سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

پرۆسەی ئاشتیی: ڕێکەوتن یان تەسلیمبوون؟

بڵاوکراوەتەوە لە : 23 ئاب 2026

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

 

مەریوان وریا قانع یەكشەممان تایبەت بە (درەو) دەینوسێت

لە دوای دەرچوونی یاسای چوارچێوە بۆ چەکدانان و ئاشتیی، کە لە تورکیادا

بە یاسای  «بەهێزکردنی هاوده‌نگیی نیشتمانیی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیی» ناسراوە، پرسیارێک بەشێوەیەکی بەردەوام لەلای ئێمەدەکرێت ئەوەیە، کە دەپرسێت: ئایا ئەوەی روویدا رێکەوتنە یان تەسلیمبوونە؟ ئایا بەڕاست پەکەکە و هێزە نزیکەکەکان لەم پارتەوە خەریکی ئاشتیی و رێکەوتنن لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادان، یان ئیمزا لەسەر تەسلیمبوونی خۆیان و تەسلیمبوونی کورد لە تورکیادا بە ئەردۆغان و باخچەلی و لە سوریاشدا بە ئەحمەد شەرع دەکەن؟ 

 

ئەوانەی پێیان وایە شتێک بەناوی «ئاشتیی» و «ڕێکەوتن»ەوە لە نێوان پارتی کرێکاران و دەوڵەتی تورکیادا لە ئارادا نییە، لانیکەم رێکەوتنێکی راستەقینە، دەشێت رەخنەی تایبەتیان لە شێواز و ناوەرکی ڕێکەوتنەکە هەبێت، بەڵام کەسانێک هەن تا ئەو شوێنە دەڕۆن کە  پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، و بە تایبەتی سەرۆکە زیندانیکراوەکەی، عەبدوڵا ئۆچ ئالان، بە خیانەتکردن تۆمەتباربکەن و باس لەوەبکەن کە بۆ دەزگای هەواڵگریی میت و دەوڵەتی قوڵ لە تورکیادا کاردەکەن. ئەمانە باس لەوەدەکەن پەکەکە و سەرۆکەکەی هەم کوردستانی باکور و هەم رۆژئاوایان، تەسلیم بە «فاشیزم»ی تورکی و بە جیهادییەکانی ئەحمەد شەرع، کردوە و دەکەن. لەم ئاستەدا هەم ئاپۆ دەکەن بە خائین و هەم مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد و هەسەدەش. 

 

بە کورتییەکەی، ئەگەر گروپی یەکەمیان داوای پیادەکردنی ئائشتییەکە دەکەن ئازادییەکانی تیادا فراوانتر بکرێت، ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان و گۆڕینی یاساکانی دژەتیرۆری لێبکەوێتەوە، ئینجا داننانێکی دەستوری بە مافە زمانیی و فەرهەنگیی و سیاسییەکانی کورد خۆیدا وەک پێکهاتەیەکی ئەتنیی و فەرهەنگیی تایبەت، هتد... ئەوا گروپی دووهەمیان بە زمانی بەخائینکردن و تۆمەتبەخشینەوە و پەلامار و هێرشبردن دەدوێت، ئیستیعارە و ریتۆریکی«شۆڕشگێربوون» و «تەسلیمنەبوون» و «دروستکردنی دەوڵەت» و «یەکخستنەوەی پارچەکانی کوردستان» زمانی خۆنمایشکردنی سیاسییەتی. لە رەخنەکانی گروپی یەکەمدا شتێک لە عەقڵانیەت و ئەخلاقیاتی ئینسانیی و جۆرێک لە چاوەروانیی پۆزەتیڤ هەیە، لە دووهەمیاندا رادیکاڵبوونێکی بۆش و بێناوەرۆک و نارسیزمێکی فوتێکراوی قەبە هەیە و کاردەکات.

 

بە بۆچونی من، سەرەڕای ئەو جیاوازییە گرنگانە، خاڵێک کە هەردوو بەرەکە تیایدا هاوبەشن، گرێدانەوەی مەسەلەی ئاشتیی و وازهێنانە لە خەباتی چەکداریی، بە کاردانەوەی دەوڵەتە مەرکەزییەکانەوە. بۆ نموونە نابێت پەکەکە و سەرۆکەکەی باسی ئاشتیی و چەکدانان بکەن، گەر حوکمڕانانی تورکیا کاردانەوەی پۆزەتیڤیان نەبێت. ئەمان کە هەنگاوێکیان نا، دەبێت دەوڵەتە مەرکەزییەکانیش هەنگاوێکی هاوشەوە بنێن. بەکورتییەکەی، گرێدانی مەسەلەی ئاشتیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی بە سیاسەتی دەوڵەتە مەرکەزییەکانەوە. لە دیدی مندا، ئەم وێناکردنەی ئاشتیی و ئەم روانینە بۆ بەردەوامیدان، یان کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی، هەڵەیە و هەڵەیەکی ستراتیژی گەورەش.

 

بڕیاری وازهێنان لە خەباتی چەکداریی و گەڕان بە دوای ئەگەرەکانی ئاشتیدا، چەندیش بچووک و پەراوێزی بن و زۆر بە زەحەمتیش بچنە پێشەوە، بڕیارێکە کورد لەگەڵ خۆیدا و بۆخۆی دەیدا، بەرهەمی خوێندنەوەیەکی زانستیی و عەقڵانییانەی مێژووی درێژی  خەباتی چەکدارییە لە ماوەی دەیەها ساڵدا. بڕیاری ئاشتیی و وازهێنان لە خەباتی چەکداریی، ستراتیژێکە کورد بەر لەوەی لە پەیوەندیدا بە دەوڵەتە مەرکەزییەکانەوە هەڵیبژاردبێت، لە پەیوەندیدا بە خۆی و بە تواناکانی خۆیەوە لە دونیای ئەمرۆدا هەڵیبژاردوە. بڕیارێکە خۆی بەر لە هەموو کەس و لایەنێک، بۆ خودی خۆی داوە.

باشترین و ستراتیژیترین بڕیارێک ئەم پەكەكە دابێتی، بڕیاری وازهێنانە لە خەباتی چەکداریی و گەڕانە بەدوای شێوازی تری ناسەربازیی و ناچەکداریی خەباتدا بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد لە تورکیادا

ئەمەش گرێدراوی ئەم سێ راستییە سەرەکییەی خوارەوەیە. 

 

یەکەم: سەردەمی خەباتی چەکداریی بەسەرچوە، ئەمەش نەک تەنها لە کوردستاندا بەڵکو لە سەرجەمی ئەو شوێنانەی جیهاندا کە خەباتی چەکدارییان تێدایە. دواهەمین کارەساتێک لە خەباتی چەکدارییەوە بە بەرچاوی هەموو دونیاوە  دروستبووبێت، کارەساتی «تۆفانی ئەقسا» و وێرانکارییە گەورەکانی غەزە و جینۆسایدکردنی فەلەستینییەکانە لەو بەشەی وڵاتەکەیاندا. ئەوەی حەماس ئەنجامیدا، بارکردنی میلەتێک بوو، بە ئەرکێک زۆر لەسەروی تواناکانی میلەتەکە خۆیەوەیە. لە دونیای ئەمڕۆدا، خەباتی چەکداریی، میلەتان فرێئەداتە ناو جەنگێکی سەربازیی هەمەلایەن و نایەکسانەوە، کە ئەو میلەتانە توانای تەحەمولکردنی قورسایی و زەبر و دەرەنجامە وێرناکەرە ترسناکەکانیان، نییە. لە غەزەدا نەک تەنها ملیۆنان مرۆڤ بێجێ و بێڕێ کراون و سادەترین پێداویستییە سادەکانی ژیانیان لێسەندراوەتەوە، بەڵکو ژیانی ئەو نەوانەشی تێدا شێوێنراوە کە هێشتا لەدایکنەبوون. تاوانەکانی ئەنفال و وێرانکردنی زیاد لە سێ هەزار گوند و راگواستنی ملیۆنان کورد لە تورکیادا یەکێک لە دەرەنجامە ترسناکەکانی خەبتی چەکدارییە. 

 

دووهەم: خەباتی چەکدار لە مێژووی ئێمەدا وەزیفە سەرەکییەکەی خۆی جێبەجکردوە، ئەویش پێداگرتن لەسەر شوناسی کوردبوون و بەگژاچوونەوەی سیاسەتی تواندنەوە و سڕینەوەی کوردبوون، لەسەر نەخشەی ئەو وڵاتانە. خەباتی چەکدار ئەگەرچی لەرووی سەربازییەوە بێدەسکەوت بووە، بەڵام ئەرکە رەمزییەکەی خۆی، ئەرکی پێداگرتنێکی خوێناوی لەسەر کوردبوون، بە تەواوی جێبەجێکردوە. ئەمرۆ ئیتر ئەم پێداویستییە نەماوە و جیهان لە کوردبوونی ئێمە ئاگادارە، لەپێش هەمووانیشەوە ئەو دەوڵەتە ناوەندیانەی میلەتی ئێمە لەناویاندا کراوە بە کەمینە.  

 

 

سێهەم: میلەتی ئێمە هەم توانای تازەی بەرگریکردنی لە کوردبوونی خۆی لەبەردەمدایە، هەم ئەگەری تازەی گەشەدان بە دەرکەوتە جیاوازەکانی کوردبوونی خۆی. «مەسەلەی کورد»، بە مانا گشتییەکەی، مەسەلەی میلەتێکە لەناو کۆمەڵێک رێکەوتنی نێودەوڵەتیی و گۆرانکارییە گەورەکانی سالانی دوای جەنگی جیهانی یەکەمدا لەدیکدەبێت. نکوڵیکردن لە بوونی کورد وەک کورد، وەک هەڵگری زمان و کولتور و خاک و مافی تایبەت بەخۆی، جەوهەرەکەیەتی. ئەمرۆ تواناکانی کورد لە بەرگریکردنی ناچەکدار لە بوونی خۆی و لە زمان و کولتور و خاک و کەلەپورەکەی بە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و ساڵە خوێناویەکانی سەدەی بیستەم بەراورد ناکرێت. کورد ئەمرۆ بە زمانە جیاوازەکانی جیهان باس لە خۆی و فەرهەنگ و ماف و خواستەکانی خۆی دەکات. لە زیاد لەبەشێکی جیهاندا ئامادەیە و مەسەلەکەشی زیاتر لە هەموو کات ناسراوتر و گەشەکردوترە. لە شوێنێکی وەک تورکیادا، توانای خەباتی مەدەنی هەیە و چەندان هێزی کوردی لەم خەباتەوە گلاوە و خەریکی پێشخستنیەتی. راستە ئەم توانایە سنووردارە و مەسەلەی کورد لە وڵاتەدا، تا ئەم ساتەش وەک مەترسییەکی گەورە سەیردەکرێت و مافە هەرە سادەکانی کوردبوون پێشێلدەکرێن و رێزیان لێناگیرێت. بەڵام ئەگەرە مەدەنیی و نەسەربازییەکانی چوونە پێشەوەی مەسەلەی کورد هەن و ئامادەن. لە زیاد لە بەشێکی کوردستاندا ئەگەری خەباتی ناچەکدار و ناسەربازیی هەیە و دروستبووە. 

 

لە راستیدا کورتکردنەوەی خەباتی میلەتی ئێمە، بۆ خەباتی جەکداریی تاوانێکە بەر لە هەمووکەس بەرامبە بە خودی میلتەکە خۆی ئەنجامئەدرێت. میلەتی ئێمە وەک میلەت زۆر زیاترە لەو چەند هەزار پێشمەرگە چەکدارەی بە شاخەکانەوە و لە ڕێگای خەباتی چەکدارییەوە بەرگری لە کوردبوونی خۆیان دەکەن. کورتکردنەوەی خەبات بۆ خەباتی چەکدار، کردنە دەرەوەی گەل یەن میلەت یان سەرجەمی نەتەوەکەیە لە گۆرەپانە جیاوازەکانی خەبات و تاپۆکردنی ئەم خەباتەیە لەسەر هێزە چەکدارەکانی ئەو میلەتە. 

ئەگەرچی بەپیرۆزکردنی خەباتی چەکدار بەشێکی گرنگ و سەرەکیی مێژووی بەرگریکردنی میلەتی ئێمەیە لەخۆی، بەڵام دروستبوونی دونیایەکی تازە، ئەگەری تازەی لەبەردەم میلەتی ئێمەدا کردۆتەوە. 

بڕیاری وازهێنان لە خەباتی چەکداریی و گەڕان بە دوای ئەگەرەکانی ئاشتیدا،  بەرهەمی خوێندنەوەیەکی زانستیی و عەقڵانییانەی مێژووی درێژی  خەباتی چەکدارییە 

لە پەیوەندیدا بە پەکەکە و خەباتی کوردانی باکور و رۆژئاواوە دەکرێت پێ لەسەر ئەم دوو خاڵە سەرەکییە، دابگرین.

یەکەم: باشترین و ستراتیژیترین بڕیارێک ئەم هێزە دابێتی، بڕیاری وازهێنانە لە خەباتی چەکداریی و گەڕانە بەدوای شێوازی تری ناسەربازیی و ناچەکداریی خەباتدا بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد لە تورکیادا، لەوانەش چوونە ناو پرۆسەیەکی درێژخایەنی پر لە هەڵبەز و دابەزی بونیادنانی ئاشتییەوە. ئەم بڕیارە بە هیچ شێوەیەک مانای تەسلیمبوون و خیانەتکردن نییە، بەپێچەوانەوە بڕیارێکی ستراتیژیی عەقڵانییە کە پێویستیی بە بەرگریلێکردن و پاراستن و بەرەپێشەوەبردن هەیە، بە تایبەتی لە بەرامبەر سەرجەمی ئەو گوتارە نابەرپرسیار و زۆرجار رۆمانسییانەدا، کە بە زمانی بەخائین و ناپاککردن دەدوێن و خوازیاریی بەردەوامیدانن بە خەباتی چەکداریی و پێداویستییەکانی ئەم خەباتە. 

 

دووهەم: شتێک کە ئەم هێزانە پێویستە بەردەوام لەبەرچاویندا بێت، ئەو راستیییەیە کە ئەوان نوێنەرایەتی «مەسەلەی میلەتێک» دەکەن کە سادەترین مافەکانی ژێرپێنراوە و لە رێگای دابینکردنی ئەم مافانەشدا قوربانییەکی هێجگار گەورەی بەخشیوە.

ئەمەش مانای تەرخانکردنی سەرجەمی هەوڵەکان بۆ بەرگریکردن لەم مەسەلەیە و خۆخەریکنەکردن بە مەسەلەی لاوەکیی و بە خەونی ئایدۆلۆژیی یۆتۆپییەوە، کە دابینکردنیان نەک تەنها لە توانای میلەتی ئێمەدا نییە، بەڵکو خودی میلەتەکەش فرێئەداتە دەرەوەی جیهان و دەرەوەی مێژووەوە. ئینجا رێگرتن لەوەی ئەم مەسەلەیە دوژمنی تازەی بۆدروستببێت لە ناوچەیەکدا پڕیەتی لە هێزی پڕ رق و پڕ پیلان لەیەکتری. لە دیدی مندا «مەسەلەی کورد»یش تەواو جیاوازە، لە مەسەلەی «خۆسەریی و ئیدارەی زاتیی دەرەوەی سیستمی دەوڵەتی نەتەوە»، یان «هەوڵدان بۆ داهێنان و بونیادنانی مۆدێرنەیەکی ناکاپیتالیستی»، یان کەوتنەدوای بەش و پارچە جیاوازەکانی ئەو دیدگا ئەنارشییەی ئەمرۆکە پەکەکە و سەرۆکەکەی، هەڵگرین. مەسەلەی کورد، وەک وتم، مەسەلەی داننانە بە بوونی میلەتێکدا کە خاوەنی زمان و شوناس و فەرهەنگ و بوونی مێژوویی و سیاسیی و رەمزیی تایبەت بەخۆیەتی. داننان بەم راستییانەدا وەک ژێرخانی سەرەکیی «مەسەلەی کورد» ساڵانێکی درێژ، زۆردرێژی، خەباتی مەدەنیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی هەمەلایەنی پێویستە. 

 

null

چۆن بیر لە شار بکەینەوە؟

null

حوکمڕانیی چییە؟

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

ئیرادەی ژیان لە رۆژگاری دژ بە ژیاندا

null

٩ شەهیدی تریش: کوردبوون وەک رەفزێکی ڕادیکاڵ

null

کەمینەبوون و «برینی نارسیستی»

null

سڵاو لە بوێری ئەو خانمە نەترس و ئازایانە