نوسه‌ران و رووداوه‌كان و بێده‌نگی..
2021-08-10 09:37:24
عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
به‌شێكی دیاری نوسه‌ران و رووناكبیران، چ ئه‌وانه‌ی ئیلتیزامی سیاسی و رێكخراوه‌ییان هه‌یه‌و چ ئه‌وانه‌ش كه سه‌ربه‌خۆن، به تاقیكردنه‌وه بۆیان ده‌ركه‌وتووه كه پێگه‌یان له‌ناو ئه‌و سیسته‌مه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه له‌مڕۆی باشووری كوردستاندا سه‌روه‌ركراوه، ره‌چاو ناكرێت. زۆربه‌ی كات له موجامه‌له به‌ولاوه گوێیان بۆ ناگیرێت، یان ئیش به ره‌خنه‌و بیرۆكه‌و پرۆژه‌كانیان ناكرێت كه له دۆخی ئارام و به شێنه‌یی و له قۆناغی جیاجیای كۆمه‌ڵگه‌و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌دا ده‌یانخه‌نه‌ڕوو، یان ته‌نها ئه‌ویسترێ له ململانێی ناو، یان نێوان پارته سیاسییه‌كان و له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌م و ئه‌ودا، بگلێنرێن، هه‌موو ئه‌مانه‌ش به ئاشكرا تووشی جۆرێك له نائومێدی و دوورپهرێزیی كردوون، به‌تایبه‌تی كه ده‌بینن، زۆربه‌ی جار، له‌بری پرۆژه‌و ئه‌ندێشه‌ی ئه‌وان، پشت به‌و میدیاكاره بێ پره‌نسیپ و حازربه‌ده‌ست و موهه‌ریجانه ده‌به‌سترێت كه له پێناوی ده‌سكه‌وتی مادیی زیاتردا، هه‌ر رۆژه‌و له میدیایه‌ك، یان باوه‌شی حزبێك، یان به‌رپرسی حزبێكدان و ئه‌مڕۆ به باڵای پارت و گروپ و كه‌سێكدا هه‌ڵده‌ده‌ن و سبه‌ی به هیی دی!، ئه‌مڕۆ هێزو گروپ و كاراكته‌رێك ئه‌شكێنن و رۆژی دوایی خه‌ڵكی تر!.
بێگومان ماسمیدیای كوردی رۆڵی هه‌یه له نائومێدكردنی نوسه‌ران و ره‌شبینییان و هه‌ندێجار جۆرێك له بێباكبوونیشیان له ئاست رووداوه‌كاندا. ماسمیدیای كوردی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماسمیدیایهكی پیشه‌گه‌ر نییه، هاوكات زۆربه‌ی، راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ!، سه‌ر به‌م یان ئه‌و هێزی سیاسی، هی ئه‌م یان ئه‌و كاراكته‌ری حزبی و ده‌وڵه‌تین و به‌شێوه‌یه‌كی نازانستی و دواكه‌وتوو به‌ڕێوه‌ده‌برێن، ده‌رفه‌ت به گوتاری نوێ و جیاواز‌و تێڕوانینی ده‌ره‌وه‌ی سانسۆر‌و كۆنترۆڵیش ناده‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا بواری رۆڵ بینین و به‌شداری ته‌نها به‌و ده‌نگ و خه‌ڵكانه ده‌ده‌ن كه پێشوه‌خت ده‌زانن بیروڕاو هه‌ڵوێستیان له‌خزمه‌تی سیاسه‌تی كه‌ناڵه‌كان و بڵاوكراوه‌كانیان، یان پارته سیاسییه‌كانیان و پارهداركهرانیان، یان به‌رپرسان و كاراكته‌ره دڵخوازهكانیاندا، ده‌شكێته‌وه!. هۆكاری ئه‌مه ئه‌وه‌یه كه، میدیای كوردی له‌پیشه‌سازیی گواستنه‌وه‌ی زانیاری و فاكت و كاری پیشه‌یی و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئازایانه‌و ئازادانه‌ی رووداوه‌وه بۆته یه‌كه‌یه‌كی كۆنترۆڵكراوی ناو سیسته‌م، بۆته ئامرازێكی(تحت الگلب) و ماشێنی گه‌وره‌ی پڕوپاگه‌نده‌و وروژاندنی سیاسی و ده‌زگایه‌كی به ئیمتیاز ئاراسته‌كراو.
كاتێك به‌شێك له‌نوسه‌ران و رووناكبیران له رووداوه‌كانی هه‌رێم بێده‌نگن و خۆیان له‌قه‌ره‌ی كۆمه‌ڵێك په‌ره‌سه‌ندن و گۆڕانكاری ناده‌ن، هۆكه‌ی ئه‌وه‌یه كه نایانه‌وێت، به‌بۆنه‌ی ئه‌و سیسته‌مه میدیاییه هه‌لپه‌رست و شه‌ڕانگێزو ئاراسته‌كراوه‌وه كه یاری به هه‌موو وتراو و نوسراو و هه‌ڵوێستێكه‌وه ده‌كات و راستییه‌كان ده‌شێوێنێت و كلك و گوێیان دهكاو به لۆژیكێكی ته‌واو بژاركاری Selective مامه‌ڵه ده‌كات، ئه‌وانیش ببنه كه‌ناڵێكی تری دووبه‌ره‌كی و ئاڵۆزبوونی زیاتری ته‌نگژه‌كانی كوردستان، به‌تایبه‌تی كه كورد خۆی، نه‌ته‌وه‌یه‌كه، دووبه‌ره‌كی، له‌ناوه‌وه داغانی كردووه، مێژووه‌كه‌ی بارگاوی كردووه به چیرۆكه تراژیدییه‌كانی براكوژی و یه‌كتركوشتن و ئاسووده‌كردنی دڵی داگیركه‌ران!، بگره هه‌تا ئێستاش وه‌ك كابووسێكی سیاسی و وه‌ك تارماییه‌كی نه‌فره‌تی هه‌میشه به‌سه‌ر سه‌ریه‌وه ده‌خولێته‌وه‌و به‌رۆكی به‌رنادات.
نووسه‌ران كه هه‌ڵوێستیان وه‌رگرت، مه‌به‌ستیانه هه‌ڵوێستی ره‌خنه‌گرانه‌ی سه‌رتاسه‌رییان هه‌بێت و سه‌فقه‌و كاسبی به هیچ دووبه‌ره‌كی و رووداوێكه‌وه نه‌كه‌ن!. له‌وه‌ش زیاتر كه دووان به زانیارییه‌وه بدوێن، لۆژیك و ئارگیۆمێنتیان له‌لا بێت، یان لانیكه‌م له‌ناو گه‌رمه‌ی رووداوه‌كاندا، تۆمه‌ته‌كان و ئیدیعاكان و پیلانه‌كان، كه پێویستییان به هه‌ڵوێست وه‌رگرتن هه‌بێت، به دیكۆمێنت ساغ بكرێنه‌وه.
به مانایه‌كی تر، نوسه‌ران، له دۆخی هه‌ڵوێستدا، نایانه‌وێ له‌به‌ر هیچ به‌رژه‌وه‌ندی و ئیعتیبار‌و سۆزێكی تایبه‌تی كه‌س ببوێرن، ناخوازن دووچاری ده‌مارگیریی كوێرانه - چ جای پێشوه‌خت! - ببن بۆ هیچ كه‌س و گروپ و پارتێكی سیاسی، به‌تایبه‌تی له‌و جۆره ململانێ و ناكۆكییانه‌ی كه كراوه‌ن و هێشتا زۆر سیناریۆو ورده‌كاری و نهێنییان ده‌رنه‌كه‌وتوون. نوسه‌ران كه ره‌خنه ده‌گرن، ره‌خنه ته‌نانه‌ت بۆ سه‌ر ئه‌زموونی ئه‌و ده‌زگا میدیاییانه‌ش درێژ ده‌كه‌نه‌وه كه قسه‌یان تێدا ده‌كه‌ن و تیایاندا ده‌نووسن، ناشیانه‌وێ پرۆسه‌ی ره‌خنه‌یان ته‌نها بۆ خزمه‌تی ئه‌م هێز له‌دژی ئه‌و هێزی سیاسی، یان ئه‌م تاقم و گروپ له به‌رامبه‌ر ئه‌و تاقم و گروپدا، بێت.
گه‌رمكردنی ئه‌و شه‌ڕو ململانێ سیاسییانه چ له‌ناو و، چ له نێوان هێزه سیاسییه‌كانماندا كه هه‌موویان به‌شی خۆیان هه‌ڵه‌ی سیاسی و ره‌فتاری ناعه‌قڵانی و سكانداڵی ئاشكرا‌و نهێنییان هه‌یه‌و خۆیشیان ناوبه‌ناو دانی پێدا ده‌نێن و دابه‌شبوونی فریشته‌یی و شه‌یتانییانه هه‌ڵناگرن، هه‌رگیز ئیشی نوسه‌ران نییه، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌یان كه ئه‌كادیمی و توێژهربن و بوار به خۆیان نه‌ده‌ن بازاڕی ناكۆكییه‌كان گه‌رم بكه‌ن و له‌بۆشاییه‌وه حوكم بده‌ن.
نوسه‌ر، به‌گشتی، خودێكی ژیاندۆسته، پاڵپشتی جوانییه‌كان و جیاوازییه‌كانه، دژی فیتنه‌و شه‌ڕانگێزی و تێكدانی ئاسایش و ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تییه. ئه‌و دوای قاڵ و كه‌ژاوه‌و هه‌را ناكه‌وێ، به ساخته‌كارییه‌كانی له‌فزی(راستی وتن) ناخزێ، به ئاوازی زانیاریی بێ به‌ڵگه‌و به‌ڵگه‌ی ساخته‌و واته‌وات Rumors، یان تیۆره‌كانی پیلانگێڕی و گه‌مه‌كانی یه‌كتر ناشیرینكردنی هێزه‌كان و گروپه‌كان و كاراكته‌ره‌كان، هه‌ڵناپه‌ڕێت.
بێگومان نووسه‌ر هه‌قبێژه، به‌ڵام تا ئه‌و شوێنه عه‌وداڵی هه‌قیقه‌ته كه ئه‌گه‌ری ژیان و ئارامی زیاد بكات، كه ململانێكان به گیانێكی ئاشتییانه‌و مه‌ده‌نییانه به‌ڕێوه‌بچن، نه‌ك هه‌قیقه‌تێك سهربخاو جاڕبدا كه به‌هۆیه‌وه گروپه‌كان و كه‌سه‌كان به‌له‌سه‌و ده‌هری بن و ژیان و وڵاتیش، پێكه‌وه، كاول و وێران بكه‌ن. نوسه‌ر ته‌نانه‌ت به‌های زانینیش به‌وه ده‌به‌ستێته‌وه كه تێگه‌یشتن دروست بكات، نه‌ك پێچه‌وانه‌كه‌ی، به‌تایبه‌تی كاتێك له‌گه‌ڵ فه‌یله‌سوفێكی وه‌ك فۆكۆدا، باوه‌ڕی به‌وه هه‌بێت كه زانین له پێناوی تێگه‌یشتندا نه‌خوڵقێنراوه، به‌ڵكو له‌پێناوی شكاندن و یه‌كلاكردنه‌وه-ش!.
نوسه‌ر، بونه‌وه‌رێكه، كه‌مترینجار خۆی ده‌داته ده‌ستی هه‌ڵچوونه‌كانی و ئاره‌زوو و حه‌زو ویسته‌كانی. نووسه‌ر كه به روحی ساردی توێژه‌رو پشكنه‌ر بیربكاته‌وه‌و سه‌ودا بكات، به ئاسانی فریو ناخوا، به ساده‌ییش نابێته نێچیری هیچ گوتار‌و بانگه‌وازو پڕوپاگه‌نده‌یه‌كی ئه‌وانیتر. نوسه‌ر خۆی به‌رده‌وام بانگه‌واز بۆ عه‌قڵانییه‌ت و په‌یوه‌ندیگرتن Communication و دیالۆگ و یه‌كتر قبوڵكردن و ره‌خنه‌ی بابه‌تی ده‌كات، تێده‌گات هه‌قیقه‌ت به ره‌هایی له‌لای كه‌س نییه.
ئه‌م لۆژیكه كۆمهنیكهیشنخوازه لهمڕۆداو له‌سایه‌ی ململانێی بێ رێسای هێزه سیاسییه‌كانمان و ده‌زگا میدیایی و سوشیال میدیاكانیاندا، به ئاسانی جێی نابێته‌وه، بۆیه نووسه‌ریش، وه‌ك بكه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، كبریائی خۆی هه‌یه‌و رێزی خۆی ده‌گرێ، هیچ ناچار نییه ببێته ده‌نگێكی ئیستهلاككراو، یان بورغویهكی بێ به‌ها له‌ناو ماكینه‌ی هاڕینی ژیان و ئارامی و سه‌قامگیری، به‌ڵكو، به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌و تا پێی بكرێت هانی هێزه‌كان و گروپه‌كان و كاراكته‌ره‌كان ده‌دات كه دان به‌خۆیاندا بگرن، نه‌كه‌ونه داوی توندوتیژی و تاوان و كرداری هه‌ڵه‌و په‌رچه‌كرداره‌وه، پشت نه‌كه‌نه بژارده‌ی دانوستان و دیالۆگ و له‌گه‌ڵ یه‌كدا بژین، جیاوازییه‌كانی یه‌كتر هه‌رس بكه‌ن، له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتردا لێبوورده‌و كراوه بن، به‌تایبه‌تی كه ده‌ره‌نجامی زۆرێك له جه‌نگه ماڵوێرانكه‌ره‌كانی هێزو گروپ و ده‌وڵه‌ته ناكۆكه‌كان، له هه‌موو مێژووی مرۆڤایه‌تیدا، هه‌ر گه‌ڕانه‌وه بووه بۆ دانوستان و رێككه‌وتن و ئاشته‌وایی.
جگه له‌وانه، نوسه‌ران، به بارێكی تریشدا هه‌میشه بانگه‌شه بۆ رێزگرتن له ئیراده‌ی گه‌ل ده‌كه‌ن، داوا له هێزو گروپه ناكۆكه‌كان ده‌كه‌ن كه ده‌رفه‌تی ده‌ستاوده‌ستكردنی رۆڵ و ئه‌رك و ده‌سه‌ڵات به یه‌كتر بده‌ن، له‌وه‌ش زیاتر دان به هه‌ڵه‌و تاوانه‌كانیاندا بنێن و ده‌ره‌نجامه یاسایی و رێساییهكانیان قبوڵ بێت. نوسه‌ران، له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وه‌زیفه بونیادنه‌رانه، هه‌ر رۆڵێكی تر بگێڕن، ئه‌وا نه له‌به‌رژه‌وه‌ندیی دوورمه‌ودای لایه‌نه ناكۆكه‌كانه، نه له به‌رژه‌وه‌ندیی كۆمه‌ڵگه‌و وڵاته، نه له قازانجی پایه‌و نێوبانگی خۆشیان.