سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

سڵاو لە بوێری ئەو خانمە نەترس و ئازایانە

بڵاوکراوەتەوە لە : 5 تەمموز 2026

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

مەریوان وریا قانع یەكشەممان تایبەت بە (درەو) دەینوسێت

 

ئەوەی لە ماوەی پێشودا و لە پەیوەندیدا بە هەڵسوکەتەکانی عەبدولەتیفی سەلفییەوە روویدا، بەرەو یەک راستی سۆسیۆلۆژی سادەمان دەبات: راستی ئەوەی ئێمە لە بەردەم نەوەیەکی تازە لە کچان و ژنانی گەنجداین کە خۆیان وەک تاکەکەسی سەربەخۆ و وەک مرۆڤی خاوەن ماف و خاوەن تێز دەبینن. کەسانێک بەرامبەر بەو گێچەڵیی و خراپەکارییانەی بەرامبەریان ئەنجامئەدرێت، یان دەشێت ئەنجامبدرێت، بێدەنگ نابن. پێدەچێت ئەم نەوە گەنجە لەوەش نەترسن مەسەلە زۆر شەخسیی و تایبەتەکانی خۆیان، بۆناو رووبەری گشتیی بگوازنەوە و بیکەن بە بابەتی قسەلەسەرکردن، لەناو ژیانی گشتیی کۆمەڵگاکەدا. 

 

 ئەمەش، بە بۆچوونی من، دەرخەری کۆمەڵێک گۆڕانکاریی سەرەکییە هەم لە روانینی ئەم نەوە گەنجەدا بۆ خۆی، هەم لە تێگەیشتنیدا بۆ ماف و بەرپرسیاریەتییەکانی، هەم لە روانینیدا بۆ پەیوەندییەکانی دەسەڵات و پێگە فەرمییەکانی ناو کۆمەڵگاکە. هاوکات ئەم دۆخە تازەیە هێما بۆ دروستبوونی جۆرێکی تازەش لە «بوێری کۆمەڵایەتیی» دەکات. 

 

«بوێری کۆمەڵایەتیی» هێما بۆ ئەو دۆخە کۆمەڵایەتیی و دەرونییە دەکات تیایدا کەسەکان باکیان بەو مەترسییانە نییە کە دەشێت ڕووبەروویان ببنەوە، کاتێک ئەو بابەتەی بەگرنگی دەزانن ببەنە ناو ژیانی گشتیی و ئاشکرای کۆمەڵگاکەوە. تاکەکان لەوە ناترسن کۆمەڵگا بە گشتیی، یان لانیکەم بەشێکی کۆمەڵگاکە، چ جۆرە کاردانەوەیەکی بەرامبەریان دەبێت. بەم مانایە بوێری کۆمەڵایەتیی هەمیشە پەیوەستە بە رووبەرووبوونەوەی چەندان «مەترسی کۆمەڵایەتیی» جیاوازەوە.  

 

لە دۆخی خوێندکارە کچەکانی زانکۆی سلێمانیدا، بوێری کۆمەڵایەتیی، پەیوەندیی بەو ڕاستییە سادەیەوە هەیە کە ئەوان نازانن و دڵنیا نین لەوەی کۆمەڵگاکە، چ جۆرە کاردانەوەیەکی بەرامبەر بە قسەکردنە گشتیی و ئاشکراکانیانەوە، دەبێت. ئەوان تەنها متمانەیان بەخۆیان هەیە و نازانن دونیای دەرەوە چ جۆرە مامەڵەیەکی ئەو متمانە ناوەکییە، دەکات. ئەوەی لەم دۆخەدا زۆر گرنگە پشتبەستنی ئەو خوێندکارە کچانەیە بەو متمانە ناوەکییەی بە خۆیان هەیە. 

کێشەکەشیان لەگەڵ ئەو پیاوە سەلەفیەدا لەدەوری دانانی سنوور بۆ هەڵسوکەوتەکانی مامۆستایەک دەسوڕێتەوە، کە سنوورە ئەخلاقیی و پیشەییەکانی مامۆستابوون و سنووری شێوازی مامەڵەکردنی خوێندکارانی لەلایەن مامۆستایانەوە، تێپەڕاندوە.  ئەوەی دۆخەکەش گرنگتر و بایەخدارتر دەکات ئەو راستییەیە، کە ئەو خوێندکارە کچانە سنوور بۆ مامۆستایەکی ناسراو و دەسەڵاتدار دادەنێنن.

بوێری کۆمەڵایەتیی ئەو خوێندکارە کچانە دانانی سنوورێکیشە بۆ ئەگەری خراپبەکارهێنانی دەسەڵات لەناو زانکۆکاندا

ئەم مامۆستایە پێشڕەوی رەوتێکی دینیی ڕێکخراوە لەناو کۆمەڵگاکەدا. لەیەک کاتیشدا هەم خاوەنی دەسەڵاتێکی دینیی و کۆمەڵایەتیی و رەمزییە، هەم دەسەڵاتێکی پیشەییش. هەمووانیش دەزانن تۆڕێکی پەیوەندیی بەرفراوانی بە کۆمەڵێک لە سەرە گەورەکانی دەسەڵاتەوە هەیە. هاوکات ئەم پیاوە سەلەفییە، کەسایەتییەکی ناسراوی ناو ژیانی گشتیی کۆمەڵگاکەشە. ئەو لەناو رووبەری گشتیدا بەردەوام ئامادەیە و چەندان دەزگا و ئامراز و میکانیزمی قسەکردن و بڵاوکردنەوەی بیروبۆچوونەکانی لەبەردەستدایە.لەکاتێکدا خوێندکارەکان نەک تەنها هیچ یەکێک لەو دەسڵاتانەیان نییە، بەڵکو لەوەش دڵنیان کە دەشێت دووجاری مەترسیی و سەرزەنشتکردنی کۆمەڵایەتیی و رەگەزیی و پەلاماردانی دینییش، ببنەوە. 

 

دانانی سنوورێک بۆ پیاوێکی دینیی کە بەناوی خودا و دین و موقەدەساتەوە قسەدەکات، داوەریی دینداربوون یان بێدینبوونی کەسەکان دەکات، کەناڵی میدیایی و مزگەوت و هەواداری تایبەت بە خۆی هەیە، جەوهەری ئەو بوێرییە کۆمەڵایەتییە نیشانئەدات، کە ئەو خوێندکارە کچانە هەڵگرین. ئەمەش ئەو دۆخەیە کە پێموایە هێما بۆ دروستبوونی تاکەکەسێکی تەواو تازە لە کۆمەڵگاکەدا دەکات. کچانێکی گەنج نرخ و بەهاو مافەکانی خۆیان وەک تاکەکەس دەناسن، بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت دەکەن، بوێری ئەوەیان هەیە رووبەرووی مەترسییە کۆمەڵایەتییەکان ببنەوە. 

 

بێگومان ئەو خوێندکارە کچانە دەزانن ئەوان ئەندامی کۆمەڵگایەکن، پیاوسالاریی لە فۆرمە جیاوازەکانیدا، بەڕێوەی دەبات.  دەزانن بێدەنگبوونی کچان و ژنان یاسایەکی کۆمەڵایەتیی نەنوسراوە. زمانی قسەکردنیان کۆنترۆڵ و ئاراستەکراوە. تێگەیشتنیان لە خۆیان پێشتر دەستنیسانکراوە و لەقاڵب دراوە. دەڵێم سەرەڕای ئەم راستییە سادانە، کە هەموو کچێک لە کۆمەڵگاکەدا دەیزانن، کەچی ئامادەنین نايەکسانییەکانی دەسەڵات و باڵادەستیی پیاوسالاریی، ژیان و خواست و مانا و مافەکانیان، کەسایەتیان وەک تاکەکەسێکی هۆشیار، لەقاڵب بدات.

 

بەبۆچونی من خاڵی دڵخۆشکەر لەم مەسەلەیەدا لەوەدایە، کە کۆی کەیسەکە هێما بۆ دروستبوونی جۆرێکی تایبەت لە تاکەکەس دەکات کە، بەر لە هەمووشتێک، رێزی تاکەکەسبونی خۆی دەگرێت و خۆی وەکو بکەرێکی خاوەن ماف و خاوەن کەرامەت، دەبینێت. تاکەکەسێک ترسی کۆمەڵایەتیی و دینیی و رەمزیی بێدەنگ و بێزمان و بێئیرادەی ناکات.  ئەو هاوکێشانەی دەسەڵاتیشی قبووڵ نییە کە دەکرێت بۆ دەستدرێژیکردنە سەر ژیانی شەخسیی ئەوان و سەر ئەوان وەک بوونەوەرێکی سەربەخۆ، بەکاربهێنرێت. بۆ نموونە، قبووڵنەکردنی ئەو هاوکێشەی دەسەڵاتەی لە نێوان مامۆستا و خوێندکاردا لەناو زانکۆدا دروستدەبێت. هاوکێشەیەک تیایدا مامۆستا دەتوانێت لە پێگەی دەسەڵاتێکی ناهاوسەنگ و نایەکسانەوە، مامەڵەی خوێندکارەکانی بکات. دەسەڵات لێرەدا هێما بۆ بوونی چەک و پێگەی حیزبیی و چینایەتی ناکات، بەڵکو هێما بۆ ئەو پەیوەندییە لاسانگە دەکات کە دەشێت لە نێوان مامۆستا و خوەندکاردا دروستببێت و بەهۆیەوە خوەندکارەکە، زیانی بەربکەوێت. زانکۆ، وەک هەر دەزگایەکی کۆمەڵایەتی تر، شوێنێکە دەشێت دەسەڵات لەناویدا بەشێوازی خراپ بەکاربهێنرێت. بوێری کۆمەڵایەتیی ئەو خوێندکارە کچانە دانانی سنوورێکیشە بۆ ئەگەری خراپبەکارهێنانی دەسەڵات لەناو زانکۆکاندا. 

ئەم کەیسە نیشانمان ئەدات لە کۆمەڵگای ئێمەدا تاکەکەسێک لەدایکبووەن خۆی بە خاوەنی ماف و خاوەن رێز و خاوەن کەرامەت، دەزانێت

بە کورتییەکەی، ئەوەی لەم ماوەی پێشوودا روویدا، هێما بۆ دوو خاڵی سەرەکیی دەکات. یەکەمیان لەدایکبوونی جۆرێک لە تاکەکەس کە نایانەوێت و ناهێڵن تاکەکەسبوونیان پەلاماربدرێت، یان لەناو پەیوەندییەکی نایەکسانی دەسەڵاتدا لە قاڵب بدرێت. تاکەکەسێک هۆشیار  بە نرخ و بەها و کەرامەتی ئینسانییەی خۆی و هۆشیار بەرامبەر بەو مافانەی کە وەک مرۆڤ، شایانیەتی. 

دووهەمیان، لەدایکبوونی «بوێرییەکی کۆمەلایەتیی»ە، کە سنوورێکی مادیی و رەمزیی گەورە، بۆ ترس و دوودڵیی و نادڵنیاییە تاکەکەسیی و کۆمەڵایەتییەکان، دادەنێت. 

لە هەردوو دۆخەکەشدا ئەو پەیوەندییە تایبەتەی لای ئەم نەوە گەنجە بە خود خۆیەوە دروستبووە، ئەو وێناکردنە شەخسییەی بۆ خۆیان وەک مرۆڤێک هەیە، دەرگای گۆڕانکاریی گرنگ لەسەر پێداچوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان نێر و مێ، مامۆستا و خوێندکار، ژیانی شەخسیی و ژیانی گشتیی، دەکاتەوە. ئەم کەیسە نیشانمان ئەدات لە کۆمەڵگای ئێمەدا تاکەکەسێک لەدایکبووەن خۆی بە خاوەنی ماف و خاوەن رێز و خاوەن کەرامەت، دەزانێت. بۆ پاراستنی خۆیشی وەک ئەو بوونەوەرە خاوەن ماف و خاوەن رێز و خاوەن کەرامەتە، ئامادەیە رووبەرووی سەرجەمی مەترسییە کۆمەڵایەتییەکان ببێتەوە.  

سڵاو لە بوێری ئەو خانمە نەترس و ئازایانە. 

 

 

 

 

 

null

سیاسەتی سوکایەتیی و ئیهانەکردن

null

سەبارەت بە ئەخلاق: ئایا لە دەرەوەی دیندا ئەخلاق هەیە؟

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

سەبارەت بە دەوڵەت و حوکمڕانیی هاوچەرخ

null

هیچ کەسێک تاقەتی سەریەشەی سیاسیی پارتی و یەکێتی نەماوە

null

خۆشویستنی جیهان وەک وەڵامە راستەقینەکە

null

چەند سەرنجێک دەربارەی زیندان و زیندانیکراوەکان