یەك پۆشی زانكۆ

Draw Media

2022-08-09 14:06:05



د.حیكمەت نامیق 


دیارە یەك پۆشی یان یەك ڕەنگی قوتابیانی زانكۆ لەدنیای ئیستادا لەناو فەزای كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای كوردیدا بڕیارێكی زانستیە لەبەر كۆمەڵێك هۆكار،  ڕەنگە ئەو جۆرە بڕیارە لەكۆمەڵگایەكی گەشەكردوی ئەقڵانی شوێنی پرسیار ی قووڵ بێت، بەڵام بۆ كۆمەڵگای ئێمە كە ڕۆچوویی كۆمەڵێك كێشەی ئابوری و كولتوری و چەندین بوارو ڕەهەندی دیكەیە ئەو پەڕی كردەوەیەكی ئەقڵانیە، چەند ڕەنگی جۆرێك لە نایەكسانی و مانیفێستی چینایەتی نیشاندەدات نەك تەنیا ئەوەش، بەڵكو ئەو فرە ڕەنگیە وای كردوە قوتابی تەنیا بۆ نمایشكردن  بێتە زانكۆ  هەروەها بۆ بەدەستهێنانی  كۆمەڵێك پێگەو حەزی دیكە بێتە زانكۆ كە هیچ پەیوەندی بە ماعریفەو پێگەیاندن و چاندنی كەسێتی  ئەكادیمیەوە نیە، ئەگەرچی ئەو بابەتە زۆر هەڵدەگرێ،  بەڵام من دەمەوێ قسە لەسەر لێكەوتە پۆزەتیفەكانی ئەو بڕیارە بكەم ئەگەر جێبەجێ بكرێ ، زانكۆ وەك كایەیەكی زانستی شوێنی پەروەردەكردنی كادری ئەكادیمیە برتییە لە دەزگایەیكی ماریفی نەك شوێنی نمایشی جەستەو نمایشی موڵكیەت و نیشاندانی پێگەی ئابوری كەسەكە بێت.
 كاتێك زانكۆ دەبێتە كافتریایەك بۆ كێبڕكێی  لەسەر بەدەستهێنانی زۆرترین چێژ و ئارەزوو ئەو ە قوتابی دەبێتە كەسێكی بەرخۆر و بەكاربەر بروِانامەش دەبێتە شتێكی هەرزان و بێنرخ، ئەگەرچی دینای ئێستا كە بەسەردەمی پۆست مۆدێرنە دەناسرێتەوە تێیدا زانكۆ بووەتە شوێنیكی بازرگانی بەڵام ڕەنگە ئەو دیدە زیاتر جیهانی بێت كەم تا زۆَر پرشكی ئەو ئاراستە ئایدۆلۆژیە بەشێوەیەك لە شێوەكان كوردستانیشی گرتبێتەوە، كاتێك زانكۆ بووە فەزای نمایشی هەژموونی پێگەی ئابوری ئەوا هیچ بەهایەكی زانستی نێدا نامێنێ دادەماڵریێ لەهەموو بەهایەیكی زانستی، ئەگەر زانكۆ دووركەوێتەوە لە و جۆرە فەزایەی كە ئێستا بووەتە ڕێگە خۆشكەر بۆ وەلانانی ئامانجە سەرەكیەكە كە خۆیندن و نوسین و قێربوون و چاندنی كەسێتی ئەكادیمیە ئەوا لەبەرانبەردا یەك پۆشی دەبێتە هۆی هاندان و مۆدتیڤەیشنی قوتابی بۆئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ئیشەسەرەكیەكەی كە خۆێندنە نەك سەرقاڵبوونی بە كۆمەڵێك كاری تر كە پەیوەندی بە ئامانجە سەرەكیەكەوە نیە لێرەدا قوتابی دەچێتەوە نێو خۆی بۆ ئەوەی دووبارە خۆی پێبگەیەنێتەوە لەسەر بنەمای ئەو مێتۆدۆلۆژیایەی كە بۆی دەستنیشانكراوە. 
نایەكسانی لە پۆشینی جلوبەرگ چەندین كێشەی دەرونی و كۆمەڵایەتی دروستدەكات بەشێوەیەك قوتابی هەژار لەدۆخێكی دەرونی و نێگەرانیەكی زۆر دەژیت كاتێك دەبینێ هاوپەلەكانی دیكەی جوانترین ماركەی جیهانی دەپۆشن لەروِویی سۆسیۆلۆژیەوە كەلێنێكی فراوان دروستدەكات لای قوتابی جگە لەوەش قوتابی سەرمایەداریش  هاندەدات فۆكس بخاتە سەر خوێندنەكەی دووركەوێتەوە لە خۆنیشاندانی پێگە ئابوریەكەی .
ئەگەرچی كایەی زانست و  مێتودۆلۆژیاو فەلسەفەی پەروەردە بەگشتی  لەژێر پرسیاری قووڵی ئەكادیمی دایە لەبەر كۆمەڵێك هۆكاری سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و هتد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا  ئەو جۆرە بڕیارە بۆ یەك ڕەنگی و یەك پۆشی قوتابیانی زانكۆ لەسەردەمی ئێستادا كە زانست لە كوردستاندا لەقەیراندایە پێویستە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە یان لایەنی كەم با ئەزموون بكرێت بۆ چەند ساڵێك تاكو دەرەنجامەكەی دەركەوێ.
پێم وایە ئەو جۆرە بڕیارە بۆ سنورداركردنی ئازادیەكانی قوتابی و خوێندكار نیە بەئەندازەی ئەوەی بۆ دووبارە بەخۆداچوونەوەو بە بیرۆكراسیكردنی زانكۆو  ستۆپ كردنی قوتابیە هەروەها بۆ گەڕانەوەی  هەیبەتی كایەی  زانستیە كە دەمێكە هەرزان بووە بەدەست كۆمەڵێك هۆكارەوە ئەو بڕیارە بۆ سودی گشتیە  وەك كۆمان سێنس وایە بەبەڵگەی ئەوەی یەك پۆشی دەبێتە هۆی ئەوەی قوتابی زیاتر متمانەی بەخۆی بێت ئەو جیاكاریە چینایەتیە و پلەبەندیە ئابوریە كەم كاتەوە  كە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی چەندین كێشەی دەرونی، بۆیە پێویستە زانكۆ  لە فەزایەكی بازرگانی وبەخشینی  بڕوانامەوە بگۆرێت بۆ فیڵدێكی زانستی، هەوەها  لە فەزایەكی نمایشەوە بگۆڕێت بۆ ئەسڵەكەی خۆی كە پێگەیاندن و بەرهەمهێنانی كادری زانستیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand