Draw Media

هه‌ڵبژادرن

هه‌ڵبژادرن

2018-05-21 08:18:58


رێبوار سیوەیلی  .......

1. هه‌میشه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ نێوان (ئه‌مه‌) و (ئه‌وانیتر)دایه‌. من وه‌كو تاكه‌كه‌س له‌ ئێستادا (ئه‌مه‌) هه‌ڵده‌بژێرم و له‌ ساتێكی دیكه‌دا (ئه‌و)یتر. ئه‌مه‌ ئازادیی منه‌. بۆیه‌ ئازادیی ساته‌وه‌ختێكی سه‌خت و چاره‌نووسسازی هه‌ر تاكه‌كه‌سێكه‌ و هه‌ر تاكه‌كه‌سێكیش مه‌حكومه‌ به‌ ئازادی.

2. به‌ڵام ئازادیی هه‌ڵبژاردن له‌ نێوان (ئه‌م) یان (ئه‌و)دا، چ بۆ تاكه‌كه‌س و چ بۆ گرووپه‌كان و حزبه‌كان و جڤاته‌كان، له‌ ژیانی ڕۆژانه‌ و له‌ ساته‌وه‌خته‌ جیاوازه‌كاندا، هه‌م مانای ئازادی و هه‌م هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ڕێژه‌یی ده‌كاته‌وه‌. ئازادیی و هه‌ڵبژاردنی ڕێژه‌یی مانا به‌ ژیان نابه‌خشێت و له‌ مێژوودا نه‌مر نابێت. مرۆڤ ئازاده‌ له‌ ئێستادا له‌ نێوان خاوێنكردنه‌وه‌ی ماڵه‌كه‌ی و چوونه‌ بازاڕدا یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت. ئه‌مه‌ زۆر ئاساییه‌ و ئێمه‌ هه‌موومان ڕۆژانه‌ و له‌ هه‌ر ساته‌وه‌ه‌ختێكدا خۆمان له‌به‌رده‌م ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵبژاردن ئازادییانه‌دا ده‌بینینه‌وه‌. ئه‌م ئازادیی و هه‌ڵبژاردنانه‌ ئه‌زموونی ژیانی ڕۆژانه‌ی ئێمه‌ پێكده‌هێنن، به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆیان نابێت له‌سه‌ر دروستكردنی مێژووی ئێمه‌.

3. بۆ دروستكردنی مێژوو، چ تاكه‌كه‌سی و چ سیاسی و چ جڤاكی، پێویسته‌ په‌نا بۆ ئازادیی و هه‌ڵبژاردنێكی بوێرانه‌تر ببه‌ین، كه‌ له‌سه‌رووی ژیانی ڕۆژانه‌ و ساته‌وه‌خته‌كانییه‌وه‌یه‌تی. پێویسته‌ له‌ جیاتی (ئه‌زموون) بیر له‌ (مێژوو) بكه‌ینه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئازادیی مانادار و هه‌لبژاردن له‌نێوان دوو دۆخدا نه‌مر ده‌كات، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌یه‌ كه‌ مانای ڕاسته‌قینه‌ به‌بوون و مانه‌وه‌مان ده‌به‌خشێت.

4. سیاسه‌ت له‌ هه‌رێمدا، سیاسه‌تكردنه‌ له‌ سه‌ر ئاستی هه‌ڵبژاردنی ساته‌وه‌خته‌ ڕۆژانه‌ییه‌كان، تاكتیك و دانوستان. ڕێككه‌وتن و هاوپه‌یمانییه‌كان... به‌مجۆره‌ش سیاسه‌تكردن ڕه‌نگدانه‌وه‌ی میزاجی تایبه‌تی كه‌سه‌كانه‌ نه‌ك ویستی ئه‌وان بۆ هه‌ڵبژاردن له‌ نێوان ئازادیی ڕاسته‌قینه‌ و ئازادییه‌ ڕواڵه‌تییه‌كان. ئه‌م سیاسه‌ته‌ هه‌مان ژیانی ڕۆژانه‌ی تاكه‌كه‌سێكم بیر ده‌خاته‌وه‌، كه‌ له‌ نێوان خواردنی دۆڵمه‌ و ساوه‌ردا، یه‌كێكیان هه‌ڵده‌بژێرێت و بۆ ژه‌مێكی دیكه‌ش له‌ نێوان برنج و فاسۆلیا و ترخێنه‌دا یه‌كێكیتریان. ئه‌م سیاسه‌تكردنه‌ كورت مه‌ودایه‌ و سیترتیژی نییه‌. بۆیه‌ ناتوانێت مانا به‌بوونی كوردییانه‌مان ببه‌خشێت و پێشنووسێك بخاته‌ ڕوو بۆ مانابه‌خشین به‌ سیاسه‌ت و به‌ ژیان و به‌بوونی كوردیانه‌مان.

5. ئه‌م سیاسه‌تكردن و ئازادیی هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ دنیای مۆدێرندا به‌سه‌ر چووه‌. ئه‌مه‌ سیاسه‌تێكی ڕواڵه‌تی و ئازادییه‌كی درۆزنانه‌ و هه‌ڵبژاردنێكی چاوبه‌ستانه‌یه‌. بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌م سیاسه‌تكردنه‌ بگۆڕدرێت بۆ سیاسه‌تێكی ئه‌وتۆ كه‌ توانای به‌رهه‌مهێنانی كرده‌یه‌كی هه‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردنێك، كه‌ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ ئاشكرا ببێت هه‌م ئازادیی ڕاسته‌قینه‌مان ده‌وێت، هه‌م هه‌لبژاردنێكی ڕاسته‌قینه‌ ده‌كه‌ین و هه‌م ده‌مانه‌وێت مانا به‌بوونی خۆمان له‌ ناو مێژوودا بده‌ین، نه‌ك له‌ په‌راوێزییدا.

6. كات تێده‌به‌ڕێت و مرۆڤ ده‌كات به‌ ژێر پێی هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌ڵه‌كانی خۆیه‌وه‌، كه‌ هیچ ئازادییه‌كی بۆ ناهێنن و هیچ مانایه‌كیش به‌ ژیانی نابه‌خشن.. ئه‌مه‌ نووستنه‌ به‌ ڕۆژی ڕوون، له‌ كاتێكدا دزه‌كان به‌شه‌و به‌دوای ئامانجه‌كانی خۆیاندا ده‌گه‌ڕێن..

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand