لەسەر کۆچ و جێهێشتنی نیشتیمان
2021-11-11 14:31:11
ئاری محەمەد هەرسین
لەوەتەی ئینسان هەیە کۆچکردنیش هەیە. پێغەمبەری خۆشەویستی ئیسلام (درودی خوای لێ بێت) لە مەککەوە کۆچی کرد بۆ مەدینە. پێشتر موسا لە میسرەوە کۆچی کردبو. جارێکیان لە قەولی شاعیرێکی ئیسپانی کە لە سەردەمی حوکمی فاشیستا ناچار بوە وڵاتەکەی بە جێ بهێڵێت لە کتێبێکا بە زمانی فارسی (کە بەداخەوە ئێستا ناوی کتێبەکەم بیر نەماوە ) خوێندمەوە: `` یەکەمین مردن و دواهەمین مردنم جێهێشتنی زۆرەملێی نیشتیمانم بوو… هیچ مردنێک لەدوای ئەوە ترسناک نیە``.
جێهێشتنی نیشتیمان، گەر بە ئارەزوی شەخسی بێت، ئەوا گەشتو گوزارە. یانیش گەڕانە بەدوای خەون و ئارەزوی شەخسی. بۆیە ئەم جۆرە لە کۆچ کردن، ئەگەر باجێکیشی لەسەر بێت، ئەوا جامە ژەهرەکەی مامۆستا هەردی شاعیرە و ئۆباڵەکەشی دیارە:
بەدەستی خۆت کە جامت خستە سەر لێوت غەشیمانە
ئەگەر ژەهریشی تێدابو گوناهی خۆتە بیزانە
واز لە گوتارە پۆپۆلیستیەکەی (بەناو) ئوپۆزۆسیۆن بێنە. مەبەستم لە دوو جۆر ئوپۆزۆسیۆنە. یەکێکیان ئەوانەی ساڵانی دوورو درێژ بەشدار بوون لە حوکمڕانی ئەم وڵاتەدا. ئەوەی تریش ئەوانەی تازە پێگەیشتون و، جارێ قەرزە شەخسیەکانی خۆیان پێ نادرێتەوە، کەچی باسی خەرجی و قەرزی حکومەتێک ئەکەن…! هەردووک لەم جۆرە لە ئۆپۆزسیۆن لە ئێستادا وەک ئەکتەرێک تەمسیلی خەمخۆری و تەعزێباری هاونیشتیمانیانی ئێمەن لە (ڕوسی سپی). وەک دەڵێن: ئەوەی لە شەڕ دوورە، شمشێری تیژە. ئەم جۆرە لە خەڵکی هەلپەرست، کێشەی بێ کاری، کارەبا، مووچە، گرانی بەنزین و… هەتا دێت، بە چارەکە سەعاتێک چارەسەر دەکەن…! هۆکارەکەشی ئەوەیە لە هەمو ژیانیاندا بۆ چرکە ساتێکیش بڕیار بەدەست و حوکمڕانی ڕاستەقینە نەبون. وا دەزانن چارەسەری کێشە سیاسی، ئابوری، دیپلۆماسی، سەربازی و کۆمەڵایەتیەکان بەقەدەر نوسینەوەی پۆستێکی فەیسبوک سادەوساکار بەدەستەوە دێت و عیلاج دەکرێت.
منداڵێکی ١٥ یان ١٦ ساڵ بۆ بگاتە سنوری پۆڵۆنیا؟… خێزانێک کە خۆی دان بەوەدا دەنێت زیاد لە ٢٠ هەزار دۆلاری سەرف کردوە (دوو دە فتەر) لە کام فەقیری و بێ دەرامەتی هەڵاتوە؟… چەنێک لەوانەی کە بەڕێوەن بۆ بەهەشتەکەی ئەوروپا، زیندانی سیاسی بوون و لە زیندانەکانی ئاسایشی هەڵەبجەو سلێمانی و هەولێر و دهۆکا ئەشکەنجە دراون و حوکمی ئەبەدی و لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوە؟… منداڵی چەندیان لە برساندا گیانی پاکی بە خاک سپێردراوە؟…
لە بەهەشتەکەی ئەوروپا پەنابەران دەستەبەندی کراون، وەک: پەنابەری سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی بە نموونە. هەژماری پەنابەری سیاسی لە ئەوروپا لە کەمینەدان (هەر کەسێک پێی خۆشە دەتوانێت سەیری ئامارو دەستەبەندی پەنابەران لە ئەوروپا بکات). بە واتایەکیتر، زۆرینەی پەنابەران کەسانێکن کە لەبەر هۆکاری ئابوری کۆچیان بەرەو ئەوروپا کردوە. بە پێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران (سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان) لە ساڵی ٢٠٢٠ زیاد لە ٨٢ ملیۆن ئینسان لەسەر گۆی زەوی کۆچیان کرددوە. لەم ڕێژە یە ش ٤٢% یان لە ژێر هەژدەساڵەوە بوون.
نوخبەی (بەتایبەتی چەپ) ی ئەوروپی دژی سیاسەتی ڕەت کردنەوەو دیپۆرتکردنی پەنابەرانن. ئێمە ڕێز لە هاوسۆزی ئەم نوخبەیە دەگرین و لەبەرەی خەڵکی ماف خوراوی سەرزەوی حیسابیان بۆ دەکەین. هەر لە هەمان ئەوروپا، حیزبە مامناوەند و ڕاستڕەوەکان زۆر بە توندی دژایەتی پەنا بەران دەکەن. سەیر لەوەدایە دەوڵەتانی ئەوروپا لە دابەشکردنی نیشتیمانی میللەتانی جیهانی سێهەم و نەهامەتی و ناعەدالەتی لەو وڵاتانەدا پشکی شێریان بەر دەکەوێت. لە نیجیریا خوێنی خەڵکی هەژار لە پێناو پشکی کۆمپانیا نەوتیەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا لە بۆرسەی جیهانی دە ڕێژرێت. کەچی ئەگەر هاوڵاتیەکی نیجێریا بچێت داوای پەنابەری لە وڵاتێکی ئەوروپی بکات، پێی دەڵێن بۆ هاتویت؟… ئەوروپا و ئەمەریکا بەهێزترین پشتیوانی دیکتاتۆرەکانن لە جیهانی سێهەم، کەچی کە هاوڵاتی ئەو وڵاتانە خۆیان دەگەیەننە وڵاتێکی ئەوروپی و داوای پەنابەری دەکەن، وەک ئەوەی قەشمەریان پێ بکەن، لێیان دەپرسن: لە وڵاتی تۆ کێشە نیە، بۆ هاتوی بۆ ئێرە؟… لە باشترین حاڵەتیشدا پەنابەران وەک کارتی فشار بەکار دەهێنن لەسەر یەکتر لە پێناو چەند سەد ملیۆن یۆرۆیەک، وەک ئەمەی ڕوسی سپی…!
ئەگەر نوخبەیەک لە ئەوروپا هەبوە و هەیە و، یان ئەگەر قسەی کتێب و کردار یەکن، ئەوا ئەمە دەبێت هەر هیچ نەبێت بەقەدەر تۆزقاڵە زەڕڕەیەک لە سیاسەتی ئەو وڵاتانەدا ڕەنگ بداتەوە. کەس بە ئەندازەی نوخبەی ئەوروپی قسەی لەسەر مافی ئینسان و عەدالەتی کۆمەڵایەتی نەکردوە… ئەی کوا؟… ئەگینا ئەوروپا بایی ملیاردەها دۆلار بە ناحەقی لە سامانی جیهانی سێهەم بۆ خۆی ببات و سیستەمە دیموکراسیەکەی خۆی پێ بڕازێنێتەوە، لەملاشەوە کەسانی پەنابەر بە سواڵکەر و بێ موبالات لەقەڵەم بدات و مامەڵەی تاوانبار یان لەگەڵ بکات… ئەوا ئەو جۆرە لە دیموکراسی چاوبەستە و مشتە خۆڵێکە کە چاوی دانیشتوانی جیهانی سێهەم و ئەوروپاشی پێ لێڵ و کوێر دەکەن. بەم قسانە بە هیچ جۆرێک مەبەستم ئەوە نیە کە ئیرادەی خەڵکی جیهانی سێهەم بسڕمەوە و، هەمو کەمو کوڕیەکان بخەمە ئەستۆی ئەوروپا و ئەمەریکا. بەڵکو مەبەست تەنیا ئەوەیە کە گرنگە بە ئاگا بین لەو ناعەدالەتیەی لە کۆمەڵگەی ئینسانیدا هەیەو دونیای خۆرئاواش بێ تاوان و ئەستۆ پاک نیە، وەک ئەوەی لە کتێب و فلیمەکانیاندا نیشانی دەدەن.