درەو:
گفتوگۆی رۆژنامه‌وانی: هێمن خۆشناو
بابه‌شێخ له ساڵی 1967 له شاری بانه له رۆژهه‌لاتی كوردستان له دایك ده‌بێت، كوڕی (شێخ جه‌لاله‌دین حوسه‌ینی) دامه‌زرێنه‌ری سازمانی خه‌باته كه یه‌كێكه له‌و شه‌ش لایه‌نه سیاسیه له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هاوپه‌یمانیه‌تی حزبه كوردستانیه‌كانیان پێكهێناوه. له ته‌مه‌نی مێر منداڵی‌دا ده‌بێته پێشمه‌رگه و تا له ساڵی 2004 ده‌بێته سكرتێری گشتی ئه‌م رێكخراوه. له‌م دیمانه‌یه و له وه‌ڵامی پرسیاره‌كاندا بابه‌شێخ دۆخی ناوچه‌كه، ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌خاته‌ڕوو. به ئاشكرا باس له تێروانینی خۆی ده‌كات له‌باره‌ی جه‌نگی ئه‌مریكا دژ به ئێران.
پ: به‌شێوه‌یه‌كی گشتی سیما و تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م قۆناخه‌ی ئێستا چیه كه ناوچه‌كه و ته‌واوی مرۆڤایه‌تی پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت؟
وه‌ڵام: هه‌ڵومه‌رجی سیاسی به جۆرێكه كه دووره له‌و به‌راورد و بۆچوونانه‌ی ئێمه و كه‌سانی دیكه چاوه‌ڕێمان ده‌كرد. شێوه‌ی به‌رنامه و ستراتیژی وڵاته زلهێزه‌كان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه. دابه‌شكاری نه‌ته‌وه‌یی ناوچه‌ییش گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه. ئه‌وه‌ی به‌رچاو ده‌كه‌وێت مافی مرۆڤ و مافه‌كانی منداڵ گرنگیان نه‌ماوه كه سه‌رده‌مانێك سه‌رچاوه بوو بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتانی دیكه ده‌ستێوه‌ردان بكه‌ن له‌و وڵاتانه‌ی ئه‌م به‌هایانه جێبه‌جێ ناكه‌ن بۆ گۆڕینی ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ناوچه‌كه‌ماندا. بۆ نموونه كاتی خۆی له‌ژێر ئه‌م بیانووه بڕیاریاندا رژێمی (سه‌دام حوسێن) بڕوخێنن.
مافی مرۆڤ و ئازادیه‌كان پێوه‌ربوون بۆ ده‌ستوه‌ردانه ناو وڵاتان، له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی دیكه. به‌ڵام له دوا كۆبوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌وه‌ی باسی لێوه نه‌كرا، مه‌سه‌له‌ی مافی مرۆڤ و مه‌سه‌له‌ی ئازادیه‌كان بوو، ئه‌وه‌ی باسی لێكرا ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتان بوو. بۆ نموونه كاتێك (یاسر عه‌ره‌فات) وه‌كو رێبه‌ری بزوتنه‌وه‌ی فه‌ڵه‌ستینی ده‌هاته سه‌ر مینبه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان قسه‌ی ده‌كر، به چاك و خراپ، هاوڕاو و دژڕا چه‌پڵه‌یان بۆ لێده‌دا و پێشوازیان لێده‌كرد. كه‌سێكی وه‌كو (گیڤارا و فیدل كاسترۆ) له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پێشوازی گه‌رمیان لێده‌كرا.
پ: ئه‌م پێوانانه چین كه ده‌بێته هۆی ده‌ستێوه‌ردانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بۆ گۆڕینی رژێمێك یا ده‌سه‌ڵاتێك؟
وه‌ڵام: به باوه‌ڕی من پێوانه گرنگی نه‌ماوه. ئه‌گه‌ر گرنگی پێوانه هه‌بووایه پێویست بوو ئه‌مڕۆ هه‌موو جیهان یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك ده‌ست ده‌بوو دژ به رژێمی ئێران. به‌ڵام ده‌بینین به‌رژه‌وه‌ندی و قازانجه‌كان به جۆرێكن، هه‌ندێك له رژێمه‌كان و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان به‌رگری له رژێمی ئێران ده‌كه‌ن. واته پێوانه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك له كۆمه‌ڵگای جیهانی به‌رژه‌وه‌ندیه. بۆ نموونه له سه‌ره‌تادا بۆ كۆمه‌ڵگای جیهانی گرنگ نه‌بوو كه رژێمی ئێران خه‌ڵك ده‌كوژێت و له سێداره ده‌دات. له ساڵانی 1987 و 1988 رژێمی ئێران زیاتر له 30 هه‌زار كه‌سی بێ‌تاوان یان به كه‌مترین تاوان كوشت. خومه‌ینی كۆمیته‌یه‌كی به‌ناو كۆمیته‌ی (مه‌رگ) دروستكرد، كه (ره‌ئیسی و فه‌لاحیان) ئه‌ندامبوون له‌م كۆمیته‌یه. به ئاره‌زووی خۆیان خه‌ڵكیان كوشت، له‌ناو كوژراواندا كه‌سانێك هه‌بوون كه سزای حوكمیان له زیندان ته‌واو كردبوو. دونیا له به‌رامبه‌ر ئه‌م تاوانانه ده‌نگی لێوه نه‌هات. ئه‌و كاته هه‌موو هێزه سیاسیه‌كان و كه‌سایه‌تیه سیاسیه‌كان كه هه‌ندێكیان له‌ناو خودی رژێم بوون، هاواریان ده‌كرد كه ئه‌م رژێمه مه‌ترسیداره، به‌ڵام كۆمه‌ڵگای جیهانی له ئاست ئه‌م هاواره كه‌ڕ و ڵاڵ بوو، نه‌وه‌كو بایه‌خی پێنه‌دا، به‌ڵكو ئه‌مریكا و ئسرائیل هاوكاریان كرد تا پێگه‌ی خۆی زیاتر دابكوتێت.
پ: كه‌واته پێتوایه له ساته‌وه‌ختی ئێستادا ئه‌مریكا توانای رووخاندنی رژێمی هه‌یه، به‌ڵام جدی نیه له رووخاندنی؟
وه‌ڵام: ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا بتوانێ رژێم به ئاسانی بڕوخێنێت ئاوی لێ ناخواته‌وه و ده‌یڕوخێنێت. چونكه ئێران له ئێستادا مه‌ترسیه بۆ سه‌ر هه‌موو جیهان. مه‌ترسیه له‌سه‌ر وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وڵاتانی كه‌نداو. بینیمان له ئه‌مریكا، له ئه‌وروپا بگره له ئه‌فریقیاش رایه‌ڵه تیرۆریستیه‌كانی ئه‌م رژێمه، ته‌راتێن ده‌كه‌ن. بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا له تاوانیدا بێ به ئاسانی ئه‌م رژێمه بڕوخێنێ ده‌یڕوخاند. به‌ڵام كه خۆی تاقیكرده‌وه به‌داخه‌وه پاشه‌كشێی كرد. ئه‌گه‌ر له جه‌نگی 40 رۆژه‌دا ئه‌مریكا به مكوڕی و به‌رنامه، له‌گه‌ڵ هێزه سیاسیه‌كان به‌یه‌كه‌وه بووایه، ئه‌گه‌ر هێزه سیاسیه‌كان له‌ناویاندا (سازمانی خه‌بات) به‌رژه‌وه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌كه‌ی ئه‌مریكا هه‌بووایه، له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا یه‌ك به‌ره‌یی هه‌بووایه ئه‌و كاته رووخانی رژێمی ئێران ئاسانتر ده‌بوو.
پ: له ئێستادا چاره‌نووسی رژێم به‌ره‌و كوێ ده‌چێت؟ پێتوایه ده‌بێت ئه‌م رژێمه له‌ناوخۆی ئێران‌دا بڕوخێت؟
وه‌ڵام: رژێم له ئێران به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چێت. باسه‌كه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵك توانای راپه‌ڕینی نیه، خه‌ڵك له راپه‌ڕین ده‌ترسێت. ئه‌گه‌ر خه‌ڵك ده‌رفه‌تی راپه‌ڕینی هه‌بێت تا رژێم بڕوخێنێت، باشترینیانه. رێگای هه‌ره باش ئه‌وه‌یه رژێم له‌سه‌ر ده‌ستی خه‌ڵك به راپه‌ڕین بڕوخێت، خه‌ڵك بێته مه‌یدان و ده‌سه‌ڵات و رژێمی داهاتوو دیاری بكه‌ن.
به‌ڵام ده‌زانن ئه‌م رژێمه چه‌ند جینایه‌تكار و دڕنده و مرۆڤ كوژه، له دوو ساڵی رابردوودا 10 هه‌زار كه‌س و 20 هه‌زار كه‌س، بگره وه‌ك (دۆناڵد تره‌مپ) باسی ده‌كات 70 هه‌زار كه‌س كه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان كوشتووه. له مه‌یدانی (وه‌نه‌ك) له ته‌هران به بیكه‌سی و دۆشكه ته‌قه له خه‌ڵك كراوه. به گوێره‌ی ئه‌م زانیاریانه‌ی ئێمه ده‌ستمان كه‌وتووه له‌م مه‌یدانه له خۆپیشاندانێكدا به نزیكی (3 – 4) هه‌زار كه‌س كوژراوه. بۆیه مه‌ترسی له‌سه‌ر خه‌ڵك هه‌یه كه نه‌توانن بڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌كان. كێشه‌یه‌كی هه‌ره گه‌وره‌ی دیكه‌ش برسیه‌تیه، خه‌ڵك زۆر برسیه به‌دوای نان ده‌گه‌ڕێت.
پ: وه‌كو ده‌ڵێن برسیه‌تی رێچكه‌یه‌كی له هارییه! پێویسته برسیه‌تی ببێته هانده‌ری راپه‌ڕین و خۆپیشاندان؟
وه‌ڵام: بێگومان زه‌مینه‌ی ئه‌مه هه‌یه. به‌ڵام نه‌بوونی یه‌كێتی و یه‌كده‌نگی، هه‌روه‌ها نه‌بوونی رێبه‌رایه‌تیه‌كی تۆكمه و كارامه له‌ناوخۆی ئێران تا رابه‌ڕایه‌تی خه‌ڵكی بكات كێشه‌یه‌كی دیكه‌یه. راسته حزبی سیاسی هه‌یه، خه‌ڵكی كوردستان هه‌موو یه‌كگرتووه و یه‌كده‌نگه به‌ڵام له هه‌موو ئێران به‌م شێوه‌یه نیه، هه‌موویان به شوێن رێبه‌ر و به‌رنامه‌یه‌ك بن و پاشه‌كشه نه‌كه‌ن.
له‌وانه‌یه ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم باشیش نه‌بێت، به‌ڵام خه‌ڵكی ئێران پێویستی به پشتیوانی هه‌یه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئاماده‌ی راپه‌ڕینه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویستی به هاوكاری و پشتیوانی كۆمه‌ڵگای جیهانی هه‌یه. چونكه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران به هه‌موو ناوه‌ند و ره‌نگه‌كانه‌وه ده‌ڵێن:" ئێمه له‌دوای خۆمان وڵاتێكی سووتاو به‌جێدێڵین". بۆیه پێویسته هاوكاریه‌ك هه‌بێت تا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته نه‌توانێ ئه‌وه‌نده ده‌ست بكاته‌وه.
پ: ئه‌گه‌ر رژێمێك له‌سه‌ر خه‌ڵكی ئێران و خه‌ڵكی جیهان هه‌ڕه‌شه بێ رێگای رزگاربوون له‌م رژێمه چیه؟
وه‌ڵام: له جه‌نگی ئه‌م دوایه‌دا ده‌سه‌ڵاتی ئێران نیشانی‌دا كه جیاوازی به‌كه‌س ناكات. جیاوازی به وڵاتی (عومان) نه‌كرد كه زۆر نزیكه‌ی له‌خۆی و هاوپه‌یمانیه‌تی. بۆیه به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م رژێمه ئه‌ركێكی جیهانیه! ئه‌گه‌ر هه‌موو جیهان، هه‌موو ناوچه‌كه یه‌ك ده‌ست و یه‌ك ده‌نگ نه‌بن، ئه‌وه رژێم كه‌ڵك له‌و كه‌لێنانه وه‌رده‌گرێت كه دێنه به‌رده‌می.

پ: هه‌ست ناكه‌ی، به‌هۆی بێدادی ئه‌مریكا، ناڕوونی ئه‌مریكا، نایاسایی ئه‌مریكا، خۆپه‌رستی ئه‌مریكا و بێ به‌رنامه‌یی ئه‌مریكا جیهان ناخوازێت هاوكاری ئه‌مریكا بێت بۆ رووخانی رژێمی ئێران؟
وه‌ڵام: له وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی سه‌ره‌وه‌شدا گووتم، به‌رژه‌وه‌ندی و قازانج ویستی وڵاتان هه‌یه. بۆ نموونه كێشه‌ی چین له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، كێشه‌ی روسیا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا هۆیه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ردوو وڵات پشتگیری له ئێران بكه‌ن. به‌ڵام خۆ رژێمی ئێران به ته‌نیا مه‌ترسی نیه بۆ ئه‌مریكا، ئه‌وه‌تا ئابووری جیهانی خستۆته ژێر مه‌ترسی. ئه‌وه نیه له یه‌مه‌ن، له وڵاتانی كه‌نداو له عێراق ئه‌م رژێمه بۆته به‌ڵا له‌سه‌ر سیاسه‌ت و چاره‌نووسی خه‌ڵكی ئه‌م وڵاتانه. كاتێك رژێمێكی به‌م شێوه‌یه ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌های هه‌بێت له‌م ناوچه‌یه، نه چین و نه جیهانیش هیچیان ده‌ست ناكه‌وێت. خۆ چینیش نه‌وتی به‌هه‌رزان ده‌ست ده‌كه‌وێت، له به‌رامبه‌ردا پشتیوانی رژێمی ئێران ده‌كات. به‌ڵام له كۆتاییدا ئه‌م رژێمه كه به‌رنامه‌ی دامه‌زراندنی ئیمپراتۆریه‌تێكی شیعه‌گه‌ری هه‌یه له‌ناوچه‌كه‌دا، ده‌بێته مه‌ترسیه‌كی گه‌وره بۆ چین، بۆ روسیا بۆ جیهانی عه‌ره‌ب.
زۆرجار ده‌ڵێم، بیرۆكه‌ی رژێم بیرۆكه‌یه‌كی له مێژینه‌ییه كه ده‌خوازێت ده‌ست به‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا بگرێت. ده‌یانه‌وێت ئه‌و ئیمپراتۆریه‌ته دامه‌زرێنن كه (حه‌سه‌ن سه‌باح) له به‌ره‌به‌یانی مێژوو ویستی دایمه‌زرێنێت. وه‌كو ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی (فاتمیون) له میسر دروستی كرد.
ئه‌وه ئامانجه‌كه‌یه، (خومه‌ینی) له په‌رتووكی (كه‌شفولئه‌سرار) و چه‌ند شوێنێكی دیكه دركاندوویه‌تی كه ئه‌وان به نیازن (به‌ردی ره‌ش) بگوازنه‌وه بۆ (نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا). له ئێستادا پڕۆڤه‌ی ئه‌مه‌ش ده‌بینین كه به هه‌زاران كه‌س بۆ (عاشورا) روو ده‌كه‌نه (نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا).
پ: به‌ڵام ئه‌مه نه‌ریتێكی ئایینیه و په‌یوه‌ندی به سیاسه‌ته‌وه نیه؟
وه‌ڵام: راسته ئایینه به‌ڵام بۆ كه‌ڵكی سیاسی به‌كاردێت. بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌مه وه‌كو نه‌ریتێكی ئایینی بێت شتێكی زۆر چاكه، ئه‌و كاته كارمان به پیرۆزی و نا پیرۆزیه‌وه نیه، شتێكی زۆر سروشتیه. ئه‌و په‌ڕی سروشتیه كه ئێزیدیه‌ك ده‌چێته لاله‌ش بۆ پیرۆزیه‌كانی خۆی، ئه‌هلی حه‌قێك ده‌چێت رێوشوێنه ئایینیه‌كانی جێبه‌جێ ده‌كات. یان كاتێك سوننه‌یه‌ك ده‌چێت نه‌ریته ئایینیه‌كانی جێبه‌جێ ده‌كات.
به‌ڵام ئامانجی ئێران ئه‌مه نیه، ده‌یه‌وێت هه‌نگاو به‌ره‌و دامه‌زراندنی ئیمپراتۆریه‌تێك بنێت، بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی ئه‌م ئیمپراپۆرتیه‌ته سه‌ره‌كیه بۆ ئه‌وان و ده‌بێت هه‌موو جیهانی ئیسلام به‌دوای بكه‌وێت. لێره‌دا ئه‌م ئامانجه سنووره‌كانی ئایین ده‌به‌زێنێت و ده‌بێته دیدێكی سیاسی. ئه‌گه‌ر وانه‌بێ رژێمی ئێران چ كاری به لوبنان و یه‌مه‌ن كه‌وتووه، چ كاری به به‌حرێن و ئه‌فریقیایه، سه‌دان كه‌س له وڵاتانی ئه‌فریقیای دێنن بۆ كاشان و مه‌شهه‌د به خۆڕایی په‌روه‌رده‌یان ده‌كه‌ن و دواتر ره‌وانه‌ی وڵاته‌كانیان ده‌كرێنه‌وه.
پ: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا نه‌یتوانی رژێمی ئێران بڕوخێنێت، له ئێستادا بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی ئسرائیل، هه‌وڵی ئه‌بدێت كردنی ئه‌و رژێمه ده‌دات. دواتر به هه‌مان شێوه‌ی ساڵانی به‌ر له شۆڕشی ئیسلامی ئه‌مریكا و ئسرائیل له‌گه‌ڵ ئێران هاوپه‌یمانی ده‌به‌ستن له‌ناوچه‌كه‌دا؟
وه‌ڵام: به بۆچوونی من له ئێستاشدا ئه‌گه‌ر رژێمی ئێران سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی بگۆڕێت ئه‌مریكا ئاماده‌یه رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵدا بكات. نازانم ده‌توانێ بگه‌ڕێته‌وه سه‌رده‌می به‌ر له شۆڕشی ئیسلامی و ئه‌گه‌ر گه‌ڕایه‌وه چۆن ده‌بێت! به‌ڵام ئه‌مریكا سووره له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی و قازانجه‌كانی. ئه‌گه‌ر ئه‌و رژێمه ده‌ست له به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی هه‌ڵگرێ، ئه‌گه‌ر واز له پشتگیری له تاقم و ده‌سته تیرۆریستیه‌كان بێنێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و رژێمه كێشه بۆ ئابووری جیهان دروست نه‌كات، رێككه‌وتن ئاسان ده‌بێت. ئه‌مانه بۆ ئه‌مریكا گرنگن. خۆ زۆر وڵاتی دیكه‌ش هه‌یه له ناوچه‌كه‌دا دیكتاتۆری و سته‌مكارن، كه‌چی ئه‌مریكا هه‌ر گوێی لێنیه. له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا شتێك به‌ناوی دیموكراسی و هه‌ڵبژاردن بوونی نیه، په‌یوه‌ندیشیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا له‌و په‌ڕی باشیدایه، چونكه بێ ده‌رده‌سه‌ری و بێ كێشه‌ن. نه‌بوونه‌ته كێشه بۆ ده‌وروبه‌ره‌كه‌یان. ناخوازن دید و سیاسه‌تیان ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه بكه‌ن و هه‌وڵناده‌ن ده‌سه‌ڵاتی وڵاتانی دیكه بخه‌نه ژێر ده‌ستی خۆیان. له ئێستادا ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌مریكا گرنگه، گۆڕانكاریه له سیسته‌م و به‌رنامه‌ی رژێم. ئایا رژێم ده‌ست له‌به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی هه‌ڵده‌گرێ؟ ئایا ده‌ست له به‌رنامه موشه‌كیه‌كه‌ی هه‌ڵده‌گرێ؟
پ: ئه‌گه‌ر رژێم رووخا و رژێمێكی دیكه هاته سه‌ر ده‌سه‌ڵات، ئایا مومكینه ئێران به‌بێ به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی بژیت؟ زۆر كه‌س پێیوایه به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی بۆته كۆڵه‌كه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ئێران بتوانێ خۆی بپارێزێت؟
وه‌ڵام: خه‌ڵكی ئێران به هه‌موو نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كانیه‌وه خه‌ڵكێكی به توانا و زیره‌كن. پێویستی به به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی نیه. چه‌ندین وڵاتی دیكه هه‌یه بێ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی هه‌بێت پێشكه‌وتووه. بێگومان به‌رنامه‌ی ئاشتیخوازانه‌ی ئه‌تۆمی شتێكی یاسایی و قه‌بوڵكراوه، كه‌س له‌دژی ناوه‌ستێت و جیهان ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر نیشان ده‌دات، به‌و مه‌رجه‌ی ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمی چاودێری بكات و سنوور نه‌به‌زێنێت به‌ره‌و بۆمبی ئه‌تۆمی. ئه‌مه‌یان مافی هه‌موو وڵاتانه. به‌ڵام به‌رنامه بۆ دروستكردنی بۆمبی ئه‌تۆی، وه‌كو ئه‌وه‌ی رژێمی ئێران له ئێستادا هه‌وڵی بۆ ده‌دات، مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه. بۆ دواڕۆژیش هه‌ر حكوومه‌تێكی دیكه كه ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست ئه‌گه‌ر سه‌قامگیری دامه‌زراوه‌یی بۆ گرنگ بێت، تا خه‌ڵكه‌كه‌ی به ئاسووده‌یی بژیت، پێویسته ده‌ست له به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی هه‌ڵگرێت. به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی هۆكاری په‌لكێشانه ناو جه‌نگه و چاوی كۆمه‌ڵگای جیهانی له‌سه‌ر ده‌بێت. هه‌ر هیچ نه‌بێت گه‌ماڕۆی ئابووری خه‌ڵك له پێشكه‌وتن و خۆشگوزه‌رانی داده‌بڕێت و توانای خه‌ڵك كه‌م ده‌بێته‌وه وه‌كو ئه‌مڕۆ ده‌یبینین.
پ: دۆخی كورد له‌ناو ئه‌م هاوكێشه و ناسه‌قامگیریه چۆنه؟
وه‌ڵام: سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئاسته‌نگی و زه‌حمه‌تیه‌كان، كورد له كوردستانی ئێران میلله‌تێكی زیندووه و دژ به ده‌سه‌ڵات و دیكتاتۆریه. له سه‌ره‌تاوه، خه‌ڵكی كوردستان به زۆرینه ئه‌م رژىمه‌یان ره‌تكرده‌وه، ده‌نگیان به یاساكانی رژێم نه‌داوه له‌دژی وه‌ستاونه‌ته‌وه. تا رۆژی ئه‌مڕۆش ده‌بینین خه‌ڵك له كوردستانی ئێران ئاماده‌یه. باشترین به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه هه‌ر كاتێك هاوپه‌یمانی حزبه كوردیه‌كانی كوردستانی ئێران داوا له خه‌ڵك بكه‌ن بۆ مانگرتن، خه‌ڵك به‌ده‌نگیانه‌وه دێت. بۆیه ئێمه خاوه‌ن شۆڕشێكی پێشكه‌وتووین، به‌ڵام حزبه‌كان ناخوازن خه‌ڵك ببێته قوربانی، خه‌ڵكیش تێگه‌یشتوون كه نابێ خۆیان بخه‌نه به‌ر چه‌قۆ و مه‌ترسی. خه‌ڵك خۆی ئاماده كردووه بۆ كاتی پێویست. په‌یوه‌ست به پارته سیاسیه‌كانیشه‌وه له سازمانی خه‌باته‌وه تا ده‌گاته حزبه‌كانی دیكه ئاماده‌ین، سه‌ره‌ڕای ئه‌و كێشه و گرفتانه‌ی هه‌مانه له مه‌یدانین و چۆڵمان نه‌كردووه.
به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گریش ده‌رهه‌ق به‌م راستیه ئه‌م دۆخه‌یه كه تێیكه‌وتووین، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو درۆن باران و موشه‌ك بارانی له‌سه‌رمانه، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م فشارانه‌ی دووچاریان ده‌بینه‌وه، مه‌یدانمان چۆڵ نه‌كردووه. مه‌یدان چۆڵ نه‌كردن به‌و واتایه نا كه چووینه‌ته جه‌نگ، به‌ڵام مه‌یدانی كار و چاڵاكی سیاسیمان چۆڵ نه‌كردووه. پێشمه‌رگه‌ش به‌رگه‌ی جه‌نگی ده‌روونی و جه‌سته‌یی دوژمن ده‌گرێت. كه‌واته ئه‌م شۆڕشه شۆڕشێكی زیندووه.
پ: به‌ر له 15 – 20 ساڵ له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان خه‌لك و بزوتنه‌وه سیاسی به رۆح و خوێن ئاوێته‌ی یه‌كتر بوون. به‌ڵام له ئێستادا له نێوان بزوتنه‌وه و خه‌ڵك كه‌لێن دروست بووه؟
وه‌ڵام: من پێموایه له ئێستادا خه‌ڵك و هێزه سیاسیه‌كان نزیكترن له یه‌كتر به به‌راورد له‌گه‌ڵ 10 سالی رابردوو. باسم كرد كه هێزه سیاسیه‌كان داوای مانگرتنی گشتیان كرد، هه‌موو خه‌ڵك ئه‌م داوایه‌ی جێبه‌جێكرد، ئه‌مه باشترین وه‌ڵامه بۆ پرسیاره‌كه‌ت.
پ: پێتوانیه ئه‌گه‌ر حزبه‌كان داوای مانگرتنیان نه‌كردبووایه خه‌ڵك له‌خۆوه مانگرتنی ده‌كرد؟
وه‌ڵام: نه‌خێر مانگرتنی خه‌ڵك له‌سه‌ر داوای حزبه‌كان بوو. جاریش هه‌بووه خه‌ڵك له‌خۆوه راپه‌ڕیووه. له شۆڕشی ژینا به‌ر له‌وه‌ی حزبه‌كان بانگه‌وازی بكه‌ن خه‌لك خۆپیشاندانی كرد. ئه‌و كه‌لێنه‌ی پێتوایه له نێوان خه‌ڵك و بزوتنه‌وه‌ی سیاسی دروست بووه ئه‌وه‌نده به‌رفراوان نیه. راسته دوور كه‌وتنه‌وه له وڵات و ئاماده‌نه‌بوون له مه‌یداندا، كاریگه‌ری نه‌رێنی هه‌یه. به‌ڵام به‌و واتای دابڕان له خه‌ڵك نایه‌ت. له ئێستادا گه‌نجانی 17 و 18 ساڵی په‌یوه‌ندیمان پێوه ده‌كه‌ن، له كاتێكدا ته‌مه‌نی سازمانی خه‌بات به‌ره‌و 48 ساڵی ده‌چێت، باشه ئه‌گه‌ر دابڕان هه‌بێت ئه‌م گه‌نجه چۆن په‌یوه‌ندی ده‌كات! كه‌واته په‌یوه‌ندی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی و خه‌ڵك ماوه. بۆ به زیندوویی مانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانیش سوود له سه‌كۆكانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان وه‌رده‌گیرێت.
رژێمی ئێران نیازی دروستكردنی ئیمپراتۆریه‌تێكی گه‌وره‌ی شیعه‌ی هه‌یه له‌ناوچه‌كه‌دا
پ: له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان گه‌ڕاوم و چاودێریش ده‌كه‌م. پێموایه ویستی گه‌نج، بیركردنه‌وه‌ی گه‌نج و كۆمه‌ڵگا له‌گه‌ڵ حزبه كوردیه‌كان زۆر لێك دوور و جیاوازه؟ گه‌نج پێیوایه رژێمی ئێران هه‌ر چه‌ند داپۆلسێنه‌ر و سه‌ركوتكار بێت، دیسان ده‌رفه‌ت هه‌یه خه‌باتی مه‌ده‌نی بكه‌یت و به‌ره‌وپێشی ببه‌یت؟ ئایا ئه‌مه لێك دابڕان نیه؟ ئایا ئاستی رۆشه‌نبیری كۆمه‌ڵگا ئاستی حزبه‌كانی تێپه‌ڕنه‌داوه؟
وه‌ڵام: به‌خۆشحاڵیه‌وه ده‌ڕوانینه ئه‌و ئاسته‌ی خه‌ڵك تێیدایه، ئه‌مه به واتای خراپی حزبه‌كانیش نایه‌ت. هه‌روه‌ها گه‌یشتن به‌م ئاسته له سایه‌ی خه‌بات و تێكۆشانی حزبه‌كان بووه. ئه‌گه‌ر شۆڕش و به‌رخودان نه‌بووایه خه‌ڵك ده‌رفه‌ت و هه‌ڵی بۆ نه‌ده‌ڕه‌خسا خۆی پێشبخات، له هه‌مان كاتدا رژێمیش ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی نه‌ده‌دا. كاتێك ئه‌م رژێمه ده‌رفه‌ت به كاری كلتووری، شاخه‌وانی و ژینگه‌پارێزی ده‌دات، له چاكه‌ی خۆی نیه، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه كه شۆڕش و خه‌باتێك له ئارادایه. ئه‌ی بۆ خستنه ژێر پرسیاری ئه‌م شۆڕشه ره‌وایه په‌نا بۆچی ببات؟ ئه‌م فێڵه له خه‌ڵك ده‌كات. ده‌زانی ئه‌م رژێمه چی ده‌كات؟ له رێگای ئیتیلاعات و ده‌زگاكانی دیكه ده‌چێته ماڵی كه‌سه دیار و خۆشه‌ویسته‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا، بۆ ئه‌وه‌ی ناشیرینیان بكات له‌ناو خه‌ڵكی. هه‌موو سیسته‌مه دیكتاتۆره‌كان به كرده‌وه‌ی سه‌ره‌ڕوویانه فێڵ له خه‌ڵك ده‌كه‌ن. رژێم ده‌ڵێ حكوومه‌تێكم ره‌وام، له كوێیه ئه‌م ره‌واییه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌م حكوومه‌ته ره‌وا بێ ئه‌وا حكوومه‌تی سه‌دام حوسێن و حافز ئه‌سه‌دیش ره‌وا بووه.
رژێم بانگه‌شه ده‌كات كه ئازادی هه‌یه، ده‌ڵێ وه‌ره خۆت راده‌ستكه‌ره‌وه ئازادی هه‌یه ولاتی خۆته، ئێمه خۆ ده‌ستمان نه‌داوه تێكۆشان بۆ شتێكی كاتی، ئێمه باسی ئازادی و دیموكراسی ده‌كه‌ین. داوای ئه‌و دیموكراسیه ده‌كه‌ین كه له هه‌موو بوارێكدا ده‌بێته هۆی گه‌شه‌سه‌ندنی وڵات. ئایا ده‌كرێت ئابووری به‌ده‌ست سوپای پاسدارانه‌وه بێ، له هه‌موو جیهان ئابووری ئازاده، به‌ڵام لێره چه‌ندین لقی سوپای پاسداران و ئیتیلاعات له رێگای لق و پۆپه‌كانیان ده‌ستیان به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا گرتووه.
پ: ئایا كاتی ئه‌وه هاتووه بزوتنه‌وه‌ی كورد ستراتیژی كاری خۆی بگۆڕێت، به رۆحێكی سه‌رده‌میانه سیاسه‌ت بكات و خاوه‌ن له كێشه‌كه‌ی ده‌ركه‌وێت؟ ئایا هه‌ست ناكه‌ی ئه‌و سیسته‌مه سیاسیه‌ی ئێوه كاری پێده‌كه‌ن سیسته‌می ساڵی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه و له جیهانی ئه‌مڕۆ جێگای نابێته‌وه؟ ئایا كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه ماڵئاوایی له چه‌ك بكه‌ن؟
وه‌ڵام: قسه له‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كی ئاڵۆز ده‌كه‌ین. ناوچه‌یه‌كه به به‌راورد له‌گه‌ڵ رابردوو له هه‌موو كاتێك چه‌ك گرنگتره. كورد به‌ره‌وڕووی كێ ده‌بێته‌وه، باشه حكوومه‌تی ئێستای عێراق جێگای متمانه‌یه تا چه‌كه‌كان ته‌قه‌ت بكرێن. ئه‌گه‌رچی فیدڕالیش چه‌سپاوه له ده‌ستووردا جێگای كراوه‌ته‌وه. ئه‌و زه‌مینه هه‌یه تۆ بڵێی پێشمه‌رگه‌م ناوێ؟
پ: به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووریه جیاوازه له‌گه‌ڵ رۆژهه‌لاتی كوردستان؟
وه‌ڵام: خۆ ده‌ستووریش بوون كاتێك (قاسم سلێمانی) هات بۆ كه‌ركووك. رێگایاندا كه‌سێكی پاسداری تاوانبار بێ كه‌ركووك بگرێت و تاوانكاری بكات، پێشمه‌رگه شه‌هید بكات و به تانك له‌سه‌ر جه‌سته‌ی پێشمه‌رگه بڕۆن، تا به‌ره‌و دهۆك و هه‌ولێر بڕۆن. ئه‌گه‌ر ده‌ستووریه بۆچی پاسدار ده‌هێنن، ئه‌گه‌ر ده‌ستوورین وێنه‌ی خومه‌ینی و خامه‌نه‌یی چی ده‌كات له موسڵ و به‌غدا و كه‌ركووك. له‌ناوچه‌یه‌ك ده‌ژین له‌سه‌رمانه كه به‌رگری له‌خۆمان بكه‌ین. ئه‌و كاته چه‌ك پێویست ناكات كه گوێت لێبگیرێت. كه ده‌سه‌ڵات رێگات بدات بچیه سه‌ر شه‌قام و داوای مافه‌كانت بكه‌ی، كه چوویته په‌رله‌مان كه‌س هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربڕینت لێ نه‌كات. خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان شه‌ڕی مووچه‌یه‌تی، ئه‌وه خه‌ریكه كه‌ركووك له‌ده‌ست ده‌چێت.
با قسه‌كانم بێنمه سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، كورد چی كردووه، كاتی خۆی مامۆستا (شێخ عزه‌دین) چووه لای (خومه‌ینی) و داوای مافه‌كانی كرد. خومه‌ینی له وه‌ڵامدا گووتی:" مافی چی و مافتان نیه". خۆ ئه‌و كاته كه‌س چه‌كی پێنه‌بوو، هاتن له سنه ته‌قه‌یان كرد و خه‌ڵكیان شه‌هید كرد. بۆ خود موختاری نه‌دا، كه پێشتر له پاریس و له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌شیدا گووتی:"خود موختاری بۆ كورد فه‌راهام ده‌كه‌ین".
پ: به‌ڵام به چه‌كیش كورد ناگاته ئامانج؟
وه‌ڵام : من ناڵێم ده‌گاته ئامانجی كۆتایی. ئه‌گه‌ر ئه‌و چه‌كه نه‌بێت شۆڕش نابێت. خه‌باتی رۆشه‌نبیری و فه‌ره‌هه‌نگی له ئه‌نجامی به‌رده‌وامی شۆڕش رێچكه‌ی گرتووه. ده‌زانن ده‌یان رۆشه‌نبیر و زانا له‌ناو هه‌ناوی شۆڕش له دایكبوون. مامۆستا هه‌ژار و هێمن له كوێ بوون؟ مامۆستا شێخ جه‌لالی حوسه‌ینی له كوێ بوو؟ مامۆستا حه‌سه‌نی قزلجی و هه‌زارانی دیكه له كوێ فێربوون. ئه‌ی زانابوون و خوێنده‌واری ئه‌وان كاریگه‌ری نه‌كرده سه‌ر هه‌رێم. كه‌واته شۆڕشی ئێمه ته‌نیا شۆڕشێكی چه‌كداری نه‌بووه، به‌ڵكو له هه‌مان كاتدا زانستی و سیاسیش بووه. ده‌زانی چه‌ند خه‌ڵك له شۆڕش فێربووه، خۆ ئه‌گه‌ر شۆڕش نه‌ده‌بوو، یان بێده‌نگ ده‌بووین چی روویده‌دا؟ بۆچی سه‌دام حوسێن ئاماده بوو به‌یانی 11 ئادار قه‌بوڵ بكات! باوه‌ڕ ده‌كه‌ی پاسدار هاتوون له‌ناوچه سوننیه‌كاندا داوایان له خه‌ڵك كردووه سیغه بكه‌ن! ئه‌گه‌ر شۆڕش نه‌بووایه رژێم به ملهوڕی خۆی ئه‌و دونیابینیه بۆگه‌نه‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵك ده‌سه‌پاند.
پ: هاوپه‌یمانیه شه‌ش قۆڵیه‌كه‌ی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه هه‌نگاوێكی زۆرباش و سه‌رده‌میانه بوو پێشنه‌كه‌وت! بۆچی؟
وه‌ڵام: پێموایه هاوپه‌یمانی حزبه كوردستانیه‌كه‌ی ئێران هه‌نگاوی باش ده‌نێت و به هه‌ڵومه‌رجێكی باش‌دا ده‌ڕوات. ده‌بێت ئه‌وه له به‌رچاو بگرین كه شه‌ش حزبی سیاسی به بیروبۆچوونی جیاوازه‌وه هاتوونه‌ته لای یه‌كتر، ئاسان نیه هه‌ڵكردنیان به‌یه‌كه‌وه، هه‌ندێك جار بۆ نووسینی به‌یاننامه‌یه‌ك ده‌بێت له‌گه‌ڵ یه‌كتر گفتوگۆ بكه‌ین تا بیروبۆچوونی هه‌مووان تیایدا ره‌نگبداته‌وه. به‌تایبه‌تی كاتێك پڕه‌نسیپی رێككه‌وتن و سازش په‌یڕه‌و ده‌كرێت نه‌وه‌كو زۆرینه و كه‌مینه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كه‌مان كه‌متر به‌ره‌و پێشه‌وه رۆیشتووه، به‌ڵام نموونه‌یه‌كی زۆر دیموكراتیانه‌یه كه له‌سه‌ر بنه‌مای لێكتێگه‌یشتن بڕیار ده‌ده‌ین و هه‌ماهه‌نگی ده‌كه‌ین. ئه‌زموونێكی گرنگه له مێژووی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كوردستانی.
پ: ئایا ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه به‌رده‌وام ده‌بێت؟ چی هه‌ڕه‌شه له به‌رده‌وامیتان ده‌كات؟
وه‌ڵام: ئێمه وه‌كو سازمانی خه‌بات مكوڕین و هه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ ئه‌وه‌یه به‌رده‌وام بێت. پێموایه به‌رده‌وام ده‌بێت. ره‌نگه رژێم نه‌خوازێ ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه به‌رده‌وام بێت. له‌وانه‌یه بۆ تێكدانی ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه هه‌وڵبدات له‌گه‌ڵ لایه‌نێك دانوستان بكات.
پ: په‌یامتان بۆ هاتووه كه رژێم داوای دانوستانی له ئێوه كردبێت؟
وه‌ڵام: هاتووه به‌ڵام سازمانی خه‌بات له ساڵی 1981 تا ئه‌مڕۆ هه‌موو جۆره دانوستانێك له‌گه‌ڵ رژێم ره‌تده‌كاته‌وه. په‌یامه‌كه له خودی رژێم نه‌هاتووه، به‌ڵكو له كه‌سانێكی نزیك رژێم بووه.
پ: به نیازن ده‌ست به‌خه‌باتی چه‌كداری بكه‌نه‌وه؟
وه‌ڵام: چه‌ك ئامرازێكی كاتیه. له‌ناو هاوپه‌یمانیه‌تی حزبه كوردستانیه‌كان له‌مباره‌یه‌وه قسه‌مان كردووه تا پێمان بكرێت چه‌ك له كوردستان دوور ده‌خه‌ینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت بۆ خه‌باتی مه‌ده‌نی و سیاسی بڕه‌خسێنین. سوود له چه‌ك وه‌رنه‌گیرێت بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌كان.
پ: له ئێستا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له توركیا و سوریا ده‌ست به پڕۆسه‌یه‌ك كراوه. له‌م رۆژانه‌ی دواییشدا له هه‌رێمی كوردستان بانگه‌شه ده‌كرێت كه پڕۆسه‌كه بۆ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێرانیش ده‌ست ده‌دات؟
وه‌ڵام: تۆ له ده‌ره‌وه نازانی ماڵی من چی ده‌وێت. ئێمه له كوردستانی ئێرانین و ده‌زانین چی ده‌وێت. رژێمی ئێران له كۆنه‌وه ئه‌و رژێمه نه‌بووه كه بخوازێ مافی هیچ تاكێك نه‌وه‌كو میلله‌تێك بدات. وه‌كو سازمانی خه‌بات رژێمی ئێران زۆر چاك ده‌ناسین. نامه‌مان لایه كه خودی خاڵخاڵی بۆ مامۆستا شێخ جه‌لال نووسیوویه‌تی و ده‌ڵێ: كوردستانتان راده‌ست ده‌كه‌ین و له‌مباره‌یه‌وه له‌گه‌ڵ خومه‌ینی قسه ده‌كه‌م. به‌ڵام مامۆستا قه‌بوڵی نه‌كردووه و فه‌رموویه‌تی:" جارێ له كوردستان بڕۆنه ده‌ره‌وه". ئه‌و كاته له‌وباره‌یه‌وه قسه ده‌كه‌ین. له ساڵانی 1981 و 1982 دانوستانمان له‌گه‌ڵ رژێم كردووه. به‌ڵام ئه‌م رژێمه به‌رده‌وام ده‌خوازێ كات بكوژێت و له پشته‌وه گورز بوه‌شێنێت. له‌م ساڵانه‌ی دواییش چه‌ند جارێك په‌یامیان بۆ ناردووم تا وتوێژیان له‌گه‌ڵ بكه‌م به‌ڵام له پشت په‌رده‌وه پڵانیان داڕشتووه تیرۆرم بكه‌ن. بێگومان دانوستان شتێكی باشه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌م رژێمه نا. پێویسته دیكتاتۆر له‌ناخه‌وه بگۆڕدرێت، پێموایه دكتاتۆر چاك نابێت. پێیوایه خێری خۆیه‌تی ده‌یدات به خه‌ڵك. نه‌وه‌كو ئه‌وه‌ی بێ به‌سیسته‌م مافه‌كه‌م قه‌بوڵ بكات.
نه‌بوونی رێبه‌رایه‌تیه‌كی تۆكمه و كارامه له‌ناوخۆی ئێران تا رابه‌ڕایه‌تی خه‌ڵكی بكات كێشه‌یه‌كی دیكه‌یه.
پ: هه‌ست ناكه‌ی له نێوان هه‌رموو ره‌نگه‌كان ته‌نیا ره‌نگی ره‌ش و سپی ده‌بینی و ره‌نگه‌كانی دیكه نابینی یان نادیده ده‌گری؟
وه‌ڵام: كامه رژێمی دیكتاتۆری گۆڕاوه. له گۆی زه‌وی نموونه‌یه‌كم بۆ بێنه‌وه كه دیكتاتۆربێت و گۆڕابێ. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه به قازانجی خه‌ڵك گۆڕابێ. (بو ته‌فلیقه) له تونس گه‌وره‌ترین خزمه‌تی به خه‌ڵكی تونس كرد، به ته‌مه‌نێكی پیره‌وه زۆرترین چاكسازی كرد، زه‌ین عابدین بن عه‌لی هات، بوته‌فلیقه‌ی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات لادا، هه‌موو چاكسازیه‌كانی ته‌فر و تونا كرد. تا لێیان نه‌دا وازی له ده‌سه‌ڵات نه‌هێنا. بۆیه ده‌ڵێم دیكتاتۆر گۆڕانی به‌سه‌ردا نایه‌ت. ئه‌وه‌ی ده‌یكات پێیوایه خێری باوكیه‌تی ده‌یدات به خه‌ڵك.