نەوەی دووهەم یان کۆتایی چاوەڕوانییەکان
2021-08-11 20:36:47
ئاراس فەتاح
چەندە سیاسەت وەک چالاکییەکی گرنگیی مرۆڤ دەبێتە هۆکاری بنیاتنانی ژیان و ئاشتیی، هێندەش دەتوانێت ببێت بە مەترسیی و هەڕەشە بۆ کۆمەڵگا و ژیانی مرۆڤەکان. گەورەترین مەترسیی بۆسەر سیاسەت و لەکارخستنی وەک کردەیەکی مەدەنیی، بریتییە لە دیکتاتۆرییەت و جەنگ. لە هەردوکیاندا فەزای سیاسیی بە ئایدیۆلۆژیی دەکرێت و ماشێنێکی گەورەی دوژمنسازیی دەخرێتەگەڕ بۆئەوەی ژیانی مەدەنیی لەناوببرێت. بەم چەشنە یەکێک لە گرنگترین کردەی سیاسەت کە بەرهەمهێنانی ئازادیی و رێکخستنی ژیانی گشتییە، وەک کردەیەکی ئینسانیی کۆتاییپێدێت.
لەدونیای ئێمەشدا جگە لە جەنگی نێوان وڵاتان و جەنگی ناوخۆیی، ساڵانێکە زۆرینەی دوڵەتان گیرۆدەی جەنگی دژ بە تیرۆرن. جەنگێک کە تەنها رەهەندێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو رەهەندێکی ئیقلیمیی و نێونەتەوەیی گەورەشی هەیە. لەناوچەکەی ئێمەدا زیاد لە بکەرێک و زیاد لە گروپ و زیاد لە هێزێکی ئیقلیمیی بەریەک دەکەون. ساڵانێکی زۆرە سیاسەت لە ناوچەکە و هەرێمەکەی ئێمەدا موبادەرەی لەدەستداوە و کارە سەرەکییەکەی بووە بە ڕاکردن بەدوای ئەو کێشانەدا کە جەنگ و شەڕی ناوخۆیی و گروپە چەکدارەکان و نوخبەی سیاسیی بۆ کۆمەڵگاکان بەرهەمیدەهێنن.
نەوەی یەکەمی نوخبەی کوردیی ناو حیزبەکان ئەزموونێکی دوورودرێژی جەنگ و ماڵوێرانییان لەگەڵ یەکتردا هەیە. کاتێکیش ئاشتی کەوتە نێوانیانەوە ئەزموونێکی دوورودرێژیان لە سەرکوتکردنی ئازادیی و بیروڕای جیاوازی ناو کۆمەڵگاکەیان پیادەکرد. نەوەی دووهەمی ئەم نوخبە جەنگاوەرەش، کەمتر شەڕانگیزتر نین لەنەوەی یەکەم، بەڵام ئەزموونێکی نوێیان لە بەنماییشکردنی سیاسەت و گۆڕینی لە خەمێکی گشتییەوە بۆ خەمی تایبەت و شەخسییدا هەیە. بەپێچەوانەی نەوەی یەکەمەوە، ئەم نەوە نوێیەی ناو سیاسەتی کوردیی نە گەمەکەرێکی ئیقلیمییە لەدەرەوە و نە خاوەن کاریزما و هەیبەتێکی سیاسییە لە ناوەوە. ئەم نەوەیە ئەزموونێکی سیاسیی تەمەنکورتی هەیە، تاکە ئەزموونێک هەیبێت لەبواری ئەمنییدایە. ئێستاش کە فەرمانڕەوای ئەم دەڤەرەن، تەنها لە ناوبڕەکاندا سیاسەت دەکەن. خودئەڤینییەکی قووڵ ژیانی سیاسیی ئەم کارەکتەرانەی تەنیوە و بێخەمیی و لاموبالاتییەکی گەورەش عەقڵی ئیدارییان ئاراستەدەکات.
بەشێوەیەکی گشتیی، گەر چاوەڕوانییەکان لەلایەن سیاسەتەوە تێرنەکرێن، کۆمەڵگا دوو هەڵاوێردی (ئیختیار) لەبەردەستدایە. یەکەم داوا لە سیاسەت دەکات ریفۆرم پیادەبکات، بۆئەوەی بتوانێت ڕوبەڕوی ئەو تەحەدا و کێشانە ببێتەوە کە دەبێت ئەمڕۆ چارەسەریان بکات و نەیانخاتە سبەی. گەر ئەمەش نەکرا، چارەسەری دووهەمیان دەبێت بە ئەڵتەرناتیڤ و چاوەروانییەکانی کۆمەڵگا لە سیاسەت گۆڕانی رادیکاڵیان بەسەردا دێت. یەکێک لە خراپترین و مەترسییدارترین شێوەی ئەو گۆڕانکارییەش بریتییە لەوەی کە کۆمەڵگا هیچ چاوەڕوانییەکی لە نوخبەی دەسەڵاتدارانی نامێنێت. ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا تیای دەژی، بریتییە لە خاڵی دووەم. کۆمەڵگای کوردیی هیچ چاوەروانییەکی باشی لە سیاسەتی نەوەی دووهەمی ناو خێزانە سیاسییەکان نەماوە.
ئەم نەوە نوێیەی دەسەڵاتداران نە وەک باوانیان بەشداربوون لە دروستکردنی رابردوو و دوێنێی ئەم کۆمەڵگایە، نە بیر لە بژێوی ئێستای هاونیشتیمانیانی دەکەنەوە و نە پڕۆژە و خەونی سیاسییشیان بۆ داهاتووی وڵاتەکەیان هەیە. لە کۆمەڵگای ئێمەی دوای قۆناغی جەنگی ناوخۆیی و قۆناغی دوای ئۆپۆزیسیۆندا، وێنەی دوژمنی سیاسیی کاڵبووەتەوە، بەڵام قۆناغی دوژمنایەتییەکی نوێی هەمەلایەنی دژبەیەکتر سەریهەڵداوە. دوژمنایەتییەک کە تەنها رەهەندێکی ئاسۆیی نییە لەنێوان ناوچە و جوگرافیا سیاسییەکاندا وەک لە ڕابردوودا هەبوو، بەڵکو رەهەندێکی شاقووڵیی هەیە و شۆڕبووەتەوە بۆ ناو جەستەی سیاسیی خودی حیزبەکان و ناو خێزانە سیاسییەکان.