ناسیونالیزم و رەگوڕیشەکانی یان بنەماو پایەکانی

Draw Media

2022-01-22 20:32:48



  عەتا قەرەداخی
             ( ١-٥)
سەرەتا: مەبەست لە نەسیونالیزم چیە؟ (ناسیونالیزمی ئیتنیکی چیە؟ ناسیونالیزمی مەدەنی چیە؟ ) ئایا ناسیونالیزم چ پەیەوەندییەکی بە نەتەوەوە هەیە؟ پەیوەندی ناسیونالیزم و بە پیشەسازیکردن چیە؟ پەیوەندی ناسیونالیزم و مۆدێرنێتە چیە و کامیان بەرهەمهێن یان دروستکەری کامیانە؟ سەرەتای دەرکەوتن و سەرهەڵدانی ناسیونالیزم کەیەو لە کوێوە سەری هەڵداوە؟ ئەمانە کۆمەڵێک پرسیارن کە ئەم باسە هەوڵدەدات بۆ پێشکەشکردنی وەڵامی گونجاو بۆ ئەم پرسیارانەو لە دوای ئەوەش هەوڵدەدات رووناکی بخاتە سەر پێناسەی ناسیونالیزمی کوردی ودەرکەوتن و شێوازی کارکردنی.
دەشێ چەندین پێناسەی ناسیونالیزم لە لایەن لێکۆڵەرانی ئەو بوارەوە کرابێت کە بە گشتی بریتین لە مێژوونووسان و کۆمەڵناسان، بەتایبەتی کە ئەوە ئاشکرایە ناسیونالیزم  بیرمەندی نیە، رەنگە راستیەکەش ئەوە بێت کە ناسیونالیزم وەکو بیر ناناسرێت یان بە بیر دانانرێت و هەر لەو روانگەیەشەوە بیرمەندی نیە. هەر لێرەوە باسکردن لە ناسیونالیزم یان چەمکی ناسیونالیزم وەکو "بیر- Thought" دەکەوێتە بەردەم گومانەوە. لە راستیدا ناسیونالیزم زیاتر وەکو ئایدیۆلۆجیا باس دەکرێت. ئەنتۆنی دی سمیس دەڵێت: بیرو ناسیونالیزم بزووتنەوەیەکە کە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیەکی دیاریکراو وەکو دەستەیەک لە خەڵک پتەوو بەهێز دەکات(١). لێرەدا دەردەکەویت کە ناسیونالیزم راستەوخۆ پەیوەندی بە نەتەوەوە هەیە، یان بە واتایەکی تر ئەو مادەیەی کە ناسیونالیزمی لەسەر بەرهەم دێت نەتەوەیە، ئەگەرچی بە بارێکی تردا ناسیونالیزم نەتەوە دروست دەکات. بەهەرحاڵ هەر لەم پیناسەیەدا دەردەکەوێت کە ناسیونالیزم وەکو جوڵانەوە یان بزووتنەوەیەک سەیر دەکرێت کە ئامانجێکی دیارو ئاشکرای هەیە کە ئەویش بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیە. بێگومان رەنگە ئەو پرسیارە سەرهەڵبدات ئایا بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیەک یان هەر نەتەوەیەک چیە؟ زۆر بە سادەیی بەرژەوەندی هەر نەتەوەیەک ئەوەیە کە خۆی دەسەڵاتداری سەر خاکی خۆی بێت. بە مانایەکی تر ناسیونالیزم ئامانجی ئەوەیە کە نەتەوە خاوەنی سەروەی خۆی بێت لەسەر خاکی خۆی، کە ئەوەش پێش هەموو شتیک دەبێ حکومەتی خۆماڵی خۆیی هەبێت لەسەر خاکی خۆی، چونکە بە بێ بوونی حکومەت ناتوانریت باسی سەروەری بکرێت کە سەروەریش تەنیا لە بوونی دەوڵەتی نەتەوەدا بوونی دەبێت. هەر لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین بڵێین ناسیونالیزم پشتگیری ئەوە دەکات و داکۆکیکەری ئەوەیە کە هەر نەتەوەیەک خۆی خۆی بەڕێوەببات و خاوەنی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی و هەموو بڕیارێکی پەیوەست بەخۆی بێت و پارێزراو بێت لە دەستتێوەردانی دەرەکی و نەکەوێتە ژێر هەژموونی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆی دەرەوەی خۆی. هەر نەتەوەیەک لە رووی سروشتیەوە هەمان مافی نەتەوەکانی تری هەیەو بەو پێیەش هیچ نەتەوەیەک بە هیچ بیانوو پاساوێک مافی ئەوەی نیە کە دەسەڵات بەسەر نەتەوەکانی تردا بکات و داگیریان بکات و بەویستی خۆی سەرکوتیان بکات و بەکاریان بهێنێت چونکە هەر نەتەوەیەک خۆی بنەماو بنچینەی سروشتی و نموونەییە بۆ فەرمانڕەوایی خۆی وهیچ نەتەوەیەکی تر نابێتە ئەو بنچینە سروشتیە بۆ فەرمانڕەاویی ئەم. بامانایەکی تر هەر نەتەوەیەک خۆی تاکە سەرچاوەی دروست و رەوایە بۆ بەرهەمهێنان و بنیادنانی دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبەرێتی خۆی و لەسەر ئەو بنەمایەش وەک هەموو نەتەوەکانی تر مافی بەدەستهێنانی سەروەرێتی خۆیی هەیە.
هانس کۆهن لە پێناسەی ناسیونالیزمدا دەڵێت: ناسیونالیزم حاڵەتێکی زیهنیە بۆ زیادکردنی چوونەناوەوەی زۆرینەیەکی گەورەی دانیشتوان لەسەر بنچینەی هەڵوێستی دڵسۆزی و پەیوەستبوون لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگەدا(٢). لێرەدا سێ بنەمای سەرەکی بۆ دروستبوونی هەر جوڵانەوە یان بزووتنەوەیەک باس دەکرێت، کە یەکەمیان بارێکی زیهنیە واتە پەیوەستە بە عەقل یان مێشکەوەو ئەویش یان لەسەر بنەمای سۆزو هەڵچوون کاردەکات یان لاسەربنەمای عەقڵ و بەئاگایی کە ئەم دوو رەگەزەش هەردووکیان هەم پێویستن بۆ بەرهەمهێنانی جوڵانەوە یان بزووتنەوە، هەم لە خاسێتە دیارەکانی مرۆڤن و لە لایەک پەیوەستتن بە بنەمای بایۆلۆجی و لە لایەکی تریشەوە پەیوەستن بە بنەمای عەقڵی و دەرونی و مەعنەوی. بنەمای دووەم دیاریکردنی ژمارەی ئەو کەسانەیە لە کۆمەڵگەدا کە دەچنە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکی وەهاوە کە زیاترین ژمارەی ئەندامانی کۆمەڵگایە. ئەمەش ئاسایی ئەوە دەردەخات کە ناسیونالیزم پەیوەستە بە کۆمەڵگاوەو لەچوارچێوەی کۆمەڵگادا بوونی هەیەو قسەی لەبارەوە دەکرێت و دەشخوازێت زیاترین ژمارەی ئەندامانی کۆمەڵگای تێدا بێت. بنەمای سێیەم ئەو فاکتەرەیە کە زیاترین ژمارەی ئەندامانی کۆمەڵگا دەبڕێت یان دەخاتە ناوەوە کە ئەویش دڵسۆزی و پەیوەستبوونە کە دەشێت بە سەربەبوون یان ئینتیما ناوببرێت. لێرەوە شتێک لەبارەی سروشتی ناسیونالیزمەوە ئاشکرا دەبێت کە دەشێت وەکو بزوتنەوەیەکی جەماوەریی ئامانجدار سەیر بکرێت لە چوارچێوەی کۆمەڵگاو لە زەمینیەیەکدا کە گەوهەر یان رەگەزی سەرەکی بۆ پێکهێنانی ناسیونالیزم بوونی هەبێت کە ئەوێش نەتەوەیە. بەڵام لێرەدا مەبەست ئەوە نیە کە لە پێش دەرکەوتنی ناسیونالیزمدا نەتەوە بوونی هەبووە یان بوونی هەیە.
 هەروەک هانس کۆهن لە شوێنێکی تردا دەڵێت: ناسیونالیزم ئایدیۆلۆجیایەکە دەوەستێتە سەر ئەو بنچینەیەی کە تیایدا دڵسۆزی و خۆتەرخانکردنی تاکەکەس بۆ دەوڵەتی نەتەوە باڵادەست دەبێت بەسەر بەرژەوەندییەکانی تری تاکەکەس و گروپدا(٣). لێرەدا زیاتر چەمکی ناسیونالیزم ئاشکردەبێت و تەنیا وەها باس ناکرێت کە بیرۆکە یان جوڵانەوەو بزووتنەوەیەک بێت، بەڵکو خاسێتی ئایدیۆلۆجیای دەدرێتە پاڵ کە ئەویش لە گەوهەردا باسی ئەو هێزو پاڵنەرە دەکات کە وا لە تاکەکەس و گروپیش دەکات دەستبەرداری بەرژەوەندییە تاکەکەسی یان گروپیەکانی خۆی ببێت و خۆی تەرخان بکات بۆ بەرژەوەندییەکی فراوانتر کە بەرژەوەندی دەوڵەتی نەتەوەیە، واتە دامەزراوەیەک کە نەتەوە خاوەندارێتی دەکات و گەیشتووە ئاستیکیش کە بووەتە خاوەنی سەروەری چونکە وەکو دامەزراوەی دەوڵەتی نەتەوە ناودەهێنرێت، کەواتە لێرەدا ئەوە ئاشکرا دەبێت کاتێ خاسێتی ئایدیۆلۆجیا دەدرێتە پاڵ ناسیونالیزم مانای وایە ناسیونالیزم ئایدیۆلۆجیایەکە لەگەوهەردا خۆتەرخانکردن و پەیوەستبوون و ئینتیمای زیاترین تاکەکانی کۆمەڵگا بۆ کارکردن لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی نەتەوە لەخۆیدا کۆدەکاتەوەو لەخۆدەگرێت. ناسیونالیزم بزووتنەوەیەکی نوێ یان مۆدێرنەو پەیوەندی بەو گۆڕانکارییە گرنگانەوەیە هەیە کە لە سەدەی حەڤدەیەم و هەژدەیەمدا لە کۆمەڵگای ئەوروپی و پاشان ئەمەریکی و دواتریش لە شوێنانی تر لە بنیادی گشتی کۆمەڵگەکاندا روویانداوە، بە تایبەتی شۆڕشی پیشەسازی و دەرکەوتنی مۆدێرنێتە. لەگەڵ دەرکەوتنی ئەم گۆڕانکارییانەدا خەڵک پەیوەستبوون بە زێدی خۆیان و بە خاکی نەتەوەکانیان و بە داب و نەریتی باوباپیرانیانەوەو بەو دەسەڵاتانەی کە لەسەر خاکی خۆیان هەیانبووە بە تایبەتی نەتەوە خاوەن دەوڵەتە فیودیالی و ئیمپراتۆرێتە ئایینیەکان، کە دیارە لەگەڵ دەرکەوتنی سادەترین سەرەتای ناسیونالیزمدا ئامانجی گۆڕینی ئەو جۆرە دەسەڵاتە رەهایەی خۆیانیان نەبووە لە گەڵ دەرکەوتنی ناسیونالیزمدا پرۆژەی دروستکردنی دەسەڵاتی خۆیانیان لەسەر خاکی خۆیان هەبووە، کە ئەوەش درووستبوونی دەوڵەتەکانی نەتەوەی لێکەوتووەتەوە. هەر لێرەوە ناسیونالیزم زیاتر بەرەو فۆرمەلەبوون دەچێت و هەستێکی ئەوتۆ دروست دەکات کە ببێتە مایەی جۆرێک لە دانپێدانانی گشتی و شێوەیەک بە ژیانی تاک و کۆمەڵ دەبەخشێت و رۆڵی گرنگ و دیاری دەردەکەوێت و خۆی وەکو هێز یان جوڵانەوە یان ئایدیۆلۆجیایەکی کاراو بزوێنەریکی چالاک لە مێژووی نوێدا نمایش دەکات کە ئامانجی دیارو ئاشکرای دروستکردنی دەسەڵاتی خاوەن سەروەری نەتەوەکانە، کە مەبەست لە سەروەری نەتەوەیی دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەکانە چونکە بەبێ بوونی دەوڵەتی نەتەوە شتێک نیە بە ناوی سەروەری نەتەوەیی.
بێندیکت ئەندرسۆن رای وایە: ناسیونالیزم هێزیکی سیاسی پتەوە، بەڵام لە رووی فەلسەفیەوە هەژارە. سەرباری ئەوەی " ism"ی پێوەیە، بەڵام هەرگیز بیرمەندی بەرهەمنەهێناوە(٤). بێگومان ئەوە ئاشکرایە لە رووی زمانەوە وشەی ناسیونالیزم Nationalism لە ئاوەڵناوی National  درووستکراوە ئەویش بە زیادکردنی پاشگری “-ism” کە ئەم پاشگرە بە مانای بڕوایەکی دیار یان پیادەکردن یان سیستێمێکی دیار یان فەلسەفەیەک، یان سیستێمیکی فیکری دێت. بنچینەی ئەم ناوە داڕێژراوە ناوێکی ترە لە زمانی ئینگلیزیدا کە ئەویش ناوی " Nation "ە. واتە بنچینەی داڕشتنی وشەی ناسیونالیزم کە دەشێت بە کوردی پێی بگوترێت "نەتەوایەتی" وشەی نەتەوەیە. ئێستا دەردەکەوێت کە پێش دەرکەوتنی یان بوونی وشەی ناسیونالیزم لە زماندا وشەی نەتەوە بوونی هەبووە. ئەگەر لەم روانگە زمانیەوە سەیر بکرێت، ئەوا لە پێش بوون یان دەرکەوتنی ناسیونالیزمدا نەتەوە هەبووە، ئەمە روانینێکی دروستە لە رووی مێژوویی و کۆمەڵناسیشەوە، بەڵام نەتەوە وەکو مادە، وەکو بوویەکی بایۆلۆجی کۆمەڵایەتی نەک وەکو بوویەک یان دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی. ئەوە ناسیونالیزمە نەتەوە دەگۆڕێت بۆ دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی و بارگاویی دەکات بە خواست و ویستی سیاسی کە دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوە لوتکەی ئەو خواست و ویستانەیە.  
لە فەرهەنگی مێریەم وێبستەردا بەمجۆرە پێناسەی ناسیونالیزم دەکرێت: ناسیونالیزم بریتیە لە دڵسۆزی و خۆتەرخانکردن بۆ نەتەوەیەک، بەتایبەتی دیمەنی هوشیاری نەتەوەیی و ئاستی پێشکەوتن و باڵابوونی نەتەوەیەک بەسەر هەموو نەتەوەکانی تردا نیشان دەدات و دانانی جەختکردنی سەرەتاییە لەسەر پتەوکردنی کەلتوورو بەرژەوەندییەکانی ئەو نەتەوەیە بەرامبەر بە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەکانی تر یان گروپە نەتەوە باڵاکان(٥). دیسان لەم پێناسەیەدا خاڵی سەرەکی خۆ تەرخانکردنە بۆ بەرژەوەندییەکانی نەتەوە، واتە لێرەدا ناسیونالیزم وەکو بابەتێکی گرنگ و تەنانەت بە گوێرەی ئەندامانی هەر نەتەوەیەک وەکو شتێکی پیرۆز سەیر دەکرێت تا ئەو ئاستەی ئەندامانی نەتەوە یان کۆمەڵگا خۆیانی بۆ تەرخان دەکەن، کە ئەو خۆ تەرخانکردنە جۆرە سروشتێکی تەسەوفی تێدا بەدیدەکرێت کە چۆن سۆفی خۆی تەرخان دەکات بۆ پرینسیپی رێبازەکەی و هەموو کارێک دەکات و واز لە هەموو خواست و ویستە دنیاییەکان دەهێنێت بە ئومێدی ئەوەی بگات بە رۆحی باڵای خوداو تیایدا بتوێتەوە. بەهەمان شێوە خۆ تەرخانکردنی ئەندامانی نەتەوە بۆ بەدەستهێنان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نەتەوە مانای دەستبەرداربوونیانە لە بەرژەوەندیە تایبەتەکانیان لە پێناوی بەرژەوەندی نەتەوەدا. بێگومان یەکێک لەو هۆکارانەی کە ناسیونالیزم توانای یەکخستن و یەکپێگرتنی نەتەوەی هەیە ئەو گیانی خودنەویستیەی تاکە کەسە لە پێناوی بەرژەوەندی نەتەوەدا. بێگومان لەم پێناسەیەدا باسی ئەوە دەکرێت کە ئەندامانی هەر نەتەوەیەک هەوڵی باڵابوونی یان بەرزتردانانی نەتەوەکەی خۆیان دەدەن لەبەرامبەر بەرژەوەندی یان لە بەرامبەر نەتەوەکانی تردا. ئەگەر لە رووکەشدا سەیری ئەم رستەیە بکەین ئەوا ئاماژەی جۆرێک لە رەگەزپەرستی تێدا دەبینرێت. بەڵام لە رووی راستیەوە بابەتەکە بەو شێوەیە نیە کە ئەندامانی هەر نەتەوەیەک بیانەوێت نەتەوەکەی خۆیان لەوانی تر بە باشترو تەنانەت بە پیرۆزتر لەوانی تر سەیر بکەن، نەخێر مەبەستەکە ئەوەیە کە بنەمای بەراوردی هەر نەتەوەیەک لەگەڵ نەتەوەکانی تردا ببێت بە پاڵنەر بۆ گەشەکردن و پەرەسەندن و پێشکەوتنی زیاتر بە ئامانجی بەرهەمهێنانی زیاتری ئەو بنەمایانەی کە خزمەتی مرۆڤایەتی دەکەن بە گشتی.
جۆن کانی پێناسەیەکی نزیک لەم پێناسانەی سەرەوە بۆ ناسیونالیزم دەکات و دەڵێت: ناسیونالیزم ئایدیۆلۆجیایەکە جەخت دەکاتە سەر دڵسۆزی بۆ نەتەوەو پەیوەستبوون بە نەتەوەوە(٦). تۆماس هایلاند ئیرێکسین دەڵێت: ناسیونالیزم جۆرێکی لێڵی ئایدیۆلۆجیایە دەشێت لە ناوەوەو دەرەوەی سنووری دەوڵەتدا دوژمنکارانەو فراونخواز بێت، هەروەک دەشێت ناسیونالیزم وەکو پارێزەری راستی و ئاشتی وەکو هێزی یەکگرتنی کەلتووری لە دەوڵەتی نەتەوەدا یان لە هەرێمێکدا خزمەت بکات(٧). هەروەک زۆربەی کات ناسیونالیزم لە لایەن خاوەن تیۆرییانی لیبراڵەوە بە ئایدیۆلۆجیایەکی جیهانی دادەنرێت کە جەخت دەکاتە سەر یەکسانی و مافی مرۆڤ لە چوارچێوەی فەرمانڕەواییەکەیدا(٨). لەم پێناسانەی سەرەوەو چەندین پێناسەی تریشدا دەردەکەوێت کە ناسیونالیزم دڵسۆزی و خۆتەرخانکردنە لە پێناوی نەتەوەو بەرژەوەندییەکانی نەتەوەو پاراستنی ئەو بەرژەوەندییانەدا، لەگەڵ هەوڵی بەدەستهێنانی سەروەریدا کە ئەویش لە دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەو بنیادنانی نەتەوەدا دەستەبەر دەبێت. هەروەها دەردەکەوێت کە ناسیونالیزم ئەو ئایدیۆلۆجیایە کە ئامانجی یەکێتی و یەکبوونی نەتەوەی لە خۆیدا هەڵگرتووە، واتە ئایدیۆلۆجیای دروستکردنی هەستی پێکەوەبوون و دەستەجەمیە لەگەڵ پتەوکردن و بەهێزکردنی ئەو رەگەزو بنەمایانەی کە نەتەوە پێکدەهێنن. یان بە دەربڕینێکی تر ناسیونالیزم ئایدیۆلۆجیای دەوڵەتی نەتەوەیە کە دەوەستێتە سەر هەستی پێکەوەبوونی خەڵک لە رووی ئیتنیکی و زمان و خاک و نەریت و میژوو ئایین و بنەماکانی تری نەتەوەوە. لە راستیدا سەرباری باسکردنی ئایین یان تێزی مارکسیزم یان ئەنارکیزم و رۆڵبینینیان لە بەرهەمهێنانی ناسیونالیزم یان بوونیان بە پایەی ناسیونالیزم، ئەوە بۆچونێکە هەریەکەیان بە جۆرێک رەتدەکرێتەوە. بە گوێرەی ئایین کە چەمکێکی تەواو ئومەمی یان گەردوونیە پەیوەستبوونی بەهەر رەگوڕیشەیەکی ئیتنیکیەوە ناجۆرو نەگونجاو دەردەکەوێت و ناشێت ببێتە بنەمای کاراو زیندووی ناسیونالیزم. هەروەک لە لایەکی ترەوە ناسیونالیزم بەگشتی چەمکێکی عیلمانیە، واتە لەگەوهەردا نەک هەر لەگەڵ چەمکی ئایینی ناکۆکە بەڵکو دژیشە. دەشێت لە روویەکی ترەوە باسی ناسیونالیزمی ئایینی بکرێت، بەڵام ئەو ناسیونالیزمی ئایینیە پرۆژەی دەوڵەتی نەتەوەی نیەو دژی دەوڵەتی نەتەوەیە. ئەوەی ئێستا بە تایبەتی لە جەنگی دووەمی جیهانی بۆ دواوە بە ناوی دەوڵەتی ئایینی بە تایبەتی دەوڵەتی ئیسلامی دروستبوون و وەکو دەوڵەتی نەتەوە دەردەکەون، بە تایبەتی دەوڵەتانی عەرەبی و ئیران و تورکیا تەنیا لە رووکەشداو بۆ پەردەپۆشکردن روخسارێکی ئایینی بەسەر دەوڵەتەکانیاندا دراوە، ئەگینا دەوڵەتی نەتەوەیی یان ناسیونالیزمن و تەنانەت ناسیونالیزمەکانیان کە دەشیا بە پشتبەستن بە بنەمای نائیتنیکی ئایین بگوازرانایەتەوە بۆ ناسیونالیزمی مەدەنی و نەتەوەی فرە ئیتنیک و فرە کەلتوریان بەرهەمبهێنایە، گەیشتوونەتە ئاستی رەیسیزم و فاشیزم. ئاشکرایە یەکێک لە خاسێتە خراپەکانی ناسیونالیزم ئەگەر بە عەقلی داخراوی نوخبەی ناسیونالیست و بەپێی هەندێ تێڕوانینی تەسک و پەیوەستبوونی لە رادەبەدەر بە ئیتنیک و بنەماکانی بوونی نەتەوەو خۆ بە پیرۆزسەیرکردن مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ئەوا دەگۆڕێت بۆ شۆڤینیزم و بەرهەمهێنانی فاشیزمی ئیتالی و نازیزمی ئەڵمانی بەرهەمی پێداگری زۆرە لەسەر چڕکردنەوەی بنەماکانی ناسیونالیزم.
تێبینی/ ئەمە وتارە دەروازەی بابەتێکی درێژە کە کردوومانە بە پێنج بەش و ئەمە بەشی یەکەمێتی. سەرچاوەمان دەکەونە دوابەشەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand