تەمبەڵی عەقڵی و کۆمەڵگای جنێو!
بڵاوکراوەتەوە لە : 30 تشرینی یەکەم 2026
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
بڵاوکراوەتەوە لە : 30 تشرینی یەکەم 2026
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
هێمن عەبدولقادر
بۆ ئەوەی بزانیت ڤیستیڤاڵی لەچک لەسەر کردن ، یان ڤیسیڤاڵی هەنار ، یان کۆنسێرتێکی سەما و مۆسیقا ، یان هەر شتێکی تر باشە یان خراپە؟ ، دەبێت بچیت بخوێنیتەوە ، مێژووی دیاردەکە بزانیت ، لێکەوتە کلتوری و کۆمەڵایەتیەکانی فێر بیت ، ئەمەش کاتێکی زۆری دەوێت ،
بەڵام بۆ ئەوەی جنێو بدەیت یان بنووسیت (تفوو) تەنها چەند چرکەیەکی ئەوێت ،
بۆیە نیتچە دەیگوت (بیرکردنەوە سەخترین کارە) چونکە دەبێت مێشکت بگوشیت ، گوشینی مێشک ، واتای هێنانەوەی بەڵگە ، هێنانەوەی بەڵگە واتای گەڕان و کنە و پشکنین ، گەڕان واتا ماندوو بونێکی زۆر ، بەڵام جنێودان هیچی تێناچێت ، جۆرێکە لە تەمبەڵی عەقڵی.
.................
جنێودان خۆی هیچ نییە ، تەنها بەقوربانیکردنی ئەوەی ترە، بۆ پیرۆز نیشاندانی خۆمان ،
لۆژیکی (کاتێک هەموو شتێک خراپە ، واتا هیچ شتێک خراپ نییە) هەر ئەمە خۆی خراپەکەیە ،کاتێک دەمانەوێت هەمووان خراپ دەرکەون ، لەبەر ئەوەی خۆمان باش نین.
بۆیە کاتێک سووکایەتی دەبێتە وەڵام، ئەوەی شکست دەهێنێت تەنها ئەو کەسە نییە کە جنێوی پێ دەدرێت، بەڵکوو خودی کۆمەڵگایەکە کە چیتر نازانێت چۆن بیربکاتەوە
...............................
لە ڕاستیدا گومان خۆی لە بنەڕەتدا خراپ نییە، فەلسەفە بە گومانکردن دەست پێ دەکات، زانست بە پرسیارکردن پێش دەکەوێت، دیموکراسی بە چاودێریی دەسەڵاتەوە بەهێز دەبێت، ئاین بە تازەکردنەوە خۆی دەگونجێنێت ، خراپ ئەوەیە ، کە لە بری گومان و پرسیار و چاودێری و تێڕامان تەنها زمانی جنێودان بزانین.
مەترسیدارترین نەزانیش ئەوە نییە کە مرۆڤ (نازانێت) مەترسیدارترین نەزانی ئەوەیە کە مرۆڤ چیتر پێویستی بە زانین نەبینێت،
وەپێشی وابێت کە زانینێک فێر بووە ، کە وەڵامی هەموو شتێکی لایە ، ئەویش زانینی جنێو و تف و ڕەتکردنەوەی هەموو شتێکە.
کەسێک کە بۆ بەرزکردنەوەی بیرکردنەوەکانی خۆی ، بەبێ هۆکار سووکایەتی بەوانی تر دەکات، لە ڕاستیدا زیان بە هەمان ئەو شتە دەگەیەنێت کە بانگەشەی پاراستنی دەکات.
.............................
کابرایەک لە ڕوباری دیجلە مەی دەخواردەوە ، خەڵک ویستیان بە بەرد ڕاوی بنێن و نەفرەتی بکەن ، جونەیدی بەغدادی چووە تەنیشتی ، وتی کەمێک بۆ منیش تێکە تا تیونێتیم بشکێت ! کابرا لە شەرمی جونەید گۆزەکەی فڕێدا ، خەڵکی وتیان ئەو چ کارێک بوو کردت ؟ جونەید فەرمووی (منیش دەمتوانی وەکو ئێوە بە بەرد ، دوری بخەمەوە ، بەڵام ئەرکی من دەرهێنانێتی لە مەستی ، نەک دور خستنەوەی لە ڕوبارەکە)
جنێو و بێڕێزی دەتوانێت کەسێک لە ڕوبارەکە ، یان لە کارەکەی ، دوربخاتەوە ، بەڵام ناتوانێت قەناعەتی پێبکات ، کە لە شوێنێکی تر دانەنیشێتەوە و دەست پێنەکاتەوە.
کورد دەڵێت (سەد دەرزی گاسنێکی تیانابیت) سەد جنێو و تۆمەتنامە بەڵگە و ئارگۆمێنت و لۆژیکێکی تیانابێت بۆ ڕەتکردنەوە یان پەسەند کردن.
ئەگەر ئەمڕۆ ئێمە هەموو شتێک بشکێنین ، ئەی کەی دروستی بکەینەوە؟ ئەگەر هەموو کەسێک ڕەت بکەینەوە ، ئەی کێ قبوڵ بکەین ؟