سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

بە بۆنەی مردنی هابرمازەوە  هابرماز و کورد

بڵاوکراوەتەوە لە : 15 ئازار 2026

نوسینی:مەریوان وریا قانع

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

دوێنێ، ١٤-٣-٢٠٢٦، فەیلەسوفی ئەڵمانی، یورگن هابرماز، لە تەمەنی ٩٦ ساڵیدا کۆچیی دوایی کرد. هابرماز ساڵی ١٩٢٩، سێ ساڵ بەر لەوەی هیتلەر و نازییەکان لە ئەڵمانیا بێنە سەرحوکم، لەدایکدەبێت.  ساڵە گرنگەکانی منداڵیی و مێردمنداڵیی ئەم فەیەلسوفە بەناو ئەزموون و جەهەنەمی حوکمڕانیی نازیەکاندا تێدەپەرێت. ئەم دۆخە وا لە هابرماز دەکات هەتا کۆتایی تەمەنی باوەڕی پتەوی بە دیموکراسیەت و ئازادیی و گفتوگۆ و راگڕرکێ و عەقڵانیەت و هاوڵاتیبوونی دەستوریی و بەها لیبرالەکان، نەدۆڕێنێت. هابرماز وەک نەوەی دووهەمی فەیلەسوفانی قوتابخانەی فرانکفۆرت و وەک یەکێک لە فەیلەسوفە گرنگ و بەناوبانگەکانی دونیای ئەمرۆ ناسراوە.کاتێک هابرماز قوتابی بووە و لە زانکۆ خوێندویەتی یەکێک لە مامۆستاکانی فەیلەسوفی گەورەی قوتابخانەی فرانکفۆرت، تیۆدۆر ئەدۆرنۆ بووە. 

ناوەندی ڕۆشنبیریی ئێمە بە هەندێک لە بیروبۆچوونەکانی ئەم فەیلەسوفە ئاشنایە، من یەکێکم لەو نووسەرانەی لە زیاد لە نووسین و کتێبێکدا بۆ چەند بابەتێکی فیکری ئەم فەیەلسوفە گەڕاومەتەوە و باوەڕم وابووە و ئەم بابەتانە سودێکی تایبەتیان بۆ کۆمەڵگای کوردیی و بۆ ناوەندە رۆشنبیریی و سیاسییەکەی هەیە.

بۆ یەکەمجار لە کتێبی «دەربارەی فەلسەفە و ئیسلام و رۆشنگەری» ساڵی چاپبوون ٢٠٠٢ و دواتر لە هەردوو کتێبی «کۆمەڵگا و غەریبەکانی» ساڵی چاپبوون ٢٠١٨، کتێبی «دین و عەلمانیەت»، ساڵی جاپبوون ٢٠١٨،  دا باس لە زیاد رەهەندێکم لە رەهەندەکانی بیرکردنەوەی ئەم فەیلەسوفەم، کردوە. بە بۆچوونی من کۆمەڵگای ئێمە بۆ تێگەیشتنی باشتر و هەمەلایەنتر لە هەندێک لە کێشەکانی و بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاوتر، دەتوانێت سود لە هەندێک لە تێزەکانی ئەم فەیلەسوفە رەخنەییە ببینێت.

 

کارە فەلسەفییە سەرەکییەکەی هابرماز کە لەژێر ناونیشانی «تیورەی کردەی پەیوەندییخواز»ە، نظرية الفعل التواصلي، و لە ساڵی ١٩٨١ دا بڵادەبێتەوە. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ئەم تیوریە، پێداگرتنە لەسەر پێویستیی لەیەک تێگەیشتنی کەسەکان و گروپەکان لەیەکتری، لە ڕێگای راگۆڕکێ و گفتوگۆی کراوە و عەقڵانیی بەردەوامەوە. لەناو کردەی پەیوەندیکردنی مرۆڤەکاندا بەیەکەوە کارلێکی کۆمەڵایەتیی هەمەجۆرە دروستدەبێت کە ئامانجەکەی لێکتێگەیشتن و کۆدەنگیی و هاوئاهەنگیی مرۆڤەکانە لەیەکتری، ئەمەش لە ڕێگای گفتوگۆ و راوێژ و راگۆرکێی عەقڵانییەوە لەگەڵیەکدا. هابرماز ئەم گفتوگۆ و ڕاوێژ و ڕاگۆرکێ عەقڵانییەی نێوان مرۆڤەکان وەک سەرچاوەی گەیشتن بە هەقیقەتی هاوبەش و سەرچاوەی  پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی و سەرچاوەی دروستبوونی نەزم و سیستمێکی کۆمەڵایەتی بێ زۆرەملێ و زۆربۆهێنان و سەپاندن و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، دەبینێت. 

پێداگرتنی هابرماز لەسەر پەیوەندیی و گفتوگۆ و راوێژ و ڕاگۆڕکێی عەقڵانی لەسەر بنەمای ئەرگومێنت، بە مەبەستی دروستبوونی دۆخێکە تیایدا ئەو بۆچوونانە سەربکەون کە لەسەر بنەمای ئارگومێنتی باشتر و راستتر، ڕێکخراون. باشترین دۆخی پەیوەندیکردنیش ئەو دۆخەیە تیایدا هەمووان بتوانن بەشداربن، هەمووان بتوانن تیایدا ئەرگومێنت و بەهانەی عەقڵانییانە بۆ بۆچوونەکانی خۆیان بهێننەوە، نەک کەسانێک لە ڕێگای زۆربۆهێنان و فشار و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەوە بۆچوونەکانی خۆیان، بسەپێنن. لە دۆخێکی ئازاد و عەقڵانیدا، ئەو بۆچوون و ڕایانەی ئەرگومێنتی باشتریان هەیە گفوتگۆکە دەبەنەوە، بەمەش کۆمەڵگا وەک گشتێک سود لە بڕیار و پلان و ستراتیژە عەقڵانییەکان دەبینێت.

 

 لەم ئاستەدا هابرماز بەرگریی لەوەدەکات، کاتێک کەسەکان و لایەنەکان پەیوەندیی بەیەکترییەوە دەکەن و بەیەکەوە گفتوگۆدەکەن، تەنها بە مەبەستی بەدەستهێنانی دەسکەوت ئەو کارە نەکەن، بەڵکو لەو پەیوەندیەدا لەیەکتری تێبگەن و رێکبکەون و  بتوانن کاری هاوبەش و  پێکەوەیی ئەنجامبدەن. ئەوەی لە پەیوەندیکردنیشدا گرنگە ئەوەیە کەسەکان راستگۆبن و درۆ لەگەل یەکدا نەکەن. ئەرگومێنت و بەهانەکانیان عەقلانیبن و بکرێت بسەلمێندرێن. ئینجا هەوڵى ئەوەبدەن لەیەکتری نزیکبکەونەوە و هاوڕابن یان بەرێکەوتن، بگەن. هابرماز باوەری وایە هەر کۆمەڵگایەک ئەم فۆرمەی لە گفتوگۆکردن و پەیوەندیکردن تیادا نەبێت ناتوانێت کۆمەڵگایەکی دیموکراس بێت. کۆی ئەم دیدانەی هابرماز لە خواستە هەرەسەرکیی و بنەرەتییەکانی دونیای ئێمەن، کە زۆرکات تیایدا نە گفتوگۆ و راوێژ و راگۆرکێی عەقڵانی ئامادەیە، نە درۆنەکردن و راستگۆیی. تەنها لە دیدگایەکی هابرمازیانەوە دەتوانین بەسەر ئەو زمانە سیاسیی و دینییە پر لە نیفاق و درۆ و دەسەڵاتگەرەدا زاڵببین، کە بەهۆیانەوە ئەم ئەو بە خائین دەکات و ئەم ئەو بۆ جەهەنەم دەنێرێت. 

 

ڕەهەندێکی تری فیکری هابرماز کە گرنگیەکی گەورەی بۆ دونیای ئێمە هەیە بیرۆکەی «رووبەری گشتیی»ە. 

لای ئەم کۆمەڵناس و فەیلەسوفە «رووبەری گشتی»ی تەنها شوێنێکی جوگرافی نییە، بەڵکو رووبەرێکی کۆمەڵایەتییە کە تیایدا هاوڵاتیان کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی لەسەر بابەت و مەسەلە گشتییەکانی ژیانیان بە شێوەیەکی عەقلانی لەگەڵ یەکدا گفتوگۆ و راگۆڕکێ ئەنجامبدەن. «رووبەری گشتیی» رووبەرێک نییە تەنها دەوڵەمەند و پارەدارەکان بتوانن بچنە ناوییەوە و ئەوانەی توانای مادییان نەبێت نەتوان تیایدا ئامادەبن، «رووبەری گشتیی»ڕووبەرێکە کراوەیە بەڕووی هەموو هاوڵاتییاندا. لێرەشدا کەسەکان کە لەگەڵ یەکدا گفتوگۆ دەکەن و ڕادەگۆرنەوە، ئەو گفتوگۆ و ڕاگۆرکێیەش کراوەیە بۆ هەمووان. ئەم ڕووبەرە گشتییە بریتییە لە شوێنە گشتییەکان، باخ و چاخانە و یانە و مزگەوت و رۆژنامە و میدیاکانی تر، هتد. 

ئەوەی پێویستە لەم «رروبەرە گستیی»ەشدا رووبدات گفتوگۆ و ئالوگۆڕی ئەرگومێنتی عەقڵانییە لەگەڵ یەکدا، فشار و زۆربۆهێنان و پروپاگەندەکردن و ترساندن نابێت لەم گفتوگۆیانەدا بوونیان هەبێت. هاوکات نابێت هەرکەس و لایەنێک لە باتی ئەرگومێنتی عەقڵانی لەو گفتوگۆیانەدا بیری لای قازانج و مەسڵەحەتی تایبەتی خۆیبێت. بەشێکی زۆری ئەم گفتوگۆیانە پێویستە هەڵگری دیدێکی رەخنەیی بن و لە خەمی باشتکردنی ئەو دۆخەدابن کە کەسەکان گفتوگۆی دەربارە دەکەن. هابرماز پێیوایە گفتوگۆ عەقڵانییەکان دەتوانن ببنە بنەما و سەرچاوەی دروستبوونی «ڕای گشتیی». هەموو سیستمەکی سیاسیی تەندروستیش، بە تایبەتی سیستمێک بخوازێت سیستمێکی دیموکراسیی بێت، پێویستی بە «رووبەرێکی گشتیی» چالاک هەیە تیایدا گفتوگۆ و راگۆرکێی عەقڵانی بەردەوام لەسەر کێشە و گرفت و تەحەدا سەرەکییەکانی کۆمەڵگاکە دروستببێت و ئەم گفتوگۆیانەش کاریگەرییان لەسەر بڕیار و دەزگا سیاسییەکان بەجێبهێلن. 

 

لە پەیوەندیدا بە دونیای ئێمەوە دەکرێت بڵێین کە نە ئەو رووبەرە گشتییە چالاکان هەن هی هەمووانبن، بەشێکی زۆریان رووبەری نوخبەوی و حیزبیی و دینیی داخراو و ئاراستەکراون. بە دەگمەنیش نەبێت گفتوگۆ و راگۆڕکێی عەقلانیان تیادا روونادات، بەڵکو زۆربەیان شوێنی پروپاگەندەکردن و بەرگریکردنن لە قازانجی ئەم یان ئەو کەس و لایەن و گروپی داخراو، یان شوێنی هێرشکردنە سەر کەس و لایەنی تری بە نادۆست و ناپاک و کافر و بێدین ناونراو.  خوێنەر بۆ دروستبوونی «رووبەرێکی گشتیی سەلەفیی» لە کوردستاندا دەتوانێت بۆ کتێبی «کۆمەڵگا و غەریبەکانی» من بگەرێتەوە. 

دیدگای هابرماز بەرامبەر بە دین و بە عەلمانیەت رەهەندێکی دیکەی فیکری ئەم فەیلەسوفەیە کە گرنگییەکی لەرادەبەدەری بۆ کۆمەڵگای ئێمە هەیە. بۆ شارەزابوون بەم دیدگایەی هابرماز خوێنەر دەتوانێت بۆ کتێبی «دین و عەلمانیەت»ی من بگەرێتەوە کە بەشێکی تەرخانە بۆ باسکردن و نیشاندانی ئەم دیدە. 

 لە ساڵانی نەوەدی سەدەی بیستەمەوە دیدی هابرماز بۆ پێگەی دین لە کۆمەڵگاکانی دونیای ئەمڕۆدا گۆڕانی بەسەردادێت. بەر لەو سالانە هابرماز دیدگایەکی تەواو عەلمانی پەرگیریی بەرامبەر بە دین هەبوو. دین بۆ هابرماز جگە لە پەیوەندییەکی شەخسی لە نێوان کەسی ئیماندار و خوداکەیەدا سثەکی دیکە نەبوو، دین تەنانەت بەشێک نەبوو لە گفتوگۆکانی ناو «رووبەری گشتیی». هابرماز باوەڕی وابوو بیرکردنەوەی زانستییانە و گەشەی عەقڵانیەت شوێنی بیرکردنەوەی دینیی دەگرنەوە و دین شتێکی نامێنێت لەسەر ژیانی گشتیی ناو کۆمەڵگا مۆدێرنەکان بیڵێت، باوەریشی وابوو کۆمەڵگا مۆدێرنەکان کۆمەڵگای دوای دیندارین.

کەسە عەلمانییەکان دەبێت دان بەوەدا بنێن دین دەتوانێت هەڵگری بەهای ئەخلاقیی گرنگ بێت

لە ساڵانی نەوەدی سەدەی بیستەمەوە، بەتایبەتی لە ساڵانی ٢٠٠٠ بەدوا، دیدی هابرماز بەرامبەر بە دین و سەبارەت بە پێگەی دین لە کۆمەڵگا مۆدێرنەکاندا گۆڕانی بەسەردادێت. لەم قۆناغەدا هابرماز لەباتی «کۆمەڵگای عەلمانی» باس لە «کۆمەڵگای دوای عەلمانییەت» دەکات، کۆمەڵگایەک شوێنێکی تایبەت بە دین و بیرکردنەوە و ئەخلاقیاتی دینیی دەبەخشێت. لە «کۆمەڵگای دوای عەلمانیەت»دا دین لەناو کۆمەڵگادا دەمێننەوە و پارتی سیاسیی دینیش دەتوانن لەم کۆمەڵگایەدا هەبن و کاربکەن. دەنگە دینییەکانیش دەتوانن رۆلی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئەخلاقیی تایبەت ببینن. هاوڵاتییە دینییەکان و هاوڵاتییە عەلمانییەکانیش دەتوانن لەگەل یەک و لەپاڵیەکدا بژین و گفتوگۆ و ڕاگۆڕکێ بکەن و لەیەکتریشەوە فێرببن. 

 لەم دۆخە تازەیەدا هابرماز پێ لەسەر دوو مەسەلەی سەرەکیی دادەگرێت. یەکەمیان ئەوەیە کەسە عەلمانییەکان دەبێت دان بەوەدا بنێن کە دین دەتوانێت هەڵگری دیدگا و بەهای ئەخلاقیی گرنگ بێت. دووهەمیش، کەسە دینییەکانیش پێویستە ئەوە قبووڵبکەن کە دەوڵەت هی هەمووانە، بە دیندار و بێدینەوە، بۆیە پێویستە لە پەیوەندیدا بە دینەوە، دەوڵەت، دەزگایەکی بێلایەن بێت. 

کەسە دینییەکانیش پێویستە ئەوە قبووڵبکەن کە دەوڵەت هی هەمووانە، بە دیندار و بێدینەوە

بە بۆچوونی من دیدی هابرماز بۆ «کۆمەڵگای دوای عەلمانیەت» دەتوانێت هاریکارییەکی گرنگیی کۆمەڵگای ئێمە بکات، بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخی دوژمنایەتییە گەورەیەی ئەمڕۆکە، لەسەرێکەوە، لە نێوان دین و عەلمانیەت و لەسەرێکی دیکەوە، لە نێوان هێزە دینییەکان خۆیاندا دروستبووە. بۆ کۆتاییهێنانیش بەو سەنگەرگیرییەی کە دینییەکان لە عەلمانیەکان و لەناو خۆشیاندا لەیەکتریان گرتوە. کۆمەڵگای هەم رقێکی دینیی هێجگار گەورەی تیاچێنراوە،کە بەرەو ئەوەدەچێت ببێت بە «رقێکی چەکدار»، هەم دڵرەقیی و غەدرێکی گەورەی تێدا دروستکراوە کە بەشەکی زۆری بەدەزگاییکراوە. دیدی هابرماز بۆ «گفتۆگۆی کراوە و عەقڵانیی»، بۆ «رووبەری گشتیی» دیموکراسییانە و بۆ «کۆمەڵگای دوای عەلمانیەت» دەتوانن هاریکارمان بن بۆ تێپەڕەندانی هەندێک لە کێشە گەورەکانی ناو کۆمەڵگاکە.

 

رەهەندێکی دیکەی ژیانی هابرماز کە دەشێت سودی بۆ ناوەندە رۆشیبینریی و ئەکادیمییەکەی ئێمە هەبێت، ئەو راستییەیە کە ئەو تەنها فەیلەسوف و کۆمەڵناسی ناو پۆلەکانی زانکۆ و سەر لاپەرەی کتێبەکانی نەبوو، بەڵکو رۆشنبیرێکی چالاکیش بوو بەشدارییەکی بەرفراوانی لە گفتوگۆ و راگۆرکێ گشتییەکانی ناو کۆمەلگاکەدا هەبوو، لەزیاد لە بوارێکی میدیاییدا دەینووسیی و قسەیدەکرد. 

 

null

نابێت کوردستان بکرێت بە زۆنی جەنگ

null

رۆژی جیهانی زمانی دایک: کام زمان؟

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

"فشاری دەرەکیی" و ئەو کۆگیرییەی کە دروستنابێت...

null

رۆشنگەریی وەک ئامرازێک بۆ رزگاربوون

null

لەزەتخانەکەی جێفری ئیپستین

null

پێکەوەبوون وەک ئەندامی یەک نیشتیمان و یەک نەتەوە