پەیوەندی كورد و فەرەنسا
2018-03-24 12:19:23
لە هەڵبژاردنی ئەم ناونیشانە بۆ بابەتەكە زیاد لە مەبەستێكم هەبوو. یەكەم پەیوەندی كورد لەگەڵ فەرەنسایە پەیوەندیەكە دەبێت لە گۆشەنیگای كێشەی كەمینەكانەوە لێبڕوانین، واتە فەرەنسا وەك كەمینەیەكی ژێردەستە مامەڵە لەگەڵ كورد دەكات. ئەم مامەڵەكردنەش لە چوارچێوەی كەمینەدا پەیوەندی بەو بەها و ڕێسا و ئایدیانەوە هەیە كە فەرەنسا دەیەوێت نوێنەرایەتیان بكات وەك وڵاتێكی پێشەنگ و دانەری جاڕنامەی مافی مرۆڤ. بۆیە هەماهەنگی فەرەنسا لەگەڵ كورددا پەیوەندیەكی قوڵی بە كۆنەواری(ترادیسیۆنی) سیاسی فەرەنساوە هەیە وەك وڵاتێكی پشتیوانیكەر لە بەها مرۆییەكان. پاشان لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەوی دی وەك كەمینە فەرەنسا دەیەوێت لە رووی دیپلۆماسیەوە بیانویەكی شەرعی هەم بەو بەرگریە بدات كە لە كەمینەكانی دەكات لە كایەی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان، هەمیش بە تەداخول و هاتنەپێشەوەی لە چارەسەركردنی كێشەكان. چونكە لە بیرمان نەچێت سەنگ و بەرچاوی زلهێزەكان لە سەر شانوی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان وابەستەی ئامادەبوونیانە لە هاوكێشە و ململانێ سیاسیەكان. بۆیە كورد بۆ فەرەنسا دەبێتە دەلاقەیەك كە بێتە ناو ململانێكان و رۆڵێك بۆ خۆی دابتاشێت.
پاڵپشتی فەرەنسا بۆ كورد هاوكات زادە و بەرهەمی دیپلۆماسی حزبییە. بەشێك لە سەركردەكانی وەك عەبدولڕەحمان قاسملۆ،جەلال تاڵەبانی، مەسعود بارزانی ڕۆڵێكی گرنگیان لە دروستكردنی پەیوەندی و ڕایەڵ لەگەڵ بەشێك لە سەركردەی حزبە چەپەكانی فەرەنسا بینییوە، دواجار هەر ئەم پەیوەندیە نافەرمی و حزبیانە دەبنە بنەما بۆ پەرەپێدان و بونیادنانی پەیوندیگەلێكی نیمچە دەستگایی و نیمچە فەرمی. بۆ نمونە، جگە لە كۆنسڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر، كردنەوەی نوسینگەیەكی پەیمانگای فەرەنسی بۆ رۆژهەڵاتی ناوین (IFPO) لە ساڵی ٢٠١١لە سەروبەندی بێرنارد كۆشنەر، كە ئەو كات وەزیری دەرەوەی فەرەنسابوو، خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەكی هەرە گرنگی بە فەرمیبوونی ئەم پەیوەندیەیە. پاڵشتی فەرەنسا بۆ كورد بە تایبەتی كوردی عێراق كە زیاتر جێ مەبەستی ئەم نوسینەیە لە فەرەنسا بۆتە كۆنەوارێكی سیاسی، بۆ نمونە فەرەنسا رۆڵێكی گرنگی لە دەركردنی بڕیاری ژمارە ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاساییشی نێوەدەوڵەتیدا بینی، لە دانانی ناوچەی دژەفڕین. كە لەمەشدا رۆڵی بێرنارد كۆشنەر، كە ئەو كات وەزیری تەندروستی بوو لە ساتەوەختی دەسەڵاتی پارتی سۆسیالیست و فەرانسۆا مێتەران، پاشان، فەرەنسا لە سەردەمی فەرانسۆا هۆڵەند ڕۆڵێكی گرنگی لە بەگەڕخستن و هێنانەپێشەوەی هەم یەكێتی ئەوروپا و هەم كۆمەڵگای نێودەوڵتی بینی لە بەهانەوەهاتنی كورد و پشتگیریكردنیان لە بەرامبەر هێرش و پێشكەوتنەكانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش). بۆیە دەشێت بڵێین پەیوەندی فەرەنسا لەگەڵ كورددا ئەوەندەی زادەی ڕوانگە و بەرژەوەندی دەوڵەتی فەرەنسایە، ئەوەندەش پەیوەندی بە مێژوو و ڕوانگە و دونیا بینی هەندێك لە سەركردە چەپە فەرەنسیەكانەوە هەیە.
ئەم خاڵە زۆر بە گرنگ دەزانم، چونكە بە پێچەوانەی ئەو بیرۆكەیەی كە بۆتە حاشاهەڵنەگر و هەقیقەت لە لای هەندێك كە پێیان وایە تەنها بەرژەوەندیی، بزوێنەری كۆی رەفتار و پەیوەندیەكانی ناو كایەی پەیوندیە نێودەوڵەتیەكانە، پێم وایە دونیابینی و پەروەردە سیاسی و ئامادەگی (disposition) ئەكتەرەكانیش رۆڵێكی بەرچاویان لە ئاڕستەكردنی ئەم پەیوەندیانەدا هەیە. بۆیە لەم گۆشەنیگایەوە دەتوانم بڵێم پەیوەندی كورد و فەرەنسا زادەی بڕوای بەشێك لە سەركردەكانی ئەم وڵاتەیە بە مافی كورد هاوكات دونیابینی و پەروەردەی سیاسیان كە وایان لێدەكات بەرگری لە بەها مرۆییەكان و مافی كەمینەكان و ئازادی گەلان بكەن. بە مانایەكی دی، بە پێچەوانەی ئەو دیدە ئابوریەی كە كۆی سیستەمی نێو دەوڵەتی بە دەوری گەڕان و بە دەستهێنانی قازانجدا كورت دەكاتەوە، من پێموایە دەبێت رۆڵی پەروەردە و بڕوای ئەكتەرەكان بە هەند بگرین نەك تەنها لە چوارچێوەی پەیوەندی كورد و فەرەنسا، بەڵكو بە شێوەیكی گشتی بۆ تێگەشتن و شەنوكەوكردنی بەریەككەوتن (Interaction)ی وڵاتانی لە سەر ئاستی نێو دەوڵەتی.
لە كۆتاییدا، دەشێت بڵێین پاڵپشتی فەرەنسا لە كوردانی عێراق لەم دوایانە و زیاتر هاتنە پێشەوەی، لەوانەیە پەیوەندی بە ئەگەر و تێگەشتنی فەرنساوە هەبێت بۆ ئێستای رۆژهەڵاتی ناوین و داكشانی نفوز و ئامادەیی ئەمریكا. فەرەنسا پێیوایە كە ئەمریكا لە سەردەمی ئۆباماوە سیاسەتی تاڕادەیەك بەجێهێشتنی رۆژهەڵاتی ناوین جێبەجێ دەكات. كشانەوەیان تا ڕادەیەك لە عێراق و لە ئەفغانستان و كەمكردنەوەی خەرجییە سەربازییەكان هەموویان ئاماژەن بەم ئاقارەدا. بۆیە فەرەنسا بە دوای پێگەیەكی نوێی دەسەڵاتیدا دەگەرێت لە رۆژهەڵاتی ناوین كە لە مێژەوە یەكێك بووە لە جێینفوزی ئەم وڵاتە. كوردیش یان كوردستان بە گشتی دەشێت یەكێك بێت لەو دەلاقانەی لێوەی زیاتر بێتەژوورە و پێگەی خۆت لێوە بسەلمێنێت.
مامۆستای زانستە سیاسیەكان لە زانكۆی پاریس-دۆفین