسیا - ئەمریكا) ئەوە تەنیا كێشەیەكە كە ئیسرائیل دەیان ساڵە دونیا ئاگادار دەكاتەوە كە ئێران مەترسیە بۆسەر هەموو دونیا، لە هەرشوێنێكی دونیا گروپێكی تیرۆریستی هەبێت، ئێران سەرپەرشتیان دەكات، لە عێراقەوە تا فەلەستین و لیبیا و وڵاتانی تر ئێران دەستی هەیە لە پاڵپشتی گروپە تیرۆریستیەكان، ئەو شەڕە دەمێك بوو دەبوایە رویدایە، زۆر جار دەڵێن روسیا پشتیوانی فەلەستین دەكات، نا شتی وانیە ئێمە ئەگەر سەیر بكەین هەفتەی رابردوو، فڕۆكەی ئیسرائیل لە سوریا لە بنكە سەربازییەكانی ئێرانی داوە، ئێ روسیا هێزی یەكەمە لە سوریا بۆ پشتگیری ئێرانی نەكرد، بۆ رێگری ناكات، بۆیە جەنگی ئۆكراینا و ئەوەی ئیسرائیل - حەماس زۆر لەیەكەوە دوورن، ئەوەی ئێسرائیل تەنیا بەرەی ئیسرائیلە كە دژ بە ئێرانە، لە رۆژی شەممەوە ئەگەر سەیر بكەین (82) وڵات لەسەرتا سەری جیهان پشتگیری ئیسرائیل دەكەن، ئەگەر شەڕێكی بچوك بێت بۆنمونە چەندین جار ئەو شەڕانە روویداوە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس هیچ وڵاتێك پشتگیری ئیسرائیلی نەكردووەو داوایان دەكر لە ئیسرائیل كردووە شەڕەكە رابگرێت، بۆیە ئەم شەڕە پەیوەندی بە ململانێی جەمسەرە سەرەكییەكانی جیهانەوە نیە.

درەو: پێتان وایە دەستی وڵاتان لە پشتی حەماسەوە بێت یان هەر ئەجێندای خۆیەتی ؟؟
وەڵام/ بەڵێ حەماس دەستی ئێرانی لەپشتە، ئەگەر سەیر بكەین مانگی رابردوو ئیسماعیل هەنیە لەگەڵ حەسەن نەسروڵاو ئەوەی جیهادی ئیسلامی لە لوبنان هەرسێ لایەن كۆبوونەوە بەسەرپەرشتی  وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆیە ئەو شەڕە پلانداڕێژراوی ئێرانە، ئێران پلانەكەی داڕشتووەو بە هاوكاری ئێران ئەوە روویداوە، گەر سەیر بكەین ئاڵۆزیەكان هەردووكی بەیەكەوەیە لە سنوری لوبنان لە غەزەش.

درەو: دەوترێت توڕەیی چەكدارانی حەماس لەكاتی سەرەتای شەڕٍەكەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەوان بەردەوام لەلایەن ئیسرائیلەوە چەوسێندراونەتەوەو دەستدرێژیان كراوەتەسەر، بۆیە ئەوانیش دڵڕەقانە بەرامبەر بە ئیسرائیلیەكان شەڕ دەكەن؟
وەڵام/ ئەوەی ئیسرائیل بۆ فەلەستینیەكانی دەكات لە خزمەتگوزارییەوە تا دەگاتە، هاتنیان بۆ كاركردن بۆناو ئیسرائیل، حەماس ئەوەی بۆ نەكردوون، بۆ نمونە تاكو سێیەم رۆژی شەڕەكە ئیسرائیل ئاوو كارەبای غەزەی دابینكردووە، واتا ئیسرائیل ئاوو كارەبای غەزە دابین دەكات، ئەیانداتێ بێ هیچ بەرامبەرێكیش، بەڵام لە دوێنێ ئێوارەوە كارەبا و ئاوی لێبڕیون، موچەی وەزارەتەكانی پەروەدەو تەندروستی لە غەزە، ئیسرائیل دەیدات، ئەوەی ئیسرائیل بۆ ئەوانی كردووەو حەماس بۆ خزمەتی هاوڵاتییەكانی خۆی نەكردووە، رۆژانە زیاتر لە (120) هەزار كرێكار لە دێنە ئیسرائیل بۆ كاركردن بەڵام لە شەڕەكاندا سنورەكانیان بەروودا دادەخرێت، ئیسرائیل رێگەی بەو كرێكارانە داوە دێن ئیش دەكەن و دەڕۆنەوە، ئەگەر حەماس 10%ی بۆ هاوڵاتیەكانی و بۆ خەڵكی غەزەو فەلەستین بكردایە، وابزانم ئەو كێشەیە دەمێك بوو كۆتایی هاتبوو، بۆیە پێم وانیە ئیسرائیل فەلەستینیەكانی چەوساندبێتەوە، پێشتر لەدوای شەڕەكانی بەتایبەت شەڕی نێوان ئیسرائیل و گروپەكانی حەماس، ئیسرائیل قەرەبووی هاولاتیانی غەزەی كردووەتەوە لەو شوێنانەی وێران بووە لە ئەشیای بینا سازی لە هەموو شتێك بۆیانی ناردووە، بەڵام ئەوان لە گروپەكەی خۆیاندا خەرجیان كردووە.
ئیسرائیل دژی تیرۆرە شەڕی لەگەڵ هاوڵاتیانی فەلەستین نیە بەڵكو شەڕی لەگەڵ گروپە تیرۆریستیەكانە، بە نمونەی ئەوەی لە ئێستادا ئەو شەڕە هەیە بەڵام بەشەكەی تری فەلەستین و باڵی مەحمود عەباس هیچ كێشەیەكیان نیەو ژیانی خۆیان دەكەن، بۆیە كێشەكە حەماسە نەك ئەوەی ئیسرائیل بیان چەوسێنێتەوە

درەو: ناڕەزایی بەرامبەر بە حكومەت و دەسەڵاتداران لە ناوخۆی ئیسرائیل درووست نەبووە بەهۆی شەڕەكەوەو ئەو زیانەی كردوویەتی؟  
وەڵام/ لێرە هیچ ناڕەزاییەك درووست نەبووە لەلایەن هاوڵاتیانەوە لە دژی حكومەت بەهۆی شەڕەكەوە، تەنانەت ئۆپۆزسیۆن و حكومەت بونەتە یەك حكومەت لە رۆژی شەممەوە ئۆپۆزسیۆن نەماوە، خەڵكی لە ئێستادا رەخنەو گلەییان لە حكومەت هەیەو هەموویان پشتیوانی لە حكومەت و سوپا دەكەن، تەنانەت ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزاییانەی لە رابردوو هەبوو لەگەڵ سەرهەڵدانی شەرەكە هەر باسی ناكرێت و نەما، ئەوكات زۆر پلە داری سەربازی هەبوون، بڕیاریان دبوو بكشێنەوە بەڵام لەدوای جەنگەكەوە هەموویان گەڕاونەتەوە بەرەی شەڕ.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand