بەغدا پایتەختی بێ شکۆکردنی کورد
2018-05-24 18:24:19
د. ئارام رەفعەت ...
بەغدا پایتەختی بێ شکۆکردنی کورد ..
١٠ نمونەیی مێژویی ..
ئاوڕدانەوەیەک لەمێژووی زۆبەری سیاسەتمەدارانی کورد لە ٨٥ ساڵی رابردوودا، ئەوەمان پێدەڵیت کە لەوەتەی بەغدا هەیە سیاسەتمەدارانی کورد بێ شکۆ و بێ ئینتیما و دەستەمۆ دەکات. گرنگ نییە پێش چونە بەغدا، باکگراوندی سیاسی، شۆڕشگێڕی و فکری و پێگەی کۆمەڵایەتی سیاسی ئەو کەسایەتییانە چی بووە، کە چوونەتە بەغدا، بونەتە کەسانێکی تێکشکاو، بێشکۆ و دەستەمۆ کراو و دابڕاو و بێباک لە بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان.
بۆ راستی و دروستی ئەم حاڵەتە با بەیەکەوە چاوێک بەو ئەزموونانەی خوارەوەدا بگێڕین.
١) ئەو ئاوە ١٨ نوێنەرەکەی کورد رشتی
سەرەتای ئەزموونی تێکشکانی کەسایەتی کورد لەبەغدا لە گەڵ یەکەم بەشداری کورد لە دەوڵەتی تازە داتاشراوی عێڕاقدا دەست پێدەکات. لەساڵی ١٩٢٤دا ١٨ کورد وەک نوێنەری پارێزگەکانی کەرکوک و هەولێر و سلێمانی و موسڵ بەشداری ئەنجومەنی تەئسیسی عێراقی دەکەن. زۆربەی بەشداربووەکان کەسایەتی دیار بوون، لەوانەش شێخ قادری برای مەلیک مەحمود و مەلای گەورەی کۆیە. بەشداری ئەو کوردانە لەکاتێکدابوو کە هێشتا مەلیک مەحمود لەگەرمەی بەرگریکردندا بوو لە مەملەکەتەکەی؛ کوردستان لەژێر هێرشی بەردەوامی فرۆکەکانی ئینگلیزدابوو و باشوری کوردستانیش بەفەرمی بەشێک نەبوو لە عێڕاق و هێشتا ئومێدی بەدەوڵەت بوونی باشوری کوردستان هەر مابوو.
بەدرێژایی سێ مانگ، لە ئادارەوە تا حوزەیران، ئەندامانی ئەنجومەنی تەئسیسی گفتوگۆی چڕوپڕیان لەسەر ئەم سێ مەسەلەیە کرد: رێکەوتننامەی ئەنگلۆ-عێڕاقی؛ دارشتنی دەستووری عێڕاق و یاسای هەڵبژاردنەکانی عێڕاقی. بەڵام، لەماوەی ئەو سێ مانگەدا بۆ جارێکیش ١٨ پەرلەمانتارەکەی کورد وەک نوێنەری خەڵکی کوردستان هەڵوێستییان نەنواند. کۆی تۆماری دانیشتنەکان لە دوو بەرگدا و لە ٦٧٢ لاپەرەدا تۆمار کراون. تۆمارەکان ئەوە پیشاندەدەن کە ١٨ کوردەکە نە شکۆی ئەوەیان هەبوو بەرگری لە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد بکەن، نە جورئەتی ئەوەیان هەبوو داوای راگرتنی هێرش و پەلامارەکانی بەریتانییا بۆ سەر کوردستان بکەن. جگە لەچەند پاڕانەوەیەکی مەلای گەورەی کۆیە بۆ پرسی خوێندن بەکوردی، لەو ٦٧٢ لاپەرەیە، تاکە لاپەرەیەکی تێدا نییە کە تۆزقاڵێک شكۆمەندی و سەرفرازی ئەو نوێنەرانە پیشان بدات. بەمجۆرە کورد هەر لەسەرەتاوە بەملشۆڕی و تێکشکاوی چونە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێڕاقییەوە.
٢) لەشکرەکەی ئەمین زەکی بەگ سلێمانی داگیرکرد
نموونەیەکی تری بێشکۆیی و تێکشکاوی کەسایەتی کورد لەبەغدا ئەمین زەکی بەگە. بێ هیچ دوودڵییەک ئەمین زەکی بەگ عەللامەی مێژووە و دوای شەرەفخان مەزنترین مێژوو نوسی کوردە. لەم بوارەدا بەژنی هەموو نوێنەرە کوردەکانی ٨٥ ساڵی رابردوو لە بەغدا بخەیتە سەر یەک ناگاتە ئەژنۆی ئەمین بەگ. بەداخەوە بەغدا زەفەر بەو عەلامەیەش دەبات و شکۆ و کەسایەتی و غروری نەتەوەیی ئەویش تێک دەهاڕێت. ئەمین زەکی بەگ لە سەرەتای ١٩٢٤ دەبێتە فەرماندەی کۆلیژی سەربازی عێڕاقی. یەکەم چالاکی ئەو سوپایەی کە ئەمین زەکی بەگ راهێنانی پێکرد، لەدژی سلێمانی، شارەکەی خودئ ئەمین زەکی دەبێت. لە ١٩ی تەموزی ١٩٢٤دا سوپای عێڕاقی بەپشتیوانی ئینگلیز سلێمانی داگیر دەکات و کۆتایی بە حوکمرانی مەلیک مەحمود دێنێت. داگیرکردنی سلێمانی هیچ لە هەڵوێستی زەکی بەگی نەگۆڕی و بەردەوام بوو لە خزمەتکردنی سوپا و دەوڵەتی عێڕاقی.
٣) مەلا مستەفا "عەسکەرێ زەعیمی"بوو
تا گەرانەوەشی بۆ بەغدا مەلا مستەفا سروشتێکی سەرکەش و یاخییانەی هەبوو. شەڕ و ململانێکانی لەگەڵ عەشیرەتە دراوسێکانی، رێگرتنی لە سەپاندنی دەسەڵاتی بەغدا لەناوچەی بارزان، خۆدەربازکردنی لە ئیقامەی جەبری لە سلێمانی، چونی بۆ مەهاباد و دواتریش پەناهەندەیی لە روسیا هەموویان ئاماژەی سروشتی یاخییانەی بارزانی پیشان دەدەن. هەر بەهۆی ئەو سروشتە یاخییەی بارزانی بوو وای لە مەکتەب سیاسی پارتی کرد کە بۆ ماوەی ١٢ ساڵ بارزانی وەک سەرۆکی پارتی، ژەنەڕاڵ بارزانی، سەرۆکی کورد وێنا بکات، ئەوە لەکاتێکدا لەو ماوەیەدا بارزانی هیچ پەیوەندییەکی بە پارتییەوە نەمابوو.
پێچەوانەی ئەو مێژووەی، کاتێک بارزانی لە ساڵی ١٩٥٨ دەگەڕیتەوە بەغدا، ژیانی بەغدا وایلێدەکات کە ئەو سەرکێشیە و یاخیبوونەی لەدەست بدات. ئیتر مستەفا بارزانی لە ١٩٥٨ تا بەهاری١٩٦١یش بە موناسەبە و بێ موناسەبە خۆی وەک "عەسکەرێ زەعیمی" واتە سەربازی عەبدولکەریم قاسم دەناساند. بارزانی بەکردەوەش لە سەرکوتکردنی کودەتاکەی شەواف لە ١٩٥٩ و لێدانی سکرتێری پارتی، هەمزە عەبدوڵڵا، بە قاسمی دەگوت دەمەوێ ببمە سەربازت. لەراستیدا، ئەوەی بارزانی دەیویست بۆ عەبدولکەریم قاسم بیکات لەئەدەبیاتی سیاسی کوردیدا پێی دەوترێت "جاشایەتی". ئەگەر عەبدولکەریم قاسم بیویستایە مستەفا بارزانی سەربازێکی (جاشێک)ی بەوەفای ئەو دەبوو. بەڵام ئەوە عەبدولکەریم قاسم بوو بە جاشایەتییەکەی مستەفا بارزانی رازی نەبوو (لەم بابەتەدا جێگای هۆکاری ئەو هەڵوێستەی قاسم نابێتەوە). هەر قاسمیش بوو کە بە بۆمبارانکردنی بارزان، مستەفا بارزانی ناچارکرد پاڵ بداتە شۆڕشی ئەیلول.
٤) جەلالیی و جاشایەتی رێکخراو
سەرکردە و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئەوسای پارتی شانازی ئەوەیان پێبراوە کە لەرەشترین دەورەی زەمەنی کورد لەباشوردا، واتە لەدەورەی دوای روخانی مەهاباد تا کودەتاکەی عەبدولکەریم قاسم (١٩٤٧-١٩٥٨)، ئەوان بەردەوام رۆح و مۆڕاڵی ئینتیمای کوردستانییان بەزیندوویی راگرت. بەڵام کە لە ١٩٦٦ ناچاردەکرێن کوردستان بەجێبێڵن و بچنە بەغدا، پایتەختەکەی عێڕاق ئەوانیش دەستەمۆ و بێ شکۆ دەکات و تا ئەو رادەیەی جاشایەتی بۆ دەوڵەتی عێڕاق قەبوڵ دەکەن. جاشایەتییەک کە بەهیچ شیوەیەک لەگەڵ مێژوو و سەروەری ئەندامانی مەکتەب سیاسی (کە بەهەموو پێوانەیەک نوخبەی کوردی بوون) نەدەهاتەوە. راستە بارزانی غەدرێکی مێژوویی لە مەکتەب سیاسی پارتی کرد، بەڵام ئەوان نە پێویستییان بەوە بوو ببنە جاشی عێڕاق و نە ئەو جاشایەتییە هیچ سودێکی بۆ مێژووی خۆیان و گەلی کورد هەبوو. جەلالییەکان داهێنەری جاشایەتی نەبوون، بەڵام داهێنەری فۆرمی رێکخراوەیی جاشایەتی بوون. تائەوکاتیش هەموو جاشایەتی و کرێگرتەییەک بۆ بەغدا بەشیوەی کەسی (فەردی) بووە. جاشایەتییەکەی مەکتەبی سیاسی، یەکەم هەنگاو بوو برەو بە رێکخراوکردنی جاشایەتی.
٥) هەرچی مستەفا بارزانی ناردی بوو بەجاش هەڵگەڕانەوەی کەسە نزیک و موعتەمیدەکان لە مستەفا بارزانی نموونەیەکی تری تێکشکاوی کەسایەتی و مۆڕاڵی سیاسەتمەداری کوردە لە بەغدا. بۆ یەکەمجار، دوای بەیاننامەی ١١ی ئازار کورد وەک نەتەوە بەشداری کرد لە موئەسەساتی دەوڵەتی عێڕاقیدا. مستەفا بارزانی کەسە هەرە نزیک و باوەرپێکراوەکانی خۆی بۆ پۆستە حکومییەکان دیاری کردبوو. زۆربەی ئەوانەی بارزانی خستنییە ناو دەزگاکانی دەوڵەتی عێڕاقەوە، لەوانەش عەزیز عەقراوی، رەشید عەقراوی و عەزیز مەلارەشید، دوای ماوەیەک پشتییان لە بارزانی کرد و بوونە کرێگرتەی رژێمی بەعس و هەندێکییان حیزبی کارتۆنییان دامەزراند و ئەوانیتریش راستەوراست بوونە بەعسی. کورەکانی مستەفا بارزانی، عوبەیدوڵڵا، سابیر و لوقمان نموونەگەلی تری ئەو دەستەمۆ و شکۆشکاوییەی کوردن لە بەغدا.
٦) تەها موحییەدین مەعروف، سیمبۆلی کوردە بێ شكۆکان
تەها موحییەدین مەعروف یەکێکە لە دامەزرێنەرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بە درێژایی ساڵانی ١٩٤٦ تا ١٩٦٨ سەرکردەیەکی لێهاتووی پارتی بووە. لە کێشەی نیوان بارزانی و مەکتەب سیاسیدا، مەعروف یەکێک بوو لە بەرهەڵستکارە سەرسەختەکانی سیاسەتی خێڵەکی و وابەستەی مستەفا بارزانی و یەکێک بوو لەو ١٤ مەکتەب سیاسییەی کە بڕیاری لادانی مستەفا بارزانییان دەرکرد. بەڵام کاتێک لە ١٩٦٨ وەک نوێنەری مەکتەب سیاسی (جەلالی) پۆستێک لە بەغدا وەردەگرێت، ئیتر بەغدا رابردووی مەعروف دەسرێتەوە و داهاتووشی چیخناخی خیانەت و جاشایەتی دەکات. ئەو لە ١٩٧٥ تا ٢٠٠٣ جێگری سەرۆک کۆماری عێڕاق بوو. لەماوەی سەرۆکایەتییەکەی ئەودا گەلی کورد جینۆساید کرا، کیمیا باران کرا، نیوەی خاکەکەی تەعریب کرا و نیوەکەی تریشی یان بەسوتماک کرا یان تەلبەند کرا. بەڵام بەغدا شکۆ و کەرامەت و مۆڕاڵی ئەو کابرایەی وەها هاڕی بوو، تەنها بۆجارێکیش هەڵوێستێکی لێ نەبینرا و بووە سیمبۆلی کوردە بێ شکۆکانی بەغدا.
٧) مەسعود بارزانیی یەکەم سەرکردەی تەسلیمبوی دوای راپەڕینە
دوای کۆڕەوەکە، سەرانی بەرەی کوردستانی بەمەبەستی گفتوگۆ بەرەو بەغدا بەرێکەوتن. مەسعود بارزانی سەرۆکایەتی جەولەی دووەمی گفتوگۆکانی گرتە ئەستۆ. بارزانی گوتی لەپێناو گەلەکەمدا بەسەر دەریایەک خوێنی کەسوکارم بازمدا و تۆقەم لەگەڵ سەدامدا کرد. رەنگە پێش چونی بۆ بەغدا بارزانی خوێنی براکانی و کەسوکارکەی لەبەرچاوبووبێت، بەڵام سیحری بەغدا هەم پرسی نەتەوەکەیی و هەم کەسوکارە قوربانییەکانی لەبیر بارزانی بردەوە.
بارزانی لانی کەم لەسێ مەسەلەدا، وەک کەسێکی بێ شکۆ و بێ ئیرادە و تەسلیمبوو لەبەرامبەر سەدام حوسێندا دەرکەوت. یەکەم، لەو سەردەمەدا هاوپەیمانان بەدوای بیانویەکدا دەگەران تا سزای زیاتری سەددام بدەن و مەیلی ئەوەیان هەبوو قەوارەیەکی فراوان و پارێزراو بۆ کورد دابین بکەن. بوونی بارزانی لەبەغدا، ئەو بیانووەی لەدەست هاوپەیمانان نەدەهێشت و هەر رۆژێکی مانەوەی بارزانی لەبەغدا زیانێکی گەورە بوو بۆکورد. بەڵام، ئەو کە بە زۆر نێردرا بۆ بەغدا، بەزۆریش هێنرایەوە بۆ کوردستان و پێچەوانەی یاسا و رێساکانی دانوسان بۆ زیاتر لە سێ مانگ لەبەغدا مایەوە. دووەم، پێچەوانەی چاوەروانییەکانی نێودەوڵەتی، ئەو لەبەغدا رایگەیاند کە کێشەی کورد عێڕاقییە و ئێمە بەهەر نرخێک بێت لەگەڵ سەدامدا رێکدەکەوین، بەمەش کارتی کوردی لەدەست هاوپەیماناندا دەرهێناو کردییەوە پرسێکی ناوخۆیی عێڕاقی. سێیەم، هاوپەیمانان توندرین سزای ئابوورییان خستبووە سەر دەوڵەتی عێڕاق. ئامانجییان لەو گەمارۆیە روخاندنی لەسەرەخۆی سەدام بوو. لەو سەروبەندەدا، سەدام پێویستی بەرێگایەکی قاچاخ هەبوو تا نەوتی لەرێگاوە بفرۆشێت و خەرج و پێداویستییەکانی دامودەزگا سەرکوتکارەکانی دابین بکات. بارزانی ئەو ئارەزووەی سەدامیشی هێنایە دی و لە ١٩٩٢ بەدواوە، سەرەتا رۆژانە ٢٥ هەزار بەرمیل نەوتی قاچاخ لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆلی پارتیەیەوە رەوانەی تورکیا دەکرا و دواتر ئەو بڕە زیادکرا بۆ ٦٥ هەزار بەرمیل. ئەم رێکەوتنە نەوتییەی نێوان بارزانی و بەعس هۆکاری سەرەکی قووڵبوونەوەی کێشە ناوخۆییەکانی کورد، شەڕی نەگریسی ناوخۆ، ٣١ی ئاب و دابەش بوونی هەرێمی کوردستان بوو.
٨) تاڵەبانی لە گۆچانبەدەستەکەی کوردستانەوە بۆنوکتەبازەکەی بەغدا
تەلیسمی بەغدا کەسایەتی و شکۆی یەکێکی تر لە سیاسییە هەرە عەملاقەکانی کوردی تێک هاڕی، ئەویش تاڵەبانییە. ئەو لە ٢٠٠٥، لەسەر پشکی کورد بوو بەسەرۆک کۆماری عێڕاق. تاڵەبانی لەسەردەمێکدا بوو بەسەرۆک کۆمار کە کورد لەبەغدا سەنگی هەبوو، شیعەکان پەرتەوازەبوون و سوننەکانیش پەڕوپۆکرابوون. لەو بارودۆخەدا و لە ماوەی نۆ ساڵ سەرۆکایەتیدا، چاوەروانی ئەوەی لێدەکرا کە کێشە سەرەکییەکانی کوردستان لەگەڵ بەغدا، لەوانەش کێشەی ئەرزی یەکلا بکاتەوە. بەڵام بەغدا پرسی کوردی لە ئەولەویەتی سەرەکی تاڵەبانییەوە گٶری بۆ پرسێکی سانەویی و ئەو بەکردەوە چارەسەری کێشەی نێوان شیعە و سوننەی کردە ئەولەوییەتەکانی کاری خۆی. ئەوەی لای ئایەتوڵاکانی شیعە و شێخەکانی سوننە مەحاڵ بوو ئەو کردی بەواقیع. سوننە و سوننەکان، شیعە و شیعەکان، سوننە و شیعەکانی لەسەر خوانی نوکتەکانی کۆدەکردەوە و نەیدەهێشت بۆمبەکە بتەقێتەوە و هەربۆیەش ناویان نابوو سەمامی ئەمان "کلیلی سەلامەت"ی عێڕاق. ئەو نەیهێشت بۆمبەکەی شیعە و سوننە بتەقێتەوە و دواجار شیعەکان ئەو بۆمبەیان بەکوردا تەقاندەوە و نیوەی خاکی کوردستانییان داگیرکردەوە وهەرێمی کوردستانیشیان پەڕوپۆ کردووە.
٩) پەرلەمانتارە کوردەکان نوێنەری کێن؟
ئەگەر چاودێرێکی بێگانەی نائاشنا بە بارودۆخی عێڕاق بۆ یەک رۆژ موتابەعەی کارو چالاکی و گوتاری پەرلەمانتارەکانی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق بکات، ڕەنگە نەتوانێت بڕیار بدات کە ئایا ئەو پەرلەمانتارانە نوێنەری کێن؟ بەشێوەیەکی گشتی پەرلەمانتارانی ئەم خولە بە دوو ئاراستەدا دابەش بوون.
لای ئاراستە یان گروپی یەکەم، کە زۆربەیان سەربە دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەن، وەک ئەوەی هەرێمی کوردستان جەزیرەی واق واق بێت و ئەو ناهەقییانەی کە لە ساڵی رابردوودا لەلایەن دەوڵەتی عێڕاقەوە بەرامبەری هەرێم دەکرێت، ئەو خاکەی کە لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەر لەرێگای سوپا و میلیشیای حەشدەوە لێی داگیرکرا، هەموو ئەوانە دوور و نزیک پەیوەندی بەوانەوە، واتە بە پەرلەمانەکانەوە، نییە. ئەگەر هەڵوێستی ئەندامەکانی کورد لە تۆماری مەجلیسە کارتۆنییەکەی سەردەمی بەعس لەمەڕ پرسی ئەنفال لەگەڵ هەڵوێستی ئەم گروپە لەمەر داگیرکردنی کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێستادا بەراورد بکرێت، پێم وایە جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان ئەو دوو گروپەدا نابینرێت.
ئاراستە یان گروپی دووەمیش وا مامەڵە دەکەن کە ئەوان نوێنەری عێڕاق بن نەک خەڵکی کوردستان و ئەرکییان ئەوەیە کە مافەکانی عێڕاق لە هەرێمی کوردستان وەربگرنەوە، نەک بە پێچەوانەوە، ماف و بەرژەوەندییەکانی عێڕاق لە هەرێمدا بپارێزن نەک بەپێچەوانەوە، ناسنامە و ئینتمای عێڕاقی لە کوردستان بەرز رابگرن نەک بە پێچەوانەوە. بەواتایەکی تر ئەوانە هێندەی وەک چاودێر و ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی هەرێم دەردەکەون هێندە وەک چاودێر و ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی بەغدا دەرناکەون. پەرلەمانتارەکانی ئەم خولە سەر بەهەر کام لەو دوو ئاراستەیەی سەرەوە بن، هەمان دەردیان هەیە، دەردی تەلیسمەکەی بەغدا، ئەو تەلیسمەی کە کەسایەتی و شکۆی سیاستەمەداری کورد تێکدەشکێنێت و تێک دەهاڕێت.
١٠) پەندێک لەمێژوو، تورەکە خۆڵەکەی خانزادی میری سۆران
ساڵی ١٥٩٠ میر سڵێمان، میری سۆران، بەیاوەری بەرپرسی هێزەکانی میرنشینەکەی، کە ناوی لەشکری دەبێت دەچیتە بەغدا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی لەگەڵ والی بەغدا. گێڕانەوەیەکی میللی هەیە و دەڵێت پێش سەفەرەکەیان خانزادی خوشکی میرسڵێمان، تورەکەیەک پڕ لە خاک و خۆڵی هەریر دەداتە دەست لەشکری و پێی دەڵێت، کاتێک میر لەگەڵ والی گفتوگۆ دەکات دەبێت لەسەر ئەو تورەکەیە دابنیشێت. لەشکری بەحەپەساوییەوە هۆکارەکەی لێدەپرسێت و خانزاد دەڵێت خاکی بەغدا خاکێکی نەرمە وخاکی هەریریش خاکێکی نێرە. ئەگەر میر لەسەر خاکی بەغدا دابنیشێت تەنازول بۆ والی دەکات، بەڵام ئەگەر لەسەر خاکی هەریر دابنیشێت ئەوا بەسەربەرزی دەگەڕێتەوە بێ ئەوەی هیچ تەنازولێک بۆ والی بکات. لەشکری فەرمانەکەی جێبەجێ دەکات و میر سڵێمانیش هەریریانە بەرگری لە میرنشینەکەی دەکات. بەڵام، هەڵە کوشندەکەی خانزاد لەوەدا بوو کە بیری بۆ ئەوە نەچوو دەبێت تورەکەیەکیش بداتە لەشکری و نەهێڵێت ئەویش لەسەر خاکی بەغدا دابنیشێت.
دواجار، لەشکری بەفیتی والی بەغدا خیانەت لە میرەکەی دەکات و میر سڵێمان ژەهر خواردوو دەکات و میر دەمرێت.
رەنگە گێڕانەوە میللیەکە باوکسالاری و خورافە بێت، بەڵام روداوێک دەگێڕێتەوە کە لەگەڵ ئەزموونی ٨٥ ساڵەی رابوردووی کورد لەبەغدا دێتەوە. لەوەتەی لەشکرییەکانی ئێمە هەن و گرنگ نییە لە کوردستان چەندە ئازا و دڵسۆزن، بەڵام کە دەچنە بەغدا خیانەت لە دۆزە رەواکەی نەتەوەکەیان دەکەن.
بۆ ئەوەی ئەمجارە و پەرلەمانتارانی خولی داهاتوو بەهەمان رێچکەی لەشکرییەکانی ٨٥ ساڵی رابردوودا نەڕٶن، دەبێت تورەکەیەک لەخاکی هەریر بدرێتە یەک بەیەکەیان.