"روسیاش پشتی له‌ كورد كردووه‌"

Draw Media

2022-09-22 08:55:39



رۆیتەرز- ئورهان كرمان- قامیشلۆ 
دوای 10  ساڵ خۆبەڕێوەبەرێتیی، كوردەكانی سوریا ترسیان هەیە نزیكبونەوەی ئاشكرای نێوان دیمەشق‌و حكومەتی توركیای نەیاری، ببێتەهۆی ئەوەی ئەو شێوازە ژیانە لەدەستبدەن، كە بە زەحمەت بەدەستیان هێناوە. 
بەر لەسەرهەڵدانی ململانێ لە سوریا، كوردەكان كە ژمارەیان نزیكەی (2 ملیۆن) كەسە، رێگەیان پێنەدەدرا زمانی كوردی لە خوێندنگەكاندا فیرببن یاخود لە بۆنە كلتورییەكانیاندا ئاهەنگ بگێڕن. 
دوای ساڵێك لە سەرهەڵدانی راپەڕینی سوریا لە ساڵی 2011دا، هێزەكانی حكومەت لەناوچەكانی باكور كشانەوە، ئەمە رێگا خۆشكرد بۆ "ئیدارەی خۆسەر" كە كوردەكان سەرۆكایەتی دەكەن بۆ بەڕێوەبردنی دامودەزگاكانی خۆیان، لەناویشیاندا ئەو خوێندنگانەی كە بەزمانی كوردی تێیاندا دەخوێندرێت.
بەڵام زۆرێك لەو ناوچانەی كە بە ئیدارەی خۆسەر ناسراون دەڵێن رەنگە ئەو مافە نوێیانەیان لەدەستبدەن ئەگەر حكومەتی سوریا لەگەڵ توركیادا ئاشەوایی بكات (توركیا لەساڵی 2011وە پاڵپشتی لە ئۆپۆزسیۆن كردووە دژ بە بەشار ئەسەد‌و هێرش دەكاتەسەر ئەو ناوچانەی كە لەلایەن كوردەكانەوە بەڕێوەدەبرێن،  چونكە ئەنكەرە وەكو هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی تەماشایان دەكات). 
سلێمان ئەبوبەكر (55 ساڵ) كە یەكێكە لە  دانیشوانی ناوچەی ئیدارەی خۆسەر دەڵێ" ئەگەر ئەم رێككەوتنە بكرێت، دەبێت بە گورزێكی كوشندە بۆ ئیدارەی خۆسەر كە لەسەر بنەمای یەكسانیی‌و دیموكراتی‌و ئازادی بنیادنراوە".
هەفتەی رابردوو چوار سەرچاوە بە (رۆیتەرز)یان راگەیاند، ئەم نیگەرانیانە لە باشبوونی ئاشكرای پەیوەندییەكانی نێوان دیمەشق‌و ئەنكەرەوە سەرچاوەی گرتووە بە موبارەكەی مۆسكۆ، هەر جۆرە ئاسایبونەوەیەكی پەیوەندییەكان  لەنێوان ئەنكەرەو دیمەشقدا، دەكرێت گۆڕانكاری لە جەنگی سوریادا دروستبكات كە ماوەی 10 ساڵە بەردەوامە. 
لەم مانگەدا سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا لە دیمەشق گفتوگۆی نهێنی كرد، وەزیری دەرەوەی توركیاش چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن‌و حكومەتی سوریای هاندا بۆ ئاشتەوایی، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا ئامادەیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ بەشدار ئەسەد لەو لوتكەیە نیشاندا كە هەفتەی رابردوو لە سەمەرقەند بەڕێوەچوو. 

"زمانی دیك" لە مەترسیدایە
پێدەچێت هەر گفتوگۆیەك لەنێوان توركیا‌و سوریادا بە دەوری ئەو (3 ملیۆن‌و 600 هەزار) پەنابەرە سورییەدا بسوڕێتەوە كە هێشتا لە توركیادا نیشتەجێن. ئەردۆغان خوازیارە سەرەتا ئەم پەنابەرانە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكەیان بەر لەوەی ئامادەكاری بكات بۆ هەڵبژاردنەوەی لە ساڵی داهاتوودا، بەڵام رەنگە گفتوگۆكان رێككەوتنی ئەمنی‌و ئیدارەی باكوری سوریاش لەخۆی بگرێت. 
بەلای خاتوو دەلال  محەمەدی (45  ساڵ)ەوە رەنگە زمانی كوردی روبەڕووی سڕینەوە ببێتەوە، ئەگەر هەریەكە  لە ئەنكەرەو دیمەشق دژی خوێندنی كوردی بن لە خوێندنگەكاندا. 
خاتوو دەلال دەڵێ" ترسمان لە نزیكبونەوەی توركیا‌و سوریا هەیە، ئەمە دەبێتە هۆی لەناوبردنی پێكهاتەكانی ناوچەكە‌و ئەنجامی ئەم نزیكبونەوەیە سڕینەوەی كەلتوری كورد‌و زمانی دایكە دوای ئەوەی لەماوەی 10 ساڵدا پێیگەیشتین". 
لەكاتێكدا توركیا دوژمنێكی ئاشكرای ئیدارەی خۆسەرە، كوردەكانی سوریا چونەتە ناو گفتوگۆیەكی تێكەڵ بە شەڕ  لەگەڵ دیمەشق، هاوكات پارێزگارییان لە پەیوەندییە باشەكانیان لەگەڵ مۆسكۆ‌و ئەو هاوپەیمانێتیەشدا كردووە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رێبەرایەتی دەكات‌و شەڕی جیهادییەكان دەكات لە سوریا. 
ساڵح موسلیم یەكێك لە سەرۆكەكانی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) كە حزبی سەرەكییە لەناوچەی ئیدارەی خۆسەردا وتی" رەنگە ئێستا روسیاش پشتی لە كورد كردبێت". 
رایگەیاند" ئەم بانگەوازە لە روسیاوە هاتووە، روسیا دەیەوێت سوریا‌و توركیا لەیەكتر نزیكببنەوە". 
بەلای خاتوو (دلڤین)ەوە كە دوكاندارێكە، هەر رێككەوتنێك لەنێوان ئەو دوو لایەنە ناكۆكە بەواتای ئەوە دێت كچەكەی لەژێر حوكمی كورتخایەنی ئیدارەی خۆسەردا لە شاری كۆبانێی باكوری سوریا، چێژ لە ژیان نابینێت. 
خاتوو دلڤین بە (رۆیتەرز)ی وت" ئەم هەنگاوە ئیدارەی خۆسەر هەڵدەوەشێنێتەوە، لەم حاڵەشدا هەموو شتێك گۆڕانكاری بەسەردا دێت، شێوازی كاركردنمان، ئەو زمانەی كە فێری منداڵەكانمانی دەكەین، كاریگەری لەسەر دراو دەبێت‌و زیانی گەورەی دەبێت.. بەبۆچونی ئێمە هەموو هەوڵێكی دەوڵەتی توركیا تەنیا رزگاربوونە لە ئیدارەی خۆسەر نە زیاتر و نە كەمتر".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand