لە کوێی دیموکراسیداین؟
2018-05-28 14:35:57
كاروان كەمال ...
"مەترسە، هەموو شتێ دەکەن بۆ ئەوەی نەمرین، چونکە پێویستیان بە پارەکانمانە"...
بەخاوەنکردنی خەڵک بۆدیمۆکراسی پرۆسەیەکی هەروا سانا و زارەکی نیە. جێبەندکردنی بنەمای "دەسەڵات سەرچاوەی ڕەوایەتی خۆی لە گەل دەسدەخا" لە دەستور و یاسادا بەتەنها بەس نیە بۆ دڵنیا بوون لەم خاوەندارێتیە. ئەم سەرەتا زارەکییە پێویستی بە پرۆسەیەکی لەڕوی تەکنیکیەوە ئاڵۆزە [کە ئێرە شیاوی باسێکی وا نیە]. بەڵام بابەتیانە و بەسادەیی پێکدێ لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی پێویستی لەنێوان خەڵک و دەسەڵات هەروەک بەکورتی و سادەکراوی لێرەدا ئەخرێتە ڕوو.
کەم نین ئەوانەی خاوەن خامە و دەنگی کاران و باسی ڕێزگرتنی دەسەڵاتی ڕۆژاوا لە هاوڵاتیانی خۆی بە باسێکی مۆراڵی ڕووت ئەگەیەنن بەگوێی خوێنەری کورد. هەمان ئەمە ڕاستە بۆ سەرتاپای عێراق وبگرە ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی. خوێنەری ئەم دەڤەرەیان سەرگەردان کردووە بەهەندێ لێکدانەوەی ڕەنگاو وڕەنگی نادروست و خەون ئامێز کە گوایە لای دەسەڵاتدارێتی خۆرئاوا تەنها مرڤبوون بەسە بۆ ئەوەی ئەوپەڕی ڕێز و مافت بۆ مسۆگەربکرێت. دێڕی دووەمی سەرەتای ئەم نوسینە ووتەی یەکێ لەسەرنشینانی پاسێکە بۆ سەرنشێنێکی تری ناو هەمان پاس کە دەترسێ لەوەی هێزەکانی پۆلیس ببنە هۆی کوشتنیان بەوەی بێگوێی لە داواکاریەکانی ئەفسەرێکی خانەنشینکراوی دەوڵەت دەکەن بەوپێیەی هەڕەشەی تەقاندنەوەی پاسەکە دەکا ئەگەر هەوڵی ڕزگارکردنی سەرنشینەکانی بدرێت. ئەم ڕووداوە بەشێکە لە بەسەرهاتەکەنی فیلمێکی ئاست مامناوەندی ئەمریکی بەناوی "خێرایی" تیایدا بەکورتی وسادەیی ئەوە لە بینەر دەگەیەنێ کە داهاتی دەوڵەت لە پارەی گیرفانی خەڵکەوە سەرچاوەی گرتووە لەڕێ باج و جۆرەها شێوەی تری بەشداری ماڵی هاوڵاتیان بۆ وەگەڕخستن و بەردەوامی خزمەتگوزاریە گشتییەکان. هۆکاری هەری سەرەکیش هەر ئەمەیە کە دەوڵەت هەموو ڕێزێکی هاوڵاتیانی دەگرێ و چی لەدەستبێ دەیکا بۆ پاراستنیان [تیاچوونی هەرهاوڵاتیەک یەکسانە بە لەدەستانی باجدەرێک]. هەر وەک وێنەی دوکاندارێ کەچی لەدەستبێ دەیکا بۆ ڕاگرتنی دڵی کڕیارەکانی چونکە سەرچاوەی داهات و بژێوین بۆی.
هەر ئەم فاکتەرە هۆکارێکی گەورەی کاریگەری لاوازی و بەهێزی دامەزراوە و پرۆسە دیمۆکراسیەکان دەبن بەو پێیەی ویست و ڕەزامەندی هاوڵاتی لەم بارەیا دەبێتە بناغەی کارکردنی دام و دەزگاکانی خزمەتگوزاری گشتی. بەمەش هاوکێشەی "پێویستی" گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردا دێ لەوەی کە خەڵک پێویستی بە دەسەڵات بێ [ وەک لە هەرێم و عێراق و ناوچەکە باوە] بگۆڕدرێ بۆ ئەوەی دەسەڵات پێویستی بە خەڵک بێت. لەباری یەکەمدا فەرمانڕەوایەکی بێباک لە خەڵک و ویستی گشتی بەرهەمدێ کە سەرچاوەی داهاتی جێگرەوەی هەیە بۆ ئەوەی پێویستییەکی بنەڕەتی بە هاوڵاتیان نەمێنی. لەم بابەتە لە داهات زۆرتر سەرچاوە سروشتیەکان و قۆرخکاری بازرگانی بناغەیانن. دەسەڵاتداری لەم چەشنە هەرچی لەدەستبێ بێسڵەمینەوە دەیکا لە تەجاوز کردنە سەر ماف و ئازادیەکان بە پرۆسەی سیاسیشەوە بۆ مانەوەی لە کایە حوکمڕانیەکەیا [دەسکاریکردنی دەنگ و گۆرانکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا یەکێکە لە فۆرمە باو و سواوەکانی ئەم نمونەیە]. لە کاتێکدا لە باری دووەمدا خەڵکێکی بێباک لە فەرمانڕەوا دێتە مەیان کە تەنها لایان مەبەستە خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە باشی بەردەوام بن. لایان گرنگ نیە کێ بێت ئەوەی دەسەڵاتی دەدەنە دەست. لەم بارەیا پرۆسەی دیمۆکراسی و بەتایبەت تر هەڵبژاردن تەواو دەچووێ بە تەندەرینی بازرگانی. كی بە کەمتریین تێچوو [باج و خەراج] دەتوانێ خزمەتگوزاریەکانمان بۆ ماوەیەک کە دیاریکراوا بە یاسا بۆ بەڕێوەبەرێ؟ هەرئەمەشە وا دەکا بانگەشەکانی هەڵبژاردن لە خۆرئاوا ببنە کێبڕکێ لەسەر بابەتی خزمەتگوزارییەکان و تێچووە گشتییەکان لە خوێندن، تەندروستی، ڕێگاوبان، چاودێری کۆمەڵایەتی، کاروباری دەرەوە و چەندینی تر.