تێچووی راستەقینەی عەفرین
2018-03-23 20:37:56
ئەمیر تاهیری
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و لایەنگرەكانی هەستیان بە نەشوە و حەماسێكی زۆر كرد كاتێك ئاڵای توركیایان بینی لەسەر باڵاخانەی شارەوانی عەفرین دەشەكایەوە، دەتوانرێت ئەوە وا لێكبدرێتەوە كە لە ماوەی 100 ساڵدا ئەوە یەكەمجارە توركیا سەركەوتنێكی سەربازی بەسەر دوژمنێكی ئامادە بۆ جەنگ بەدی بهێنێت ( توركیا ساڵی 1974 توانی بەبێ شەڕێكی راستەقینە بەشێك لە قوبرس داگیربكات) ، بەڵام لە واقیعدا لەسەر خاك پێویستە ئەردۆغان كەمێك ئەو حەماسەی لە ناخیدایە كەمبكاتەوە لەگەڵ ئەوەشی كە بە " سەركەوتنی مێژوویی" وەسفیكرد، ئەوەی مەبەستە لێرەدا ئەوەیە كە گەورەترین سوپای هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی " ناتۆ" و ئەوروپا سەركەوتن بەسەر سوپایەكی بچوكی كورد و لاواز لە رووی چەكەوە موفاجەئە نییە، ئەو نە ئەڵپ ئەرسەلانە كە شارۆچكەی مەلازگردی گرتبێت، نە سوڵتان محەمەد فاتیحە دوای گرتنی بیزەنتە و كۆنترۆڵكردنی عەفرین یەكێكە لە چارەسەرەكانی چاخەكانی ناوەڕاست و بەسەر یەكێك لە و كێشانەی سەدەی 21دا پیادەەدەكرێت كە توركیا روبەڕووی دەبێتەوە.
بە حكومی لێدوانە رەسمییەكانی كە لە ئەنكەرەوە بڵاودەكرێنەوە دەتوانین بڵێین ئەردۆغان هەوڵدەدات ئەو كارە بكات كە پسپۆرە ستراتیژییەكانی سەدەی 19 ناویان لێناوە " كردون" یان گەمارۆی سەپێنراو كە توركیا لە داگیركەرانی لە ناوچە كوردییەكان دەپارێزێت، بەڵام مێژووی سەربازی لانیكەم لەو كارەساتەوەی كە بە سەركێشی ماجینۆلاینی ساڵی 1939 دەناسرێت، دەركەوت كە ئەو جۆرە زاراوانە لە جەنگە نوێكاندا بوونی نەماوە، بە تایبەتی لەو جۆرە جەنگە ناهاوسەنگەی كە توركیا بەڕێوەیدەبات.
زاراوەی " كردون " یان " گەمارۆ" بوونە هۆی ئۆپەراسیۆنی پاوانخوازی زیاتر و بونیادنانی ئیپمراتۆرییەكان، ئەوە پێویستی بەوە بوو كە بۆ پارێزگاریكردن لە شارێك، شارێكی تر و چەندین شاری تر گەمارۆبدەیت، لەبەرئەوە ئەو گەمارۆیەی كە ئەردۆغان بەسەر ناوچە كوردییەكانی سوریایدا سەپاند، پێویستی بەوە هەیە بیپارێزیت لە ناوچە دراوسێكانی لە سوریا و لە كوردستانی عێراقیش ، بێجگە لە ئێرانیش كە رەنگە پەناگەیەكی ئارام پێشكەشی پارتی كرێكارانی كوردستان بكات ، یان هەتا بنكەی ئۆپەراسیۆن دژی توركیای بداتێت كە پێشووتر و لە ساڵانی رابردوودا كردی، وە ئەگەر تا ئاستێكی كەمتر بڕۆین " تیرۆریستە" كوردەكان كە مایەی هەڕەشەن بۆ توركیا دەتوانن بە زەحمەتێكی كەم لە سنورەكان تێبپەڕێنن، ئەوەش كارێكە كە هەموو تیرۆریستان لە سەرتاسەری جیهاندا بە جیاوازی بیروبۆچون و ویستیان باش لێیدەزانن..
بە پێچەوانەشەوە تەنها پشتبەستن بە هێز و هەوڵی زۆر خێرا بۆ شكاندنی دوژمن، لەوانەیە جارێكی تر هاوكاری پارتی كرێكارانی كوردستان بكات بۆئەوەی مەزڵومیەت بكاتە پاساوێك بۆ توندوتیژی و تیرۆر، ئەوەش خۆی لە خۆیدا مایەی نیگەرانییە چونكە كوردەكان لە سەردەمی ئەردۆغاندا ژیانێكی باشتریان بەسەر بردووە.
ئەوانەی كە راهاتوون بە ژیان لەسەر ئەرزی واقیع لە توركیا لە سەردەمی ئەردۆغاندا درك بەوەدەكەن كە چاودێری ئەردۆغان بۆ ناوچە كوردییەكان لە هەژاری و نەداری رزگاریكردن و كەمێك خۆشگوزەرانی پێ بەخشین كە پێشتر نەیانبینبوو، چەندین بەڵگەی بونیاتنراو لەسەر تێبینی و ئەزمون ئاماژە بەوەدەدەن كە ئایدۆلۆژیای ماركسی- لینینی پارتی كرێكارانی كوردستان و وەهمی بونیادنانی دەوڵەتی پرۆلیتاریا بۆئەوەی جێگەی كۆماری توركیا بگرێتەوە لای ژمارەیەكی كەم و سنوردار لە توركەكان قبوڵكرا، بەڵام سەركەوتنی پارتی كرێكاراتی كوردستان لە راكێشانی هەست و سۆزیاندا كرۆكەكەی خۆی لە " پرسی ناسنامە" یان بنەمای " ئەوان روبەڕومان بونەتەوە" دا خۆیدەبینێتەوە كە بیری جوداخوازی گەشەپێدەدات هەتا لە هەرێمێكی وەك سكۆتلەندا یان كەتەلۆنیا.
بە رزگاربوون لە ژمارەیەكی زۆر لە " پرسی ناسنامە" ئەردۆغان لە ماوەی خولی یەكەمیدا سەركەوتوو بوو لەوەی پارتی كرێكاران لەو خۆراكە رۆحییە ئایدۆلۆژییەی بێبەشبكات، ئەوە دەستكەوتە گەورەیەش لەو گۆڕانكارییە گشتییەدا دەركەوت كە بەسەر سەركردایەتی پارتی كرێكارانی كوردستان و بە دیاریكراویش دامەزرێنەرەكەی عەبدوڵا ئۆجەلاندا هات.
كۆنترۆڵكردنی شارۆچكەی عەفرین ، هەتا ئەگەر واش دایبنێت كە دۆخەكە بەردەوام دەبێت، كێشەی توركیا و كورد چارەسەرناكات و لە كۆتاییدا لەوانەیە توركیا روبەڕووی كێشەی نوێ بكاتەوە ، ژمارەیەكی زۆر لە هێزە بژاردەكانی توركیا ئێستا لە قوبرسن و ئاسۆی كۆتاییهاتنی بونیشیان روون نییە و ئەو گەمارۆیەی كە ئەردۆغان دەیەوێت لە سوریا بیسەپێنێت، لەوانەیە بگاتە ئەوەی لە كۆتاییدا ژمارەیەكی زۆر هێزی بژاردەی توركیا لەوێ جێگیربكات، ئەوەش دەبێتە هۆی كێشەی ستراتیژی لە هاوسەنگی لە بیری بەرگری دەوڵەت و رێگا پێویستەكانی مانەوە تێیدا، جگە لە تێچووی ئابوری بۆ دەستوەردان لەو ناوچەیەدا.
هەروەها گەمارۆی سەر سوریا لەوانەیە توركیا هاوبەش بكات لەهەر پرۆژەیەكدا كە ئەمانج لێی بونیادنانی سوریایەكی نوێ بێی لەسەر پاشماوەی سوریای پارچەپارچەكراو، ئەو دەوڵەتانەی تریش كە لە زۆنگاوی سوریا تێوەگلاون وەك روسیا و ئێران و ئەمریكا دەتوانن زۆر بە ئاسانی خۆیانی لێ بەدووربگرن، چونكە بونیان هیچ سودێكی جوگرافی نابێت لەسەر زەویی، هەتا ئەگەر روسیا بڕیاریدا دەست بە بنكە سەربازییەكەوە بگرێت لە سوریا، ئەوا دەتوانێت بەرگری لەو ناوچە گەمارۆدراوەی سەر دەریای ناوەڕاست بكات بەبێ ئەوەی خاكەكەی روبەڕووی هیچ هەڕەشەیەك یان داگیركارییەكی بیانی ببێتەوە، ئێرانیش دەتوانێت چەكدارە لوبنانییەكانی و ئەوانی تریش پاشەكشێ پێبكات بەبێ ئەوەی تیرۆریستان دزە بكەنە ناو خاكەكەیەوە، هەروەها توركیاش دەتوانێت بەهۆی دۆخی سوریاوە پاشەكشێ بكات، هەروەك چۆن بەسەر رواندا هات لە كێشەی كۆنگۆدا.
تێوەگلان لە ناوچەی كوردستانی سوریا ئەو پەیوەندییە لەرزۆكەش تێكدەدات كە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە نێوان توركیا و كوردەكانی عێراقدا بونیادنراوە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە توانای پیاوەكە بەهێزەكەی توركیا لاوازدەكات لەوەی كە رۆڵی سەركردایەتی بگێڕێت لە پلانەكانی عێراق بۆ ئاوەدانكردنەوە.
لە ماوەی ئەم دە ساڵەی دواییدا كۆمپانیا كانی توركیا چەند بازاڕێكی سەرەكیان لە تونس و لیبیا و میسر و سوریا لەدەستداوە، داهاتووی عێراقیش وەك بازاڕێكی نوێی بەدەركەوتوو یەكێكە لەو هەواڵانەی كە كۆمپانیا كانی توركیا دڵیان پێی خۆشە و ئەوەش لە ئیمزاكردنی گرێبەستێكدا بەبەهای زیاتر لە 20 ملیار دۆلار دەركەوت، بەڵام وێنەی نوێی ئەرۆدغان وەك دوژمنی كوردەكان وادەكات توركیا هاوپەیمانە نزیكەكانی لە كوردستانی عێراق لەدەستبدات، ئەوەش لە كاتێكدایە ئێران بە كارتی شیعە یاری دەكات بۆ كەمكردنەوەی هەژمونی كورد، لەوانەشە سەركێشی ئەردۆغان لەگەڵ كورددا ببێتە هۆی فشار بۆسەر پەیوەندییەكانی ئەنكەرە لەگەڵ ناتۆ كە چاوپۆشیان لەسەر ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆسەر كوردەكانی سوریا كرد، بەڵام پێشبینی ناكرێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە تەواوەتی هاوپەیمانە كوردەكانی پشتگوێ بخات كە لە لەناوبردنی داعشدا هاوكاریان كردووە، لەبەرئەوە لەوانەیە ئەردۆغان بۆی ئاشكراببێت كە سەركەوتنی لە عفەرین بەو شێوەیە نەبووە كە ویستی یان بڕوای پێی بوو، هەروەها ئاشكراشە كە كەس ناتوانێت بە هێز وەلای بنێت، لانیكەم بەمزوانە، بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكان و لایەنی تر لەتوانایاندا هاوكاریی بكەن لە بەرزكردنەوەی تێچووی " سەركەوتنە گەورەكەی".
نزیكەی بیست ساڵێك دەبێت ئەردۆغانمان ئاگاداركردەوە كە كێشەی كورد كێشەیەكی سیاسییە و كێشەی سەربازیی نیە، لە خولی یەكەمیدا وەك سەرۆك وەزیران ئەردۆغان نیشانیدا كە دەتوانێت بە كەمێك سەبر و ئارامی ئەو دیدە جێبەجێ بكات، بەڵام ئێستا وادەردەكەوێت كە ئەو سەبر و تەحەمولە بووە بە هەڵم، ئەوەشی ئێستا پێشكەشی دەكات جگە لە ژەمێكی خێرای پوچ بۆ سەركەوتنێكی بەتاڵ هیچی تر نییە و دیمەنی بەرزكردنەوەی ئاڵای توركیا لە عەفرین كۆپیكراوی دیمەنێكی هێزە دەریاییەكانی ئەمریكایە كە ئاڵای ئەمریكایان لە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی " ئەیوجیما" لە ژاپۆن هەڵكرد و وەك هەموو كارێكی هۆڵیودیش وێنەی كۆپیكراو ناتوانێت لە كوالێتیدا بگاتەوە بە وێنە ئۆرجیناڵەكە، زۆربەی جاریش كارەكە بە مایپوچبوونی ئەو ستۆدیۆیە كۆتایی دێت كە وێنەكەی لێگیراوە.
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ