سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

ئیرادەی ژیان لە رۆژگاری دژ بە ژیاندا

بڵاوکراوەتەوە لە : 26 تەمموز 2026

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

 

مەریوان وریا قانع یەكشەممان تایبەت بە (درەو) دەینوسێت

 

ئەوەی ئەمرۆ رێی بکەوێتە هەرێمی کوردستان و حەوسەڵەی روانینێکی بە شتێک لە قووڵاییەوە هەبێت، دونیایەکی تەواو ئالۆز و پر لە مەترسیی هەمەجۆر دەبینێت.

،

یەکەمین شتێک هەستیپێبکرێت مەترسیی کەوتنە ناو جەنگێک خوێناویی و وێرانکەرەوەیە، کە لەم ساتەدا تەنها لە فۆرمی ناردنی چەند درۆن و تەقاندنی چەند رۆکێتک و پەلاماردانی ئەم یان ئەو ناوچەدا ئامادەیە. لێرە شاخێک دەسوتێت و مەشجەبێک دەتەقێنرێتەوە و لەولا پەلاماری فڕۆکەخانە و  قونسوڵیەت و شوێنە گشتییەکان، دەدرێت. جەنگێک تا ئێستا ژیانی لە چەندان کەس سەندۆتەوە و چەندەها کەسیشی بریندار و نائومێدکردوە. بەڵام ئەم جەنگە دەشێت خوێناویتر و وێرانکەرتربێت، دەشێت زیانی گەورە بە ژیانی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی هەرێمەکە، بگەیەنێت.

 

شەڕی ئەمیرکا و ئێران خەریکە دەچێتە قۆناغێی توندتر و وێرانکەرتر و خوێناویترەوە. خۆشحاڵانە کورد تا ئەم ساتە بەشێک نییە لەم جەنگە و لە دەرەوەی نەخشەی گۆڕەپانەکانی جەنگدایە. بەڵام ئەم دۆخە کوردی لەوە نەپاراستوە ئێران بەشێوەیەکی بەردەوام پەلاماری ناوچە کوردییەکان نەدات و ئاگری جەنگەکە نەهێنێتە ئەو ناوچانەوە. بە بۆچونی من لەپشتی پەلاماردانی ئێرانەوە بۆ ناوچە کوردییەکان ستراتیژیەتێکی سەربازیی و ئەمنی راستەقینە ئامادەنییە، چونکە هێزە کوردییەکان هەڕەشەیەکی سەربازیی و ئەمنی گەورە نین و خەڵکی کوردستانیش بەشێک لە جەنگەکە نین. پەلاماردانی ناوچە کوردییەکان لەلایەن ئێرانەوە، لەباتی «ستراتیژیەتێکی سەربازیی»، بە پلەی یەکەم، «ستراتیژیەتێکی دەرونیی» ئاراستەی دەکات. بە زمانێکی سادەتر بدوێین  ئێران دەرەقەتی ئەمریکا و ماشێنە سەربازییە گەورە و وێڕانکەرەکەی نایەت، بەڵام کەی بیەوێت و چۆنی بوێت، بەو شێوەیە پەلاماری کوردستان ئەدات. بەمەش جۆرێک لە «سەرکەوتنی وەهمی» بە هەوادارەکانی چ لەناو ئێران و چ لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا، دەفرۆشێت. 

 

دووهەمین دیاردە کە هەر چاودێرێک زۆر بە ئاسانی دەتوانێت هەستیپێبکات و ببینیێت، ئەو دابەشبوون و پارچەپاڕچەبوونە ناوەکییەیە کە کوردستان تەمەنێکە، بەبێ هیچ هەوڵدانێکی جدی بۆ تێپەڕاندنی لەناویدا دەژیی. بکەرە سەرەکییەکانی ئەم دابەشبوون و پارەچەپارچەبوونە گەورەیەش خودی بکەرە سیاسییە سەرەکییەکان و هێزە حوکمڕانەکانی کوردستان خۆیانن. ئەم دابەشبوونە مێژوویەکی درێژی قورس و سەختی لە یەکترینەفیکردن و لە خواستی مۆنۆپۆڵکردنی دەسەڵات و سیاسەتی بەخێزانیی و بەبنەماڵەییکردنی هەموو دەسەڵاتەکانی لە کوردستاندا، لەپشتە. ئەم دۆخە بەجۆرێکە کە چارەسەرکردنیان، بەبێ دەسکاریکردنێکی ریشەیی سەرجەمی مۆدێلی حوکمرانیەکە، مەحاڵە. 

شەڕی ئەمیرکا و ئێران خەریکە دەچێتە قۆناغێی توندتر و وێرانکەرتر و خوێناویترەوە. خۆشحاڵانە کورد تا ئەم ساتە بەشێک نییە لەم جەنگە

خەونی بە «مەرجەع»بوون و خواستی سنووردارکردنی تەواوی دەسەڵاتەکان لەناو سنوورە تەسکەکانی چەند خێزانێکی سیاسیدا بە تێپەڕین بەناو لەدەزگاخستنی سەرجەمی دەزگاکان و ڕێزنەگرتنی لانی هەرەکەمی یاسا، لە پشتی ئەم نەخۆشییە سیاسییە کوشندەوەیە، کە ساڵانێکی درێژە لە مێژووی سیاسیی ئێمەدا ئامادەیە و تا دێت کوشندەتر و ترسناکتریش دەبێت. ئەوەی لە کوردستاندا هەیە سیستمێکی سیاسیی نییە کە خێزانە سیاسییەکان ناچاربن خۆیانی لەگەڵدا بگونجێنن، بەڵکو ئمادەگیی کۆمەڵێک خێزانی سیاسیە کە دەیانەوێت نەک تەنها سیستمە سیاسییەکە، بەڵکو خودی کۆمەڵگاکە خۆیشی، خۆیان لەگەڵ خواست و ویست و حەز و تەماحەکانی ئەواندا بگونجێنن. ئەمەش لەلایەن هەندێک رۆشنبیر و خوێندەواری پلە سێوە ناوی واقیعیبوون و خوگونجاندان لەگەڵ واقیعدای، لێنراوە. 

ئەم خێزانە سیاسییانە سوپایەکیان دەوێت هی خۆیان بێت، پۆلیسی و هێزێکی ئەمنیان ئەوێت هی خۆیان بێت، دەستورێکیان دەوێت هی خۆیان بێت، پەرلەمانێکیان دەوێت هی خۆیان ێت، میدیایەکیان دەوێت هی خۆیان بێت، کۆمەڵگایەکی مەدەنیان دەوێت هی خۆیان بێت، ڕۆشنبیرێکیان دەوێت هی خۆیان بێت، هتد...ئەم بەشەخسیکردنەی سەرجەمی دەرکەوتەکانی ژیانی گشتیی و سەرجەمی دەزگاکانی رێکخستنی ئەو ژیانە گشتییە، ئەو دەردە سیاسییە کوشندەیە لەناوەوە هەر هەوڵێک بەرەو هەستی هاودەردیی و ئەخلاقی هاریکاریی و خواستی بەهێزبوون، واتە هەر هەوڵێک بۆ گۆڕانکارییەکی گرنگ و کاریگەر و بەسود، لەباردەبات.

ئەم خێزانە سیاسییانە سوپایەکیان دەوێت هی خۆیان بێت، پۆلیسی و هێزێکی ئەمنیان ئەوێت هی خۆیان بێت

سێهەمین دیاردە کە تێبینی دەکرێت نووقسانیی و کورتهێنانێکی گەورە و هەمەلایەنە، لە دەستەبەرکردنی ئەو خزمەتگوزارییە سەرەکیی و سادانەی ژیانی ڕۆژانە بەبێ ئەوان دەگۆڕێت بۆ جەهەنمێکی گەورە. لەوانەش دەستەبەرنەکردنی ئاو و کارەبا و سوتەمەنی بەنرخێکی گونجاو، بۆ بەشێکی گەورەی کۆمەڵگاکە. لە هەندێک گەڕکدا بە ٤ رۆژ یان ٥ رۆژ جارێک ئاو دەێتەوە، کارەباش کێشەی گەورە و بەردەوامی تێدایە. نرخی نەوت و بەنزین و سوتەمەنی ڕێکناخرێت و گرانییەکی بەرچاو لەم بوارانەدا دەبینرێن. هەموویشی لە ژێڕ فشارە گەورە و بەردەوامەکانی ئابورییەکدا، کە هەندێک بە «ئابورییەکی نیولیبرال» ناویدەبەن، لە کاتێکدا ناونانی بە «ئابورییەکی مافیایی» یان «نیمچەمافیایی» ناونانێکی گونجاوتر و ڕاستترە.   لەرووی تیورییەوە ئابوریی نیولیبرال لەسەر ئازادیی رەهای بازاڕ کاردەکات، تا ئەو شوێنەی قسە لە دیکتاتۆریەتی بازار دەکرێت، لەکاتێکدا بازاڕی کوردستان بازاڕێکە، تا رادەیەکی گەورە، بازاڕێکی قۆرخکراو، یان نیمچەقۆرخکراوە.  بە تایبەتی کەرتە ئابورییە ستراتیژیی و سەرەکییەکانی ئەو ئابورییە.  

 

چوارهەمین دیاردە کە هەر چاودێرێک بە ئاسانی هەستی پێدەکات، ئەو ململانێ گەورەیەیە کە هێزەکانی ئیسلامی سیاسیی لەناو خۆیان و لەگەڵ بەشە عەلمانیی و دیندارە ئاسایی و ناسیاسییەکەدا، دروستیانکردوە. بۆ نموونە ململانێی نێوان سەلەفییەکان و ئیخوانییەکان، ململانێی نێوان باڵە جیاوازەکانی سەلەفیەت لەگەڵ یەکتریی و لەگەڵ ئەوانیترد. رووداوەکانی پەیوەست بە سەرۆکی سەلەفییەکان، عەبدول لەتیفی سەلەفی،ەوە، لە دیارەدە هەرە بەرچاوەکانی ناو ئەو دۆخە دینییەیە کە لە دوو دیەیەی دوایدا، دروستکراوە. مەبەستم بەکارهێنانی دینە بۆ سود و قازانج و مەبەستی شەخسیی و تایبەتی بکەرە دینییەکان. هەر لە پەیوەندیدا بە دینەوە، ئەوەی دەیبینین ئاوسانی زیاتر و زیاتری ئەو ژێرخانە دینییە کە هەیە و دروستکراوە. بونیادنانی گەورەترین مزگەوتی جیهان لە هەولێر، گۆڕینی زەویەک کە سەرەتا تەرخانکراوە بۆ دروستکردنی دەزگای کولتوریی و سێنتەری لێکۆڵینەوە لە سڵێمانی بۆ گەورەترین مزگەوت لەو شارەدا، دەرکەوتێکی تری ئەم ئاوسانە دینییە نابەرپرسیارەیە. ئەم نانەرپرسیاریەتە تەنها هێزەکانی ئیسلامی سیاسیی و دیاردەی بەسەلەفیبوونی دینداریی لەپشتەوە نییە، بەڵکو، بە پلەی یەکەم، نابەرپرسیارێتی هێزە حوکمڕانەکانی هەرێمە، کە دەخوازن لە ڕێگای ئەم ئاوسانە نابەرپرسیارەی دینییەوە، وێنەیەی دینی بە خۆیان ببەخشن.

 

پێنجەمین شتێک هەر چاودێرێک دەتوانێت تێبینیبکات و ببینێت «ئیرادەی ژیانە» لای بەشێکی گەورەی دانیشتوانی هەرێم، ئیرادەی ژیان بە مانا نیتشەییەکەی. خەڵک، بە شێوەیەکی گشتی، لەناو ئەو دۆخە سەختەی لە سەرەوە هێڵە گشتییەکانیم کێشا، حەزێکی گەورە بۆ ژیان نمایشدەکەن و لەهەر شوێنێکیشدا بۆیان بگونجێت ئەو حەزەش، دەخەنە بواری پیادەکردنەوە. ئیرادەی ژیان بەمانای خواستی مانەوە و لەناونەچوون بە تەنها نا، گەرچی لەم دۆخەی ئێستادا خودی مانەوە خۆی دەسکەوتێکی ئینسانی گەورەیە، بەڵکو «ئیرادەی ژیان» بە مانای بوونی خواست و ویستی دروستکردن و داههێنانی ژیان و بەهای تایبەت بەو ژیانە تازەوە. لەم ئاستەدا ئەوەی، بۆ نموونە، دەکرێت تێبینیبکرێت، بوونی کەسانێکە کە دەخوان مانایەک بە ژیانیان ببەخشن لە دەرەوەی جەبر و فشارەکانی ئەو دۆخەدا، کە دروستکراوە. 

یەکێک لەو شتانەی بکرێت لەم ساتەدا کوردستان جوانبکات، بوونی ئەو ئیرادە و خواست و گەڕانەیە بەدوای مانادا، ئەو هەوڵانەیە کە ناهێڵن و نایانەوێت ژیانیان لە قاڵببدرێت. 

null

٩ شەهیدی تریش: کوردبوون وەک رەفزێکی ڕادیکاڵ

null

کەمینەبوون و «برینی نارسیستی»

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

سڵاو لە بوێری ئەو خانمە نەترس و ئازایانە

null

سیاسەتی سوکایەتیی و ئیهانەکردن

null

سەبارەت بە ئەخلاق: ئایا لە دەرەوەی دیندا ئەخلاق هەیە؟

null

سەبارەت بە دەوڵەت و حوکمڕانیی هاوچەرخ