ئەم ھەڵبژاردنە کۆتایی دنیا نیە
2018-05-18 17:06:55
لەتیف شێخ مستەفا ....
١- ھەروەکو لە نوسینی پێشوشماندا وتمان شتێکی حاشا ھەڵنەگرە کە تەزویرێکی گەورە کراوە، بەڵام شتێکی حاشاھەڵنەگریشە کە ڕێژەیەکی زۆر بایکۆتی دەنگدانیان کردوەو ئەمجارە لەچاو ھەموو ھەڵبژاردنەکانی پێشودا ڕێژەی بەشداری لە نزمترین ڕێژەدا بوو ، ھەر بۆیە دەنگی ھەموو حیزبەکان بە دەنگی ھەردوو حیزبی دەسەڵاتیشەوە کەمی کرد چونکە بەزمانێکی حیسابی منداڵان (جاران ١٠٠ گوێزمان ھەبوو بەسەر ٥ كەسدا دابەشمان دەکرد ، بەڵام ئەمجارە گوێزەکان بوون بە ٥٠ گوێز ، کەسە گوێز وەرگرەکان بوون بە ٧ کەس )بۆیە دەنگی ھەر پێنج حیزبە کۆنەکە دابەزیوە
٢- ئەوەی جێگای سەرنجە ھەردوو حیزبی دەسەڵات سەرەڕای ئەوەی دەنگیان کەمی کردوە بەڵام کورسیەکانیان زیادی کردوە ، ئەمەش دەرەنجامێکی سروشتی دابەزینی ڕێژەی بەشداربوونی دەنگدەرانە ، چونکە بەھاوکێشەیەکی سادە، تاوەکو ڕێژەی دەنگدەر کەم بێت، بەھای دەنگی پێویست بۆ بەدەست ھێنانی یەک کورسی کەمتر دەبێتەوە،بۆیە ئێمە پێش دەست پێکردنی بانگەشە ھەستمان بەو مەترسیە کردو وتارێکمان نوسی لە ژێر ناوی ( ئەگەر نەچی بۆ دەنگدان چی ڕودەدات ، پەیامێک بۆ دەنگدەری ناڕازی )
٣- ڕێژەی دابەزینی دەنگی حیزبەکانی ئۆپۆزسێۆن زۆر زۆر زیاترە لە چاو دەنگی دوو حیزبی دەسەڵات ،ھۆکارەکانیش دیارن، لەسەروو ھەمویانەوە جگە لە تەزویر ئەوەیە کە دەنگدەری دەسەڵات بەڕێژەی زیاتر بەشداری کردوە یان پێی کراوە ، چونکە ڕێژەیەکی زۆر لەدەنگدەری دەسەڵات بەرژەوەندیەک گرێی دەدات بەدەسەڵاتەوە ، بۆیە ھەم دەسەڵات چاودێری دەکات و ئاسانکاریشی بۆ دەکات بۆ بەشداری کردن ، ھەم خۆشی دەچێت دەنگ دەدات بە ئیمتازاتەکەی خۆی کە پێی وایە بە گۆڕینی ئەم دوو حیزبە نایمێنێت ، ئەمەش ژمارەیەکی زۆر زۆرە بەڵام دەنگدەری ئۆپۆزسێۆن بە تایبەتی گۆڕان کەمتر بەشداری کردوە ، چونکە ئەو دەنگ بەھەڵوێست دەدات ، نەک بەرژەوەندی ، بەداخەوە ھەندێ خاڵی جەوھەری کە لە نوسینی پێشودا ئاماژەم پێدان ھۆکارێک بوون لە دڵ ساردبونەوەی دەنگدەرانی ناڕازی لە بەشداری کردن دەنگدان، ئەوەش چاوەڕوانکراو بوو بۆ من
٤- دەبێ ھێزەکانی ئۆپۆزسێۆن بەتایبەتی گۆڕان سوپاسگوزاربن کە ئەم تەزویرو بایکۆتە لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا ڕویدا نەک کوردستان ، چونکە دەرەنجامەکەی کاریگەری زۆر خراپی لەسەر پرۆسەی سیاسی ناوخۆی کوردستان دەبوو. بەڵام ئەمە بۆ عێراقەو کاریگەری ڕاستەوخۆی بۆ ناو کوردستان نابێت ، بە پێچەوانەوە دەکرێت ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە بەرژەوەندی ئۆپۆزسێۆن ئەگەر باش ھەڵسوکەوت بکەن
٥- ئێستا کە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کراوەو نزیکەی ٤ مانگی ماوە ، دەبێ ھۆش و بیرمان لەوێ بێت و ئایا ھێزەکانی ئۆپۆزسێۆن بە تایبەتی گۆڕان چی بکات تاوەکو لەھەموو ڕوەکانەوە زۆرترین سود لەم ھەڵبژاردنە ببینێ بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
٦- کە نوسینی پێشوم بڵاو کردەوە ،خەلکێکی زۆر ی بەرەی ناڕازی دەست خۆشیان لێکردم و ھاوڕایی خۆیان لەگەڵ دەربڕیم ، ڕێژەیەکیش ھەبوون لەگەڵ ئەوەی کە ھاوڕابون لەگەڵ ناوەڕۆکی نوسینەکە ، بەڵام تێبینیان لەسەر کاتەکەی ھەبوو دەیانوت میدیاکانی دەسەڵات بەکاری دەھێنن وەک بەڵگەیەک بەدەستیانەوە بۆ ئەوەی بڵێب تەزویر نەکراوە.
بەڵام من بە ئەنقەست و سبقی ئیسرار ئەو وەختەم ھەڵبژارد و لەم وڵاتەش دەژیم دەشم زانی میدیاکانی دەسەڵات بەکاری دێنن، چاوەڕێم کرد تا ھەڵبژاردن تەواو بو ئەو کات نوسیم ،بۆ ئەوەی زیان بەدەنگەکانی گۆڕان نەگات ، بەڵام بۆ ئەوەی میدیاکانی دەسەڵات بەکاری دێنن زۆر ئاساییە پێشم باش بوو بەکاری بێنن بۆئەوەی زیاتر ببێتە فشار لەسەر ئەوانەی بڕیار بەدەستی گۆڕانن بۆ بەخۆدا چونەوە، چونک من ئەو ڕەخنانەێ لەنوسینەکەی پێشودا ئاماژەم پێداون ھەموویم لە کاتی خۆیدا وتون و گوێیان پێنەداوە ، پێشم وایە ئەو ڕەخنانە ڕەخنەی ھەموو گۆڕانخوازانن ، ھەروەھا ئێمە لەبەردەمی ژماردنی سەربەخواری کاتین بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ، درەنگ تر بمان نوسیایە زیانی بۆ ئەو دەنگدانە دەبوو، ھەمیشەش لە سیاسەتدا ھەرشتێ بڵێیت یان بنوسیت دەوترێ ( بۆ لەم کاتەدا)
٧-من بۆخۆم ھەمیشە بڕوام وابوە کە ھەر کۆمەڵگایەک ئۆپۆزسێۆنی تیا نەبێ بەرەو ھەڵدێر دەڕوات، پێش گۆڕان بە توانای کەم و متەوازیعی خۆمان ھەوڵی دروست کردنی بزوتنەوەیەکی ناڕازیمان دا کە بریتی بوو لە بزوتنەوەی ھەتاکەی ، دوای دروست بونی گۆڕانو بونی بە ئۆپۆزسێۆن وەک کەسێکی سەربەخۆ درێغیمان نەکرد لە پشتگیری کردنی، تا ئێستاش پێمان وایە گۆڕان ھێزی سەرەکی ئۆپۆزسێۆنەو لایەنەکانی تر ھێزو قوەت لەو وەردەگرن ،لاواز بون و پوکانەوەی ئەو واتە لاواز بوون و پوکانەوەی ئۆپۆسێۆن و گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش دروست بوونی ئۆپۆزسێۆن ، بەڵام پێویستە لەسەری لە ئێستادا وەک کاری ھەنوکەیی کاری جدی بکات بۆ ئاشتکردنەوەی دەنگدەرانی بایکۆتی ناڕازی، پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کارەکەش قورس نیە ، دەکرێ بە ئاسانی ئەم دۆخە تێپەڕێنرێ و ببێتە سەرکەوتنێکی گەورە، بەڵام ئیرادەو ئیشی دەوێ