Draw Media

بایکۆت: چەند سەرنجێکی تایبەت

بایکۆت: چەند سەرنجێکی تایبەت

2018-05-21 09:40:45


سەردار عەزیز 

یەکەم، من لە گەڵ بایکۆتدا نیم، چونکە کورسیەکان دەچن بۆ هێزەکانی تر
دووەم، مەبەست لە تەزویر و رێگری ئەوەبو کە گۆڕان نەچێتە پەرلەمان یان بە کورسیەکی کەمەوە بڕوات، ئێستا ئەگەر گۆڕان خۆی پاشەکشێ بکات، ئەوا ئاواتی ئەوان بەتەواوی دەهێنێتە دی.
سێیەم، پرسی ئەوەی کە گوایە گۆران دەتوانێت سود لە بایکۆت ببینێت لە ئاستی دیپلۆماسیدا، دیدێكی هەڵەیە، چونکە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بایەخ بەو بوارە نادات، هەموو دەزانن کە دیموکراسی لە عێراق بونی نیە و شەرعیەت هەربونی نیە. هەتا یەک میلیشیا هەبێت شەرعیەت لە ژێر پرسیاردایە.
چوارهەم، ئەگەر بێتو لە ئەنجامی هەر کارێک یان فشارێک یان غەدرێک هێزە مەدەنیەکان پەرچەکرداری توند بنوێنن لە پاشەکشە و گۆڕینی ئاراستە، ئەوا کۆنترۆڵ لە دەست ئەدەن بەوەی بەردەوام ئەوانیتر لە رێگای پەرچەکردارەوە حوکمیان دەکەن.
پێنجەم، رێگای مەدەنی ئاسان نیە، گەر تۆ دەتەوێت گۆرانکاری بهێنیتە ئاراوە، ئەوا زیان لە بەرژەوەندی خاوەن دەسەڵات ئەدەیت، چاوەڕوانکراوە کە ئەوانیش هەموو رێگایەک بگرنە بەر بۆ رێگری.
شەشەم، سیاسەتی هەرێم تەنها بریتی نیە لە هەرێم، بەڵکو ڕەهەندی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیشی هەیە، زۆرجار لە ڕەهەندی ناوخۆیی بەهێزتر.
حەوتەم، ئامادەنەبونی ئەو هێزانە پاش ماوەیەک بە هێزی تر پڕ دەکرێتەوە و دەبێتە روداێکی زۆر بچکۆلە لە هەناو ئەو هەموو روداوە گەورانەی ناوچەکە.

تێدەگەم کە دەنگدەر باس لە ئەوە دەکات کە نابێت دان بەم غەدرەدا بنێین و دەبێ رەفزی بکەین، بەڵام هەست دەکەم ئەوە زیاتر پەرچەکردارێكی دەرونیە نەک سیاسی. یان زیاتر هەڵوێستێکی کۆمەڵایەتیە. سیاسەت بریتیە لە واقیع و هێز.

دیارە دەبێت ئەوەش بڵێم کە هیچ هێزێكی کوردی، لە نێویاندا گۆڕانیش بەرچاوی ڕوون نیە بۆچی دەچێتە بەغدا. ڕەنگە پێگە و دەستکەوتی مادی هۆکاری سەرەکی هێزە کوردیەکان بێت لە بەغدا. بەڵام گۆڕان دەبێت ستراتیژی جیاوازبێت. بەغدا دەروازیەکە بۆ دونیا، هەروەها ناوەندێکە بۆ گۆڕانکاری لە هەرێم، بە ڕێگای جیاواز، ئەمە بە مانای ئەوە نایەت بەغدا بەکاربهێنێت دژ بە هەرێم بەڵکو سودبینین لە توانا و دەرفەتەکان بۆ گۆڕانکاری لە هەرێم. 
دەبێت هێزە مەدەنیەکان هەمیشە هەوڵی ئەوەبدەن کە لە هەموو جێگایەک ئامادەبن، بۆ ئەوەی خۆیان نوێنەرایەتی خۆیان بکەن.

لە لایەکی ترەوە ئەگەر زۆرینەی جەماوەری هیزە مەدەنیەکان وەهایان دەوێت، دەبێت هێزەکانیان لە خواستیان دەرنەچێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand