Draw Media

موشەکەلی خۆسوتانەکەو دەستورو کاکەنەوە

موشەکەلی خۆسوتانەکەو دەستورو کاکەنەوە

2021-05-20 20:01:57


پەیكار عوسمان

کێشەی ئێمە بیناکە نیە، بناغەکەیە. ژیانی تەندروست، ئەوەیە کە بناغەیەکی نەگۆڕو هاوبەش هەبێت، بۆ کۆمەڵێ هەیکەل و بینای جیاواز. یەعنی شتەکان لە دووە دەست پێبکات نەك لە یەکەوە. یەك ئەبێ مرۆڤبوون و بناغەکەبێ و بینا جیاوازەکانی لەسەر هەڵچنین. بەڵام کێشەکە ئەوەیە، ئێمە دوو ئەهێنینە شوێنی یەك و یەکسەر لە بیناکەوە دەستپێکەین و بناغەکەمان نیە. ئا لێرەشەوە، ئیتر ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنوسمان هەیە، بەڵام بەبێ مرۆڤبوون و بناغە ئەخلاقییەکە. سیاسەت و بەڕێوەبردنمان هەیە، بەڵام بەبێ مرۆڤبوون و بناغە ئەخلاقییەکە. مۆزەف و پۆلیس و نوسەرو مەلاو بازرگان و هونەرمەندمان هەیە.. بەڵام مرۆڤ خۆیمان نیەو بە قەولی هێمن (هەموو شت زۆرەو بەنی ئادەم کەم).
سەیرکە هەموو خۆپیشاندانێك، ئەم پرسیارە سەرهەڵئەداتەوە: ئەرێ ئەو چەکدارەی کە خۆی قوربانییەو دینارێك لە گیرفانیدا نیە، بۆچی لە کاتی خۆپیشاندانی موچەدا، وا بە ڕقەوە، لە خۆپیشاندەران ئەدات؟ وەڵامەکەی زۆر سادەیە، چونکە ئەو یەکسەر پۆلیسە، نەكئەوەی مرۆڤێکی پۆلیس بێت و بناغەکەو فلتەری یەکەمی هەبێت!
یان بۆچی نوخبەی دەسەڵاتدار، لەکاتی قەیرانداو بۆ چارەسەری دۆخەکە، دەست بۆ هەموو شتێك ئەبەن، جگە لە قاسەو گەندەڵییەکانی خۆیان؟ وەڵامەکەی ئەوەیە، ئەوان مرۆڤی گەندەڵ نین، هەر تەنیا گەندەڵن. ئاخر "مرۆڤ"ی گەندەڵ، سنوری هەیەو لە شوێنێکدا، هەر ئەوەستێ. بەڵام بەتەنیا گەندەڵیی، خۆی ناتوانێ خۆی بوەستێنێ!
یان بۆچی ململانێمان تا ئەوپەڕی ترازان ئەڕواو ئەوەی خۆمان بە خۆمانی ئەکەین، هاوشێوەی ئەوەیە کە دوژمن پێمانی ئەکات؟ چونکە لەڕاستیدا ئەوە مرۆڤەکان نین کە ململانێ ئەکەن، ئەوە بۆمبەکانی ڕقن و بە یەکتردا ئەتەقنەوە. ئاخر مرۆڤ هەرچەن جیاوازو ناکۆکبێ، وا ململانێ ئەکا، کە لە مرۆڤبوون نەپچڕێ. چونکە ئەوەی کە لە مرۆڤەکەی خۆی ئەپچڕێ، ئیتر ناتوانێ لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا گفتوگۆبکاو پێك بێتەوە. ئا لێرەوەیە کە سیاسەت و ململانێ ی ئێمە، یەکسان ئەبێتەوە بە ڕق و جنێودانیش ئەبێتە فەزیلەتی سیاسی!
جیاوازیی بۆئەوەیە کە بکەوینە تەنیشتی یەك و فرەیی و ڕەنگاوڕەنگی دروستبکەین، نەكئەوەی دوو دوو، بکەوینە بەرامبەری یەك و شەڕەکەڵەشێرو دەمارگیری تۆخکەینەوەو دنیاکە ڕەشوسپی بکەین. لەڕاستیدا زۆرینەی ئەوەی کە بە ناوی جیاوازیی فیکرییەوە ئەگوزەرێ، ڕقهەڵڕشتنە نەك فیکر دەربڕین. چونکە شتەکە گفتوگۆیەك نیە لەگەڵ ئەودا، بەڵکو شەڕێکە لەگەڵ ئەودا. کە شتەکەش لە گفتوگۆ پچڕا، یەعنی لە فیکرێتیش پچڕاوەو بووە بە ڕق. ئەوەشی کە بوو بە ڕق، ئیتر فیکر نیە. جا جووتدژەکانی ئێمە، موعارەزەو دەسەڵات، دیندارو مولحید، کوردایەتی و دژەکوردایەتی.. بەم ڕۆژگارە، بە جەوازی تەزویری فیکرەوە، ڕق ئاودیو ئەکەنە ناومانەوە!   
مرۆڤبوون خۆی ئامانجەو ماباقی شتەکان وەسیلەیە.کاتێ ئەمە هەڵئەگەڕێتەوەو وەسیلەکان ئەبنە ئامانج، ئیتر مرۆڤ خۆی ئەبێتە وەسیلە. مەسەلەن ئەبێتە وەسیلەی گەرمکردنی هەواڵ و زیادکردنی لایك!
ئا لێرەشدا ئیتر جگە لەوەی مرۆڤ غایبەو خۆیت نیە، ئەو شتانەش کە هەتە لەڕاستیدا هیچیانت نیە. چونکە بوونی ڕاستەقینەی ئەوانیش لەوەدایە کە وەسیلەبن و بیناکەبن، نەكئەوەی ئامانج و بناغەکەبن. کە "بناغەکەو مرۆڤبوون" هەبوو، ئیتر مرۆڤ خۆی هەیەو کە خۆشی هەبوو، ئیتر شتەکانیشی بە ڕاستەقینەیی هەن. بەڵام ئەو کاتەی کە مرۆڤ خۆی نیە، ئیتر شتەکانیش تەنیا بە ڕووکەش هەن و هیچ شتێك لەناو مانای خۆیدا نیەو هەموو شتێك لە بەتاڵی و بێ ماناییدایە. 
ئەگەر مەوزوعەکە ڕەبت بکەینەوە بە دەستورەوە. دەستور بناغەیەکی باشە بۆ سیاسەت و کۆمەڵگاو حکومڕانی.. بەڵام ئێمە کێشەی بناغەکەی ترمان هەیە، کە ئەبێتە بناغە بۆ دەستوریش و ئەگەر ئەو نەبێت، دەستوریش وەکو هەموو شتەکانی تر، ئەبێتەوە بە ڕووکەشێکی بێ مانا. یەعنی تا مرۆڤبوون نەکەینە بناغەو خودی مرۆڤ دروست نەکەینەوە، شتەکان ناچنە ناو مانای خۆیان و دەستور هەشبێ هەر لەناو بێ ماناییدا ئەبێت. مرۆڤیش هەر بەوە دروستئەبێتەوە، کە ڕقەکانی کۆتایی پێبێنێ و بیرکردنەوەکانی دەستپێبکات. ئاخر تا ڕقەکان کۆتایی نەیەن، بیرکردنەوەکان دەستپێناکەن و تا بیرکردنەوەکانیش دەستپێنەکەن، ڕقەکان کۆتایی نایەن.
مرۆڤ هەر بەوە خۆی بەدەست دێنێتەوە، کە شەڕەکانی لەگەڵ "دەرەوەو ئەو" کۆتایی پێ بێنێ و شەڕەکانی لەگەڵ "ناوەوەو خۆی" دەستپێبکات. ئێمەش هەر بەوە خۆمان لەدەستداوە، کە خەریکی هەموو شەڕە ناپێویستەکانی ئەم دنیایەین، کە هەر بەڕاستی شەڕن و خێرێکیان تێدانیە. تەنیا ئەو شەڕە ناکەین، کە هەر بەڕاستی خێرەو ئازادی و هۆشیاری و ئاشتی ئێمەیە. 
ئەگەر مرۆڤ نەچێتەوە ناو مرۆڤبوون و مانا ڕاستەقینەکەی خۆی، سیاسەتیش ناچێتەوە ناو وەزیفەو مانا ئەخلاقییەکەی خۆی. کاتێکیش کە سیاسەت لەمانا ئەخلاقییەکەی خۆی ئەپچڕێ، ئیتر ئێمە پێویستمان بە گرێدانەوەیەکەو "نەوشیروان مستەفا"ش، وەکو ئەو خاڵی گرێدانەوەیە گرنگبوو. نەكئەوەی مەسەلەکە ئەوەبێ، کە کابرا سەرکردەیەکی گەورەی ئێمەیە یان نا. 
تۆ بتەوێ و نەتەوێ، ئەو یەکێکە لە ناوە گەورەکانی مێژووی ئێمە، لە پاڵ ناوە گەورە "تەقلیدییەکانی" تردا. بەڵام لەوێدا کە ئەیەوێ ئەخلاق بکاتەوە بە بناغەی سیاسەت، ئیتر ئەو "ناتەقلیدییە"و تەنیا ناوێکی گەورەی ناو میژوو نیە، بەڵکو ئومێدێکی گەورەشە بۆ ئێستاو ئایندە. ئەوەشی کە دوای مردنی ڕوویدا، ئەوەبوو کە بە هەڵەی هەمووان و "ڕەنگە خۆشی"، گومان و لێڵی کەوتە لەسەر جانبە ناتەقلیدییەکەی و ئیتر ئەویش خرایەوە ناو قەفەسی مێژوو و لەوێدا وەستێنراو لەکارخرا. نەهێڵرا بپەڕێتەوە بۆ ئایندەو هێشتا بجولێ و کارابێت!
یەعنی کاتێك تەقلیدی سیاسەتی ئێمە، بریتییە لە نەریتی خێڵەکی و پەیوەندی خوێن. وە بریتییە لە بازرگانی و کۆکردنەوەی موڵك و پارە، نەوشیروان لەوێدا ناتەقلیدییە، کە "لە ژیانیدا" خۆی لە تۆزی ئەو دوو تەقلیدە سیاسییە ئەتەکێنێ. بەڵام لەوێدا ئەبێتەوە بە سەرکردەیەکی تەقلیدی، کە "دوای مردنی" لەو دوو تەقلیدەوە ئەگلێنرێ و تۆزاوی ئەکرێ. لە هەردو حاڵدا، ئەو نە شایەنی کوشتنە، بە تەقدیس و بە بتکردن. نە شایەنی کوشتنە، بە شەیتاندن و نابووتکردن. گرنگە ئەو و ئەوانیتریش، لە چەلەحانێ ی هەردو کوشتنەکە ڕزگاربکرێن و ببرێنە ناو بیرکردنەوەو گفتوگۆو ڕەخنە، بۆئەوەی بێنەوە ناو ژیان.
ئەوان شایەنی ڕێزن و ڕێزی ئەوانیش، لە حەقیقەتی ئەواندایەو حەقیقەتی ئەوانیش، نە لە تەقدیسدایەو نە لە شەیتاندن، بەڵکو لەو نێوانەدایە. بە دیاریکراوی لە هاوسەنگی و هۆشیاریی ئێمەدایەو لە پیاهەڵدان و داکوتیندا نیە، کە هەردوکی عاتیفەیەکی کوێرەو حەقیقەت نابینێ. کە هەردوکی کەرەستەی شەڕەو ئیتر بتێکت هەیە، یان شەڕی بۆ ئەکەیت، یان شەڕی لەگەڵ ئەکەیت. لەکاتێکدا لە بیرکردنەوەو گفتوگۆو ڕەخنەدا، بتێك لەئارادا نامێنێ تا شەڕێك لەئارادابێت. بەڵکو ئیتر مامەڵە لەگەڵ مرۆڤێکدا ئەکرێ و مرۆڤیش شەڕی ناوێ، ناسین و تێگەیشتنی ئەوێ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand