ژیان لەگەڵ مردوەکانمان
2022-01-18 20:57:54
سۆزان سەعید
زۆر لە کاتەکانی ژیانمان هەستێکی نەخوازراوی چاوەڕواننەکراو هەڵدەکوتێتە سەرمان، هەستی ئەوەمان دەداتی کە ئێمە ڕاستیەکانی ژیانمان لە یادچۆتەوە یان بە ئاگا پشتگوێمان خستون و و لە یادی خۆمان بردونەتەوە. کاتێك ئەم هەستە دێتە ناخمانەوە کە لەناکاو ڕوبەڕوی لەدەستدانی یەکێك لە ئازیزمان دەبینەوە و بەبێ ماڵئاوایی لێمان جێمان دەهێڵێت. دەمانخاتە ئازارێکی پڕ لە بێدەنگی و نازانین چی لەئاستی ئەو ناهەمواریە دەرببڕین و چ ووشە و ڕستەیەکی لە ئاستا بێنینە سەر زارمان. دەمانکاتە دووبەشی ناتەبایی لەگەڵ خۆمان؛ بەشێکمان هۆش دەخاتە سەر ئازارەکانی ئەو ساتەی خۆمان، لە هەمانکاتدا دێینەوە بیری ئازاری لەدەستدانی کەسانێکی دور یان نزیك لێمان کە هەمان ئازاریان چێشتووە. کاتێك خۆمان کەسێکی ئازیزمان لەدەست دەچێت ئەوسا دەزانین کە چەندە بێمانا و بێباك و بێهەست بوین لە ئاستی ئەوانەدا کە کەسێکی ئازیزیان لەدەستداوە.
هەمیشە هەڵخەڵەتاوین لەژیاندا، خۆمان کەسی سەرەکین لە فریودانی خۆمان، تەنها لەو ساتانەدا لە بیری ئەو ئازیزەمانین کە جێی هێشتوین، کات هەمو برینێك ساڕێژ دەکاتەوە و ئەوسا جارێکی تر خەمسارد دەبینەوە بەرامبەر ئەوانەی کە زوو یان درەنگ جێمان دێڵن. بەردەوام دەبین لە دواگەراندا بەدوای خۆشی و خۆشگوزەرانی و ئامانجە ماتەری و چاوچنوکی و ئارەزو وویستە بێنرخەکانمان.
زۆر جار لەژیاندا هەستی ئەوەمان هەیە کە ئێمە باڵادەستین بەسەر هەستی خۆشی و ناخۆشێکانمانا، لەکاتێکدا ئەم هەستە تەنها خەیاڵە، لە روبەروبونەوەمان لەگەڵ ژیان و مردن هەستی خۆ بە باڵادەستیمان پوچ دەبێتەوە. دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە ئێمە تەنها مرۆڤێکین ئەقلانییەتمان سنوردارەو ئەو ئەندازیارەی ژیانی خۆمان نین کە لە بیرماندا نەخشەمان بۆ کێشاوە.
روبەروبونەوەمان لەگەڵ مردن وماڵئاوایی وەک تراژیدیای نەگەڕانەوەی ئازیزانمان هەمان سات و ڕۆژی ماڵئاواییان ئەو هۆشەمان پیا دێنێتەوە کە کەسانێک رۆلێکی زۆریان هەبووە لەژیانماندا بەڵام ئێمە هیچ کات بیرو هۆشمان نەخستوتە سەریان و ئەو بایەخەمان نەداونەتی وەک ئەوەی بۆ هەمیشە دڵ و هەستمان ئاسودە بێت.
لەدەستدانی ئازیزانمان، ئازارێك دەخاتە ناخمانەوە کە هەمیشە بیریان لێدەکەینەوە و ئاستەمە خۆمان بخەینە کەشێکەوە کە وەڵامی پرسیاری خۆمان بدەینەوە یاخود لە کەسانێکی ترەوە وەڵام وەربگرینەوە کە ئایا چۆن بتوانین ئازاری تەعزێباریمان بە شێوەیەکی ئەقڵانی کەم ئازارتر و ئارامتر بکەینەوە، چارەسەرکردنی ئەو ئازارەی مەحاڵە وەسف بکرێت. ڕەنگە تەنها چاوەڕوانکردنی چارەسەر و وەڵامدانەوەی بێدەنگی ئەم ئازارە ئەوەبێت؛ با چاوەروانبین جارێکی تر هەستی نەویستنی لەیادنەچونەوە و خۆفریودان هەڵکوتێتەوە سەرمان و تاریکی ماڵئاوایی ئازیزە لەدەستچوەکەمان کاڵتر بێتەوە و تەعزێباری جێبهێڵین و دیسانەوە بکەوینەوە دونیای خۆهەڵخەڵەتاندن و ناڕیالیستی.
ئەو بیرەی کە زۆرجێگای بایەخە لەپاڵ ئازاری ماڵئاوایی `` سەرباری بەتەنگەوەهاتن بە پێی ویست و توانا هێشتا هەست کردنە بە کەمتەرخەمی بەرامبەر کۆچکردوانمان``. کەمتەرخەمی و هەستکردن بە ناکامڵی لە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی لای تەواوی مرۆڤەکان بەرامبەر تەوای ئەرکەکان، هەستێکە هەمیشەییە دەمانخاتە بەردەم ئازارێکی ڕۆحی، گەرچی دەگمەن دەیخەینە سەر زار. تەنها ڕێگایەك بۆ کەمکردنەوەی ئەو هەستە یان خۆدابڕاندنمانە لەسەرجەم هەست و سۆزی مرۆڤ بونمان یان لە ڕێگای ئەرکە مۆڕاڵیەکانمانەوە قەرەبوی بکەینەوە؛ ئەوەش لەرێگای بیرکردنەوە و یادکردنەوە و رێزلێنان لە کۆچکردووەکانمان، ئەمەش تەنها مافێکی سنوردارو هەڵبژاردەیەکە کە کۆچکردوەکانمان هەیانە و ئێمەش قەرزارباریانین کە هەمیشە پێیان ببەخشینەوە.
زۆر جار لە کۆمەلگای کوردیدا باس لەوە دەکرێت کە گوایە "ئێمە مردو پەرستین" . جیاوازی هەیە لە نێوان مردو پەرستن ورێزلێنان لە مردو. هیچ مردویەک ناکرێت جێگای بێڕیزی پێکردنی بێت، بەو هۆیەوەی چەندە خراپکاریش بوبێت لە دوای مردنی بێدەسەڵات دەبێت لە خراپکاری و کاری نەخوازراو. بەڵام پەیوەندی کەسانی نزیک لە مردوەکە جیاوازە لەگەڵ کەسانی نەناس پێی.کەم تا زۆر کارە نەخوازراوەکانیشی لەیادا کاڵ دەبێتەوە، وەك ئەوەی لە ناو کۆمەڵگاکەماندا باوە، باسی خراپەکاریەکانی ناکرێت و دەڵێن شەیتانیش دەستی لێهەڵگرتووە.
با ئەوەش لەیاد نەکەین سەرهەڵدانی مۆڕاڵ لە ناو مرۆڤەکاندا لە ڕودانی مردن و لەگۆڕخستنی لاشەوە هاتووە لەبری بەجێهێشتنی بو داڵ و ئاژەڵ بیانخوات یان ناشرینبن لە ڕوخسار و جەسەدەیاندا.
رەنگە ئەو پرسیارە بکرێت ئایا ئێمە بۆچی دەچینە سەرگۆری کۆچکردوەکانمان و بەسەریان دەکەینەوە؟ خۆ بێئاگان لە سەردانمان و ئەوان لە دونیای خۆیاندان و بە دڵنیاییەوە پێزانینیان نیە بۆی و سوپاسگوزارمان نین کە بۆ ساتێك لە تەنهایی دوریان بخەینەوە. ئەگەر وەکو ئاییندارێك فاتیحە و دۆعای خێریان بۆ بکەین دەکرێت لە ماڵ و لە شوێنی خۆشمانەوە بێت. ئەمە مامەڵەیەکی ئەخلاقییە بە بێ بیرکردنەوە لە سود و ئامانجەکانی بەڵکو تەنها مامەڵەیەکی بێ بیرلێکردنەوەی هەست و ڕۆحیە کە رەگی داکوتاوە لەناخی مرۆڤەکاندا و بونی هەیە و لێکدانەوەی زانستی و عەقڵانی بۆ ناکرێت.
جۆرە کۆدێکە کە لە مرۆڤەکاندا هەیە و دەتکاتە تاکێك لە نەریتەکانی کۆمەڵگاکەت. لە ڕێگای ئەو کۆدەوەیە هەست لەگەڵ یەکتری دەگۆڕدرێتەوە و جۆرێك لە هارمۆنی بەیەکەوەژیان لە گەڵ دەوروبەر و تەواوی کۆمەڵگا بنیاتدەنێت. چونە سەرگۆڕی کۆچکردووەکان ئەگەر تەنها بۆ خۆئارامکردنەوە بێت دەکرێت وەکو خۆپەرستی و بەرژەوەندییەکی دەرونی تێی بڕوانرێت. دەکرێت ئەوە لە ڕێگای پزیشکێکی دەرونیشەوە بە ئەنجام بگات، گۆڕی کۆچکردو ناکرێت وەکو ئەڵتارناتیڤی پزیشكی دەرونی یان دەوای ئارامکردنەوە تێی بڕوانرێت، ئەمە نیشاندانی گرنگی بە خۆ و بەرژەوەندی خۆ دانە نەك ڕێز و خۆشەویستی بۆ مردوەکە.
هەستی مرۆڤ بەرامبەر بە مردن جۆرێکە لە ڕوداوێکی تەماوی موعجیزە ئاسا، مرۆڤی ئیماندار و بێباوەر بەرامبەری بێوەڵامن و بەشێوازو لەسەر بنەماکانی ئەقلانییت و زانستی ناتوانێت مامەڵە بکەن بەرامبەری. هەردوولا بەرامبەر بە مردن لاوازن، هەربۆیە لەسەر لاشە یان گۆڕی مردووەکان و لەئاستی مردن بێدەنگ و بێوەڵامن. هەردوولا دەکەونە ئەو ڕستە و بیرە فەلسەفییەی کە دەڵێت: ئیتر نازانم چی! یاخود، ئیتر خوا دەیزانێت!، هەردوو لا دەکەونە نەزانینێکی نادیارو
دیاردەیەکی چارەسەرنەکراو.
ئەوەی کە بۆمان دەمێنێتەوە بەرامبەر بە مردووە ئازیزەکانمان ئەوەیە کە چون رێورەسمی سڵاوکردنمان هەیە لەیەکتری بەهەمان شێوە بەسەرکردنەوەی سەر گۆڕەکانیان جۆرە سڵاولێکردنێکە لەوان وەک چۆن کاتێك زیندوەکان بەیەکتری دەگەن. ئەمەش تەنها بۆ ئەوەیە کە ئێمە هێشتا رێز لە مردۆکە دەگرین سەرەرای ئەوەی هێچ بەرهەمێکی نییە بەڵام ئێمە هێشتا لە دونیای خۆماندا وەک کەسێکی نزیک لە خۆمان دەیبینین و رێز و بایەخی بۆ دادەنێن لەگەڵ ئەوەشدا کە لە ژیاندا نەماوە، ئێتر چ لە ڕێگای سەردانی، یادکردنەوەی یان چەپکەگوڵێك خستنە سەر گۆری.
گۆر نەك تەنها جێگای شاردنەوەی بەڵکو رەمزی مردوەکانیشمانە، جێگرەوەی ئەوانە هەرچەندە خۆیان نین، لە ڕێگای گۆرەکانیانەوە وێنەیەک لە خۆیان نمایش دەکەن و پێشانی ئێمەی دەدەن. ئێمەی مروڤ بە بڕوادار و بێباوەڕەوە لەکاتی خەفەت و ناسۆری تەعزیەباری کۆچکردوەکانمان روو دەکەینە کەرەستە و رەمزی مردوەکانمان، ئیتر ئەگەر لەرێگای شتە بەجێماوە بێنرخەکانیشیان بێت، وەك قەڵەمێك، چاویلکەیەك ، کاتژمێرێکی کەمنرخی دەستیان یاخود گۆرو کێلەکانیان. ئەم رەمزە پەێوەست نییە بە بیروباوەر یان ئایینەوە، بەڵکو تەنها مانابەخشە بە مردوەکانەوە لە ژیانماندا، بەوەی ئەوانە لەژیانماندا هەن بەڵام بەشێوازێکی تر، یادگاری و کەرەستە بەجێماوەکانیان ئەوانمان لە بەرچاودا دەردەخەن و نوێنەرایەتی ڕۆحیان دەکەن لامان.
ئەو هەستە بێدەنگەی سستمان دەکات لەسەر گۆری ئازیزانمان ئەوەمان نیشان دەدات کە ئێمە زۆر بێهێزو بچوکترین لەچاو هەندی ئازاری ژیان. ئەو بێ دەنگیی و ئازارە گەورەیە یەک دەگرنەوە و لەگەڵ نەبینراو وەک تارماییەک بەسەرماندا زاڵ دەبن و ئەوەمان نیشان دەدەن کە لە کۆتاییدا ئەمە رێگامانە، هەرچەندە مەحاڵە مردنی خۆمان بخەینە بەر چاوی خۆمان و ئەو راستیە هەستپێبکەین کە ئێمە هەمیشە لەپاڵ مردندنێکی چاوەڕواننەکراواین. ئەم بیرە و لەگەڵیا ژیان بەها و هەستی ئەخلاقیمان دەجوڵێنێت، لەو تێڕوانینەوە وامان لێدەکات کە زیاتر بایەخمان هەبێت بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی.
پێویستە هەوڵبدەین هەمیشە ئەوەمان لە یادا بێت کە یاسای ژیان و مردن زۆر بێبەزەییەو بێویست و چاوەڕوانی خۆمانە، وەک ئەوەی یانکلافیج دەڵێت:
کاتێک مرۆڤەکە لێرەیە مردن لێرە نییە، کاتێکیش مردن لێرەیە مرۆڤەکە لێرە نییە.