سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

ڕاپۆرت

ئاگرێک لەبەر دەرگای بابولمەندەب

دانیشتووانی یەمەن بە (43 ملیۆن و 161 هەزار و 928) کەس دەخەمڵێندرێت. کۆمەڵگەی یەمەنی بە یەکێک لە گەنجترین کۆمەڵگەکانی جیهان دادەنرێت؛ ناوەندی تەمەنی دانیشتووان (18.5) ساڵە و ڕێژەیەکی زۆر گەورەی دانیشتووانیش تەمەنیان لەژێر 15 ساڵییەوەیە. (66.7%) دانیشتوانەکەی لە ناوچە گوندنشین و شاخاوییەکاندا دەژین و تەنیا (33.3%)ی دانیشتووان لە شارەکاندا نیشتەجێن.

بڵاوکراوەتەوە لە : 11 ئەیلوول 2026

ئاگرێک لەبەر دەرگای بابولمەندەب

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

 

نەخشەی هێز لە ڕووداوەکانی یەمەندا؛ کێ لەگەڵ کێدا لەشەڕدایە؟

 

🔹 ململانێی 12 ساڵەی یەمەن، کە بە دەستبەسەرداگرتنی سەنعا لەلایەن حووسییەکانی پشتبەستوو بە ئێران دەستی پێکرد، ئێستا لەبەردەم مەترسی گەڕانەوەدایە بۆ شەڕێکی گشتگیر، ئەم شەڕە ناوخۆییە بووەتە گۆڕەپانی ململانێی هەرێمی لەنێوان ئێران و هاوپەیمانیی بەڕێبەرایەتیی سعودیە.

🔹 لایەنە سەرەکییەکانی نێو ئەم نەخشە ئاڵۆزە بریتین لە حووسییەکان (وەک هێزی باڵادەست لە باکوور و کەناراوەکان)، حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی (بە پشتیوانیی ئاسمانیی سعودیە)، هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی نیشتمانی (بە ڕێبەرایەتیی طارق ساڵح و پشتیوانیی ئیمارات)، ئەنجومەنی ڕاگواستنی باشوور (جیاوازخوازەکانی پشتبەستوو بە ئیمارات)، و پارتی چاکسازی ئیسلامی، سەرەڕای کشانەوەی سەربازیی ئیمارات لە ساڵی 2020، ئەو وڵاتە لە ڕێگەی لایەنە هاوپەیمانەکانییەوە هەژموونی خۆی پاراستووە.

🔹 دانیشتووانی یەمەن بە (43 ملیۆن و 161 هەزار و 928) کەس دەخەمڵێندرێت. کۆمەڵگەی یەمەنی بە یەکێک لە گەنجترین کۆمەڵگەکانی جیهان دادەنرێت؛ ناوەندی تەمەنی دانیشتووان (18.5) ساڵە و ڕێژەیەکی زۆر گەورەی دانیشتووانیش تەمەنیان لەژێر 15 ساڵییەوەیە. (66.7%) دانیشتوانەکەی لە ناوچە گوندنشین و شاخاوییەکاندا دەژین و تەنیا (33.3%)ی دانیشتووان لە شارەکاندا نیشتەجێن.

🔹 داهاتی تاک لە بەرهەمی ناوخۆیی، بە یەکێک لە نزمترین ئاستەکان لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت، کە ساڵانە لە نێوان 384 بۆ 400 دۆلاردایە، بەهۆی بڕانی مووچە و وەستانی چالاکییە ئابوورییەکانەوە، ڕێژەی هەژاری زیادی کردووە و زیاتر لە 80%ی دانیشتووانی گرتۆتەوە.

🔹 نەوت بڕبڕەی پشتی داهاتەکانی حکومەتی پێشوو بوو؛ بەجۆرێک پێش پاشەکشەی بەرهەمهێنان بەهۆی شەڕەوە، نزیکەی 70%ی کۆی هەناردەکردن و 90%ی داهاتی دراوی بیانیی پێکدەهێنا. سێکتەری کشتوکاڵ و سامانی ماسی زیاتر (50%) لە هێزی کاری وڵاتەکە ی بەگەڕ دەخات. یەمەن دانەوێڵە، سەوزەوات و قاوەی بەناوبانگی یەمەنی بەرهەم دەهێنێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەرهەمی "قات" ڕووبەرێکی زۆر گەورەی لە زەوییە کشتوکاڵییەکان و سەرچاوەکانی ئاو داگیر کردووە، ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئاسایشی خۆراک دروست کردووە.

🔹 ملیۆنان خێزان بۆ مانەوەیان لە ژیاندا، بەتەواوی پشتیان بە هاوکارییە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و حەواڵەی کۆچبەرانی یەمەنی (بەتایبەت لە وڵاتانی کەنداو) بەستووە.

🔹 بازرگانیی هاوتەریب و ئابووریی شەڕ بووەتە هۆی سەرهەڵدانی تۆڕی بازرگانیی نوێی سەر بە لایەنە دەستڕۆیشتووەکان کە بەسەپاندنی باج و سەرانەی گومرگیی دووبارە، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر جوڵەی بازار و نرخی کەلوپەلە سەرەکییەکان دروست کردووە.

 

یەکەم؛ کۆماری یەمەن 

1. یەمەن لەڕووی جوگرافی و دابەشبوونی مرۆییەوە

لەڕووی جوگرافییەوە کۆماری یەمەن دەکەوێتە باشووری نیمچەدوورگەی عەرەبی و باشووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا. لە باکوورەوە لەگەڵ شانشینی سعودیە، لە باشوورەوە لەگەڵ دەریای عەرەب و کەنداوی عەدەن، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ سەڵتەنەتی عومان، و لە ڕۆژئاواشەوە لەگەڵ دەریای سووردا هاوسنوورە.

وڵاتەکە لەسەر ڕووبەری نزیکەی (527 هەزار و 970  کیلۆمەتری چوارگۆشە) هەڵکەوتووەو لە ڕووی کارگێڕییەوە شاری سەنعا پایتەختی وڵاتەکەیەو جگە لە پایتەخت دابەشی سەر (20) پارێزگا بووە.

دانیشتووانی یەمەن بە (43 ملیۆن و 161  هەزار و 928) کەس دەخەمڵێندرێت. کۆمەڵگەی یەمەنی بە یەکێک لە گەنجترین کۆمەڵگەکانی جیهان دادەنرێت؛ ناوەندی تەمەنی دانیشتووان (18.5) ساڵە و ڕێژەیەکی زۆر گەورەی دانیشتووانیش تەمەنیان لەژێر 15 ساڵییەوەیە.

چڕیی دانیشتووان نزیکەی (81) کەسە لە هەر کیلۆمەترێکی چوارگۆشەدا، زۆرینەی دانیشتووان لە ناوچە گوندنشین و شاخاوییەکاندا دەژین (نزیکەی 66.7% لە گوندەکاندا)، لە کاتێکدا تەنیا (33.3%)ی دانیشتووان لە شارەکاندا نیشتەجێن.

زۆرینەی ڕەهای دانیشتووان عەرەبن، لەگەڵ بوونی کەمینەیەکی بچووک لە ڕەگەزی ئەفریقی و باشووری ئاسیا. ئایینی فەرمی و زاڵیش ئاینی ئیسلامە.

2. یەمەن لە ڕووی ئابوورییەوە

ئابووریی یەمەن بە قەیرانێکی سەختدا تێپەڕ دەبێت کە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بە یەکێک لە ئاڵۆزترین قەیرانە مرۆیی و ئابوورییەکان وەسفیان کردووە، بەوپێیەی وڵاتەکە دابەش بووە بەسەر دوو ناوچەی ئابووریدا کە خاوەنی دامەزراوە و دراوی ڕکابەری یەکترن.

بەرهەمی ناوخۆیی گشتی Nominal GDP بە نزیکەی (18.1 ملیار) دۆلار مەزەندە دەکرێت (لە کاتێکدا مەزەندەکانی دیکەی سندوقی نێودەوڵەتیی دراوIMF  بەهۆی دابەزینی بەهای دراوی ناوخۆییەوە، ئاماژە بە ئاستێکی نزمتر دەکەن کە نزیکەی 7.4 ملیار دۆلارە).

داهاتی تاک لە بەرهەمی ناوخۆیی، بە یەکێک لە نزمترین ئاستەکان لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت، کە ساڵانە لە نێوان 384 بۆ 400 دۆلاردایە.

بەهۆی بڕانی مووچە و وەستانی چالاکییە ئابوورییەکانەوە، ڕێژەی هەژاری زیادی کردووە و زیاتر لە 80%ی دانیشتووانی گرتۆتەوە، لەگەڵ هەڵکشانی بەرچاو لە ڕێژەی بێکاریدا، بەتایبەتی لە ناو گەنجاندا.

گرنگترین سێکتەرە ئابوورییەکان و دابەشبوونیان بەم شێوەیەیە

·       سێکتەری نەوت و گاز: سەرەڕای ئەوەی یەمەن بەراورد بە دراوسێکانی بەرهەمهێنەرێکی گەورە نییە، بەڵام نەوت بڕبڕەی پشتی داهاتەکانی حکومەتی پێشوو بوو؛ بەجۆرێک پێش پاشەکشەی بەرهەمهێنان بەهۆی شەڕەوە، نزیکەی 70%ی کۆی هەناردەکردن و 90%ی داهاتی دراوی بیانیی پێکدەهێنا.

·       سێکتەری کشتوکاڵ و سامانی ماسی: ئەم سێکتەرە زیاتر لە نیوەی هێزی کاری وڵاتەکە (زیاتر لە 50%)ی بەگەڕ دەخات. یەمەن دانەوێڵە، سەوزەوات و قاوەی بەناوبانگی یەمەنی بەرهەم دەهێنێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەرهەمی "قات" ڕووبەرێکی زۆر گەورەی لە زەوییە کشتوکاڵییەکان و سەرچاوەکانی ئاو داگیر کردووە، ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئاسایشی خۆراک دروست کردووە و وڵاتەکەی ناچار کردووە زۆربەی پێداویستییە خۆراکییەکانی لە دەرەوە هاوردە بکات.

·       سێکتەری هاوکارییەکان و حەواڵە: ملیۆنان خێزان بۆ مانەوەیان لە ژیاندا، بەتەواوی پشتیان بە هاوکارییە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و حەواڵەی کۆچبەرانی یەمەنی (بەتایبەت لە وڵاتانی کەنداو) بەستووە.

·       بازرگانیی هاوتەریب و ئابووریی شەڕ: ململانێکە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی تۆڕی بازرگانیی نوێی سەر بە لایەنە دەستڕۆیشتووەکان (وەک حووسییەکان لە باکوور)، کە بەسەپاندنی باج و سەرانەی گومرگیی دووبارە، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر جوڵەی بازار و نرخی کەلوپەلە سەرەکییەکان دروست کردووە.

 

دووەم؛ دابەشبوونی سیاسی و لایەنەکانی نێو ململانێی یەمەن

ئاڵۆزبوونی شەڕ لە یەمەن هاوزەمەنە لەگەڵ گەرمبوونی ئاگری شەڕی ئێراندا؛ لە کاتێکدا چەکدارانی کۆمەڵەی حوسیی پشتبەستوو بە تاران هه‌وڵی سه‌پاندنی کۆنتڕۆڵی خۆیان بەسەر کەناراوەکانی یەمەن لەسەر دەریای سوور دەدەن و دەیانەوێت هەژموونی خۆیان لەسەر گەرووی ستراتیژیی بابولمەندەب بەهێزتر بکەن.

یەمەن بەدەست شەڕێکی ناوخۆیی 12 ساڵەوە دەناڵێنێت کە بە دەستبەسەرداگرتنی سەنعای پایتەخت لەلایەن حوسییەکانەوە دەستی پێکرد، ئەمەش هاوپەیمانییەکی سەربازیی بە ڕێبەرایەتیی سعودیە هاندا بۆ دەستتێوەردان. ڕێککەوتنی ئاگربەستێک کە لە ساڵی 2022 بە ناوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان هاتە ئاراوە، شەڕەکەی تا ڕادەیەکی زۆر ڕاگرت، بەڵام ئێستا ئەم وڵاتە هەژارە ڕووبەڕووی مەترسیدارترین هەڕەشەی گەڕانەوە بۆ شەڕێکی بەربلاو دەبێتەوە.

لە خوارەوە وردەکاریی دیارترین لایەنەکانی ناو ململانێی یەمەن خراوەتەڕوو، کە بووەتە هۆی دروستبوونی یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهان:

1. حووسییەکان

ململانێکانی یەمەن لە کۆتایی ساڵی 2014دا سەریان هەڵدا، کاتێک کۆمەڵەی حووسی (کە بە فەرمی بە "أنصار الله" ناسراون) حکومەتی عەبدڕەبە مەنسوور هادی، سەرۆکی ئەو کاتەی یەمەنیان ڕوخاند، کە حکومەتێک بوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراو بوو و لەلایەن سعودیەشەوە پشتگیری دەکرا.

ئەم کۆمەڵەیە تا ئێستاش هێزی سەربازیی باڵادەستە لە وڵاتدا؛ سەنعای پایتەخت و زۆربەی ناوچەکانی باکووری یەمەنی لەژێر دەستدایە. مەزەندە دەکرێت کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانە بکات کە نێوان 60% بۆ 65%ی دانیشتووانی یەمەنی تێدا دەژین.

هاوپەیمانیی بەڕێوەبەری سعودیە، ئێران تۆمەتبار دەکات بە چەکدارکردن، ڕاهێنان و دابینکردنی دارایی بۆ حوسییەکان. بەڵام ئەم کۆمەڵەیە پاشکۆبوونی خۆی بۆ ئێران ڕەت دەکاتەوە و ڕایگەیاندووە کە چەکەکانی بە توانای خۆی گەشە پێدەدات.

حووسییەکان لە ڕێگەی هێرشەکانیان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان و ژێرخانی ژیاری (حەیاتیی) سعودیە و ئیمارات، توانای مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆیان لە سەردەمی شەڕی یەمەندا نیشان دا.

ئەم کۆمەڵەیە وەک بەشێک لە هاوپەیمانییەکی هەرێمیی پشتبەستوو بە ئێران دەبینرێت کە بە "بەرەی بەرەنگاربوونەوە" (محور المقاومة) ناسراوە. هەروەها لە سەردەمی شەڕی غەززەدا پشتگیریی خۆیان بۆ فەلەستینییەکان ڕاگەیاند؛ لە ڕێگەی ئاڕاستەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆ سەر ئیسرائیل و بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا.

حووسییەکان لە 28ی ئادازدا بە ئەنجامدانی هێرشێک بۆ سەر ئیسرائیل چوونە نێو ئەو ململانێیەی ئێستا لە ئارادایە لە پەنای ئێراندا، بەڵام تا ڕادەیەکی زۆر پابەندی هێورکردنەوەی دۆخەکە بوون پێش ئەوەی لە تەممووزدا گەمارۆی دەریایی بەسەر سعودیەدا بپەسپێرن و لە ئەیلوولدا هێرشەکانیان بۆ سەر باشووری شانشینەکە چڕتر بکەنەوە.

حووسییەکان توانای بەرگەگرتنی خۆیان لە بەرامبەر زیاتر لە دەیەیەک بۆردومانی هاوپەیمانیی بەڕێبەرایەتیی سعودیە، هەروەها لێدانەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەلماندووە.

2. سعودیە

ڕیاز لە ئازاری 2015دا چووە ناو شەڕی یەمەنەوە، کاتێک ڕێبەرایەتیی هاوپەیمانییەکی سەربازیی دژی حووسییەکان کرد بە مەبەستی گەڕاندنەوەی حکومەتەکەی هادی بۆ دەسەڵات. سعودیە هیوای دەخواست ڕێگری بکات لە جێگیربوونی هەژموونی گرووپێکی هاوپەیمانی ئێران لەسەر سنوورەکانی باشووری.

سەرەڕای نزیکبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و تاران بە ناوەندگیریی چین، بەڵام هەردوو وڵات بۆ ماوەیەکی درێژ وەک دوو ڕکابەری هەرێمی مابوونەوە کە بێمتمانەیی لە نێوانیاندا زاڵ بوو.

لە ئابدا، شانشینی سعودیە -کە یەکێکە لە گەورەترین هەناردەکارانی نەوت لە جیهاندا- ڕێککەوتنێکی بەرگریی لەگەڵ تورکیا و پاکستان ئیمزا کرد، وەک وەڵامێک بۆ زیادبوونی ئاڵۆزییە هەرێمییەکانی ناوچەکە لە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران. دوو ڕۆژ دواتر، حووسییەکان وەک بەرەنگاربوونەوەیەک بۆ ئەو ڕێککەوتنە، پاڵاوگەی جازانی سەر بە کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیەیان کردە ئامانج.

3. حکومەتی پشتپەستوو بە سعودیە

ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتی کە لە (8) ئەندام پێکهاتووە و ڕەشاد عەلیمی سەرۆکایەتی دەکات، وەک دەسەڵاتی فەرمیی یەمەن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراوە و شاری بەندەریی عەدەن دەکاتە بنکەی خۆی. ئەنجومەنەکە لە نیسانی 2022 لە ڕیاز پێکهێنرا بۆ ئەوەی شوێنی هادی سەرۆکی پێشوو بگرێتەوە و هێزەکانی دژی حووسییەکان یەکبخات، بەڵام ئەو دابەشکارییانەی کە بڕیار بوو چارەسەریان بکات، توانای جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سنووردار کردووە.

حکومەتەکە _کە پشتی بە هاوکارییە ئاسمانییەکانی سعودیە بەستووە_ و هاوپەیمانەکانی، لە ناوچەکانی تەعز، مەئریب، جەوف و شاری بەندەریی مێژوویی موخا، لەگەڵ حووسییەکان ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە.

حووسییەکان لە 10ی ئەیلوولدا دەستیان بەسەر موخادا گرت، ئەمەش زیاتر نزیکی کردنەوە لە گەرووی بابولمەندەب و هەوڵەکانیانی بۆ توندکردنی دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کەناراوەکانی ڕۆژئاوای یەمەن لەسەر دەریای سوور بەهێزتر کرد، لە 11ی ئەیلولیشدا هەوالێ کۆنترۆڵکردنی بەندرەکە لەلایەن حوسییەکانەوە ڕاگەیەندرا.

4. هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی نیشتمانی

هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی نیشتمانی (المقاومة الوطنية) هێزێکی دژی حووسییەکان و باش چەکدارکراون، لەلایەن طارق ساڵحەوە ڕێبەرایەتی دەکرێن، کە برازای عەلی عەبدوڵا ساڵحی سەرۆکی کۆچکردووی یەمەن و ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتییە. ئەم هێزە لە بنەڕەتدا بە پشتیوانیی ئیمارات بۆ شەڕکردن دژی حووسییەکان لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا دامەزرا، و پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیەدا پاراستووە؛ هەروەها داوای یەمەنێکی یەکگرتوو دەکات، ئەمەش دەیکاتە هێزێکی هاوسەنگکەرەوە لە بەرامبەر هەردوو لایەنی حووسییەکان و جیاوازخوازەکانی باشووردا.

لە 10ی ئەیلوولدا، طارق ساڵح داوای لە هێزەکانی لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا کرد شوێنەکانیان بگۆڕن و ناوەندێکی بەڕێوەبردنی جێگرەوە لە شوێنێکی ئارامدا دابمەزرێنن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ دەستبەسەرداگرتنی خاکی زیاتر لەلایەن حووسییەکانەوە.

5. ئەنجومەنی ڕاگواستنی باشوور (الانتقالي)

ئەنجومەنی ڕاگواستنی باشوور، کە ڕاهێنان و کەلوپەلی لە ئیماراتەوە پێگەیشتووە، لە کانوونی دووەمدا هەوڵی جیاکردنەوەی باشووری یەمەنی دا. باشوور پێش یەکگرتنەوەی لەگەڵ باکوور لە ساڵی 1990دا وڵاتێکی سەربەخۆ بوو، لە کاتێکدا سەرکردایەتیی ئەو کاتەی باشوور لە ساڵی 1994دا هەوڵی جیا بوونەوەی دایەوە بەڵام بە خێرایی لەلایەن سوپاوە لە سەردەمی سەرۆکی کۆچکردوو عەلی عەبدوڵا ساڵح تێکشکێنرا.

ئەم ئەنجومەنە لەلایەن عەیدەروس زوبەیدییەوە ڕێبەرایەتی دەکرێت و بە فەرمی بە بەشێک لە هاوپەیمانییەکەی سعودیە هەژمار دەکرێت، بەڵام لە ساڵی 2020دا نیازی خۆی بۆ دامەزراندنی حوکمی خۆبەڕێوەبەری لە باشوور ڕاگەیاند. ئاڵۆزییەکان لە کانونی یەکەمی 2025 گەیشتنە لوتکە، کاتێک ئەنجومەنەکە دەستی بەسەر ڕووبەرێکی فراواندا لە پارێزگاکانی حەزرەمەوت و مەهرە دا گرت و گەیشتە سەر سنوورەکانی سعودیە، وەک بەرەنگاربوونەوەیەک بۆ هەژموونی شانشینەکە لە ناوچەکەدا.

6. پارتی ئیسڵاح (حزب الإصلاح)

کۆمەڵەی یەمەنی بۆ چاکسازی، کە بە پارتی ئیسڵاح ناسراوە، بزوتنەوەیەکی ئیسلامیی سوننەیە و پەیوەندیی مێژوویی لەگەڵ کۆمەڵەی ئیخوان موسلمیندا هەیە. ئەم پارتە باڵێکی سەرەکییە لە ناو حکومەتی دانپێدانراو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەڵام ئیمارات و ئەنجومەنی ڕاگواستنی باشوور وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێنی دەکەن.

دیارترین مۆڵگەکانی پارێزگای مەئریبە، کە تاقە ناوچەی بەرهەمهێنەری گازە لە وڵاتەکەدا و یەکێک لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی تێدایە.

7. ئیمارات

ئیمارات بە چوونە پاڵ ئەو هاوپەیمانییەی سعودیە ڕابەرایەتی دەکات بوو بڕبڕەی هاوپەیمانییەکەو یەکێک بوو لە چالاکترین هێزە وشکانییەکانی. بەڵام لە ساڵی 2019دا کشانەوەی هێزەکانی ئیمارات ڕاگەیەندرا و لە ساڵی 2020دا پرۆسەکە تەواو بوو، بەڵام لە ڕێگەی ئەنجومەنی ڕاگواستنی باشوور و باڵەکانی دیکەوە هەژموونی خۆی لەسەر زەوی پاراست.

شیکەرەوان دەڵێن بەشداریکردنی ئیمارات بەهۆی هەڵوێستی دوژمنکارانەی بووە بەرامبەر کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین، سەرباری پاراستنی هێڵەکانی دەريەوانی لە گەرووی بابولمەندەبی ستراتیژی و کەلەپوری عەدەن.

نەخشەکان

Untitled Media

 

Untitled Media

 

 

 

سەرچاوەکان

-       WORLD BANK GROUP, Yemen;

https://www.worldbank.org/ext/en/country/yemen

-       Worldometer, Yemen Population;

https://www.worldometers.info/world-population/yemen-population/

-       Robert Burrowes, Yemen, Britannica, Sep. 11, 2026;

https://www.britannica.com/place/Yemen

-       يوسف سابا، حقائق-من هم أطراف الصراع الدائر في اليمن؟،10  سبتمبر 2026؛

https://www.reuters.com/ar/world/XEJ4X5LYNBJZ5DTVCFKEBLQF5E-2026-09-10/

-       وضاح العولقي، التطورات الاقتصادية، مرکز صنعا،  4 يونيو، 2026؛

https://sanaacenter.org/ar/the-yemen-review/jan-mar-2026/27324

-       المرکز الوطني للمعومات، لمحة تعريفية عن اليمن؛

http://www.yemen-nic.info/yemen/

-       الجزيرة، اليمن.. دولة عريقة تعاني من الانقسامات والحروب،  31/12/2025؛

https://www.aljazeera.net/encyclopedia/2012/1/16/%D8%A7%D9%84%D9%8A%D9%85%D9%86

 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 5 کاتژمێر

داهاتی سنوری سلێمانی (46%) كەمیكردووە

null
پێش 21 کاتژمێر

دوای چارەکە سەدەیەک هێشتا شوێنپەنجەکانی 11ی سێپتەمبەر دیارن

null
پێش 23 کاتژمێر

له‌ یه‌مه‌ن چی ده‌گوزه‌رێت؟ دوای هورمز ئێران (باب مه‌نده‌ب) كۆنترۆڵ ده‌كات ؟