پۆستى سەرۆککۆمار بووە بە سەرچاوەى داهاتێکى ناشەرعی بۆ یەکێتی؟
2018-05-29 12:48:24
مایکڵ ڕۆبن
و:عەلى نادر
لە کاتێکدا سەرکردە سیاسییەکان بە دواى داڕشتنەوەیەکى جادوئامێزی سیاسیدان بەمەبەستى بونیادنانەوەى حوکوومەتى نوێی عێراق، هاوکات مانۆڕە سیاسییەکان لە بەغداد بەباشی بەڕێوە دەچن. بێگومان پۆستى سەرەکوەزیران، بەهێزترین پێگەى سیاسی لە عێراقدا، بۆ لایەنى شیعە دەبێت، بەڵام بەردەوامیی مانۆڕە سیاسییەکان بۆ وەرگرتنى ئەو پێگانەن کە سامانێکى زۆریان لێ چاوەنواڕ دەکرێن. دواى وەزارەتە سیادییەکان، بۆ نموونە، وەزارەتى نەوت، وەزارەتى دەرەوە، و وەزارەتى بەرگری، دوو لە سەرۆکایەتییە باڵاکان بریتین لە سەرۆکایەتیى پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆمار.
بۆ ماوەى نزیکەى دەساڵ لە دواى یەکەمین هەڵبژاردنى ساڵی 2005ەوە، جەلال تاڵەبانى پۆستى سەرەککۆمارى بە دەستەوە بوو. هەرچەند سەرۆکایەتیی پەرلەمان گرنگتر بوو، بەڵام کوردەکان لەبەر دوو هۆکار چاویان لەدووى سەرەککۆمار بوو: یەکەمجار، ئەو پێگەیە، بەشێوەیەکى گشتى، بەهۆى هەوڵی ناسیۆنالیستە عەرەبەکان، هەروەها بەشێوەیەکى تایبەتیش بەهۆى هەوڵەکانى ڕژێمى بەعسەوە بووبوو بە هۆکارێک بۆ زەوتکردنى ناسنامەى کەلتوریی کوردی و مافی هاوڵاتیبوونى یەکسان لە عێراقدا. دووەمجاریش، بەدەستهێنانى پۆستى سەرەککۆمار کێشەیەکى گەورەترى لە ناوماڵی کوردەکانى عێراقی دوور دەخستەوە، ئەویش ململانێی قوڵی نێوان تاڵەبانى و بارزانى بوو، ئەو برینەى کە لەدواى ساڵی 1975ەوە تا ئێستایش ساڕێژ نەبووە. ئەگەر تاڵەبانى لە بەغداد بێت، ئەوا بارزانى لە کوردستان هیچ ڕکابەرێکى نابێت.
ئەم دابەشکارییە دواى نەخۆشکەوتن و مردنى تاڵەبانیش هەر بەردەوام بوو. فوئاد مەعسوم، یەکێک لە دامەزرێنەرانى یەکێتى و سەرکردەیەکى کۆنى ئەو پارتە، لە ساڵى 2014 پۆستەکەى تاڵەبانیی وەرگرت. لە کاتێکدا تاڵەبانى زۆرترین هەوڵی بە گەڕ خست –لەکاتى درووستبوونى توندوتیژى و ئاڵۆزییەکانى نێوان گروپە سیاسییە جیاوازەکانى عێراقدا وەک نێوەندگیرێک کارى دەکرد- بەڵام فوئاد مەعسوم بەزۆرى بێدەنگیی هەڵبژاردبوو، لە دیمەنە سیاسییەکەى عێراقیشدا، قەوارەیکى تەواو نادیار بوو.
بێدەنگییەکەى مەعسوم پڕبەرهەم بوو: تەنها لە ساڵی ڕابردوودا حوکوومەتى عێراق نزیکەى 51 ملیار دیناری، نزیکەى 43 ملیۆن دۆلار، بۆ سەرۆکایەتیى کۆمار تەرخان کردبوو. هەندێک لەو بڕەپارەیە بۆ مووچەخۆرە ڕاستەقینەکان دەچوو، بەهۆى ئەو قەیرانانەى کە بەهۆى ساڵانى جەنگ و دابەزینى نرخی نەوتەوە دروست بووبوون، ڕوون نییە ئەو بڕە بووجە زۆرە چۆنهایی خەرج کراوە. سەرۆکایەتیی کۆمار، لە تیۆردا، دەبێت ساڵانە بە خەرجییەکانیدا بچێتەوە و سەرجەم پسوڵەى خەرجییەکانی ڕادەست بکاتەوە، بەڵام زۆرینەى عێراقییەکان دەڵێن ئەو کارە یان هەر نەکراوە، یان زۆر بەکەمی کراوە. لەبەرامبەریشدا سەرکردایەتیی یەکێتی بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پۆستی سەرەککۆماریان وەک سەرچاوەیەکى داهات بە کار هێناوە. لە کاتێکدا کە سیاسییەکانى عێراق ئارەزووى زیادەڕۆیی دەکەن، هەندێک لە بەرپرسە کوردەکان باس لەوە دەکەن کە فوئاد مەعسوم مانگانە بڕی 50 هەزار دۆلاری بۆ خۆى هەڵگرتووە، ئەوەیشی کە ماوەتەوە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەستى بەسەردا گرتووە. بەم شێوەیە پۆستى سەرەککۆمار بووە بە سەرچاوەى داهاتێکى ناشەرعی بۆ خۆشگووزەرانیی سەرکردەکانى یەکێتی، لەبەرامبەریشدا زۆرینەى مووچەخۆرانى هەرێم مانگانە مووچەکانیان پێ نادرێن.
ئەم پلان و نەخشەسازییانە بۆ عێراق و کوردەکان چی دەگەیەنن؟ لە 12ى ئایاردا زۆرینەى کوردەکان بەمەبەستى بەدەستهێنانى هاوبەشییەکى باشتر لەگەڵ حوکوومەتى فیدراڵیدا، دەنگیان دا. لەگەڵ ئەوەشدا وا دیارە دانووستانکارانى یەکێتی زیاتر بایەخ بە بەدەستهێنانى سەرچاوەى دارایی دەدەن وەک لە بەدەستهێنانى دەستەڵاتى تەشریعی یان هەژموونى سیاسی. هەر لەبەر ئەمەیشە کە بەرپرسانى کورد بە دانووستانیان لەگەڵ عەرەبە سونییەکاندا لە هەوڵی ماشینەوەى دەستەڵاتى سەرۆکایەتیى پەرلەمان و سەرەکوەزیراندان.
ئەگەر کوردەکان لە هەوڵى بەدەستهێنانى پۆستى سەرەککۆماردا بن، ئەوا تەنها چاویان لە بەدەستهێنانى سەرچاوە ناشەرعییە داراییەکەیدایە، نەک پێگەیەک کە ببێتە سەرچاوەى پاراستنى ئاشتى و بەدیهێنانى ئاشتەوایى نیشتمانى. پارتى دیموکراتی کوردستان هەموو هەوڵێکى ڕووکەشی خۆی بۆ بەدەستهێنانى پۆستى سەرەککۆمار بۆ فازڵ میرانى بەگەڕ خستووە، هەرچەند باکگراوندی ناوبراو لە ڕووى یاسایی و مۆراڵییەوە ڕوون نییە. دیاریکردنى فازڵ میرانى دەکرێت پلانێک بێت وەک لە هەنگاوێکى جددی، چوونکە دواتر لەبرى ئەوەدا بارزانى دەتوانێت ئیمتیازێکى زیاتر لە یەکێتى وەربگرێت. لە هەمان کاتدا باس لەوە دەکرێت کە یەکێتى لەتیف ڕەشیدى بۆ پۆستى سەرەککۆمار دیاری کردبێت، بەمەش خێزانى تاڵەبانى دەتوانێ باشتر دەست بەسەر ئەو بووجە زۆرەدا بگرێت، چوونکە لەتیف ڕەشید ئاوەڵزاواى تاڵەبانییە.
گەندەڵی لە عێراقدا دەردێکى گشتگیرە، سیستەمى هەڵبژاردن ئەو دەردە کوشندەتر دەکات. لە کاتێکدا زۆرینەى عێراقییەکان نەفرەت لە گەندەڵی دەکەن و هەوڵی سزادانى گەندەڵکاران لە هەڵبژاردنەکاندا دەدەن، دواتر هەر سەرکردەى ئەو پارتە گەندەڵکارانەن پێکەوە دانووستان دەکەن و حوکوومەت پێک دەهێنن. لە ئەنجامدا سەرجەم ئەو هەوڵانەى بۆ گۆڕانکاری دەیدەن، دەگۆڕێت بۆ پارێزگاریی لەو بارەى کە لە ئارادایە.
بەهۆى ئەو پاشخانە ناتەندرووستەوەیە کە دەبێت پەرلەمانى عێراق، لیژنە ناوخۆییەکان و، هەموو سەرکردە سیاسییەکان سوور بن لەسەر یاسای لێپێچینەوە، ئەویش نەک تەنها لەو حوکوومەتەى کە ئێستا درووستى دەکەن، بەڵکو لەوانەیش کە تێپەڕین، بە دەستەڵاتى تاڵەبانى و فوئاد مەعسومیشەوە. بەدڵنیاییەوە دەبێت قوباد تاڵەبانیش دەستەڵاتى خۆى لەدژى ناشەفافییەکان بەکار بێنێت. زۆر بە سانایی، ئەو جیاوازییەى لەنێوان بووجەى گشتی و مووچەى دەستەکاندایە (بەلایەنى کەمەوە ئەو مووچەخۆرانەى کە بن دیوار نین) لە ڕووى بڕەوە زۆر زیادە. پێویستە سەرکردایەتیی عێراق لەسەرووى گیرفان پڕکردنى خزمەکان و سەرکردەی پارتەکانەوە بێت.