محەمەد شیاع سودانی كێیە.؟

Draw Media

2022-10-14 11:41:27



(درەو): 
دوای ساڵێك لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، سەرەتای ئاسۆی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دەركەوت، له‌ یه‌كه‌م كاریدا له‌تیف ره‌شید دوای هه‌ڵبژاردنی وه‌كو سه‌رۆك كۆمار، محه‌مه‌د شیاع سودانی كاندیدی لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی راسپارد به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت. 

به‌پێی ده‌ستور، سه‌رۆك كۆماری نوێ ده‌یتوانی له‌ماوه‌ی (15) رۆژدا كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران به‌ پێكهێنانی حكومه‌ت راسپێرێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ی كه‌ دوای هه‌ڵبژاردن به‌هۆی ناكۆكی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ به‌فیڕۆ چوو، دوێنێ هه‌ر دوای هه‌ڵبژاردنی، سه‌رۆك كۆماری نوێ یه‌كسه‌ر كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ پێكهێنانی حكومه‌ت راسپارد، محه‌مه‌د شیاع سودانی ماوه‌ی (30) رۆژی له‌به‌رده‌مدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كابینه‌كه‌ی بخاته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی متمانه‌و ده‌ستله‌كاربوون. 

محەمەد شیاع سودانی كێیە ؟
محەمەد شیاع سودانی ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێراقە، ئەمینداری رەوتی (الفراتین)ە، ساڵی 1970 لە پارێزگای میسان لەدایكبووە، هاوسەرگیری كردووە‌و خاوەنی چوار كوڕە، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە زانستی كشتوكاڵ لە زانكۆی بەغداد‌و ماستەری لە (بەڕێوەبردنی پرۆژەكان) بەدەستهێناوە.
•    لە تەمەنی 10 ساڵیدا‌و بە دیاریكراوە لە ساڵی 1980، بە تاوانی ئەندامێتییان لە حزبی (دەعوە)دا، رژێمی پێشووی عێراق باوكی‌و پێنج كەس لە ئەندامانی خێزانەكەی لەسێدارەداوە. 
•    سودانی ئەندامی رێكخراوی ناوخۆی حزبی دەعوە  بووە، ساڵی 1991 بەشداریكردووە لە راپەڕینی شەعبانی شیعەكاندا، بەهۆی بارودۆخی ئەمنیی ئەوكاتەوە رووی لە بەغداد كردووە‌و ماوەی سێ ساڵ لەوێ ماوەتەوە‌و خوێندنی زانكۆی تەواو كردووە. 
•    ساڵی 1997 لە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی پارێزگای میسان دامەزرێندراوە. 
•    ساڵی 2003‌و دوای روخانی رژێمی بەعس بووە بە رێكخەری پەیوەندییەكانی نێوان دەستەی سەرپەرەشتیاری بەڕێوەبردنی پارێزگای میسان‌و دەسەڵاتی كاتیی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی (پۆل بریمەر) حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق. 
•    ساڵی 2004 بووە بە قایمقامی شاری عەمارە. 
•    ساڵی 2005 بووە بە پارێزگاری میسان. 
•    ساڵی 2011 بووە بە (وەكالەت) بووە بە سەرۆكی دەستەی باڵای لێپرسینەوە‌و دادپەروەریی (تایبەت بە لێپرسینەوەی بەعسییەكان). 
•    ساڵی 2013 بووە بە وەزیری كشتوكاڵ بە (وەكالەت). 
•    ساڵی 2014 بووە بە سەرۆكی دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی بە (وەكالەت).
•    هەر  لە ساڵی 2014دا بووە بە (وەكالەت) بووە بە وەزیری كۆچ‌و كۆچبەران. 
•    بەهەمان شێوە لە 2014 بەشێوەی (وەكالەت) پۆستی وەزیری دارایی وەرگرتووە. 
•    كۆتا جار لە ساڵی 2014دا دیسان پۆستی وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی وەرگرتووە. 
•    ساڵی 2014 پۆستی وەزیری بازرگانیی بە (وەكالەت) وەرگرتووە. 
•    ساڵی 2016 پۆستی وەزیری پیشەسازیی بە (وەكالەت) وەرگرتووە. 
محەمەد شیاع سودانی لە دەستەی دووەمی سەركردە دیارەكانی پێكهاتەی شیعەیە لە عێراق، كە دەوترێت لەدوای وەرگرتنی چەندین پۆستی حكومیی لە گەندەڵی تێوە نەگلاوە‌و لەلایەن جەمسەرە ناكۆكەكانی ناو ماڵی شیعەوە رێزلێگیراوە‌و كەس "ڤیتۆ"ی لەسەر نییە، به‌ڵام سه‌درییه‌كان محه‌مه‌د شیاع سودانی به‌ لایه‌نگری مالیكی و حزبی ده‌عوه‌ ناوده‌به‌ن و ده‌ڵێن ئه‌ویش وه‌كو ئه‌وانی تر كاره‌كته‌رێكی تاقیكراوه‌یه‌و پێشتر پۆستی هه‌بووه‌. 
سەرچاوەكان باسلەوە دەكەن، دوای خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەری 2019 كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ئەوكات ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرا، ئێرانییەكان (محەمەد شیاع سودانی)یان پێشنیاز كردووە بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت، بەوپێیەی بەوتەی ئەوان پیاوێكی بێلایەنە، بەڵام ئەوكات لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكانەوە كاندیدكردنی رەتكرایەوە‌و بەوە تۆمەتبار كرا كە پێشتر ئەندامی حزبی (دەعوە) بووە‌و ئەم حزبە ماوەی (15) ساڵی حكومی عێراقی دوای روخانی سەددامی بەدەستەوە بووە‌و سەرچاوەی قەیرانەكانی ئێستای عێراق. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand