Draw Media

ئایا ئەنجامەکانى هەڵبژاردن هەڵدەوەشێنرێتەوە؟ 

ئایا ئەنجامەکانى هەڵبژاردن هەڵدەوەشێنرێتەوە؟ 

2018-05-18 08:52:02


یاسین تەها ...

تا دێت گومان و ڕەخنەو سکاڵاکان لەسەر ئەنجامى هەڵبژاردنى 12 ئایار چڕترو ئاڵۆزتر دەبن، UN داواى لێکۆڵینەوەى وردو گشتگیرو پەلە دەکات، لەناو کۆمسیۆنى بەغدا مشتومڕ تا ڕادەى شەڕە بۆکس و هەڵکوتانە سەر ئۆفیسى یەکتر رۆشتوە، لەکەرکوک ئاشتى کۆمەڵایەتى کەتۆتە بەر مەترسی و گرژییەکان زۆر لەهەڵبژاردن گەورەتر بوون، 81 پەرلەمانتارو سەلیم جبوری شەممەیان داناوە بۆ گرێدانى دانیشتنێکى کتوپڕ لەبارەى سکاڵاکانى بەرێوەچوونى دەنگدان، لیستە سیاسییەکانیش بەتایبەت ئەوانەى ئەنجامەکەیان بەدڵ نییە لەپێش هەموویانەوە حەیدەر عەبادى درێغى ناکەن لەهەوڵدان بۆ قڵپکردنەوەى دۆخەکەو بەڕوونى ئەمە لەهێرش و هەنگاوەکانى سەرۆک وەزیراندا دژ بەکۆمسیۆن دیارە وەک: هەواڵەکردنى دۆسیەى ئامێرەکان بۆ نەزاهە، ئاشکراکردنى خەمساردیى کۆمسیۆن لەئاست پشکنین و چێککردنەوەى ئامێرەکان، لەگەڵ بەرگرى کردنى حکومەت لەسەعید کاکەیی کە درزى گەورەى خستە هەڵوێستى کۆمسیۆنەوە. بەڵام ئایا هەموو ئەمانە دەبنە هۆى سفرکردنەوەى ئەنجامەکان و سپاردنى هەڵبژاردنى داهاتوو بە دەزگایەکى نا حکومى و بیانى "دەزگاى کارتەرى ئەمەریکى بەنمونە" وەک هەندێک داواى دەکەن؟ ئەمەیان سەربارى مەنتیقى بونەکەى قورس و ئاڵۆزەو سێ ئاستەنگى لەپێشە:
ـ کوێخاو دەمڕاستەکانى عێراق "ماکگۆرک و سلێمانى و سەبهان"، لەناوخۆشدا براوەى یەکەم "سەدر"، وەها رەفتار دەکەن کە ئەنجامە راگەیەنراوەکان واقیع و کۆتایی بن و کەسيان نەیانوتوە با چاوەرێى سکاڵاکان بکەین، ئەوەشى بۆڵەو گلەیی و سکاڵاى هەیە زیاتر وا دەردەکەوێت کە بەدواى کورسییەک و دوواندا بگەرێت لێرەو لەوێ، ئەم کێشمەکێشەش زیانى بۆ پرۆسە گەورەکە نییە کە بەرێژەیەکى باش بەدڵى ئەمەریکاو سعودیەو لەهەمان کاتدا ئێرانیشە. جگە لەمەش هەڵوەشاندنەوەى هەر ئەنجامێک و کردنەوەى هەر سندوقێک دەرگاى دۆزەخ لەکۆمسیۆن و زۆر لایەنیتر دەکاتەوەو دەبێتە پێشینەیەک کە بۆ ماوەیەکى زۆر ناهێلێت هیچ پرۆسەیەکى دەنگدان ئۆقرە بگرێت، بۆ بەرگرتن لەمەش لایەنە بنەڕەتییەکان لەژێرەوە زیاتر لەگەڵ "عفا الله عما سلف" دان تا جێبەجێکردنى یاسا.
ـ سەبارەت بەپەڕلەمان زۆر قورسە ئەنجومەنێکى کۆتاییهاتوو ببێتە رێگر لەبەردەم دەرکەوتنى ئەنجومەنێکى نوێ کە ئەندامەکانى لەهەمان حیزب و ئاوازى خۆیانن، لەپاش هەڵبژاردن پەرلەمان چیتر هێزو سەنگ و قورسایی یاسایی و دەستوریى جارانى لەدەست داوەو 30 حوزەیران کۆتا رۆژى تەمەنییەتى و هێشتنەوەشى زیاتر بۆ دروستنەبوونى بۆشاییەو هیچیتر، ئەگەر ئەم ئێوارەى هەینى وەک بڕیارە کۆمسیۆن ئەنجامەکان رابگەیەنێت، 329 پەرلەمانتارى نوێ پەیدا دەبن، هەر جووڵەیەکى ئەمانەى ئێستاش لەدژیان زیاتر دەبێتە داخ لەدڵى و هیچ کات وەک جاران بڕشتى نابێت، هەندێکیش بەکوفرى دیموکراسى دەزانن تۆ شەڕ بۆ مانەوەى خۆت بکەیت، یاساو دەستوریش پاش ئەنجامدانى هەڵبژاردن دەست و پێى پەرلەمانى بەستووەو پەرلەمان چوار ساڵ هیچى پێ نەکراوە بەرانبەر کۆمسیۆن چۆن لەم کۆتاییەدا دەتوانێت؟!.
ـ لەمێژووى پرۆسەى سیاسى عێراقدا، هیچ شتێک بەیاساو رێککارە بنەڕەتییەکان یەکلایی نەکراوەتەوە، هەمیشە تەوافوقات و "بۆم بپۆشە بۆت دەپۆشم" و "بەشى من و بەشى تۆ" و رێککەوتنى خولەکەکانى کۆتایی بڕیاردەرو سەروەر بووە، تەنانەت سەعید کاکەیی کە قەراربوو بن بەڕە بخاتە سەر بەڕە بەچەند ئاخ هەڵکێشانێک ناڕاستەوخۆ پەیامەکانى گەیاند لەکاتێکدا ماڵى لەکەنەدایە، ئەمەش ئاماژەیەکى ڕوونە لەسەر هێزو کاریگەرى پشت پەردە لەسەر ئەو هەراو زەنایەى ئێستا ئەگوزەرێت، بێگومان هەر ئەو پشت پەردەیەش ئەنجامى هەڵبژاردن یەکلایی دەکاتەوە نەک بەیاننامەو شیکارە یاسایی و مەنتیقییەکان کە هیچ لەبەرژەوەندى هەڵبژاردنەکەدا نین و ئەگەر پشتیان پێ ببەسرێت نەک سفرى دەکەنەوە بەڵکە وەک پەڵەیەکى رەش لەمێژووى نوێى عێراقدا ئەیهێڵنەوە چونکە چ لەهەندەران و چ لەناوخۆى عێراق چەندین فەرسەخ لە پاکوبێگەردییەوە دوور بووە. 
سبەى شەممە زۆر شت یەکلایی دەبێتەوەو دەردەکەوێت رێککار سەردەکەوێت یان رێککەوتن، ئەو هەواڵەشى ئەمڕۆ بەپارە دەستت ناکەوێت سبەى بەبەلاش کەس نایەوێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand