سەرۆکێک بۆ کۆمار یاخود سەرۆک کۆمارێک !
2022-01-23 18:42:27
چیا عەباس
کێشمە و کێش و بێنە و بیبەی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار لە رۆژی قیامەت و حساب دەچێت، ئەو رۆژەی چاکە و خراپە دەخرێنە تای تەرازوەوە و یەزدانی گەورە بەپێوەری چاکە و خراپەی مرۆڤەکان پاداشت و سزایان دەدات.
تۆ بلێی کام یەزدان بریار لە چاکە و خراپەی ئەو دو هێزە بدات و بە سەر " صراة المستقیم" دا بیان بات تا یەکێکان پر بە پشکی خۆی بخرێتە لای هاوجۆرەکانی لە دۆزەخ، ئەوی تریشیان بە هەمان شێوە سوچێکی بەهەشتی گوڵزار و دڵگیری لە گەڵ جوانی و میهرەبانی فریشتەکان و تام و چێژی شەراب و حۆریەکانی بەرکەوێت.
تۆ بڵیی پەرلەمانی عێراق بەم پێکهاتە و دۆخی ئێستای بریاردەر بێت لە چەسپاندنی عەدالەتی یەزدان و مرۆڤایەتی و یاساکانی سەر وەرەق؟ ئەوەی گومانی تێدا نیە یەکلاکەرەوە دەبێت بە پێوەرە قێزەوەن و سواو و نیەتە شەیتانیەکانی بۆ ناردنی نوێنەری حزبی سەرکەوتو بۆ دۆزەخ و هەروەهاش بۆ بەهەشت بەو پشک و شێوازەی بۆی دیار دەکرێت.
نەگبەتی کوردە ئەم دو هێزە لە سەر پۆستێک قیرچسمەیی دەکەن کە بێجگە پارە و ناو بۆ تەرەفی براوە هیچ بەها و کاریگەری ئەوتۆی بۆ کورد نیە، ئەوەی هەیەتی ناوداریەکی بێ ناوەرۆکە کە زۆربەی دنیای دەرەوە بایەخی پێنەداوە و ناشیدات، بێجگە مام جلال کە ناو و ناوبانگی لە پۆستی سەرۆک کۆمارەوە پەیدا نەکردبو، بەڵکو وەک سەرکردەیەکی مێژویی کورد بۆ خۆی هەر ناودار بو.
ئەزمونەکانی دوا دو سەرۆكیکی کورد بۆ کۆماری عێراق و ئەوانەی ئایندەش لە رۆڵی تەتەرێکی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و واژۆکردنی بریار و فەرمانە ئامادەکراوەکان زیاتر نابێت.
سەرۆک کۆماری کاریگەر و شایستە خۆی دەبێتە سەرۆک کۆمار جا بە هەڵبژاردنی دروست و دادپەروەرانە یاخود بە زەبری مێژو و بە ئیرادەی میللەت، کاندیدەکانی ئەو دو هێزە بە هەر دوکیان نوێنەرایەتی نزیکەی ٣٠ لە سەدی کورد دەکەن و یەکێکیان بە ناوی کوردەوە پۆستێکی بەناو زۆر باڵا پر دەکاتەوە، ئەم پرکردنەوەیە بۆ خۆی و حزبەکەی و ئیرادەی بەهێزی دەرەوەی خۆشی نیعمەت و بەرەکەت دەبەخشێت و لەسەر شانۆی سیاسی ناوچەکە بەدەستی حزبەکەشیەوە وەک " الدمی المتحرکة" ی لێدێت.
تۆ بلێی زۆربەی ئەزمونی کورد لە نزیکەی دوا بیست ساڵی دواییدا لە گەڵ ئەو پۆستەدا شتێکی جەوهەری لە پرسی کوردایەتی بە ئاراستە خوازیار و جوانەکاندا بردبێت، بۆ وەبیرهێنانەوە تا هات و هاواری حزبی زیاتر گێژمان نەکەن، بیرێکی جدی بکەینەوە لە ئەزمەکانی موچە و بودجە، ناوچە زەوتکراوەکانی باشوری کوردستان، دۆخی کەرکوک، شکست پێهێنانی پرۆسەی ریفراندۆم، رۆڵی دەسەڵاتی بەغدا لە کارەساتەکانی ئۆکتۆبەر، دروست نەکردنی ئەنجومەنی فیدرالی، ئایندەی هێزەکانی پێشمەرگە و .....تاد، ئەوسات تێدەگەین سەرۆکێکی کورد بۆ کۆماری نەهامات بۆی نیە چی بکات. ئەوەی هیوای پلاسیپۆی پێ هەیە دەمێکە روبەروی گومان و گەلێک پرسیار بۆتەوە.
لەم پرسەدا پارتی و یەکێتی پاش پاشەکشە گەورەکەیان لە دوا هەڵبژاردنەکاندا هەڵێکی زێرینیان لە دەستدا، باشتر بو لە گەڵ هێزەکانی تری کوردستان لەسەر یەک کاندیدی بێلایەن رێکبکەون و پشگیری بکەن لە بری ئەم رۆژی قیامەتەی بەرپایان کردوە.
تێبینی: لە نەریتی سیستەمی سیاسی و حوکمرانی چەند وڵاتێکی دیموکراسی ئەوروپای رۆژئاوا کە کابینە پێکدەهێنن جیاوازی زۆر هەیە نێوان، بۆ نمونە: وەزیری پەوەردە و وەزیر بۆ پەروەردە، جیاوازیەکانیش لە دەسەڵات و ئەرکەکاندان.
تۆ بلێی ئایندە وەڵام بداتەوە؟