درەو:
ڕوانگەی "ئیکۆ عێراق" ڕایگەیاند کە کۆی گشتیی بەهای هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا گەیشتووەتە نزیکەی 37.39 ملیار دۆلار، بەرامبەر بە هەناردەکردنی 533.46 ملیۆن بەرمیل نەوت.
ڕوانگەکە لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە دا کە "بەڵگەنامەیەکی فەرمی کە لەلایەن کۆمپانیای 'سۆمۆ'وە دەرچووە و ئاراستەی پەرلەمان کراوە، داتا و بڕە پارەی هەناردەی نەوتی لە مانگی کانوونی دووەمەوە تاوەکو مانگی ئەیلوولی 2026 لەخۆ گرتووە". ڕوونیشی کردەوە کە "ئەم بەڵگەنامەیە دەریانخستووە کۆی گشتیی بڕی هەناردەکراو گەیشتووەتە 533,459,327 بەرمیل، بە بەهایەکی مەزەندەکراو کە گەیشتووەتە 37,388,384,828 دۆلار".
هەروەها ڕوانگەکە ئەوەی خستووەتەڕوو کە، بەپێی ئەو داتایانەی لە بەڵگەنامەکەدا هاتوون، ئەو بڕە پارەیەی لە هەژماری بانکی ناوەندیی عێراقدا دانراوە بریتی بووە لە 33,511,194,387 دۆلار.
سەبارەت بە هەناردەکردن لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە، ڕوانگەکە روونی کردوەتەوە کە بڕی نەوتی پەمپکراو لە ماوەی ئەم ماوەیەدا بەم شێوەیە بووە:
* نەوتی باکوور: 50,757,644 بەرمیل، بە تێکڕای ڕۆژانەی نزیکەی 188 هەزار بەرمیل.
* نەوتی هەرێمی کوردستان: 25,095,454 بەرمیل، بە تێکڕای ڕۆژانەی نزیکەی 93 هەزار بەرمیل.
