دیسان بایکۆت
2018-05-25 11:57:37
پەیكار عوسمان ....
- چوار لایەنەکە ناچار نین بایکۆتی بەغدا بکەن، ئەوان بەرامبەر ئەو تەزویرەی لێیان کراوە ناچارن شتێك بکەن، بایکۆتیش یەکێکە لەو شتانە.
- گۆڕان پێش بایکۆتی بەغدا، بایکۆتێکی سلێمانی قەرزاری خەڵك و دەنگدەرانیەتی، ئینجا موسوڵمانێك تێمانگەیەنێت، ڕێکەوتن لەگەڵ یەکێتی و حکومەتی خۆجێیی سلێمانی، ئەم دووانە چ سودێکی هەیەو چ پاساوێکی هەیە بۆ بەردەوامبوون؟
گرنگە گۆڕان ئەو ڕێکەوتنە لەگەڵ یەکێتی هەڵوەشێنێتەوەو ڕێکەوتنێکی هاوشێوە لەگەڵ سێ لایەنەکەی هاوپەیمانی ئێستای ببەستێت.
ئەگەر گۆڕان وا نەکات، ئەوکات بۆ یەکگرتووش ئاساییە ڕێکەوتنێکی هاوشێوە لەگەڵ پارتی بکات، چونکە پارتی و یەکێتی فەرقێکیان نیە.
- ئەم چوار لایەنە ڕاستە کورسییەکانیان کەمە بەراورد بە کورسی پارتی و یەکێتی، بەڵام ئەگەر دوو بلۆكی سیاسیی لە عێراق دروست ببێ و پارتی ویەکێتیش هەردوکیان بکەونە لایەك، ئەوکات لاکەی تر لە نوێنەرایەتی کورد چۆڵ ئەبێ، ئەم چوارەش بەو کەمە کورسییەی کە هەیانە ئەتوانن ڕۆڵێکی گەورەو نوێنەرایەتییەکی گەورە بکەن، کە نوێنەرایەتی نەتەوەیەك و هەرێمێکە.
مەسەلەن ئەگەر یەکێتی و پارتی و مالکی و عامری ببنە بەرەیەك، ئەوکات سەدرو عەلاوی و عەبادی هەم وەکو کورسی پێوستیان بەم چوار لایەنە هەیە، هەمیش وەکو نوێنەرایەتی هەرێم و کورد.
- ئێمە تەنیا لەبەردەم حکومەتی زۆرینەدا نین، بەڵکو لەبەردەم موعارەزەیەکی بەهێزیشداین!
هەر یەك لەم دوو بەرەیە ئەگەر حکومەت تەشکیل بکەن، بۆی هەیە بەرەکەی تر ببێتە موعارەزەیەکی بەهێزو کاریگەر، جا ئەم چوار لایەنەش هەردو ئەگەرەکە لەبەردەمیان کراوەیە، ئەوەی کە لەگەڵ بەرەیەکا بەشداری حکومەت بکەن و هەنێ ماف لەسەر دەستی ئەوان بۆ هەرێم بگەڕێتەوە، یان لەگەڵ بەرەیەکا ببنە موعارزەیەکی گەورەو سود لە هێزی ئەو موعارەزەیە وەرگرن بۆ شەڕکردن لەسەر مافەکانی هەرێم.
- گرنگە ئەم چوار لایەنە نەکەونە داوی یەکڕیزیی کوردەوە، چونکە یەکڕیزی قورسایی ئەدا بە پارتی و یەکێتی و وەزنی پوشێك بۆ ئەمان ناهێلێتەوە، ئەکرێ مەبدەئییەن هەموو لایەنە کوردیەکان لەسەر چەن خاڵێك ڕێکەون، مەسەلەن دەستورو بودجە، ئیتر هەر یەکەو لەلای خۆیەوە شەڕی لەسەر بکات، نەك ئەوەی هەموویان پێکەوە تەحالوف و فراکسیۆن و کوتلەبن، چونکە بە تەجروبەی ساڵانی پێشوو ئەو پێکەوەبوونە ڕێك یەکێتی و پارتی بوونە.
- پارتی و یەکێتی لە چ بەرەیەكبوون، گرنگە چوار لایەنەکە لە بەرەکەی تربن، بۆ ئەوەی شەڕی ڕاستەقینەی مافەکانی کورد، جێگەی شەڕی پۆست وئیمتیازات بگرێتەوە، کە هەمیشە لە پشتی شیعاری یەکڕیزی کوردەوە ئەکرێن!
ئەمانە پێکەوەبن بۆ یەکتری ئەپۆشن، مونافس و چاودێربن بەسەر یەکەوە، ئەوکات قولی ڕەش و سپی دەرئەکەوێ.
- گرنگە چوار لایەنەکە لەکاتی گفتوگۆدا پۆستە سیادییەکەی کورد بخەنە مساوەمەوەو لە بەرامبەر سودێکی گشتیدا بیبەخشن، ئەم پۆستە سیادیە درۆیەکە ئێمەی بە عێراقەوە بەستۆتەوە، گرنگە بیگۆڕنەوە بە ڕاستییەك کە بە عێراقەوە بمانبەستێتەوە.
- خراپترین سیناریۆ ئەوەیە دوو بەرە دروست ببێ و پارتی و یەکێتیش پێکەوە نەبن و هەریەکەیان لە بەرەیەکابن، ئەوکات بێ ئەوەی سەری خۆتان و سەری ئێمەش بیەشێنن، بەغدایان بۆیان چۆڵکەن و ناوی خوا لە بایکۆتەکە بێنن، چونکە ئەوکات لە هەردو بەرەکە نوێنەراتی هەرێم و کورد ئەوان ئەیکەن و ئێوەش یاریزانی یەدەگ.
*ئەگەر بەرەی پارتی و یەکێتی و مالکی و عامری کە بەرەی ئێرانیشە، حکومەتیان تەشکیلکردو لەهەمان کاتا لەملاوە موعارەزەیەکی کاریگەر لە پەرلەماندا دروستبوو، ئەوکات ئەم چوار لایەنە مەیدانێکی باشی خەباتی موعارەزەییان لە بەردەمدایە.
*ئەگەر بەرەی سەدرو عەبادی و ئەوانیتر حکومەتیان تەشکیلکردو پارتی و یەکێتی ئاوت کران، ئەوکات نوێنەرایەتی کورد لە حکومەت بۆ ئەم چوارلایەنە چۆڵ ئەبێ و گرنگە پڕی بکەنەوە.
*ئەگەر بەرەیەك کوتلەی گەورەی دروستکردو لایەنەکانی تریش لەپێناو کێکی حکومەت بەرەکەی تریان چۆڵکردو بەشی موعارەزەیەکی بەهێز کورسی نەمایەوە، ئەوکات بایکۆتی پەرلەمان کارە دروستەکەیە، چونکە ئەوکات ئیتر مەیدانی خزمەتی گشتی نامێنێ و ئامادەبوون لەوێ تەنیا چەن پەرلەمانتارێك دەوڵەمەند ئەکاو هیچی تر.