سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

خۆشویستنی جیهان وەک وەڵامە راستەقینەکە

بڵاوکراوەتەوە لە : 24 ئایار 2026

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

 

.مەریوان وریا قانع یەكشەممان تایبەت بە (درەو) دەینوسێت

 

یەکێک لەو چەمکە سەرەکییانەی ژنە فەیەلسوفی ئەڵمانی-ئەمریکی، هانا ئارانێت، لە نووسینەکانیدا بەکاردیدەهێنێت، چەمکی «خۆشەویستی بی جیهان»، یان «خۆشویستنی جیهان»ە. خۆشەویستیی بۆ ئەم هەسارەیە کە مرۆڤەکان بەیەکەوە هەیانە و بەیەکەوە لەناویدا دەژین.

«خۆشەویستی بۆ جیهان» جیهان لای ئارێنت تەنها دەربڕینی هەستێکی سادە و ناوەکیی بۆ شوێن نییە، بۆ سەرزەمینێک لە فۆرمی زادگا و نیشتیمان و شوێنی نیشتەجێبووندا. خۆشویستنی جیهان پێداگرتنی ئەم ژنە فەیلەسوفەیە لەسەر خۆدانەبڕانی مرۆڤە لە مرۆڤ و پشتنەکردنە لە ژیان، مانای بەرگریکردنە لە مانەوە لە جیهاندا سەرەڕای خراپەکاریی و تاوانە خوێناوییە گەورەکانیش. دەستبەردارنەبوونە لە جیهان وەک شوێنی پێکەوەبوونی هەموو دانیشتوانی سەر هەسارەکە. ئەم چەمکە لای ئارێنت، بە پلەی یەکەم، پێداگرتنە لەسەر خۆشویستنی جیهان دوای تاوانە گەورەکانی نازیەت دوای کۆکوژیی جولەکەکان و دوای مەرگیی ئەو دەیان ملیۆن مرۆڤەی ژیانیان لەو جەنگەدا لەدەستدا یان وێرانکرا.  خۆشویستنی جیهان چەمکێکە پێ لەسەر پەیوەندیی مرۆڤ بە جیهانەوە دادەگرێت دوای تێپەرین بەناو جەهەنەمی کارەسات و ناشیرینییە گەورەکاندا.

 

لە کتێبی «هەلەومەرجی بوونی مرۆڤ»دا ئارێنت پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە خۆشەویستیی دەگمەنترین دیاردەی ناو ژیانی مرۆڤەکانە، بەڵام گرنگترین دیاردەیە. ئەوەیش وایکردوە بەردەوام لەو باوەڕەدا بین کە خۆشەویستی ئەزموونێکی گەردوونییە و هەمیشە لێرەیە و لەگەڵماندایە، قسەی شاعیرەکانە. ئەوە شاعیرەکانن ئەو شتە ناراستە بە ئێمە دەڵێن، خۆشەویستی دیاردەیەکی دەگمەنی ناو ژیانی مرۆڤە. 

 لای ئارێنت خۆشەویستی تەنهادیاردەیەکی سایکۆلۆژیی نییە، پەیوەندیەکی دەرونیی تاکەکەسیی بە جیهانەوە نییە، بەڵکو بابەتێکی فەلسەفی گرنگی ناو بیرکردنەوەیشە. خۆشەویستیی لێرەدا پەیوەندییە، چوونە ناو جۆرێکی زۆر تایبەت لە پەیوەندییەوەیە، بەڵام پەیوەندییەک لە گەڵ خود خۆیدا نا، کە دەشێت بە نارسیزم وەک بیمارییەکی ترسناک کۆتاییبێت، بەڵکو چوونە پەیوەندییە لەگەڵ کەسانیتردا، لەگەڵ ئەوانەدا ژیانێکی پێکەوەیی و گشتیی هاوبەش دروستدەکەین. لەناو خۆشەویشتیدا وەک پەیوەندیی «ئێمە»یەک دروستدەبێت لە ژمارەیەکی گەورە لە «من»ی جیاواز، بەڵام «من»ی خاوەن پەیوەندیی بە «من»ەکانی ترەوە. خۆشەویستی ئامرازی دروستکردنی ئەم «ئێمە» تایبەتەیە لەناو جیهاندا. 

  لە بەرامبەر ئەو هەموو رق و بوغز و ناشیرینیانەدا کە دەخوازن لە جیهانمان داببڕن، خۆشویستنی جیهان وەڵامە راستەقینەکەیە

لە دیدی ئارێنتدا دوو کەس کاتێک یەکتریان خۆشدەوێت، ئەوان ئیتر بۆشاییەک لەنێوانیاندا نامێنێتەوە، تەماح و قازانجی جیاواز لەیەکتریان جیاناکاتەوە، بەیەکەوە سەیری هەمان ئاسۆ دەکەن. ئەوەی لەم «ئێمە» تایبەتەشدا دروستدەبێت، هاتنەکایەی ژیانێکی تازەیە، دروستبوونی بوونەوەرێکی تازەیە کە دێتە ناو جیهاندا، لەدایکبوونی منداڵێکە، کە  ئەو خۆشەویستییە دروستیکردوە. لە راستیدا لەدایکبوونی منداڵ ئەو کردەیەیە کە دوو کەسی عاشق جارێکی دیکە بۆناو جیهان دەگەرێننەوە، ئاخر عاشقەکان زۆربەیجار پێویستیان بە جیهان نییە، ئەوان یەکتریان هەیە و ئەم یەکتری هەبوونەش دەیانکات بە ئێمەیەکی سەربەخۆ کە پێویستیان بە جیهان نییە. بەڵام لەدایکبوونی منداڵ، عاشقان دەهێنەتەوە ناو جیهان. هاتنی منداڵ بۆ ناو جیهان ئەو «ئێمە»یەی دوو عاشق بەیەکەوە دروستیدەکەن، گەورەتر و فراوانتر و چڕتر دەکات. وادەکات عاشقان بە بڕێکی گەورە لە بەرپرسیارەتەوە ناو جیهان بگەرێنەوە. ئەم بەرپرسیاریەتییەش بەرامبەر بە جیهان ژێرخانی ئەو خۆشەویستییە کە مرۆڤەکان بۆ جیهانیان هەیە.

 

لە راستیدا خودی ئەم راستییەیە وادەکات مەسەلەی «لەدایکبوون» لای ئارێنت بابەتی هەرەسەرەکیی و بابەتی ژمارە یەکی ناو فیکری فەلسەفیی ئەو بێت، نەک مردن کە لە بەشێکی گەورەی مێژووی فەلسەفەدا تێمای سەرەکیی و بنەرەتیی بووە. لای ئارێنت لەدایکبوون هەمیشە بە جۆرێک لە ئومێدەوە گرێدراوە، ئومێد بە جیهانێکی باشتر و ئینسانیتر. تا ئەو شوێنەی پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە دەشێت لەگەڵ لەدایکبوونی هەر منداڵێکدا دەرگای تازە لەسەر دروستبوونی «سەرەتایەکی تازە» بۆ گۆڕان و دەسکاریکردن و دروستکردنی جیهانێکی نوێ و باشتر، بکرێتەوە. 

 

بەڵام خۆشویستنی جیهان مانای بازادان بەسەر ئەو هەموو ناشیرینیی و ئازار و نادپەرەوەرییانەدا نییە، کە لە جیهاندا هەن و کاردەکەن. خۆشویستنی جیهان خۆخەڵەتاندان و خۆشباوەڕیی و کەوتنە ناو وەهم و ئومێدی ساختە و درۆزنانەوە، نییە. ئینکارکردنی واقیع نییە وەک واقیع، کە زۆرجار واقیعێکی ناشیرین و نائینسانیی و نادۆستە. بەشێکی گەورەی خۆشویستنی جیهان پابەستە بە بینینی هەموو ئەو شتە ناشیرینانەوە، بەڵام هاوکات تەسلیمنەبوونە پێیان و چوونە پەیوەندییەکی رەخنەیی و سەرسەختەوەیە لەگەڵیاندا. ئەمەش لە پێناوی دوو مەبەستدا. یەکەمیان، جیهان وەک شوێن، قابیل و شایەنی ئەوەیە گرنگیی پێبدرێت. دووهەم، هەوڵدان بۆ دەسکاریکردن و سەرلەنوێ دارشتنەوەی ئەو جیهانە وەک شوێنێکی باشتر و ئینسانیی تر. خۆشەویستی لێردا لە فۆرمی جۆرێک لە پەیوەندیی بەرپرسیارانە بەرامبەر بە جیهان، کاردەکات. وەک جۆرێک لە ئیلتیزام. 

 

چەمکی جیهان لای ئارێنت تەنها چەمکێکی جوگرافیی و تەنها هێما بۆ بوونی هەسارەیەک ناکات، لەناو چەندان هەسارەی دیکەدا. لە راستیدا جیهان، وەک زۆر شتی تری هاوبەش و پێکەوەیی لای ئارێنت، چەمکێکی سیاسییە. شوێنی ئەو هەموو پەیوەندیانەیە کە مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتریدا و لەگەڵ ئەو ژینگەیەدا دروستیدەکەن کە لەناویدا دەژین. پڕیەتی لە بەها و یاسا و دەزگا و کولتور و سیمبۆلی جیاواز و هەمەجۆر. شوێنی چەندەها زمان و رەمز و دیدگای جیاوازە. سەرزەمینی پەیوەندییە جیاوازەکانی مرۆڤە بە خۆی و بە کەسانیتر و بە یەکترەوە. جیهان شوێنی ژیانی گشتیی و ژیانی پێکەوەیی مرۆڤەکانە بەیەکەوە. خۆشویستنی جیهان مانای خۆشویستنی بەشداریکردن و تێوەگلان لەم گشتە گەورەیەوە، هەڵگرتنی بەرپرسیارەتیش بەرامبەر ئەو شتانەی کە هاوبەش و پێکەوەیین، خۆنەدزینەوە و پاشەکشەنەکردنە لەوەی بەیەکەوە دروستدەکرێت. بێباک نەبوونە بەرامبەر بە خود خۆی و بەرامبەر بەوانەی بەیەکەوەن و ژیانێکی هاوبەشیان دروستکردوە. تەنانەت لەو کاتانەشدا کە هێزی ناشیرن جیهانێکی ناشیرن دروستدەکات. لەم دیدگایەدا پاشەکشەکردن و پشتکردنە جیهان کۆتایی مرۆڤە وەک بوونەوەرێکی بەرپرسیار. کۆی ئەم مانا گشتییانەیە وا دەکات چەمکی جیهان لای ئارێنت چەمکێکی سیاسیی بێت. 

جیهان پڕە لە نوقسانیی و کەموکوڕیی، پڕیەتی لە ئازار و بێمافیی، پڕە لە نادادپەروەریی و بێمافیی. هەموو ئەمانە راستن و بەشێکن لە ژیانی رۆژانە

خاڵێکی گرنگیی دیکە کە لە چەمکی خۆشویستنی جیهاندا ئامادەیە، پێداگرتنە لەسەر  فرەیی و پلورلبوون و جیاوازیی و لەیەکنەچوونی مرۆڤەکان لە جیهاندا. بوونی کەسانێک کە لە تۆ و لە من ناچن. خۆشویستنی جیهان خۆشویستنی ئەم فرەییە و پاراستن و بەرگریلێکردنیەتی. قبووڵکردنی ئەو ململانێ و ناکۆکیی و جیاوازییانەشە کە لەو لەیەکنەچوون و جیاوازبوونانەوە سەرچاوەدەکگرن و دروستدەبن. 

 هەرکاتێکیش کێشە و ململانێ و جیاوازییەکان گەیشتنە خاڵی داخران، خۆشویستنی جیهان پاڵ بە مرۆڤەکانەوە دەنێن، بۆ دۆزینەوەی «سەرەتای تازە»، بۆ بەرهەمهێنانی دیدی نوێ، بەستنی گرێبەستی دیکە و بەرهەمهێنانی مانای تازە، بەیەکەوە.  

زۆرجار ئەو سەرەتا تازانە، لە یەکەم هەنگاودا وەک پێشبینینەکراو و نەگونجاو و نزیک لە مەحاڵ، دەردەکەون. بەڵام بوونی باوەڕ بەوەی کە نە جیهان و نە مێژوو داخراون، ئەوەی هەیە و دروستکراوە کاتیی و ناکامڵە، توانای دروستکردنی سەرەتای تازە لە مرۆڤ و کۆمەڵگاکاندا بەهێزدەکات. وازنەهێنان لە جیهان، وازنەهێنان لە ئومێد بە گۆڕانکاریی، تەسلیمنەبوونە بە گۆشەگیریی و دابڕان. هەموو ئەمانەش بەش و دەرکەوتی گرنگ و سەرەکیی خۆشەویستنی جیهانن. 

 

جیهان پڕە لە نوقسانیی و کەموکوڕیی، پڕیەتی لە ئازار و بێمافیی، پڕە لە نادادپەروەریی و بێمافیی. هەموو ئەمانە راستن و بەشێکن لە ژیانی رۆژانە. بەڵام هاوکات جیهان ئەو شوێنەیە کە مرۆڤەکان بەیەکەوە هەیانە و بەیەکەوە لەناویدا دەژین، وازنەهێنان لە جیهان و پشتێنەکردنی، هێمای بوونی خۆشەویستییە بۆ جیهان. بوونی خۆشەویستیش بۆ جیهان پاڵنەری سەرەکیی دەسکاریکردن و تازەکردنەوە و گۆڕینیەتی بەرەو باشتر.  

لە دونیای ئێمەدا ئەم پێداگرتنە  لەسەر خۆشەویستی بۆ جیهان و لەسەر پشتنەکردنە ژیان و مرۆڤەکانی دی، دەکرێت وەک وەڵامدانەوەیەک بیبینین بە سەرجەمی ئەو هەموو ناشیرینییە دەرەکیی و ناوەکییانەی رۆژانە بەرامبەر بە بوونی ئێمە لە جیهاندا، ئەنجامئەدرێت. چ لەلایەن بکەرە دەرەکییەکان و چ لەلایەن بکەرە ناوەکیەکان خۆیانەوە. لە بەرامبەر ئەو هەموو رق و بوغز و ناشیرینیانەدا کە دەخوازن لە جیهانمان داببڕن، خۆشویستنی جیهان وەڵامە راستەقینەکەیە.

null

چەند سەرنجێک دەربارەی زیندان و زیندانیکراوەکان

null

دیسانەوە رۆشنبیر: گەڕانەوە بۆ سەرەتای سەرەتاکان 

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

دەربارەی فاروق رەفیق وەک رۆشنبیر

null

لە دیکۆرکەوتنی دیکۆرەکان 

null

 دۆخی دوای شەهیدکردنی غەزەڵ مەولان: چەند سەرنجێک

null

دوای جەنگەکان چی؟