کێشەی ئاو لە هەرێمی کوردستان و عێراق چەند چارەسەرێك

2022-03-23 09:58:08
پێشەوا محمود
گەر سیاسەتی گشتی دیاریکردنی شێوازی حوکومڕانی بێت لە وڵاتدا، ئەوا، ئاو ئایندەی سیاسی وڵاتان دیاری دەکات لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هەرێمی کوردستان و عێراق زۆرینەی سەرچاوە ئاویەکانی لە دەرەوەی سنوری سیاسیان هەڵدەقوڵێت، بەتایبەت هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا. بەهۆی سیاسەتی ئاوی ئەو دوو وڵاتەوە لە دروستکردنی بەنداو و گۆڕینی ڕێڕەوە ئاویەکان بۆ قوڵایی خاکی خۆیان، پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵانی 2030 بە ڕێژەی %50 ی ئاوی سەرزەوی لە عێراقدا کەم بکات.
تەنها ئێران ڕێڕەوی بیست ڕوباری گۆڕیوە کە دەڕژانە ناو خاکی عێراقەوە، کە مەزەندە دەکرێت بە نزیکەی پازدە ملیار مەتر سێ جا لە ساڵێکدا. لەپاڵ کەم بونی ئاوی سەرزەوی بەهۆی سیاسەتی ئاویی ووڵاتانی دراوسێ وە، گۆڕانی کەش و هەوای جیهان و پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو و زیاد بونی دانیشتوانی عێراق، کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر کەمبوونی سەرچاوەکانی ئاو هەیە لەم وڵاتەدا. پێشبینی دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا هەرێمی کوردستان و عێراق توشی کێشەی مەترسیداری کەم ئاوی ببنەوە. لە ئێستادا تەنها لە سەدا %41 دانشتوانی عێراق ئاوی پاك و شیاویان دەست دەکەوێت بۆ مەبەستی بەکارهێنانی ڕۆژانەیان، ڕێژەی%38 ی دانیشتوانی عێراق کەمتر لە پێداویستی ڕۆژانەیان دەست دەکەوێت، ڕێژەی %21 دانیشتوانی عێراق ئاوی پاکیان بەردەست نیە کە شیاوی خواردنەوە بێت بە پێێ ستانداردە جیهانیەکان.
پیسبوونی سەرچاوەئاویەکان لە ئێستادا لە باشوری عێراق سەری هەڵداوە بە تایبەت شاری بەسرە کە هەموو سەرچاوە ئاویەکانی (سەرزەوی و ژێرزەوی) پیس بووە و شیاو نیە بۆ بەکارهێنانی مرۆیی و کشتوکاڵی (ڕێژەی خوێ لە سەرچاوە ئاویەکاندا گەشتوەتە زیاتر لە 1200 ppm / بە پێی ستانداردی عێراقی دەبێت ڕێژەی خوێ خوار 1000 ppm بێت). هۆکاری ئەم پیسبونە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆکردنی پاشەڕۆی شارەکان بۆ ناو ئاوی ڕوبار و زێ و ڕێڕەوە ئاویەکان. کێشەکە ئێستا لە شاری بەسرە سەری هەڵداوە بەڵام لە ئایندەی نزیکدا تەشەنەدەکات بۆ شارەکانی تری وەک بەغدا و بابل و سامراء هەولێر و سلێمانی گەر چارەسەرێکی بۆ نەدۆزرێتەوە.
ئەمە لە پاڵ گۆڕانی کەش وهەوای سەر ڕوی زەوی کە عێراق بە پێنجەم کاریگەرتین وڵات هەژمار دەکرێت لە ڕووی جیهاندا بەم گۆڕانکاریە. ئەم گۆڕانکاریە دەبێتە هۆی هاوینێکی گەرمتر و درێژتر (کە دەبێتە هۆی وشکە ساڵی) زستانێکی کورت و سەخت تر (کە دەبێتە هۆی لافاو و سەرمای سەخت). ئەم گۆڕانکاریە کاریگەری دەکات لەسەر وشکبونی زۆرێک لە سەرچاوەئاویەکان و ڕێژەی بە بیابانبون زیادەکات (لە %31 ی عێراق بیابانە و ڕێژەی %54 لە ژێرمەترسی بە بیابانبوندایە). ئەمانە لە پاڵ گەشەی خێرای دانیشتوانی عێراق کە ساڵانە مەزەندە دەکرێت بە یەک ملیۆن کەس کە دەبێت پێداویستی ڕۆژانەی ئاویان بۆ دابین بکرێت.
هەرێمی کوردستان بەراود بە باشوری عێراق دۆخی باشترە لە بەر ئەوەی پەنجا لە سەدی (%50) سەرچاوە ئاویەکانی لە ناو خاکی هەرێمەوە هەڵدەقوڵێت، هەورەها ڕێژەی باران بارین کە سەرچاوەی سەرەکی ئاوی شیرینە زیاترە. بەڵام لەبەر ئەوەی تا ئێستا بەشێکین لە وڵاتی عێراق ئەو كێشانەی کە بەرۆکی ئەم وڵاتە دەگرێتەوە هەرێمی کوردستانیش بەشێک دەبێت لێی، بە تایبەت دروست بونی کۆچ لە خوارووی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش ئێستا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە ڕێژەی دانشتوانی خوارووی عێراق لە هەرێمی کوردستاندا لە بەرزبونەوەدایە.
چارەسەر بۆ کێشەی ئاو لە هەرێمی کوردستان و عێراق
چارەسەری هەڵە لە کەمبوونی سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی، دەست بردنە بۆ سەرچاوەی ئاوی ژێزەوی، لەبەر ئەوەی ئاوی ژێرزەوی سەرچاوەیەکی یەدەک و پارێزراوە، دەبێت بە پلانی تایبەت و لەکات و شوێنی گونجاودا بەکاربهێنرێت، دەرئەنجام ئەو سەرچاوە ئاویەش توشی کارەسات و کێشەی گەورە دەبێت. ئەوەی تێبینی دەکرێت لە داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێرزەوی سلێمانی کە لە 10 ساڵی ڕابوردواد داواکاری بۆ هەڵکەندنی بیری ئاو زۆر زیادی کردوە و زۆربەی گوندەکانی کوردستان کە پێشتر سەرچاوەی سەرەکی ئاو لە کانی و کارێزەکانەوە بووە، ئێستا پشت بە ئاوی ژێزەوی دەبەستن و سەرچاوە ئاویەکانیان یان وشکی کردوە یان لە وەرزی هاویندا وشک دەکات بەهۆی ئەو هۆکارانەی کە لەسەرەوە باسمان کرد.
چارەسەرەکان بۆ کێشەی ئاو لە عێراق و کوردستاندا
دەبێت حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کێشەی ئاو بە ستراتیژ وڵات وەربگرن و هەوڵی ڕێکەوتنی ئاوی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا بدەن کە مافی بەکارهێنانی ئاوی تێدا پارێزراوبێت بە ڕێکەوتنێکی نێودەوڵەتی، نەتەوەیەکگرتوەکان لە سالێ 1998 ەوە ئامادەی خۆی دەربڕیوە بۆ نێوەندگیری و چارەسەری ئەم کێشەیە. بەڵام هەریەک لە ترکیا و ئێران ئامادەی دەرنابڕن بۆ چارەسەر، بە مافی خۆیانی دەزانن کە سود لە سەرچاوەی ئەو ئاوانە وەرگرن کە لە ناوخاکی ئەوانەوە هەڵدەقوڵێن و دان بە نێودەوڵەتی بونی هەرودوو ڕوباری دجلە و فرات دانانێن. هەموو ڕێکەوتنێک بەرهەمی حکومداری تەندروست و ئابوری بەهێزە، کە ئەم دوخەسڵەتەش لە عێراق نزیکە لە نەبوون. ئەوەی ڕونە کە لە داهاتویەکی نزیکدا ڕێکەوتن لەسەر بەکارهێنانی سەرچاوە ئاویەکانەوە ناکرێت لە نێوان عێراق و ئێران و تورکیاد.ا
لەم دوخەدا چەند چارەسەرێک لە بەردەستە بۆ هەموو ئەو کێشانەی سەرەوە:
• بەسەنتەر کردنی ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی کە پەیوەستن بە سەرچاوەکانی ئاو لە دەستەیک یان وەزارەتێک بۆ باشتر ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاو، هەروەها نەبونی کۆدەنگی لە بڕیارداندا، کە لە ئێستادا هەر بەشێک لە بەڕێوەبردنی ئاو سەر بە چەند وەزارەتێک یان بەڕێوەبەرایەتییەکی جیاوازن.
• ئاوی سەر زەوی و ژێرزەوی پەیوەستن پێکەوە، دابەزین و زیاد بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی دەبێتە هۆی وشک بوون و کەمبونی سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی وەک کانی و کارێز و چەم و ڕوبارەکان، بە پێچەوانەشەوە ڕاستە. بۆیە کرنگە یاسایەکی گشتگیر بۆ بەڕێوەبردن و بەکارهێنانی سەرچاوە ئاویەکان دەربکرێت کە هەردوو سەرچاوەی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی و وەک یەک سەرچاوەی ئاو پارێزگاری لێ بکرێت لە سەنتەرێکی بڕیاردانەوە وەک لە خاڵی یەکدا باسمان کرد.
• هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی ناوەندا بۆ ڕێکەوتن لەسەر ستراتیژ و هاوکاری لە کێشەکانی پەیوەست بە ئاو بۆ ڕێگری لە دروست بونی کۆچ بۆ ناوچەکانی باکوری عێراق و هەرێمی کوردستان، بە دروست کردنی بەنداو و پاکژکردنەوەی ئاوەڕۆی شارەکان بۆ دوبارە بەکارهێنانەوەیان بۆ مەبەستی کشتوکاڵ.
• توندوتۆڵکردنی یاساکانی پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و دانانی سزای توند بەسەر ئەوکەسانەی کە دەبنە هۆی پیسبونی سەرچاوە ئاویەکان یان خراپ بەکارهێنانی ئەو سەرچاوانە.
• ڕێگری لە پیسبونی سەرچاوەکانی ئاو بە بڕینی سەرچاوەی ئەو پیسبونانە بە بنیادنانی پاڵاوگە لەسەر پاشەڕۆی شارەکان و کارگەکان و بەکارهێنانی ئاوی پاڵاوتوو بۆ مەبەستی کشتوکاڵی و ئاودێری.
• ئاو سامانێکی گشتیە و نابێت بە موڵکی تایبەت، بۆیە دەبێت ڕێگری بکرێت لە دەستگرتن بەسەر سەرچاوەکانی ئاودا و هەڵکەندنی بیر بە شێوەی قاچاخ و نایاسایی.
• دروێنەکردنی ئاو لەو ناوچانەی کە مەترسی کەم ئاویان لەسەرە وەک ناوچەکانی گەرمیان و دەشتی هەولێر.
• دروستکردنی بەنداوی بچوک و مامناوەند لە ناوچە جیاوازەکاندا، بەکارهێنانیان وەک سەرچاوەی ئاو لە بری ئاوی ژێزەوی. و نۆژەنکردنەوەی ئەو بەنداوانەی کە ئێستا هەن و بۆ زیاتر سودوەرگرتن و مانەوەیان.
• بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای سەردەم لە بەکارهێنانی ئاو بەتایبەت لە کشتوکاڵیدا.
• تەرخانکردن بودجەی تایبەت بۆ پەرەپێدان و ڕوبەڕوبونەوەی ئەگەرەکانی داهاتوو و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی ئاو.
سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
1- https://iraqenergy.org/.../uploads/2018/09/Water-Report.pdf
2- https://link.springer.com/article/10.1007/s11270-021-05236-7
3- https://reliefweb.int/.../Climate%20change%20In%20Iraq...
4- https://www.hrw.org/.../iraqs-failure-manage-water-crisis
5- https://unesdoc.unesco.org/ark:/48223/pf0000162604_ara
