سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

ته‌سلیمبوون به‌ خراپه‌كاران

بڵاوکراوەتەوە لە : 6 ئەیلوول 2026

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

 

مەریوان وریا قانع یەكشەممان تایبەت بە (درەو) دەینوسێت

فیلمی «هانا ئارێنت» یەکێکە لەو فیلمە گرنگانەی لەسەر ئەم ژنە فەیەلەسوفە بەرهەمهێنراوە. فیلمەکە ساڵی ٢٠١٢ تەواوکرا و کەوتە بەر دیدی خوێنەران. فیلمەکە هەم بەسەرهاتی ژیانی ئەم خانمەیە کە لە دەستی نازییەکان رادەکات و وەک پەناهەندە لە ئەمریکادا ژیانێکی تر دەستپێدەکات. هەم لەهەندێک دیمەندا بەشەکی گرنگیی فیکری ئەم خانمە بەرجەستەدەکات. دیمەنی وانەوتنەوەکەی لە زانکۆ سەبارەت بە خراپەکاریی، دوای گەراندنەوەی لە ئیسرائیل و نووسینی راپۆرت لەسەر دادگایکردنەکەی ئایشمان، یەکێکە لەو دیمەنە سەرەکیی و گرنگانە. ئایشمان ئەفسەرێک بوو بەرپرسیار لە گواستنەوەی جولەکەکانی ئەوروپا بۆ چەند کەمپێک، لەناویاندا کەمپی ئەوشفیتز لە پۆڵەندا. چەندان سەرچاوە باس لەوەدەکەن کە لە نێوان ساڵی ١٩٤٠ بۆ ١٩٤٥، نزیکەی یەک ملیۆن جولەکە تەنها لەە کەمپی ئەوشفیزدا کوژراون، ژمارەیەکیان بەغازی خنکێنەر لەناو ئەو ژوورانەدا کە بۆرژانی ئەو جۆرە غازە، ئامادەکرابوون. 

 

لەو دیمەنەی فیلمەکەدا کە باسمکرد، کە لە دیدی مندا‌ گرنگترین دیمه‌نی ناو‌و فیلمه‌کەیە،  تێزه‌ سه‌ره‌كیی و گرنگه‌كه‌ی هانا ئارێنت له‌سه‌ر خراپەکاریی و خراپه‌كارانی سه‌رده‌می نازییه‌كان له‌ خۆده‌گرێت. دوای گوێگرتن و سەیرکردنی بەردەوام ئایخمانە لە دادگاکەدا، ئەو پرسیارە گرنگەی لای ئەم ژنە فەیلەسوفە دروستدەبێت ئه‌وه‌یه‌ کە دەپرسێت: ئایا ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ تاوانه‌كانی نازیه‌تین ئه‌نجام ئه‌دا چ جۆره‌ مرۆڤێك بوون؟  ئایا ئەمانە بە سروشت خراپەکاربوون، رق و ویست و خواستی خراپەکاریی ئاراستەی کردوون، یان مەسەلەکە بەجۆرێکی ترە. لەو دیمەنە لە فیلمەکەدا ئارێنت له‌ناو هۆڵی وانەگوتنەوەدا لە زانکۆ،  لەبەردەمی ژمارەیەکی گەورە لە قوتابیی و کەسانیتردا، باس له‌ کەسایەتی ئایشمان ده‌كات. باس له‌و تاونباره‌ دەکات كه‌ به‌رپرسیار بوو له‌ ناردانی ئەو ژمارە گەورەیە لە جوله‌كه‌ بۆ كه‌مپه‌كانی كوشتن و خنكاندن له‌ پۆڵه‌ندا. تێزه‌كه‌ی ئارێنت وه‌ك خۆی له‌م دیمه‌نه‌دا لێكیئه‌داته‌وه‌ به‌م جۆره‌یه‌:

مه‌رج نییه‌ مرۆڤ كه‌ نه‌یویست به‌رگریکاربێت و به‌گژ خراپه‌كاریدا بچێته‌وه‌، یه‌كسه‌ر ته‌سلیم به‌ خراپەکاریی و خراپه‌كاران بێت، هاریكارییان بێت له‌ ئه‌نجامدانی خراپه‌كارییه‌كانیدا

ئایشمان كاتاێك باسی خۆی و تاوانەکانی ده‌كات، پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت هه‌رچییه‌كی كردوه‌ به‌ ویست و هه‌ڵبژاردنی خۆی نه‌یكردوه‌، ئه‌و ‌ئه‌مر یان فەرمانی پێكراوه‌وه‌ و ئەوەی ئەنجامیداوە ‌تەنها جێبەجێکردنی ئەو فەرمانانە بووە. ئارێنت بەرگریی لەوە دەکات کە ئایشمان خۆی هیچ نیەتێکی خراپ، یان خواستێکی ئایدیۆلۆژیی دژەجولەکەیی نەبووە، یان مەبەستێکی تایبەت‌، نه‌ مەبەستی باش نه‌ خراپ. هاوکات ئایشمان خۆی هیج ده‌ستێشخه‌رییه‌كی شەخسیشی بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆکوژییە نه‌بووه‌.

 لە درێژی لێکدانەوەی کەسایەتی ئایشماندا وەک جۆرێکی تایبەت لە مرۆڤ بەو دەرەنجامە دەگات کە: ‌« تاوانه‌ گه‌وره‌كان پێویستیان به‌وه‌ نییه‌ تاوانبار و خراپه‌كاری گه‌وره‌ ئه‌نجامیان بده‌‌ن..به‌ڵ‌كو ده‌شێت كه‌سانێك ئه‌نجامیان بده‌ن‌ کە هەر «هیچ» نه‌بن، كه‌سانێكی ته‌واو ئاسایی بن،‌ هىج مۆتیڤ و پالنه‌رێكی ناوه‌كیشیان بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه‌نه‌ و بۆئه‌نجامدانی خراپه‌كاریی نه‌بێت. ئه‌وه‌ی تاوانه‌كانیشیان پێدەکات، مه‌رج نییه‌‌  قه‌ناعه‌تێكی تایبه‌ت بێت، یان ئایدیۆلۆژیایەک. ئه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ تاوانانه‌ ئەنجام ئەدات، دەشێت كه‌سێك بێت،‌‌ كه‌ نەیەوێت هەر لە بنەڕەتەوە «کەس»بێت، نایه‌وێت ببێت بە «کەس»یش، واتە كه‌سێك بێت نایه‌وێت «هیچ» بێت، شتێکی تایبەت بێت، ئەم جۆرە کەسە لەو جۆرە مرۆڤەن کە ره‌فزی ئه‌وده‌كات‌« كه‌س» بێت.“ 

پرسیارەکە ئەوەیە هانا ئارێنت چ مانایەک بە چەمکی کەس» دەبخشێت؟ ئەوە چییە کە کەسێک دەکات بە کەس؟ 

 

لای ھانا ئارێنت کەس بوونه‌وه‌رێكە پێش هەمووشتێک ”دەتوانێت بیربكاته‌وه‌». «بیر لەو کارانە دەکاتەوە کە ئەنجامیان ئەدات»، «دایالۆگی هه‌هەیە له‌نێوان خۆی و خۆیدا.» بەم بۆنەیەوە «دەتوانێت باش له‌ خراپ و جوانیی له‌ ناشیرینی جیابكاته‌وه‌». بە مانایەکی دیکە «کەس» کەسێک نییە بێبیرکردنەوە و دیالۆگی ناوەکیی لەگەڵخۆیدا، بێ داوەریکردن، ئەوەی پێیدەڵێن جێبەجێیبکات. لەم روانینەدا کەسبوون و توانای بیرکردنەوە و توانای داوەریکردن، دوو یەکەی بەیەکەوە گرێدراونو لەیەکتری جیاناکرێنەوە. لەم لێکدانەوەیەدا ئایشمان «کەس» نییە، بوونەوەرێکە توانای بیرکردنەوە و نرخاندن و داوەریکردنی تەڵاقداوە، کاریان پێناکات، ئەوەی پێیدەڵێن وەکوخۆی و بێ هیچ دوودڵییەک جێبەجێیدەکات. ئەمە وادەکات ئارێنت پێیوایبێت ئەوە «وێرانبووبی توانای بیركردنه‌وه‌یه‌ واده‌كات كه‌سێكی وه‌ك ئایشمان و زۆرانێكی تری وه‌ك ئه‌و، ئه‌و هه‌موو تاوانه‌ گه‌ورانه‌ی سه‌رده‌می نازییه‌كان ئه‌نجامبده‌ن و خۆیشیان بەرامبەر بەو ئەنجامدانی ئەو تاوانانە به‌ به‌رپرسیار نه‌زانن. یان ھەر لە بنەرەتەوە مەسەلەی به‌رپرسیاربوونیان له‌لا دروستنه‌بێت.»

بیرنەکردنەوە تەنها لە کەسخستنی کەس نییە، بەڵکو گۆڕینی کەسەکانیشە بۆ ئامراز

بە کورتییەکی، ئارێنت لەو گرتە تایبەتەی ناو فیلمەکەی، کە کورتکردنەوەیەکی نایابی تێزی سەرەکیی ئەو کتێبەیەتی کە لەسەر ئایشمان دەینووسێت. ئارێنت لەو کتێبەدا به‌رگریی له‌ تێزێكی هێجگار گرنگ ده‌كات، كه‌ هه‌موو مرۆڤێكی خاوه‌ن ویژدان و خاوه‌ن كه‌سایه‌تیی، یانی هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت كه‌س بێت، پێویسته‌ به‌رده‌وام له‌ خه‌یاڵیدا بێت. 

 

تێزه‌كه‌ش ئه‌مه‌یه‌: مه‌رج نییه‌ مرۆڤ كه‌ نه‌یویست به‌رگریکاربێت و به‌گژ خراپه‌كاریدا بچێته‌وه‌، یه‌كسه‌ر ته‌سلیم به‌ خراپەکاریی و خراپه‌كاران بێت، هاریكارییان بێت له‌ ئه‌نجامدانی خراپه‌كارییه‌كانیدا. له ‌نێوان به‌رگریكردن و ته‌سلیمبووندا ده‌شێت شتی تر هه‌بێت،‌ ‌ كه‌‌ مرۆڤ بتوانێت و پێویستبێت بیانكات.  ته‌سلیمووبن به‌ خراپه‌كاران لای هانا ئارێنت هێمایه‌ بۆ وێرانبوونێكی ناوەکیی مرۆڤ، وێرانبوونی ته‌واوه‌تیی و هه‌مه‌لایه‌نی ئه‌خلاق، ھەروەھا بۆ‌ ئیستیقاله‌یه‌كی گه‌وره‌ و ترسناکیش له‌ بیركردنه‌وه‌.

بیرنەکردنەوە تەنها لە کەسخستنی کەس نییە، بەڵکو گۆڕینی کەسەکانیشە بۆ ئامراز، ئامارازێکی سادە و هەرزانی جێبەجێکردنی سەرجەمی ئەو تاوانە گەورانەی دەشێت لە ساتەوەختێکی مێژوویی دیایرکراودا رووبەڕووی کۆمەڵگا ببنەوە.  ئەمەش یەکێکە لەو مەترسییە گەورانەی ئەمرۆکە رووبەرووی کۆمەڵگای ئێمە بوەتەوە.  

null

چی چاوەرێ لە کوردانی سوریا بکەین؟ 

null

پرۆسەی ئاشتیی: ڕێکەوتن یان تەسلیمبوون؟

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

چۆن بیر لە شار بکەینەوە؟

null

حوکمڕانیی چییە؟

null

ئیرادەی ژیان لە رۆژگاری دژ بە ژیاندا

null

٩ شەهیدی تریش: کوردبوون وەک رەفزێکی ڕادیکاڵ