سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

الحره: ئەگەری پێكدادانی زەیدی گروپە چەكدارییەكان هەیە

ماڵپەرێكی ئەمریكی: ئەگەرى پێكدادانی چەكداری نێوان زەیدی و میلیشیای حزبوڵای عێراق تادێت بەهێزتر دەبێت, زەیدی دەستيكردووە بە وشككردنی سەرچاوە داراییەكانی و زیانی زۆری بە تۆڕو كۆمپانیاكانی گەیاندووە

بڵاوکراوەتەوە لە : 9 تشرینی دووەم 2026

الحره: ئەگەری پێكدادانی زەیدی گروپە چەكدارییەكان هەیە

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

 
🔻 زەیدی رێککەوتنێکی نوسراوی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و ئەو گرووپانەی رەتكردووەتەوە چەكیان دانەناوە؛ پۆستی حكومیش بە حزبوڵا نادات
درەو: 
سەرچاوە هەواڵگرییەکانی عێراق بە ماڵپەڕی "الحره"یان راگەیاندووە، ئاماژەکان بەرەو ئەگەری روودانی روبەڕوبوونەوەی چەکداری لە نێوان عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و کەتایبی حزبوڵای لایەنگری ئێران دەچن، دوای هەڵكشانی گرژییەکانی نێوان هەردوولا.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، هەڵسەنگاندنی فەرماندە سەربازییەکان و راپۆرتە هەواڵگرییەکان گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی، ئەم روبەڕوبوونەوە گریمانەكراوە لە ئەنجامی جوڵەکانی زەیدی دێت بۆ وشککردنەوەی سەرچاوە داراییەکانی کەتایبی حزبوڵا.
کەتائیبی حزبوڵا کە لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە، زەیدی بەوە تۆمەتبار دەکات کە ئەجێندای ئەمریکی جێبەجێ دەکات.
لە چەند رۆژی رابردوودا زەیدی رێنمایی دا بە دەستەی پیشەسازی سەربازی کە راستەوخۆ گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا دروستکەرەکان بکەن و کۆمپانیا ناوەندەکان لە گرێبەستەکان دووربخەنەوە. 
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی رۆژی 4ی ئەم مانگە لێکۆڵینەوەی لە گرێبەستە حکومییەکان دەستپێکرد، کە گومانیان لێدەکرێت پارە بۆ گرووپە چەکدارەکان دابین بکەن.
سەرچاوەیەک لە نوسینگەی سەرکردەیەكی "چوارچێوەی هەماهەنگی" رایگەیاندووە، ناڕەزایەتی و دابەشبوون لەناو چوارچێوەکەدا هەیە بەهۆی شێوازی مامەڵەکردنی زەیدی لەگەڵ کەتایبی حزبوڵا، لەگەڵ بوونی مەترسی سەرهەڵدانی پێکدادانی چەکداری.
رۆژی شەممەی رابردوو کەتایبی حزبوڵا هێرشی توندی کردە سەر زەیدی و تۆمەتباری کرد بە کۆکردنەوەی سەروەت و سامان و داوای لێپرسینەوەی لێکرد. 
بەڵام دوای ئەم رەخنانە، زەیدی سەردانی شاری سەدری لە رۆژهەڵاتی بەغدا کردو بە ئۆتۆمبێلەکەی پیاسەی کردو لە رێستۆرانتێکدا نانی ئێوارەی خوارد؛ جووڵەیەک کە سەرچاوەیەکی نزیک لێیەوە بە پەیامێک بۆ جەختکردنەوە لە توانای دەوڵەت بۆ روبەڕوبوونەوە وەسفی کرد.
ئەم ئاڵۆزییانە هاوكاتە لەگەڵ فشارە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەغداد بە مەبەستی چەککردنی گرووپە لایەنگرەکانی ئێران هاوشانى گرژییە هەرێمییە بەردەوامەكان، لە سەرەتای دەستپێكردنی جەنگ لەلایەن ئەمریكاو ئیسرائیل لەلایەك و ئێران لەلایەكی ترەوە.
كەتایبی حزبوڵا بە یەکێک لە دیارترین گرووپە عێراقییەکان دادەنرێت کە رەتیکردووەتەوە چەکەکانی رادەستی حکومەت بکات.
موخەلەد حازم، ئەفسەری پێشوو لە سوپای عێراق، بە "الحرة"ی راگەیاندووە، دانوستانەکانی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و ئەو گرووپانەی رەتیانکردەوە چەک رادەست بکەن و داوای مۆڵەتیان كرد، پێدەچێت شکستی هێنابێت، ئەو گرووپانە دەستاینكردووە بە هەوڵی سەپاندنی ئیرادەی خۆان بەسەر زەیدیدا.
بەوتەی سەرچاوەكان، زەیدی رێککەوتنێکی نوسراوی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و ئەو گرووپانەی رەتکردووەتەوە کە مەرج و خشتەی کاتی بۆ داماڵینی چەکیان خستووەتە ڕوو، هەروەها پێشنیازی پێدانی پۆست لە چوارچێوەی دامەزراوەكانی حکومەت بە كەتایبی حزبوڵای  رەتکردەوە.
حازم راشیگەیاند، زەیدی رێوشوێنی پێشوەختەی گرتووەتەبەر بە پشتبەستن بە زانیاری ورد کە دراوە بە دەستەی دەستپاکی، ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم هەنگاوانە زيانێکی ئازاربەخشیان لە شانە و تۆڕەکانی سێبەری ئەم گرووپانە داوە، ئەمەش بووەتە هۆی هەڵكشانی شەڕی میدیایی نێوان هەردوولا.
پێشبینیشکرد قۆناغی داهاتوو، سەختترین قۆناغی روبەڕوبوونەوە بێت و وتی، رەنگە هێزەکانی حکومەت ناچاربن پەلاماری ئەم گرووپانە بدەن،  چونکە هەوڵی گرووپەكان بۆ شکاندنی ئیرادەی حکومەت تادێت زیاتر دەبێت، كە ئەوەش زەیدی قبوڵی ناكات.
مانگی رابردوو، سەرۆک وەزیران خۆی ئەرکی بەڕێوەبردنی دەزگای هەواڵگریی گرتە دەست دوای دوورخستنەوەی حەمید شەتری و نوسینگەیەکی بۆ فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دامەزراند، کە فەریق عەبدولئەمیر شەمەری سەرۆكایەتی دەكات و بەردەوام لە تەنیشتیەوە دەردەكەوێت.
پێشتر ئەبو مجاهید ئەعەساف، بەرپرسی ئاسایشی کەتایبی حزبوڵا، زەیدی تۆمەتبار کرد بەوەی یاری بە یاسای دەستەی حەشدی شەعبی دەکات دوای ئەوەی حکومەت پرۆژەیاساکەی لە پەرلەمان کێشایەوە بۆ دەستکاری کردن.
داوای بڵاوکردنەوەی ئەو رێککەوتنەشی کرد کە لەسەر ئەم بابەتە کراوە، دوای کشانەوەی رەشنووسی یاساکە لە پەرلەمان لەلایەن حکومەتەوە بە مەبەستی دووبارە داڕشتنەوەی بڕگە مشتومڕاوییەکانی.
ناكۆكییەكان لەبارەی پڕۆژەیاسا نوێیەكە بۆ رێکخستنەوەی دەستەی حەشدی شەعبی، خۆی لە هەمواركردنەوەی پێکهاتە سەربازی و کارگێڕییەکەی و دەسەڵاتی سەرکردەکانیدا دەبینێتەوە، جگە لە کەمکردنەوەی چالاکییە ئابوری و مەدەنییەکان، گرووپە چەکدارەکان، لە نێویاندا کەتایبی حزبوڵا، دژایەتی ئەو دەستکارییانە دەکەن کە حکومەت بۆ پڕۆژەکەی زیاد کردووە.

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٦

دوو ئیدارەیی: بونیادی قوڵیی حوکمڕانیی لە هەرێمدا

null
٧ تشرینی دووەم ٢٠٢٦

پارتی (43%) دەنگی زۆنی زەردو یەکێتی (24%) دەنگی زۆنی سەوزی هەیە

null
٧ تشرینی دووەم ٢٠٢٦

ئاكسیۆس: واشنتۆن چیتر لە مەرجە باوەكان رازی نییە