تەمەنا و هەڕەشە !
2018-05-22 11:40:01
عەلی کەریمی ..
هاتنی بریت مەکگۆرک وا بە پەلە بۆ لای کورد بە رازی و نارازییەوە لە هەڵبژاردنەکان دیارە بۆ وەیە کورد بە هەردوو باڵی دەسەڵات و ئۆپۆزیسۆنەوە رازی بکات بۆ چووونەوە بۆ بەغدا و دیسان پێکهێنانی حکومەتێکی تری بەغدا .
ئەم هاتنە بە دڵنییایی تەمەنای تێدایە لە بەرەی کوردی بێ پارتی و یەکێتی واتا هەموو نارازییەکانی هەڵبژاردنەکانی ١٢ی مانگ، واتا پێیان دەڵێ ئەنجامی کۆمیسۆنی هەلبژاردنەکان قەبول کەن و بە بەشی خۆیان رازی بن و رەنگە وەعدی ئەوەش بدا لە دابەشکردنی پۆستەکان قەربوویان بکاتەوە. ئەمریکا نیازی ئەوەیە هەرچی زووتر حکومەتی بەغدا لە ژێر هێژمۆنی تەیاری سەدر کە وا دیارە دژی مانەوەی ئیرانە لە عێراق پێک بێنێت .
ئەمریکا بە هەرەشە بێ یان بە تەمەنا کورد بە عام رازی دەکا بچنەوە بۆ بەغدا و بەشداری حکومەتی بەغدا بکەن کە قەرارە لە ژێر دەسەڵاتی سەدر پێک بێت، ئەوەش هەمووی بۆ ئەوەیە پێش مانگی ئاب کە تەحریمەکانی بەشی یەکەم دژی ئێران دەست پێدەکات، عیراق ئامادە کرابێ و دەستی ئیرانیان لە بەغدا کورت کردبێتەوە .
لە هەل و مەرجی ئاوادا ئەمڕۆ کورد پێویستی بە دیپلۆماتکار و دانوستکاری بە ئەزموون و ژیر هەیە، حەقە سەرکردەکانی کورد ئەم راستییە بزانن و زۆر هەرزان و گوێرایل نەبن و خۆیان بە ئاسانی بەدەستەوە نەدەن .
ئەگەر بۆچوونەکان ئەوەن کە حکومەتێکی دژی ئێران قەرار بێ لە بەغدا شکل بگرێت، جێی گومان نییە دەبێ هەموو کورد پێشوازی لێ بکا لە گەڵ لەبەر چاوگرتن و پێداگریان لە هەموو مافەکانی کورد لە عێراق .
لە مانگی ئابەوە هەموو نیشانەکان بۆ ئەوە دەچن حکومەتی ئاخوندی ئێران بخرێتە سەر ئەژنۆ، لە پێشدا بە چەکی ئابووری و کەم کردنەوەی هەناردەی نەوت و ئەرزی بیانی واتا دولار لە ئێران حکومەت ئیفلج بکەن و دواتر بە هەموو کەرەسەکانی تەحریم و حەسار خستنە سەر حکومەتی ئێران، بزماری کۆتایی لەم تابوتە نگریسەی مەلایان بدەن و هەرەشە 12 خاڵەکەی دۆینێی پمپئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەموو دەلالەت لە وە دەکا عومری کۆماری ئیسلامی ئێران بەسەر هاتوە.