سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

٩ شەهیدی تریش: کوردبوون وەک رەفزێکی ڕادیکاڵ

بڵاوکراوەتەوە لە : 20 تەمموز 2026

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

 

مەریوان وریا قانع یەكشەممان تایبەت بە (درەو) دەینوسێت

پێرێ، یەکشەمە، ڕێکەوتی ١٩-٧-٢٠٢٦، تەرمی ٩ شەهیدی رۆژهەڵات لە گۆرستانی شێخ ئەحمەد هیندی لە شاری سلێمانی بە  خاک سپێردران. نۆ ژیانی گەنج کە کوردبوون هەموویان بەیەکەوە کۆدەکاتەوە، کۆتاییان پێهات. بینینی تەرمی ئەو شەهیدانە و بینینی دایک و باوک و  کەسوکار و هاوڕێکانیان لەو گۆڕستانەدا، وەبیرهێنانەوەیەکی ئازاراوی تراژیدیاکانی کوردبوونی زیاد لە سەد ساڵی ڕابردوو بوو.  ئەو ٩ شەهیدە رۆژهەلاتییە شاهێدی زیندووبوونی ئەو رۆحیەتە رەخنەییە رەفزکەرەن، کە داوا لە مرۆڤ دەکات بە مەرجەوە بژی، مەرجی مامەڵەکردنی مرۆڤ وەک مرۆڤ، نەک وەک بوونەوەرێکی کەمنرخ و بێبایەخ و بێماف. 

زۆرینەی شۆڕشەکانی جیهان، بەردەوام ئەو راستییەمان وەبیردەهێننەوە، کە کەسنێک هەن بەو مەرجانەوە دەژین، کە دەشێت تا سنووری مەرگ بڕوات. پێداگرتن لەسەر ئەو مەرجانە بەشێکە لم کردەی رەفزکردنی جیهان بەو شێوەیەی دروستکراوە و سەپێنراوە. مەرگ لێرەدا لە حەزی مردن و خوۆکوژییەوە نەهاتووە، پەیوەندیی بە مەرگدۆستییەوە نییە، بەڵکو دواهەمین ئامرازیی ناو دەستی رەفزێکە، کە دەخوازێت کۆمەڵگایەکی باشتر و دادپەروەرتر و رووناکتر دروستبکات. بەشێکە لە کردەی بەخشینی مانایەک بە ژیان لەناو سیستمێک ژیان لە هەر بەها و نرخێک دادەماڵێت.  

بە مانایەکی دیکە لەپشتی ئامادەگییەوە بۆ مەرگ، دەشێت جۆرێک لە رەفزکردنی رادیکاڵ و ڕیشەیی هەبێت و کاربکات، رەفزکردنی ئەوەی کە لەو ساتەدا وەک دواهەمین فۆرمی بوون و تاقە شەوازێکی بوونی جیهان، سەپەنراوە. لەدۆخی ئێراندا رەفزکردنێکی ڕادیکاڵی ئەوەی بەناوی دین و لەپاڵ دین و لەڕێگای بکەرە دینییە ئایدیۆلۆژیاکانەوە وەک تاقە ئەگەرێکی ژیان و تاقە ئەگەری پێکەوەبوونی مرۆڤەکان بەیەکەوە، سەپێنراوە. هاوکات لەپشتی هەر رەفزێکی رادیکاڵەوە بەردەوام باوەرێکی قووڵ و بەهێز ئامادەیە، کە پێیوایە مرۆڤ هەم شایستەی جیهانێکی باشتر و مانادارترە، هەم هێز و توانای دروستکردنی ئەو جیهانەی هەیە. لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد هیندی لە شاری سلێمانی، جارێکی دیکە بیرۆکەی «تەسلیمنەبوون» و «رەفزکردن» و «ژیان بە مەرجەوە» جارێکی دیکە بە قورساییەکی ئەخلاقیی و مێژوویی گەورەوە، هاتەوەکایە. 

بێگومان رەفزکردنی جیهان بەر لەوەی بەرهەمی هۆشیاریی بێت، بەرهەمی ئەزموونکردنی مرۆڤاکانە بۆ کۆی ئەو ناهەقیی و نادادپەرەوەریی و سوکایەتیکردنانەیکە لەناو ئەو جیهانەدا هەیە و لەناو ئەو جیهانەدا، دروستکراوە. هۆشیاری دێت بۆئەوەی ئاراستە و بونیاد و ئاسۆیەک بەم ئەزموونی رەفزکردنە، ببەخشێت. هۆشیاریی جیهانبینییەک دروستدەکات کە دەرگا لەسەر ئەگەری وێناکردنی جیهانێکی باشتر و ئینسانیتر و دادپەروەرانەتر، دەکاتەوە. لە دۆخی کوردبووندا، ئەم ئەزموونی رەفزکردنە، ئەزموونی رازینەبوونە بە سەرجەمی ئەو چەوساندنەوە و نایەکسانیی و بێڕێزیانەی بەرامبەر بە مرۆڤی ئەم نیشتیمانە دەکرێت و کراوە. کوردبوون وەک فۆرمێکی تایبەتیی بوون و ئامادەگی مرۆڤ لە جیهاندا، فۆرمێک کە زیاد لە سەدەیەکە لەژێر هەڕەشە و فشار و هەوڵی سڕینەوە و لەناوبردن و تواندنەوەی هەمەجۆردایە.  

یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی کوردبوون لەوەدایە هەرگیز لە جیهانێکدا نەژیاوە، کە خۆی دروستکەر و بونیادنەرەکەی بووبێت

لەم رەفزکردنە ڕادیکاڵەدا. هاوکات جۆرێک لە هەستکردنێکی گەورە بە بەرپرسیاریەتیش ئامادەیە، تەنها بەرپرسیاریەت بەرامبەر بە ژیانی تاکەکەسیی و شەخسیی مرۆڤەکان خۆیان نا، بەڵکو بەرامبەر بەو ژیانە پێکەوەیی و گشتییەش بەیەکەوە دروستیدەکەن و بەیەکەوە لەناویدا لەدایکدەبن و گەورەدەبن.  لەناویدا دەبنە بوونەوەرێکی بیرکەرەوەی بەرپرسیاریش. لەناو ئەم رەفزە رادیکاڵەدا ئەم هەستکردنە بە بەرپرسیاریەت، گەشەدەکات بۆ ئەوەی ببێت بە بەرپرسیاریەتێکی مێژوویی و داوای جۆرێکی تر لە جیهان و جۆرێکی تر لە واقیع و جۆرێکی تر لە مێژوو، دەکات. کۆتایی بەسەردەمێک بهێنرێت و سەردەمێکی تر دەستپێبکات. لەم پێناوەدا هەستکردن بە بەرپرسیاریەت دەگۆڕێت بۆ هێزی دەسکاریکردنی مرۆڤ لەناوەوەی خۆیدا، بەر لەوەی ببێت بە هێزی جوڵاندنی مرۆڤ لەناو تونە تاریکەکانی واقیع، خۆیدا. مانا رەمزییەکانی ئەم بەرپرسیاریەتە ئەو وزە ئەخلاقییە ناوەکییەیە، کە بە رەفزی مرۆڤەکان، مانایەکی ئەخلاقیش دەبەخشێت. 

لە دۆخی کوردبووندا ئەم فۆرمە لە ئەخلاقیات و ئەم هەستە بە بە بەرپرسیارێتی، بە پلەی یەکەم، مانای بەرگریکردن لە کەرامەتێکی ئینسانییش. کەرامەتێک دۆخی بەکەمینەکردنی کورد لە سەدەی بیستەم و دۆخی مامەلەکردنی ئەم کەمینەبونە وەک هەرەشەیەکی ئەمنی بەردەوام، دروستیکردوە.  یاریکردنی ترسناک و مەرگئامێزی مرۆڤی ئێمە بە ژیانییەوە، پەیوەندییەکی پتەوی بەم بەرگریکردنەوە لە کەرامەت هەیە، کەرامەتی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی دەگمەن، وەک کەسێک خاوەنی بەها و نرخی ناوەکیی تایبەت. 

لە پەیوەندیدا بە خەباتی خەڵکی کوردستانیشەوە وەک گشتێک، بۆ بەدەستهێنانی مافە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کولتوریی و ئینسانییەکانیان، مەرگ بووە بە یەکێک لە پێکهاتە ناوەکییەکانی هەر کردەیەکی نارەزایی دەربڕین، بەرامبەر بەو دەوڵەتانەی کورد لەناویاندا وەک کەمینە نیشتەجێکراون. ئەگەری مەرگ جەوهەری ئەو پەیوەندییەیە کە مرۆڤی ئێمە بەو دەوڵەتانەوە گرێئەدات. ئەمەش وادەکات مەرگ لە پەیوەندیدا بە کوردبوونەوە، مانای سیاسیی ئەخلاقیی گەورە وەربگرێت.  ڕیسک کردنیش بە ژیانەوە ببێت بە سەرەتای هەرە سەرەتاکان. بەو خاڵی یەکەمەی تیایدا کوردبوون تەواو ناکۆک بێت، بە کۆی ئەو چەوساندنەوە و بێماف و بێرێز و بێنرخکردنە سیستماتیکیانەی رووبەروییان دەبێتەوە.  چەوساندنەوە و بێماف و بێرێز و بێنرخکردنێک بووە بە بەشێک لە جیهانبینی دەوڵەتە مەرکەزییەکان. ریسککردنە بە ژیانەوە لێرەدا، هێندە هێما بۆ ئازایەتی ناکات، ئەوەندەی هێما بۆ رەفزکردنێکی رادیکاڵی کۆی ئەو سوکایەتیی و چەپاندنن و بێنرخکردنانە دەکات، کە کوردبوون لە سەدەی بیستەمەوە، رووبەروویان بۆتەوە.

یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی کوردبوون لەوەدایە هەرگیز لە جیهانێکدا نەژیاوە، کە خۆی دروستکەر و بونیادنەرەکەی بووبێت. بەپێچەوانەوە کوربوون هەمیشە خراوەتەوە ناو جیهانێکەوە کە ئەوانیتر، یان بەشێوەیەکی راستەوخۆ دروستیانکردوە، یان دەستێکی شێوێنەرانەیان لە دروستکردنیدا، هەبووە. ئاکاری ژمارەیەکی ئەو جیهان دروستکراوەش بریتیە لە داننەنان بە کوردبووندا وەک فۆرمێکی تایبەتی مرۆڤبوون، کە لە هیچ فۆرمێک لە فۆرمەکانی تری مرۆڤبوون کەمترنییە، هاوکات وەکو ئەو فۆرمانەی تری مرۆڤبوون، مافی هەبوونی دانپیانان و هەبوونی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤی، هەیە. 

بەدرێژایی مێژووی هاوچەرخیش یاخیبوونی کوردبوون بەرووی ئەم جیهانە دانپیانەنێرە و قبووڵنەکردنی ئەو بێدادیی و بێمافیی و بێنرخییەی کە سەپێنراوە، زیاد لە فۆرمێکی گرتۆتەخۆی، هەرە دیار و هەرە ترسناک و هەرە خوێناویەکەی بریتییە لە «خەباتی چەکدار»، کە ئامادەگی بۆ مەرگ پیتی یەکەم و دواهەمی دەستنیشنادەکات و سەرجەمی رێزمانی ئەم یاخیبوونەش ئاڵانە لە خودی مردن خۆیەوە. 

 لە پەیوەندیدا بە کوردبوونەوە شتێک بەناوی «بێلایەنیی» و بەناوی «واقیعێکی بێگوناه»ەوە بوونی نییە، هەموو ئەو واقیعانەی کە هەن و دروستکراون یان هەموو کوردبوون نەفیدەکەن، یان هەندێک لە دەرکەوتە هەرە سەرەکییەکانی دەچەپێنن. لە چەپاندنی مافی بەکارهێنانی زمانەوە بۆ چەپاندنی بەشێکی گەورەی مافە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کولتورییەکان.  ئەوەی لەلایەن دەوڵەتە مەرکەزییەکانەوە ئاساییە، لە پەیوەندیدا بە کوردبوونەوە، ئیهانە و سوکایەتیە بە شوناسێک دەیەوێت لەپاڵ کۆی شوناسەکانی تری جیهاندا، هەبێت و بژی. بۆیە بەگژاچوونەوەی ئەو سیستمی بەئاساییکردنەی پێشێلکردنی ماف و بەڕۆتینکردنی، ئەو کردەیەیە کە کەسە رەخنەیی و شۆڕشگێڕەکان پێیهەلدەستن. کەسانێک لە جنسی ئەو ٩ شەهیدەی لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد هیندی لە شاری سلێمانی بە  خاک سپێردران.

ئەو ٩ شەهیدەی کوردانی رۆژهەڵات ئەوەی وەبیرهێناینەوە کوردبوون چ قورساییەکی وجودیی گەورەیە


بەگژاچوونەوەی ئەم سیستمە بە ئاسایی و سروشتی کراوەی نەفیکردنی کوردبوون، هاوکات کردەی هێماکردنیشە، بۆ ئاسۆیەک تیایدا ئەو واقیعە گۆڕانی ریشەیی بەسەرداهاتبێت و  جیهانێک دروستبووبێت شوێنی کوردبوونی تێداکرابێتەوە.

ئەم رەهەندە ئایدەییە پەیوەندیی بە هەلگرتنی بەرپرسیاریەتەوە هەیە بەرامبەر بە ژیانی ئەوانەیش کە هێشتا لەدایکنەبوون، ئەوانەی هێشتاکو وەکو کورد نەهاتوونەتە دنیاوە، ئەو نەوانەی لەدوای لەدایکبوونیانەوە کوردبوون دەبێیە شوناسی ژمارە یەکیان.
مەرگی ئەو شەهیدانەی گۆڕستانی شێخ ئەحمەدێ هیندی لە شاری سلێمانی نێژران،  بەرپرسیاریەتێکی گەورە دەخاتە سەر هەر کەسێک ڕێزی کوردبوونی خۆی بگرێت و ئەم کوردبوونەش بە پرۆژەی ئازادیی و دادپەروەریی و مافەو،ە گرێبدات. شەهیدبوون لەناو ئەم فۆرمەدا لە کوردبوون، گەرانێکی بیمار بەدوای مردندا نییە، پەیوەندیی بە مەرگدۆستییەوە نییە، ناچێتە قاڵبی حەزی خۆکوژییەوە، بەڵکو بەشێکە لە دیدگایەک پێیوایە ئەو دونیایەی دروست و سەروەرکراوە، نرخ و بەهای ژیانێکی ئیسنانیی نییە، ژیانێک نییە مرۆڤ وەک مرۆڤ مامەڵەبکات، نەک وەکو مێرویەک کەمتر لە مرۆڤ. ئەو ٩ شەهیدەی کوردانی رۆژهەڵات ئەوەی وەبیرهێناینەوە کوردبوون چ قورساییەکی وجودیی گەورەیە، بەڵام چوونەژێر فشاری ئەم قورساییەوە چ شانازییەکی ئینسانیی و ئەخلاقیی گەورەیە. 

 

 

null

کەمینەبوون و «برینی نارسیستی»

null

سڵاو لە بوێری ئەو خانمە نەترس و ئازایانە

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

سیاسەتی سوکایەتیی و ئیهانەکردن

null

سەبارەت بە ئەخلاق: ئایا لە دەرەوەی دیندا ئەخلاق هەیە؟

null

سەبارەت بە دەوڵەت و حوکمڕانیی هاوچەرخ

null

هیچ کەسێک تاقەتی سەریەشەی سیاسیی پارتی و یەکێتی نەماوە