Draw Media

دەربارەی بایکۆتی سیاسیی

دەربارەی بایکۆتی سیاسیی

2018-05-21 20:01:41


مەریوان وریا قانع ....

دەربارەی بایکۆتی سیاسیی
لە وەڵامی چەند خوێنەرێکدا

یەکەم: ساڵانێکە شتێک بەناوی ”ئیجماعی سیاسیی“ کوردستانییەوە بوونی نییە و بوونی نەماوە، ئەوەی لە کوردستاندا ھەیە ”سوکایەتیی سیاسیی“ بەردەوام، ”بەڵتەجێتی سیاسیی“ ڕێکخراو، ”توندوتیژیی ھەمەلایەن“ و بەگەڕخراو، ”بەخائین و ناپاککردن“ێکی ھەمەلایەن و بەربڵاو. لەسەرو ھەموو ئەمانەشەوە ”درۆی سیاسیی“ ھەمەشێوە و ”بێشەرمیی سیاسیی“ ساڵ لەدوای ساڵ و کەڵەکەکراو. ھەموو ئەوانەی باس لە ”ئیجماعی سیاسیی“ دەکەن، تا بینەقاقایان نووقمی ناو ئەو ”سەرەنوێلکە سیاسیی“ە گەورەیەن کە ئەو ھەموو سوکایەتیی و ملشکان و بێشەرمیی و درۆزنیی و توندوتیژییە سیاسییەی لە ھەرێمدا بەرھەمدەھێنێت.

دووھەم: ساڵانێکە لە ھەرێمدا شتێک نەماوە و نییە ناوی ”مەسەلەی کورد“، یاخود “مەسەلەی کوردستان“ بێت لەناو سیاسەتی دوو پارتە حوکمڕانەکەی ھەرێمدا، ئەوەی ھەیە سەپاندن و فراونکردن و پاراستنی ڕۆژانەی دەسەڵاتی چەند بنەماڵەیەکی سیاسییە، کە لەشکرێک لە ئەمیر و ئەمیرەی گەنجیان دروستکردوە و ھەموویان بەشی شێریان لەو کێکی دەسەڵاتدارێتیەدا دەوێت کە لەھەرێمدا دروستکراوە. مەسەلەی کورد کورتکراوەتەوە بۆ مەسەلەی ئەو بنەماڵە سیاسییانە و ئەو نوخبە بچوکە موستەفیدەی لەدەوری ئەو بنەماڵانە کۆبونەتەوە

سێھەم، ئەو پەیوەندییە سەرەکییەی ئەم دوو بنەماڵە سیاسییە حوکمڕانە بە خەڵکی ھەرێمەوە گرێئەدات، فۆرمە جیاوازەکانی توندوتیژیی و بەکارھێنانی میلیشیا و سەپاندنی بەزۆری خواستە سیاسییەکانیانە، بە پەنابەردن بۆ تەزویر و بۆ ھەموو ئەو فۆرمانەی تری زەبری سیاسیی کە لەبەردەستیاندایە.

چوارھەم، لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە، کە گەمژەییەکی سیاسیی کەم وێنە دروست و ئاراستەی کرد، پێگەی کورد و پێگەی ھەرێم لە بەغدا تووشی داتەپینێکی ستراتیژیی بووە، بەجۆرێک گەڕانەوە بۆ ھەلومەرجی پێش ڕیفراندۆم مەحاڵە و بەھەمان ئەندازەی گۆڕینی عێراق بۆ ”دراوسێیەکی باش“ خورافیە. ڕیفراندۆم کوردستانی بە کردەوە گەڕانەوە بۆ سەردەمی حوکمەزاتییەکی بەعس و بەدەیان شێوە لەبەردەم بەغدادا بە چۆکیداھێناوە.

پێنجەم: ھەرکەسێک چاوەڕوانی ئەوە بێت پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا ئەم ھاوکێشە دۆڕاو و وێرانە و ئەم کەوتنە ستراتیژییە ڕاستبکەنەوە، فێڵ لە خۆی و لە ھەموو دونیا دەکات. دۆخی کورد لە بەغدا بەجۆرێک وێرانە چاککردنەوەی لەلایەن ئەم حوکمڕانانەی ئەمڕۆکەی ھەرێمەوە کارێکی مەحاڵە. ئەمە جگە لەوەی لە کارنامە و خواستی ئەمانەدا نییە ئەو پێگە وێرانە چاکبکەنەوە، دەنا ھەنگاوی چاککردنەوەکەیان پێشتر لەناو کوردستان خۆیدا دەستپێدەکرد.

شەشەم، ھەموو ئەمانە وادەکات کەوتنە دوای پارتی و یەکێتی بۆ بەغدا و بەشداربوون لە پەرلەمانێکدا کە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕادەی فراوانیی تەزویر و ساختەکارییەکانی زیاتر دەردەکەوێت، تاوانێکی سیاسییە. بەغدا بۆ ئەوان جێبھێڵن شکستەکانی خۆیانی تیا تۆختربکەنەوە، وا باشترە کەس نەبێتە شەریکی ئەو وێرانەسازییە گەورەیەی دروستیانکردوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand